هەرێمی کوردستان یان هەرێمی مەرگی ڕۆژنامەنوسان!؟

لەلایەن ستاندار Posted on 374 جار بینراوە

عبدالوهاب احمد

بەداخەوە لەدوای سێ دەیە حکومڕانی تا ئێستا بیرو ڕای جیاواز جێگای قبوڵ نیە ،بەدیاریکراوی لەزۆنی زەرد خەریکە حکومڕانیێکی تەواو تۆتاڵیتاری پەیڕو دەکرێت، کە لەدوای دەربڕینی هەر ڕاێکی جیاواز هاوڵاتیان بەگشتی و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەتایبەت ، ڕوبەڕوی ئەشکەنجەدان و گرتن و تیرۆر دەبنەوە ،وەهەروەها شوبهاندنی هەرێمی کوردستان بە هەرێمی مەرگی ڕۆژنامەنوسان ،ڕاستیێکی تاڵی تێدایە ئەویش ئەوەیە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردو لەهەردوو زۆن بەگشتی و لەزۆنی زەرد بەتایبەت کە تا ئێستاش لەو زۆنە بەردەوامی هەیه کە بەپێی ئاماری ساڵانەی ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەوانی و سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ساڵانە چەندین پێشێلکاری بەرانبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراون و چەندین کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان هەن تا ئێستاش کەیسەکان جگە لەوەی بکوژانیان نەدراون بە دادگا و بگرە بەلاڕێش دابراون وەک
سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن و کاوە گەرمیانی و شوکری ڕێکانی و سۆرانی مامە حەمە،

سەردەشت عوسمان لە دایک بووی ۲٥ ـ ۱۲ ـ ۱۹٨۷ شاری هەولێر گوندی گرد عازەبانە، ئەو خوێندکاری قۆناغی چوارمی بەشی ئینگلیزی کۆلێژی ئاداب زانکۆی سەڵاح الدین بوو، ئەو ڕۆژنامەنوسێکی ئازاو بەتوانا بوو، بەرلەوەی تیرۆر بکرێت چەند جارێکیش هەڕەشەی کوشتنی لێکرا، هەموو هەڕەشەکانی کە لێی دەکرا لە ووتارەکانی دا بڵاو دەکردەوە

لە بەرواری ٤ ـ ٥ ـ ۲۰۱۰ کاتژمێر ٨ ی بەیانی لە بەردەم کۆلێژەکەی خۆی لەشاری هەولێر لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەڕفێنرێت و ڕۆژی دواتر لە موسڵ تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە، گولە بەنێو دەمی نرابوو وەک ئاماژەیەک بۆ بێدەنگکردن و سەرکوت کردنی ئازادیەکانی ڕادەربڕین و، دوای ئەوەش لە ڕاپۆرتەکانی لێکۆلینەوە و پۆلیسی هەولێرەوە کەیسەکە بەتەواوی بەلاڕێ دابرا، جگەلەوەش بەوەشەوە نەوەستاون دوای مەرگی شهید سەردەشت دیسان جارێکی تر کێلەکانی گۆڕیان شکاندن
دووەم :
تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامە حمە
سۆرانی مامە حمە ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ لە دایک بووی ۱۹٨۷ ی شاری کرکوکە، بەرلەوەی تیرۆر بکرێت لە سەر نوسینەکانی هەڕەشەی کوشتنی لێکرا دواتر لە بەرواری ۲۱ ی تموزی ۲۰۰٨ لە ماڵەکەی خۆی تیرۆر کرا، تا ئێستاش بکوژانی نەدراون بەدادگا و دیسان دەسەڵات بە جۆرێکی تر کەیسەکەی شێواند.

سێیەم:
وەداد حسین
ڕۆژنامەنوس وەداد حسین دوای چەند جارێک هەڕەشەکردن لێی ، ئەویش لە بەرواری ۱۲ ی ئاب دەڕفێنرێت و ڕۆژی دواتر واتا لە ۱۳ ـ ئاب ـ ۲۰۱٦ بە تیرۆرکراوی و جەستە شێوێنراوی دەدۆزرێتەوە.

چوارەم کاوە گەرمیانی
ڕۆژنامەنوسی ئازا و بوێری گەرمیان کاوە گەرمیانی لە دایک بووی ۱۹٨۱ بوو، ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ و سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ بوو جگە لەوەش پەیامنێری ڕۆژنامەی ئاوێنەبوو، لە سەر نوسینەکانی ئەویش چەند جارێک هەڕەشەی لێکرا، دواتر لەشەوێکی باراناوی لە بەرواری ٥ ـ ۱۲ ـ ۲۰۱۳ لەماڵەکەی خۆی لەبەردەم دایکی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەستڕێژی گوللەی لێکرا و تیرۆر کرا.

وە هەروەها لەماوەی دوومانگی ڕابردووش چەندین ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی تر لەزۆنی زەرد ڕفێندراون و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە کە هەریەکە لە زوبێر برادۆستی لە دڤەری برادۆست و هاوڕون سیلڤانی لەبادینان و بڕیار محمد لەهەولێر تا ئێستا چارەنوسیان بە نادیاری باوەتەوەو بەهەمان شێوە دەسەڵات بیانوی بۆ دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسانە هێناوەتەوە ،
بۆیە هەمیشە میدیا لەژێر هەژموونی دەسەڵاتە ماکیافێلستی و خۆسەپێنەکاندا یان دیل بووە یان ماستاوچی ،وە ئەو ڕۆژنامەنوسانەی بەجددی بڕیاریان داوە ببن بە ستونێکی باش بۆ نەتەوەکەیان، ئەگەر لەم بیرو بۆچونانە ڕاستگۆبن، بەرژەوەندی خۆیان لەبیر دەچێتەوە بەلام بچوکترین بابەتی تایبەت بەمییللەتەکەیان بۆ ساتێکیش لەبیر ناکەن. هیممەتی هەموو ڕۆژنامەنوسێک بەئەندازەی نرخ و بەهاییەتی، ئەو مێدیاکارەی بەتەنها بیر لەخۆی ئەکاتەوە، یان هیچ مرۆڤ نیە یان بونەوەرێکی ناتەواوە. ئەو ڕێگایەی بەرەو ڕۆژنامەنوسێکی سەرکەوتوو دەتبات بەوەدا تێپەڕ دەبێت کە لەتاو بیرکردنەوەو خەمخۆری و دلسۆزی لە کەسانی تر ئەگەر پئویستی کرد ڕۆژنامەنوس خۆیشی لەبیربکات، بۆیە پێویستە ئیتر سەرجەم ئەو هاوڵاتی و چالاکوان و ڕۆژنامەنوس و ڕێکخراو لایەنە سیاسیانەی کە هەمیشە دروشمی ئازادی دروشمی سەرەکیان بوە دەرهەق بەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان دەکرێت بێنە دەنگ، ئەگینا خۆی لەخۆیدا ئەوانیش دەبنە بەشێک لەو ناهەقیەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان دەکرێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.