تەقینەوە ئەتۆمیەكان مەترسى گەورەن بۆ سەر مرۆڤایەتى نمونەش تەقینەوە ئەتۆمیەكەى ڕوسیا..

لەلایەن ستاندار Posted on 307 جار بینراوە

نەوزادى موهەندیس

• پاراستنى ژینگە خۆشبەختانە لەم قۆناغى نوێگەراییەدا وەك بنەمایەكى زۆر مرۆڤدۆستانە هاتۆتە ناو كایەى گفتوگۆو مشتومڕەكانى نێوان سەركردە و وڵاتان و كۆمەڵگا و تاكەكانیش ، و بەدەیان و سەدان حیزبى سیاسى و ڕێكخراوى كۆمەڵگەى مەدەنى لەپێناو پاراستنى ژینگەى گۆى زەویدا دروست و دامەزراون، لەڕێگەى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان و فشارەكانیان بۆ سەر حكومەتەكان گەلێك كارى گەورەیان ئەنجامداوە بۆ پاراستنى ژینگەى گۆى زەوى و بەردەوامبوونى ژیانێكى پاكوخاوێن بۆ مرۆڤایەتى.. چونكە دواى ڕشتن و فڕێدانى سەدان و هەزاران تەن لە خۆڵ و خاشاك و پاشماوە و پاشەڕۆ ژەهراوى و تیشكدەرەكان و خستنیان بۆ ناو هەوا و ئاو و خاكەوە لەلایەن كارگە گەورە پیشەسازیەكانەوە ژینگەى زەوى و مرۆڤایەتى بەرەو پیسبوون و لەناوچوون و زیانگەیاندنى گەورە چووە،بۆیە ئەم قۆناغە وادەخوازێت و ئەوەشى كردۆتە بنەماو چەسپاندویەتى كە كۆمەڵگاى نوێگەرا پێویستە ڕێز لە پاكوخاوێنى ژینگەى مرۆڤایەتى بگرێت و هەریەكە بە قەوارە و گاریگەرى و ڕۆڵى خۆى هەستێت بە پارێزگاریكردن و پاگڕاگرتنى ئەو ژینگە مرۆڤایەتیە،چونكە تا ژینگەى زەوى پاك و خاوێن نەبێت و دوور نەبێت لە پیسوون و ژەهراویبوون ئەوا تاكى ساغڵەم و تەندروستیش نایەتە بوون.
• یەكێك لەو هۆكارانەى كە دەبێتە هۆكارى سەرەكى بۆ پیسبوونى ژینگە و مەترسى گەورەش دروستدەكات بۆ سەر ژیان و مان و بوونى تەنانەت زیندەوەران و ڕوەك و ئاژەڵەكانیش جیا لە مرۆڤەكان و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان و هۆكارێكە كە ڕێگرى لێناگیرێت و سنورەكان ناناسێت و هەموانیان تێدەپەڕێنێت و تەنانەت لە سنورى وڵاتانى ناوچەیەك یان هەرێم و كیشوەرێكیشدا نامێنێتەوە بەڵكو زۆر لەوە دوورتر دەڕوات كە مرۆڤ بیرى لێدەكاتەوە،وەكو چەكە كوشندە كیشوەربڕەكان وایە و تەنانەت لەوانیش مەترسیدارترە ،چونكە چەك و ڕۆكێت و تەقەمەنیە سەربازیەكان ئەوانەى كە هەڵگرى كڵاوەى ئەتۆمى نین تەنها بۆ ماوەیەكى دیاریكراو كاولكارى و زیان و مەترسیەكانیان بەردەوام دەبێت بەڵام بڵاوبونەوەى تیشكە مەترسیدارە ئەتۆمیەكان بۆ سەدان ساڵ و بگرە زیاتریش كاریگەریە خراپەكانى لەسەر ئاو و خاك و هەواى ناوچە و هەرێم و كیشوەرێكیش بەجێدێڵێت و كاریگەرى زۆر خراپتریش دەكاتە سەر نەوەو وەچەكانى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەكەكانیش.
• هەربۆیە ئەركى وڵاتانى گەورەى پیشەسازى و خاوەن چەك و بۆمبى ئەتۆمین كە ڕێگە بگرن لە زیاتر بڵاوبونەوەى چەكى ئەتۆمى و نەهێڵن بكەوێتە دەست هەر وڵات و سەركردە و ڕژێمێك كە نرخى بەها بەرزەكانى مرۆڤایەتى نازانن و ڕێزیان لێناگرن.
• بەڵام بەداخەوە تازە بەتازە ململانێ ناڕەواكانى ئەمریكا و ڕوسیا وەكو دوو زلهێزى بوارى چەك و ڕۆكێتى بالیستى و مامناوەنج مەودا و ئەتۆمى كەوتونەتە خۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەى ڕێكەوتنەكانى نێوانیان بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەى چەكە مەترسیدارەكان بۆ سەر ژینگەى گۆى زەوى و مرۆڤایەتیش بەگشتى. هەریەكەیان لەهەوڵى داهێنان و دروستكردنى چەكى نوێى پڕ مەترسیدان و گەرەكیشیانە دابەشى بكەنە سەر وڵاتان و كیشوەرەكانى سەر بە نفوز و خولگەى خۆیان لە ئەوروپا و ئەفریقیا و ئاسیادا.
• نوێترین نمونەش بریتیە لە تاقیكردنەوەیەكى شكستخواردووى ڕۆكێتێكى هەڵگرى كڵاوەى ئەتۆمى لەلایەن ڕوسیاوە كە بریتى بوە لە هەڵدانى ڕۆكێتێك لە جۆرى (( پۆریفیستنیك)).
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە،ئەم جۆرە چەك و ڕۆكێتە چیە؟ مەترسی و كاریگەریە خراپەكانى چین بۆ سەر ژینگە و مرۆڤایەتیش؟
ئاژانسى وزەى ئەتۆمى حكومى ڕوسیا ڕایگەیاند ((ڕوساتۆم)) كە شارەزاكان سەرقاڵى تاقیكردنەوەى بزوێنەرى ڕۆكێتێكى ئەتۆمى بوون. لە بەرامبەر سەكۆیەك لە ناوچەى جەمسەرى باكور لە چوارچێوەى ئەو تاقیكردنەوە سەربازى و دەریاییانەى كە ڕوسیا ئەنجامیان دەدات، لەئەنجامى ئەو تاقیكردنەوەیەدا پێنج لە ئەندازیارە ئەتۆمیەكانى ڕووس بونە قوربانى و سێ ئەندازیارى تریش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن،لەئەنجامى تەقینەوەى ئەو بزوێنەرە لە شارى سارۆڤ كە دەكەوێتە دوورى 373 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتى شارى مۆسكۆى پایتەختەوە،كە كارگەیەكى كڵاوەى ئەتۆمى جەنگى ڕوسیاى تیادایە. پێشتریش ڕوسیا ڕۆكێتى جۆرى كرۆزى تاقیكردۆتەوە كە بەوزەى ئەتۆمى كاردەكات و ناوى ((پۆریفیستنیك)) بوە.
ئەم تاقیكردنەوە سەرنەكەوتوە كارەساتێكى ئەتۆمى مەترسیدارى لێكەوتەوە و لە ئەنجامدا تیشكێكى ئەتۆمى بۆماوەى 40 خولەك لێ بەرزبۆتەوە لە شارى سیفیرودفینسك كە 40 كم لە ڕۆژهەڵاتى گۆڕەپانى تاقیكردنەوەكانەوە دوورە لە نینوكاسا لە دەریاى سپیدا.
لێپرسراوانى شارەكە دەڵێن كە ئاستى تیشكەكان گەیشتۆتە 2 مایكرۆسیڤێرت لە كاتژمێرێكدا ((یەكەى پێوانەى بڕى تیشكدانەوەیە))،دواتر دابەزیوە بۆ ئاستى ڕێگەپێدراو كە بریتیە لە 11ر0 مایكرۆسیڤێرت،هەردووك ئاستەكە بە بچووك دادەنرێن و ناتوانن ببنە هۆى نەخۆشى لەئەنجامى بەركەوتن بەو تیشكدانەوەیە.
• بەڵام ئایا ئەم ڕاگەیاندن و گوتانە تا چەند ڕاستن؟ ئایا بۆ دڵنیاكردنەوەى دانیشتوانى ناوچەكەیە یان بۆ خۆدەربازكردنە لە قەرەبووكردنەوەى ژیان و پاكڕاگتنى ژینگەى ناوچەكەیە؟
بەڵام شارەزا ڕوسى و ڕۆژئاواییەكان دەڵێن لە ڕاستیدا ئەو تاقیكردنەوەیە پەیوەستە بە ڕۆكێتى 9 ئێم730 پۆریفیستنیك كە بەڕوسى ماناى ((باڵندەى نوئە دێت كە بچوكترین باڵندەى دەریاییە)).
پێشتریش سەرۆك پۆتین لەساڵى 2018دا و لەبەردەم پەڕلەمانى وڵاتەكەیدا باسى لەم ڕۆكێتە كردبوو و پەیمانى ناتۆش دەڵێت ئەو ڕۆكێتە بریتیە لە جۆرى ئێس ئێس سى-9 سكایفوڵ.
مارك گالیۆتى،چاودێر و شیكەرەوەى دیارى ڕوسیا دەڵێت(( ئەم سیستەمى پاڵدانە ئەتۆمیە بریتیە لە ئاڵنگاریەكى تەكنەلۆجى زۆر گەورە)).و زیاترى لەسەر دەڕوات و دەڵێت (( مەسەلەى خێرایى هەیە لەبەرامبەر كێشى ئەو سیستەمەدا،سەرەڕاى مەترسى ئەوەى ئەم ڕۆكێتە بۆ هەر جێگەیەك بڕوات ئەوا پاشماوەى تیشكى بەجێدەهێڵێت)).و ئەوەشى ڕاگەیاند كە(( ئەم پڕۆژەى ڕۆكێتە لەمێژە لەلایەن ڕوسیەكانەوە كارى بۆ دەكرێت و لە ئێستادا لەسەر ڕەفەكان دەرهێنراوە و كاری لەسەر دەكرێت و وەبەرهێنانیان تیادا ئەنجام دەدرێت)).
ئەم جۆرە سیستەمى پاڵدانى ڕۆكێتیە(( سیستەمێكى دیاریكراو نیە لەڕووى ماوەوە و ڕەنگە تەقینەوەكەى نیونوكاسا چەكێكى جیاوازتریشى لەخۆگرتبێت كە تواناى هەڵگرتنى كڵاوەى ئەتۆمیشى هەیە)).
• جۆرى نوێ لە ڕۆكێتى كروز دوور مەودا دژى پاپۆڕەكان كە ناودەبرێت بە زیركون،كە بەخێراییەك دەڕوات بەرزترە لە خێرایى دەنگ. بە 8 جار.بەپێى وتەى سوپاى ڕوسیا.
• جۆرى نوێ لە دروستكراوە بزوێنەرەكان لەژێر ئاودا كە لە ژێر دەریاییەوە دەتەقێنرێن و پێى دەوترێت ((پۆسیدۆن)).
• چى دەزانرێت دەربارەى ئەو تەقینەوەیە؟
ڤالانتاین كۆستیۆكۆف،كە فەرمانبەرێكى دیارە لە ئاژانسى ڕۆساتۆم، دەڵێت (( ئەو 5 ئەندازیارەى كە بونە قوربانى لەو تەقینەوەیەدا كە لە 8 ئابى 2019دا ڕوویدا و لە ئەنجامى كەوتنەوەى ئاگرێكى لەناكاودا بوو لە دەستەبژێرى شارەزا و پاڵەوانەكان بوون كە مەترسیەكانیان تاقیكردەوە و تاقیكردنەوەى پێشتریشیان ئەنجامدابوو(( لەژێر دبارودۆخى زۆر سەخت و نائاساییدا)).
كۆستیۆكۆف سەنتەری سارۆفى ئەتۆمى بەڕێوە دەبات،كە بریتیە لە دامەزراوەیەكى نهێنى لە قۆناغى جەنگى سارددا و بەرپرسیارە لە كۆگاى بۆمبە هایدرۆجینیە ڕوسیەكان.
كاتێك تەقینەوەكە لەشارەكەدا ڕوویدا خەڵكى ڕوویانكردە دەرمانخانەكان بۆ كڕینى حەبى یۆد،چونكە حەبى یۆد لە یۆدى تیشكدەر مرۆڤ دەپارێزێت،بەهەمان شێوە لەكاتى ڕوودانى كارەساتى ئەتۆمى بنكەى چێرنۆبێل لە ساڵى 1986دا هەمان داواكارى لەسەر ئەم جۆرە حەبە هەبوو بۆ خۆپاراستن.
دەسەڵاتدارانى ڕوسیا پێش ئەنجامدانى تاقیكردنەوەكە ناوچەكەیان خستبوە ژێر چاودێریەكى وورد و قەدەغەكراوەوە،بەڵام لە دواى یەك ڕۆژ لە تەقینەوەكە لە 9 ئابدا پاپۆرێكى ڕوسى لە ناوچەكەدا بینراوە بەپێى پێگەیەكى پسپۆڕى نەرویجی بۆ هەواڵى جەمسەرى باكور.ڕایگەیاند كە ئەو پاپۆڕە كارى كردوە بۆئەوەى هەموو شوێنەوارێكى پیسبوون بە تیشك لاببات و تائێستا لەكاركردن بەردەوامە.ڕەنگە ناوچەكە بەداخراوى بمێنێتەوە بۆ ئەوەى سوتەمەنیە ژەهراویەكەى ڕۆكێتەكە تێكەڵ بە ئاوى دەریاكە نەبێت كە ڕاوچیەكان كارى تیادا دەكەن)).
• ئایا ڕۆكێتى بزوێنراوى ئەتۆمى دەبێتە داهێنان و گۆڕانێكى گەورە؟
مارك گالیۆتى دەڵێت((گومانى زۆر هەیە كە ڕۆكێتى پۆریفیستنیك ڕووناكى ببینێت)) و ئاماژەشى بەوەدا كە ڕۆكێتێكى ترى نوێ كە پێیدەوترێت ((پۆلاڤا))(( بۆماوەى چەند ساڵێك تاقیكردنەوەكان لەسەرى شكستیان هێناوە)).
هەردوو ڕۆكێتى زیركۆن و پۆسیدۆن دوو پڕۆژەى زۆر پێشكەوتوون،و پۆسیدۆن لە شێوەى پاپۆرێكى بزوێنراودایە كە لەدوورەوە دەبزوێنرێت لەژێر ئاودا و تائێستا لە قۆناغى نمونەى سەرەتاییدایە.ئەم ڕۆكێتەش چەكێكى كاولكارە وبۆ بەكارهێنان نەشیاوە جگە لە جەنگى ئەتۆمى سەرتاپاگیر.
• ئەم ڕۆكێتەى كە تەقیەوە و ناوى(( پۆریفیستنیك))بوو، لەلایەن ڕۆژنامەیەكى حكومەتى ڕوسیاوە ((ڕوسیسكایا گازیتا))وە پێش مانگێك بە ((چەكێكى تۆڵەسەندنەوە))ناودەبرا، هەروەك چۆن نازیەكان بەو ڕۆكێتانەیان دەوت كە دەنران بە بەریتانیاوە لە قۆناغى كۆتایى جەنگى جیهانى دووەمدا.هەمان ڕۆژنامە دەڵێت ئەم ڕۆكێتە تواناى فڕینى بۆماوەى دوورودرێژ هەبوو هەروەك چۆن تواناى خۆبەدوور گرتنیشى هەبوو لە بەرگریە ئاسمانیەكان، ئامانجەكەشى بریتى بوو لەوەى كە هەر ژێرخانێك مابێت لە دواى لێدانى ڕۆكێتى بالیستى كیشوەر بڕەكانەوە بۆ ناوچەى دوژمن بەم ڕۆكێتە كاول و لەناوببرێت.
گالیۆتى دەڵێت (( لەگەڵ هەرەسهێنانى ڕێكەوتنامەى هێزە ئەتۆمیە مام ناوەنجیەكان، ئەمریكاش زیاتر تواناكانى چڕ دەكاتەوە لەسەر پێشخستنى كۆگاكانى لە چەكە مامناوەنجیەكان،كە كارێكى پێویست نیە لەكاتى هەڵایسانى جەنگى سەرتاپاگیریدا)).
ئەوەش دەڵێت كە(( ڕوسیا دەیەوێت ئەو چەكە وەدەستبهێنێت بەهۆى مەترسیەكانیشى بەهەمان شێوە لە توانا ئەتۆمى و سەربازیەكانى وڵاتى چینیش)).
• بەم شێوەیە بەكارهێنان و تاقیكردنەوە و هەوڵى دروستكردنى جۆرى جیاواز و نوێتر لە چەك و تەقەمەنى پێشكەوتوو لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە لەلایەك دەبنە مەترسى بۆ سەر زیاتر پیسبوونى ژینگەى گۆى زەوى و كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەگشتى و دروستبوونى مەترسى لەناوچوون و ڕوودانى كارەسات بۆ ئێستا و ئایندەى نەوەكانى مرۆڤ و سەرجەم زیندەوەرانیش.
جا گەر بەم شێوە ناڕەوایە پێشبڕكێ لەنێوان زلهێزە ئەتۆمیەكاندا بەردەوام بێت لەسایەى سیاسەتە هەڵە و سەركێشیەكانى چەند سەركردەیەكى مەغرور و خۆبەزلزانى وەكو پۆتینى ڕوسیا و ترامپى ئەمریكاوە ،ئەوا بەدڵنیایى نەك مافەكانى مرۆڤ و ئازادیەكان و دیموكراسى و دادپەروەریى دەخرێتە ژێر پێیەكانەوە وەكو بنەما مرۆڤایەتى و قۆناغى نوێگەرایى ،بەڵكو هیچ ڕێز و بەهایەكیش بۆ بنەما و دروشمى پاراستنى ژینگەش نامێنێتەوە و مرۆڤ بەدەستى خۆى ئایندەى مرۆڤایەتى دەخاتە مەترسیەوە و كاولكارى و كارەساتى دڵتەزێن دەخوڵقێنن لەجیاتى داهێنان و پێشكەوتنە ئەرێنیەكان.بۆیە گەر ئەم پێشبڕكێ ناڕەوایانە بەردەوام بن ئەوا بەدڵنیایى ئایندەیەكى تاریك و ناڕۆشن و كاولكارى و ماڵوێرانیەكى سەرتاپاگیرى گۆى زەوى چاوەڕوانى مرۆڤایەتى دەكات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.