‘پەیامەکەی ئۆجالان دەریخست کە لە تورکیا کورد لە پێش تورکەوەیە’

لەلایەن ستاندار Posted on 554 جار بینراوە 0 سەرنج
1

د. شوان عەبدوڵا حەمەد

 

ئەمرۆ مرۆڤ لە پێشبڕکێیەکی نوێدایە بۆ گەیشتن بە مرۆڤایەتی سەردەم. مرۆڤایەتی سەردەم چۆنە؟ هەمومان ئەزانین کە مرۆڤایەتی رۆژ بە رۆژ لە بەرەوپێش چوندایە، کە ئەڵێم مرۆڤایەتی، مەبەستم مرۆڤە بە هەمو خاسیەتە مرۆڤبونیەکانیەوە لە دەرەوەی ئەو سیستمەی بێ خواستی خۆیی و بە زۆر بەسەریا سەپێنراوە. مەبەست لە مرۆڤایەتی سەردەم مرۆڤی ئازادە کە لە جیهاندا بە پێچەوانەی خواستی سیستمەوە رۆژ بە رۆژ لە زیادبون و نەشونمادایە. مرۆڤ وەکو باڵاترین گیانلەبەر لە رێگەی خەیاڵاتێکەوە کە پاش و پێشی خۆی پێ شرۆڤە ئەکات و پلان بۆ داهاتوی دائەنێت لە گیانلەبەرانی تر جیا ئەکرێتەوە. ئەمە جیاوازی گەورەی مرۆڤە لەگەڵ گەردوونەکەی دەوروبەریدا، مرۆڤ خەیاڵی هەیە، گەردون و هەمو ئەوەی تێیدایە بێ خەیاڵە، بێ پلانە. وەکو پرۆفیسۆری بەناوبانگی جیهانی ‘ریچارد دۆکینس’ ئەڵێت ‘گەردون ئەگەر سەعاتچیش بێت، ئەوا سەعاتچیەکی کوێرە’ واتە گەردون بێ خەیاڵ و بێ بیر لێکردنەوە، لە ئەنجامی زەرورەتەوە نوێکاریەکان ئەهێنێتە ئاراوە. مرۆڤ وانیە، لەبەرئەوەی خەیاڵی هەیە، ئەتوانێت لە باشە و خراپەدا بەکاریبهێنێت. چەندەها ساڵە مرۆڤ خەیاڵی خۆی لە خراپەدا، لە شەڕ و یەکترکوشتن و وێرانکردنی ژینگە و ڕاوکردن و لەناوبردنی ئاژەڵانی تردا بەکارئەهێنێت. مرۆڤایەتی زۆر ئامرازی بەکارهێناوە بۆ بە گەڕخستنی ئەم خەیاڵاتە نەگریسانەی، یەکێک لە ئامرازە سەرەکیەکان ‘ناسیۆنالیزم’ یان نەتەوەچێتیە. لە ئەنجامی ئەم ئامرازە چەپەڵەوە ٢ جەنگی گەورەی جیهانی بەرپابو، فاشیزم و نازیزم و ستالینیزم و لینینیزم و تەنانەت لیبرالیزمیش سەریهەڵدا و پەرەیسەند. کوڕە گەورەکەی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری، ناسیۆنالیزم و قاڵبە سواوەکەی (دەوڵەت نەتەوە) تاوانباری هەمو نەهامەتیەکانە. کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات لە ئەنجامی ئەم خەیاڵاتانەی مرۆڤایەتیەوە، هەسارەکەمان و هەمو ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان. باوەرناکەم پێویست بکات بۆتان باس بکەم چۆن، تەنها بە یەک تەماشاکردن لە ژینگەکەمان بۆمان ساغ ئەبێتەوە کە ئێمە لە چ قەیرانێکدا ئەژین. زاناکان باس لە بارودۆخێکی وا ئەکەن کە هەسارەکەمان بە شێوەیەک سیستمەکەی تێكچوە، ئەگەری زۆرە هەرگیز بۆمان راست و رێک نەکرێتەوە، ئەمە ئەگەر هەر ئێستاش دەست لە وێرانکردنی هەڵگرین.

بەو تێگەیشتنانەی سەرەوە، گومانی تێدانیە ئێستا کاتی ئەوەیە کە مرۆڤ خەیاڵی خۆی لە ئاشتی و پێکەوەژیان و پاراستنی ژینگەدا بەکاربهێنێت. ئیتر هیچ بژاردەیەکی تر بۆ مرۆڤایەتی نەماوەتەوە، جگە لەم خەیاڵە نوێیە، بۆ دروستکردنی مرۆڤایەتی سەردەم. لە جیهاندا مرۆڤایەتی و مرۆڤە ئازادەکان لە پێشبڕکێیەکی زۆر خێرادان بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن بەم مرۆڤایەتیە نوێیە بگەن. مرۆڤایەتی سەردەم ئەمرۆکە بریتیە لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە نوێیانە: تا چەند ژینگەپارێزی، جێ پێی جیهانی کاربۆنیت چەندە بچوکە، چەندە گرنگی بە مافی ئاژەڵان ئەدەیت و چەندە هاوڕێی ئاژەڵیت، چەندە لە کاری خۆبەخشانە بەشداری ئەکەیت، چەندە دژایەتی پیشەسازیگەرایی دەکەیت، چەندە ئینتەرناسیۆنالیت واتە چەندە بەپێچەوانەی ناسیۆنالیزمەوەیت، چەندە جدیت لە بابەتی سەوزەخۆری و میوەخۆری، چەندە هەوڵ ئەدەیت بۆ بچوکردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتیەکانی کە نەتەوە و کەلتور و زمان و جوگرافیا و ئایین دروستیان کردوە. بەکورتی چەندە بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی قبوڵ بکەیت ئەوەندە مرۆڤێکی سەردەمیت و گێژاوی رابردوت بەجێهێشتوە. مرۆڤی سەردەم ئەمرۆ لەم پرۆسێسانەدا سەرقاڵی پێشبرکێیەکی بێ وێنەیە، هەر لەبەرئەمەشە کە کۆمەڵێک شتگەل کە لە رابردودا رەنگە بەهاداربوبن لە جیهانی ئەمرۆدا دەبنە مایەی شەرمەزاری بۆ مرۆڤەکان. بۆ نمونە: ناسیۆنالیزم شەرمە، ئاڵاچێتی و جوگرافیاچێتی شەرمە، شەڕ شەرمە، جیاکاری نەتەوەیی، زمانی، کەلتوری، ئایینی شەرمە. مرۆڤی سەردەم شەرم لەوە ئەکات بە ئاشکرا بڵێ، من ئینگلیزم، من ئەڵمانم، من روسم، ئاڵاکەی من ئەوەیە، جوگرافیاکەی من ئاوایە، ئایینەکەی من ئەمەیە. تەنانەت مەسیحیەکانی بەریتانیا بە شەرمێکەوە لێت نزیک ئەبنەوە و باسی خۆیان و مەسیح و خوداکەیانت بۆ ئەکەن. هەرکە زانیان تۆ کەمێک دژبەری ئەوانی، هەزار و یەک جار داوای لێبوردنت لێئەکەن. چونکە خۆیانیش ئەزانن ئەو ئیشە و ئەو پەیامەی ئەوان بەسەرچوە و مرۆڤایەتی پێویستی بە پێچەوانەکەی ئەو پەیامەی ئەوانە، ئەمە بۆ بابەتی نەتەوەییش و رەگەزیش راستە.

جیهان و مرۆڤایەتی ئەمرۆ لەسەر رێگە راستەکەن بۆ بونیادنانی مرۆڤی سەردەم، بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ رێزگرتن لە ژینگە و ئاژەڵان. لەسەر رێگە راستەکەن بۆ دروست کردنی مرۆڤی باڵا لەدەرەوەی مرۆڤچێتی، ناسیۆنالیزم، ئایینگەرایی، دژە ژینگەیی. دروست کردنی مرۆڤی باڵا لە عەقڵ و خەیاڵ بەڵام سادە و ساکار لە ئاکارییدا، مرۆڤێک کە خۆی بە سەنتەری گەردون نابینێت بەڵکو خۆی بە بەشێکی گرنگ لە گەردون ئەبینێت، وا خەیاڵ ناکات کە گەردون و هەرچی تێدایە لەبەر خاتر و خۆشی ئەو دروست کراوە بە هەندێک مرۆڤی تریشەوە. بەڵکو باوەری وایە کە مرۆڤ خۆی بەرهەمی گەردونە و لەگەڵ جۆرەکانی تری گیانلەبەران و روەک و بێ گیانەکانیش یەکتری تەواو ئەکەن و یەکێکیان بێ ئەویتر نابێت. ئەمە تێڕوانینێکی نوێ و سەردەمیانەی مرۆڤی سەردەمە، ئەو مرۆڤەی کە تۆزی چەندەها ساڵ لە جیاکاری جۆری (من مرۆڤم و من لەسەری سەرەوەم)، نەتەوەچێتی (من فڵانە نەتەوەم و من باڵاترم)، ئایینی (من ئایین وئایینزای هەڵبژێردراوم لەلایەن خوداوە)، رەنگی (من سپیم و من باڵام) و جەندەها من منی تری لەسەر شانی تەکاندوە و ئێستا بۆ داهاتویەکی نوێ بەدەر لەو جیاکاریانە ئەڕوانێت و بوەتە مرۆڤی هیواکان و سەردەم.

لەگەڵ هەمو ئەو ڕاستیانەی سەرەوەدا، لەگەڵ ئەوەی مرۆڤی سەردەم لە پێشبڕکێیەکی زۆر خێرادایە بۆ فڕێدانی کەوڵی ناسیۆنالیزم، جیاکاری ئایینی، رەگەزی، رەنگ و کەلتوری، لە سەردەمێکی ئاوادا، تازە تورکەکان ئەگەرێنەوە بۆ ٢٠٠-٣٠٠ ساڵ لەمەوپێش، تازە ئەوان سەرقاڵی کوتانی دەهۆڵی ناسیۆنالیزمی تۆرانی و دوزەلەلێدانی پاکتاوکردنی کورد و مرۆڤەکانی تری ناوچەکەن. لە ئێستای وڵاتی تورکیادا کار گەیشتۆتە ئەوەی کە نەتەوەی تورک ئەسڵی مەسەلەکە نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی لە جۆری ‘نەتەوەی ئەردۆغانی’ جێگەی باسە. ئۆجالان لە زیندانێکی ٢٠ ساڵانەوە هاواری ئاشتی ئەکات، ئەڵێت ‘ئەگەر رێگەم پێبدەن بە یەک هەفتە شەڕی نێوانمان کۆتایی پێئەهێنم’، ئەمە متمانەیەکی زۆر مەزنە بە خود. لە زیندانێکی ترەوە دەمیرتاش هاواری هەمان ئاشتی ئەکات، ئەڵێت هەزار ساڵیش زیندانیمان بکەن دەستبەرداری ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیان نابین، لەلایەکی ترەوە لەیلا گیوڤەن زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ مان لە سەرەتاترین رەمەک و مافی خوداپێداوی خۆی ئەگرێت و لەپێناوی ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیاندا، نان ناخوات. لەلایەکی ترەوە بە هەزاران مرۆڤی تر هەر بۆ خاتری ئەم ئاشتی و ئازادی و پیکەوەژیانەی ئۆجالان باسی ئەکات لە زیندانن. فیگەن یوکسەگداغ بە نەتەوە و بە زمان تورکە، بەڵام لەبەرئەوەی فیگەن لە نەتەوەی ئەردۆغان نیە، لە زیندانە. بە هەزارەها تورکی تریش لەبەرئەوەی لە نەتەوەکەی ئەردۆغان نین لە زیندانن یان پەراوێزخراون.

ئێوە تەماشا بکەن، لەبەرامبەر مرۆڤی ئازادی وەکو، ئۆجالان، دەمیرتاش، لەیلا گیوڤەن، فیگەن یوکسەگداغ، سەزای تەمەلی، پەروین بوڵدان، عوسمان بایدەمیر، لە تورکیا تورک کێی هەیە: دەوڵەت باخچەلی، تەیب ئەردۆغان، مەراڵ ئاکشنەر، مەولود چاوشئۆغلو، ئەحمەد داودئۆغلو، بیناڵی ییڵدرم. یەک چرکە هەڵوێستە بکەن و بەراوردی ئەو کەسایەتیانە بکەن، بزانن ناحەقمە کە ئەڵێم لەم پێشبڕکێ نوێیەدا بۆ بونیادنانی مرۆڤی سەردەم، کورد لە تورکیا زۆر لە پێش تورکەوەیە؟

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *