سێ پێشنیاز و سێ ساڵ بۆ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ.

لەلایەن ستاندار Posted on 365 جار بینراوە

ڕزگار مصطفی محمدامین
مامۆستا لەبەشی جوگرافیای زانکۆی ڕاپەڕین

بارودۆخی کەرتی کشتوکاڵ لەھەرێمی کوردستان ھێندە پڕ کەموکەڕی و لەدوواوەیە، ڕەنگە ھەرکەسێک و ھەرشتێک بڵێت، بۆپێشخستن و خستنەسەر ڕێچکەی زانستی ئەو کەرتە گرنگە، ڕاستبێت، بەڵام لەھەموو چالاکییەکی ئابوریدا، ھەندێک ھەنگاو گرنگترن لەئەوانیتر و کاری لەپێشینەن.

لەسەر ئەوبنەمایەو دووای بینینی فڕێدانی بەروبومی کشتوکالی ھەندێک جوتیار لەناوچە جیاوازەکانی ھەرێم ھاوکات لێدوانی بەڕێز وەزیری کشتوکال و داواکردنی مۆڵەتی یەک سال، ئێمە بەباشمان زانی سێ پێشنیاز بخەینە بەردەمی بەڕێزیان تاوەکو کاریان لەسەربکات لەسێ ساڵی ئایندەدا.

یەکەم/ھەوڵی دروستکردنی ساردخانەی مۆدێرن و قەبارە جیاواز بدرێت لەزۆرێک لەقەزاو ناحیە کشتوکاڵییەکان، لانیکەم لەھەرسێک پارێزگاکەدا ساردخانە ھەبێت بۆ پاراستنی بەروبومی کشتوکالی جوتیاران، تاوەکو ناچارنەبن لەوەرزی پێگەیشتنی بەوربومەکانیاندا، سەرجەم جوتیاران کۆی بەرھەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە، ئەمەش دوو سودی دەبێت، یەکەم پاراستنی نرخی بەروبومەکە کەسودی بۆجوتیاران دەبێت، دووەم دەبێتە پارێزەری ئاسایشی خۆراک و ناچارنابین ھەمووشتێک لەدەرەوە ھاوردەبکەین، لەکاتی پێویستدا بەروبومە کشتوکاڵییەکانی ناو ساردخانەکان دەخرێنە بازاڕەوە.

دووەم/لەحاڵەتی جێبەجێنەکردنی خاڵی یەکەم، ھەوڵبدرێت بەپەیڕەوکردنی(کشتوکاڵی پیشەسازی)، کەبریتییە لەدامەزراندنی کەرگەی بچوک بچوک لەناوچە کشتوکاڵییەکاندا، ئەمەش بەمەبەستی وەرگرتن و کۆکردنەوەی بەروبومە کشتوکاڵییە جیاوازاکانی جوتیاران تاوەکو ببێتە پاڵپشتێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی بەروبومی جوتیاران لەکەمنرخی و فڕێدان، لەھەمانکاتیشدا بەروبومە پیشەسازییەکان بخرێنە بازارەوە و پێداویستی ناوخۆی پێ پڕبکرێتەوە، نمونەی ئەم کارگانە وەک (کارگەی دۆشاوی تەماتە، کارگەی بەرھەمھێنانی ڕۆنی کونجی، کارگەی بەرھەمھێنانی ترشیات(تورشی)…ھتد)، بەگوێرەی بەروبومی ناوچەکە، دەکرێت بۆئەم مەبەستە سود لەکەرتی تایبەت وەربگیرێت و پاڵپشتی بکرێت.

سێیەم/دامەزراندنی سەنتەری پەرەپێدانی کشتوکاڵی، یان پەیمانگای ڕاوێژکاری کشتوکالی، لانیکەم ھەرپارێزگایەک سەنتەرێکی تێدابێت، لەم سەنتەرانەدا خەڵکی پسپۆڕ تێیدا کاربکات بەتایبەت(ئەندازیارانی کشتوکاڵ)، کاری ئەم دامەزراوەیە بریتیبێت لە ئامۆژگاری کردنی جوتیاران لەچۆنیەتی چاندنی بەروبومە کشتوکالییەکان لەڕوی جۆرایەتی و چەندایەتییەوە، چونکە بەھۆی نەبوونی ھۆشیاری جوتیاران لەسەر چاندنی جۆرو بڕی بەروبومێکی دیاریکراو، گرفت دروستدەبێت ھەم بۆ بازاڕ ھەمیش بۆجوتیاران بەوەی ساڵێک بەروبومێک زۆر چاندراوە و ساغنابێتەوە و نرخی زۆرکەم دەبێت لەبازاڕ، بەپێچەوانەوە ھەندێک بەروبوم کەم دەچێندرێت و بازاڕ توشی ھەڵاوسان دەبێت!ھاوکات دیاریکردنی کێشەکانی خاک و نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان یەکێکیتربێت لەکارەکانی ئەم فەرمانگەیە، لەگەڵ پێدانی دەرمان و چارەسەرکردنی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە بدۆزرێتەوە بەشێوەیەکی زانستی کەلەئێستادا ڕێگەی زانستی زۆرکەم دەگیرێتەبەر لەکەرتی کشتوکالدا، بەداخەوە!

ئەم ھەنگاوە جگە لەوەی سودێکی زۆری بۆکەرتی کشتوکاڵ و بەروبومە کشتوکالییەکان دەبێت، ھاوکات فرسەتی کاریش بۆدەرچووانی بەشەجیاوازەکانی کۆلێجی کشتوکاڵ دەرەخسێنێت، دەکرێت لەرێگەی پێدانی بەشێک لەدەرمان و تۆوی باش و پێداویستی تری کشتوکاڵییەوە، جوتیاران ناچاربکرێن بەپەیڕەویکردنی ئامۆژگارییەکانی ئەم دامەزراوەیە و لەھەمانکاتیشدا موچەی فەرمانبەرانی ئەم دامەزراوەیە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەجوتیاران وەربگیرێت.

لەکۆتایدا دووبارەی دەکەینەوە کە ئەوەی ئێمە وروژاندومانە، بەشێکی زۆرکەمی کێشە کشتوکاڵییەکان چارەسەر دەکات، بەڵام لەھەمانکاتیشدا ئەوبابەتانە لەبابەتە پێشینەییەکانن بۆیە داواکارین بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ بیانخاتە بەرنامەی کاری وەزارەتەکەیەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی ھەمووان و بەرژەوەندی تایبەتی جوتیاران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.