ستاندەر
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی درووستکردنی ناوچەی ئارامی لە باکووری سوریا لەلایەن ئەمریکا و تورکیاوە بە تێکدانی ناوچەکە ناوبرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند “هەوڵی درووستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سوریا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە”.
هەروەها لە پەیامەکەشدا هاتووە “درووستکردنی ناوچەی ئارام لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە دەبێتە هۆی زیاتر تێکدانی دۆخی ناوچەکە”.
لە پەیامەکەشدا ئاماژە بەوە کراوە ” ئەم هەوڵە گێچەڵ فرۆشتن و دەستێوەردانە لە کاروباری سوریا، ئەمەش دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە سنووری نێوان وڵاتانە”.
ئەمریکا و تورکیا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەڵگەنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان گۆڕیوەتەوە لەسەر درووستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا و ڕۆژئاڤای کوردستان، ئەم هەوڵەش یەکەم جار نیگەرانی ڕووسیا و دواتریش ئێرانی لێکەوتەوە.
ب.ئ