ساڵیادی گەندەڵی و تێگەیشتن لە گەندەڵی

لەلایەن ستاندار Posted on 316 جار بینراوە

دکتۆر ئەندازیار یونس سید ڕەشید
مامۆستای زانکۆ

بە گشتی ئەو ڕووداوانەی لە میمۆری مێژوویی میللەتان بە زیندوویی دەمێننەوە ئەوانەن کە لە لاپەڕەکانی مێژوو تۆماردەکرێن یان ساڵانە یادەوریان بۆ دەکرێتەوە لە ڕۆژێکی دیاریکراو یان پەیکەرێک و مۆنۆمێتێکیان بۆ دروست دەکرێت. جا شەرتیش نیە ئەو ڕووداوە یان یادەوەریە مایەی شانازی یان دڵخۆشی خەڵك بێت. بۆ نموونە جەنەڕال ئۆلیڤەر کڕۆمۆیڵ کە کودەتای عەسکەری بەسەر تاجی مەلەکی بەریتانیا کرد لە سالێ ١٦٤٩ م ، مەلیک چارلزی یەکەمی لەسێدارەدا و ١١ ساڵ حوکمڕانی کۆماری بەسەر بەریتانیا سەپاند، بەر لەوەی سەرلەنوێ خەڵك حوکمڕانی مەلەکی بۆ بەریتانیا بگەڕێننەوە . لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا پەیکەرێکیان بۆ دروست کردووە و بووە بە بەشێك لە مێژووی بەریتانیا و خەڵکی بە لایەنەوە شەرم نیە باسی لێوە بکەن و پەندو عیبڕەت لە ڕووداوەکانی ئەو قۆناغە وەرگرن .

لە مێژووی هاوچەرخی ئێمەشدا لەو ناوچەیە جا ناوی لێدەنێی باشووری کوردستان یان هەرێمی کوردستانی عێڕاق کۆمەڵێك بۆنە و یاد و یادەوەری هەیە کە ساڵانە خەڵکی یاد و یادەوەری دەکات و بە شێوازێکی دیاریکراو لەو ڕۆژەدا دەربڕین لەو شتە دەکات کە مێژوو لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو ناوچەیە تۆماری کردووە. بۆ نموونە نسکۆی ٧٤ وکارەساتی کیمیابارانی هەڵبەجە و ئەنفال و جینۆساید و ڕاپەڕینی ١٩٩١ و شەڕی ناوخۆ و سالیادی دامەزراندنی حزب و پەرلەمان …هتد. هەندێکیش لەو ڕووداوانەی مێژووی هاوچەرخی کورد لەو ناوچەیە لە لایەن ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی گشتێندراوەو و ساڵانە یادەوەری دەکرێت و تەنانەت بۆ هەندێکیان لەو ڕۆژەدا پشووی فەرمی لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیندراوە.

دوابەدوای ڕووداوەکانی ١٩٩١ و لەسەروبەندی دەرکەوتنی دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی، دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسی نامۆ و نوێ هاوکات بەیەکەوە ڕوویان لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان کرد، یەکێکیان دیاردەی گەندەڵی بوو و ئەوی تریان دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی بوو کە لە ڕێی حزب و گرووپ و کەسایەتیە ئیسلامیە جۆراوجۆرەکان لەناو کۆمەڵگای کوردەواری تەشەنەی کرد . بە هەموو پێوەرێکیش گەندەڵی و ئیسلامی سیاسی دوو ڕووی یەک دراوی تێکدان و وێران کردنی کۆمەڵگان بە گشتی، بە تایبەتیش بۆ میللەتێکی ناتەبا و ژێر دەستەی وەکو کورد.
ئەگەر گەندەڵی ژێرخانی ئابووری ووڵات وێران دەکات و کۆمەڵگا بەسەرخۆیدا دابەش دەکات بۆ توێژێك لە کەمینەیەکی سیاسی و سەرمایەداری ڕادەبەدەر دەوڵەمند و زۆرینەیەکی ژێر دەستەی کەم دەرامەت وهەژار. ئەوا ئیسلامی سیاسی توێشوی کۆمەڵایەتی بەسەرخۆیدا دابەش دەکات بۆ توێژێکی کەمینەی بەناو پابەند بە ئیسلام و ئیمانداری ڕاستەقینەو و زۆرینەیەکی موسڵمانی لادەر لە ڕێی ئیسلام کە لەباشترین حالەتیدا بە فاسیق ناوەزەند دەکرێت، ئەوا ئەگەر حوکمی کافر و مورتەدی بەسەردا نەسەپێنرێت. ئەوە جگە لەو هەموو نەخۆشیە فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی یەی کە لەناو کۆمەڵگا لەسەر دەستی پەێڕەوانی ئیسلامی سیاسی تەشەنە دەکات وەکو چۆن ئاگرلە پووش بەردەبێت. ئەوەش کۆمەڵگای کوردەواری بەخۆیەوە بینی لە دوای ڕاپەڕینەوە لەگەڵ پەیدابوونی فیکری ئیسلامی جیهادی و ئیخوانی وسەلەفی و …هتد . ئیسلامی سیاسی کوردیش هاوشێوەی ئیسلامی سیاسی ووڵاتانی جیهانی ئیسلامی چەند خاسیەتێك و خەسەڵەتێکی هەیە کە لە زۆربەیان هاوبەشە لەگەڵ ئەوانی تر.

یەکێك لە خەسڵەتە سەرکیەکانی ئیسلامی سیاسی کوردی ئەوەیە کە نەك هەر لەگەڵ کۆمەڵگای خۆی ناتەبایە، بەڵکو لە نێوخوودی خۆشیدا ناتەبایە و فاکتەرێکی کاریگەرە لە زیاتر پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگا. زۆر ئاشکراو ڕوونیشە کەوا ڕەوتی گشتی ئیسلامی سیاسی لە نێوخۆیدا ململانێ و دووبەرەکی جۆراوجۆری هەیە، بۆ نموونە ڕەوتی ئیخوان لەگەڵ ڕەوتی نیمچە ئیخوان و جیهادیەکان هۆی سەرەکیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر حزبیك و گرووپێکی ئیسلامی لە هەرێم سەرچاوەی فیکری و دارایی بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەرەوەی هەرێمە. خەسڵەتی دووەمی سەرەکی ئیسلامی سیاسی لە هەرێم ئەوەیە کە پرۆژەیەکی نەرم و نهێنی سیاسی پەیڕەودەکات دژ بە بیری نەتەوایەتی و لێزانانە کۆمەڵگای کوردەواری دووردەخاتەوە لە کێشەی جەوهەری و ڕاستەقینە و مەبەستی سەرەکی ژین و ژیان. کە بێ گومان ئەویش بێ گومان بە بەرژەوەندی ناحەزانی کورد کۆتایی دێت.

خەسەڵاتی سێیەمی ئیسلامی سیاسی کوردی ئەوەیە کە هێچ پڕۆژەیەکی پێشکەوتنی کۆمەڵگا پێ نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کۆمەڵگا سەدان ساڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ دوا، بۆیە ئیسلامی سیاسی کوردی بوون و حزوری خۆی تەنها لەسەر یەك فاکتەر بونیات ناوە ئەویش فاکتەری گەندەڵی دارایی و ئابووری حزبە بەناو عەلمانیەکانی هەرێمە ، واتە شکستی دەسەڵاتی کوردی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای سیستمێکی دادپەروەر و سەردەمیانەی پێشکەوتوو. ئەوەش مانای ئەوە نیە کە خوودی ئیسلامی سیاسی کوردی لە هەرێم دوورە لە گەندەڵی دارایی و ئابووری.

ئەوە بەکورتی شتێك دەربارەی ئیسلامی سیاسی وەکو ڕوویەکی گەندەڵی، چونکە ئەو بابەتە تایبەت نیە بە شرۆڤەکردنی ڕۆلی ئیسلامی سیاسی لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری بە تێرو تەسەلی.

دیاردەی گەندەڵی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن و بەعس لە ٢٠٠٣، لە کۆمەڵگای کوردەواری لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پەرەسەندن و گەشەسەندنی جۆری و بڕی بەخۆیەوە بینی، تا لە ئێستادا گەیشتۆتە قۆناغیك کە تیایدا لە تەنانەت دیاردەیەك بۆتە بەشێکی سەرەکی لە کەلتووری کۆمەڵگای کوردەواری، کە سەرتاپای هەموو توێژە جیاجیاکانی ناو کۆمەڵگای ئێمەی گرتۆتەوە، بەڕێژەی جیاجا و بە شێوازی جۆراوجۆریش دەردەکەوێت. کۆمەڵگای کوردەواری لە هەرێم ئیمڕۆ خاوەن توێژێکی گەورەیە لە سیاسەتمەداری گەندەڵ، ئاغای گەندەڵ، نووسەری گەندەڵ، مامۆستای زانکۆی گەندەڵ، پزیشکی گەندەل، ئەندازیاری گەندەڵ، فەرمانبەری گەندەڵ، جووتیاری گەندەڵ، کاسبکاری گەندەڵ، تەنانەت بێ ئیش و کاری گەندەلیش. ڕاستیەکی تاڵە کە کۆمەلگای کوردەواری لە هەرێمی کوردستان لەهەموو سێکتەرەکانی ژیان شکستی هێناوە، لە پەروەردە و خوێندنی باڵا ، تەندروستی و باری کۆمەڵایەتی ، دەسەڵاتی دادوەری و کشتووکاڵ، ئابووری … هتد وە تاکە سێکتەر کە داهێنانی تێدا دەکات سێکتەری گەندەڵیە کە هەموو سێکتەرەکانی تریشی کۆنترۆل و وێران کردووە. تەنانەت ئەو بڕە ئیشەی کراویشە لە بواری وەبەرهێنان لە سێکتەری ڕێگا و بان یان لە میانەی ماستەر پلانی شارەکان کە خەڵکانێك بەردەوام بە دەستکەوتی مەزنی نەتەوایەتی بە ئێمەی دەفرۆشنەوە و بەراوردی پێ دەکەن بە شاروو شارۆچکەکانی تری عێراق و خۆیان پێ هەڵدەکێشن، جۆرەهای گەندەڵی لەپاڵەوە ئەنجامدراوە. جا باڵاخانە و مۆڵ و ڤێلا و مەزرەعەی فلان و عەلان گەندەڵ بۆ هاووڵاتی ئاسایی چ نرخێك و بەهایەك و سوودێکی هەیە. بێ گومان چەند مۆڵێك و باڵاخانیەك و ڕێگا وبانێكی جوان پێوەر نیە بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی تێكڕای کۆمەڵگا، وە دەرکەوتنی توێژێکی دیاریکراوی خۆشگوزەران لە نێو کۆمەڵگا لەسەر حیسابی باقی هاووڵاتیانی تر، ئەوپەڕی دابەش بوون و لێکترازان و دواکەوتنی کۆمەڵگا دەردەخات. ئایا ئیمە لە هەرێمی کوردستان ئیمڕۆ دوای ئەو ئەزموونە دوورودرێژە لە خۆبەڕیوەبردن دەتوانین ئاماژە بۆ پرۆژەیەکی ستراتیژی (پەروەردەیی، یان تەندروستی، یان کشتووکالی، یان پیشەسازی) سەرکەوتوو بکەین کە مایەی شانازی بێت بۆ تاك و کۆمەڵگای کوردەواری؟ تەنانەت کێشەی کارەبا بوو بە نەخۆشیەکی درێژخایەن بۆ کۆمەڵگا، قەیرانی بودجە و مووچەشی هاتە سەر. ئەوەی جیگای پێکەنین و گریانیشە لەیەك کاتدا ئەوەیە کە گەندەڵە گەورەکان لەو هەرێمە دوای هەموو تاوان و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر مولکی گشتی و تایبەتی یان هەر لە بنەڕەتدا دادگاکان و دادوەراکان ناوێرن پەنجەیان بۆ درێژ بکەن، وە لە باشترین حالەتیشدا ئەگەر ئەو گەندەڵانە دووچاری داداگا بکرێنەوە ئەوا جگە لەوەی دەستگیرناکرێن بەڵکو دوای ماوەیەك بەر یاسای لێبووردنی گشتی دەکەوەن و هەمیسان وەکو پاڵەوان لەناو کۆمەڵگا دەردەکەونەوە و خەڵکیش هەمیسان ڕێزیان لێ دەگرن، هەروەکو ئەو گەندەڵیانەی لە سێکتەری وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێ بوون لە ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٤ ڕوویدا، ئایا بینووتانە تاکو ئێستا حکومەتی هەرێم گەندەڵێکی گەورە دەستگیربکات و وەکو تیرۆرستەکان لە ڕێی کەناڵە ئاسمانیەکانیانەوە بۆ کۆمەڵگا نمایشیان بکات بۆ ئەوەی ببن بە پەند و عیبڕەت بۆ هاووڵاتیانی تر؟.

لە لایەکی ترەوە لەوانەیە زۆر لە خەڵکی ئێمە بابەتی گەندەڵی تەنها ببەستنەوە بە لایەنی ئابووری واتە (گەندەڵی ئابووری)، واتە کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بە شێوازێکی نایاسایی. بەڵام لە ڕاستیدا گەندەڵی ڕوویەکی تریشی هەیە هەروەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد کە ئەویش (گەندەڵی فیکری و سیاسی) یە کە برتییە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی چەواشەکردنی کۆمەڵگا بە بیرو بۆچوونی و ئایدۆلۆژیای ڕوخێنەر. بە واتایەکی تر مانای گەندەڵی زۆر فرەوانترە لەوەی تەنها ببەسترێتەوە بە دەستکەوتی ماددی لە پارەوپوول و زەوی و زار و خانووبەرە و باڵاخانە و وەبەرهێنان. لە ڕاستیدا ئەگەر چی بە گشتی مەبەستی سەرەکی لە ئەنجامدانی پرۆسەی گەندەڵی کۆکردنەوەی سەروەت و سامانە لە پارەوپوول، بەڵام لەپاڵ ئەو مەبەستە سەرەکی یە مەبەستی تریش هەن وەکو سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و دەستکەوتن و پاراستنی پلە و پایە و پێگەی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگا. بۆ نموونە سیاسەتمەداری عەلمانی گەندەڵ لە پاڵ کۆکردنەوەی ملیۆنەها دۆلار لە ڕێگای نایاسایی جۆراوجۆر و ڕیگای شۆردنی پارەوپول، دەبینی سوڕە لەسەر ئەوەی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز و کاریگەری هەبێت لە نێو کۆمەڵگادا، سوڕە لەسەر ئەوەی هەموو ئارەزووەکان و خەونەکانی بێنێتە دی لەسەر حیسابی خەڵك. سوڕە لەسەر ئەوەی قەرەبووی هەموو ئەو نازونیعمەتانە بکاتەوە کە رۆژێك لە ڕۆژان یان لەسەردەمی “خەباتی شاخ” لەدەستی چووە، لەلایەکی تریشەوە سووڕە لەسەر ئەوەی تۆلە لە خەڵکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار و ڕەسەن و ڕاستەڕێ بکاتەوە.

گومان لەوەدا نیە کەوا سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا گرنگترین و سەرەکیترین سێکتەرە بۆ کۆمەڵگا کە بە ژێرخانی پەرەپیدانی مرۆیی ئەژمار دەکرێت و بەردی بناغەیە بۆ هەموو سێکتەرەکانی تری ووڵات. هەمووشمان دەزانین کەوا تەنانەت ئەو ووولاتانەی کە لە لووتکەی سیستمی سەرمایەدارین لە جیهان وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ووڵاتانی ئەسکەندەنافی تاکو ئێستا کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵایان نەداوە بە کەرتی تایبەت و نەیانخستۆتە ژێر دەستی سەرمایەدارن. عەجەبا هەرێمی کوردستان ئەو سێکتەرە هەستیارەی بە کەرتی تایبەت بەخشی سەرباری دواکەوتن وئەو هەموو گەندەڵیەی تیایدایە. وادیارە هەرێم سەرمایەدارترە لەو ووڵاتانە.

ئەزموونی قوتابخانەی ئەهلی لە هەرێم سەرەتاکەی بۆ قوتابخانەکانی ئیشقی تورکی دەگەڕێتەوە کە سەرکردەی ئیسلامی تورکی فەتحوڵا گوڵەن خاوەنی سەرەکی ئەو دەزگایانەیە کە لەفەلەکی ئەو دەسوڕێنەوە. ئەو قوتابخانە فیکری و سیاسیەی فەتحوڵا گوڵەنیش کەلەنێکی و درزێکی لەناو کۆمەڵگای کوردەواری دۆزیەوە هاوشێوەی ئەو هەموو نەخۆشیە فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی تر ڕووی لە کۆمەڵگای کوردەواری کرد. کوردیش میللەتێکی چاولێکەرە، بۆیە ئەزموونی قوتابخانەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان تەشەنەی کرد و قوتابخانەی حکومی لە لایەن دەسەڵات و کۆمەڵگا بە گشتی فەرامۆش کرا. ئێستا هەرێم خاوەنی جۆرەها قوتابخانە و زانکۆی ئەهلی یە بەڵام دەرەنجامەکەی هەر ئەوەیە کە جۆرەها قەیرانی هەیە هەر لە دەرچوانی زانکۆی بێ ئیش و کار تا دەگات بە شەکەت و پەکەتی سیستمی پەروەردە و خوێندن بە گشتی.

جا ئەوەی من دەیزانم کەوا قوتابخانەی کەرتی تایبەت کە لەلایەن ئیسلامیەکانەوە دامەزراوە گەندەڵترە لەو قوتابخانە تایبەتیانەی تر کە لەلایەن خەڵکانی تری نا ئیسلامی دامەزراوە، بۆ نموونە قوتابخانەیەکی ئەهلی ئیسلامی هەرە بەناوبانگ لە هەولێر ساڵانە نزیکەی دووقات پارە وەردەگرێت لە خوێندکاران بەراورد بە قوتابخانە ئەهلیەکانی تر، ئەوە جگە لەوەی لێزانانە خوێندکاری زیرەک و ئاست بەرز وەدەگرێت بۆ ئەوەی لە لایەکەوە لە ڕێی ئەو نمرە بەرزانەی خوێندکاران بەدەستی دەهێنن لە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ١٢ ڕێکڵامێك بکات بۆ بەرزی ئاستی قوتابخانەکەی و لە لایەکی ترەوە بڕێکی زیاتر لە خوێندکاران بۆ پرۆژە بازرگانیەکەی ڕاکێشێت، جا لە پاڵ ئەو گەندەڵیە ئابووریەش، گەندەڵی سیاسی بڵاوکردنەوەی فیکری ئیسلامی سیاسی لە نێو خوێندکارن پیادەدەکات. لە هەمووی سەیرتریش ئەوەیە کە ئەو حکومەت و دەسەڵاتەی بانگەشەی عەلمانیەت و بەربەرەکانی فیکری ئیسلامی سیاسی دەکات، مۆڵەت بەو ئیسلامیانە دەدات و پاڵپشتیان دەکات لە جێبەجێکردنی ئەژنداکانیان لە چەواشەکردنی گەنجان لە کوڕ و کچی کۆمەلگای کوردەواری بە فیکری ئیسلامی.

سێکتەری تەندروستیش هەمان شێوەی سێکتەری پەروەردە وێرانە. ئەو گەندەڵیانەی دەگوزەرێت لەو عیادە و نەخۆشخانە تایبەتیانەی کە لە لایەن ئیسلامیەکانەوە (جا دیندارو ئیسلامی بێ لایەن بن یان سەر بە ڕەوتێکی ئیسلامی دیاریکراو بن) بەڕیوەدەبردرێت و دامەزراوە هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئەو گەندەڵیانەی کە لەو عیادە و نەخۆشخانە تایبەتیانەی کە خاوەناکانیان کەسی بێ لایەنن یان پارتین یان یەکێتین، بەڵکو لە زۆر حالەتدا خراپتریشە چونکە ئیستغلال کردنی لایەنی مەعنەوەی و ڕۆحی خەڵکیشی تێدایە. پزیشکی پسپۆڕ بە ئاکارو ڕەفتار و گوفتارو سەروسیما دینداریەکەی کاتێك بازاڕی عیادەکەی یان نەخۆشخانە تایبەتیەکەی گەرمتر دەکات بۆ ڕاکێشانی نەخۆش، بەتایبەتی بۆ ڕاکێشانی ئەو نەخۆشانەی کە دین و دینداری پێوەرێکی سەرەکیە لایان، ئەوەش جۆرێکە لە گەندەڵی ، ئەوە ئەگەر گریمانی ئەوە دابنێین کەوا جەنابی پزیشك ڕاستگۆیە لەگەڵ نەخۆشان و تەواو کارەکانی بەوپەڕی پرۆڤیشناڵەتی و ئەمانەت جێبەجێ دەکات. پزیشکی خاوەن ڕەوشتی پیشەکاری دەبیت دووربێت لە هەموو ڕێکڵامێکی ئایینی و مەزهەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتەی گشت هاووڵاتیان بکات بە یەکسانی.

گەندەڵی لە ماوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١ ەو دەستی پێکرد بە پرۆسەی بەتاڵان بردن و ئاودیوکردنی کەلوپەلی دامودەزگا فەرەمیەکان بۆ ئێران، خەڵکێکی زۆر بەشداربوون لەو هەڵمەتە کاولکاریە، هەر کەس لە سنووری دەسەڵاتی خۆی و بە پێی ئیمکانیاتی خۆی یان حزبەکەی، تەنانەت ئیسلامیەکانیش کە زۆر باسی (حلال و حرام) دەکەن بەشداربوون لەو تاڵان و دزی و ئاودیوکردنە. لە دوای ئەو هەڵمەتە هەر لەگەڵ دروستبوونی حکومەت لە ١٩٩٢ ەوە ئینجا پرۆسەی گەندەڵی حوکمڕانی و دەسەڵاتداری دەستی پێکرد و هەموو دەزگا فەرمیەکانی گرتەوە و پەیتا پەیتا تێکڕای کۆمەڵگای کوردەواری لە پڕۆسەی گەندەڵی تێوەگڵا. بۆ نموونە ئەوەی بووە هۆی وێران بوونی سێکتەری کشتوکاڵ ئەوەبوو کە جووتیار یان بوونە چەکدار و پۆلیس و مووچەخۆری حکومەت یان ڕوویان لەشارو شارۆچکەکان کرد و بوون بە کاسبکار. پاشان خەڵکی دێن دەڵێن ڕژێمی بەعس ٥٠٠٠ گوندی وێران کرد، باشە بۆ هاووڵاتی کوردی و دەسەڵاتی کوردی دوای بەعس ئەو ٥٠٠٠ گوندەی ئاوەدان نەکردەوە؟

لە قۆناغی سێیەمدا لە ٢٠٠٣ ەوە گەندەڵی بە شێوازێکی دراماتیکی تەقیەوە و گەیشت بە لووتکە، دوای ئەوەی پارەوپوول بەسەر هەرێمدا ڕژا و پرۆسەی دەرهێنانی نەوەت دەستیپیکرد. لەو نێوەندەدا پرۆسەی بە تایبەتکردنی سێکتەرە هەستیارەکانی ژیان، بە تایبەتی هەردوو سێکتەری پەروەردە /خویندنی باڵا و تەندروستی تەواو کۆمەڵگای کوردەواری دواخست و گەندەڵی کرد. لە سایە قوتابخانەی ئەهلی و زانکۆی ئەهلی هەردوو سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وێران بوو و نەوەیەکی بێ بەرهەم و بێ ئیش و کار لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ ساڵانە دەکەونە سەر شەقام. لە سایەی کەرت تەندروستی تایبەت، میللەتێکی نەخۆش و ناتەندروست دەرکەوت کە بە پێی ئاماری تەندروستی بڵاوکراوەو و بڵاونەکراوە سیستمی تەندروستی و باری تەندروستی هاوولاتیان بە گشتی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، ساڵانە خەڵکانێکی زۆر لە ژێر چەکووشی پزیشکی بازرگان و سندانی نەخۆشی جۆراوجۆر و نەبوونی سیستمێکی تەندروستی ڕاست دەناڵێنی و دەبێتە قوربانی.

سەرباری ئەو هەموو گەندەڵیە، گەندەڵی مەلا و بانگخوازی ئایینی و ئیسلامی سیاسی هاوکات بە درێژایی ئەزموونی هەرێم بەڕێوەیە بۆ زیاتر بەنج کردن و چەواشەکردنی کۆمەڵگای کوردەواری، جا جیاوازی نیە ئەگەر سەر بەڕەوتی ئیسلامی سیاسیین بن یان ئیسلامی بێ لایەن بن. ئەگەر کاتی خۆی توێژی مەلا و شێخ و سەیدەکان سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی خوڕافیات و چەواشەکاری بوون لەنا و کۆمەڵگای کوردەواری بە ئێستاشەوە، ئەوا ئێستا لەسایەی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردی (بەناو عەلمانی) و میللەتێکی نا هۆشیار وە لە ڕێی تەکنۆلۆژیای ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا، پزیشك و ئەندازیار و هەموو توێژەکانی تری ناو کۆمەڵگا تەنانەت نەخوێندەوارەکانیش تێکڕا تێوەگڵاون لە بڵاوکردنەوەی خوڕافیات و چەواشەکاری ئایینی لە ژێر ناونیشانی بانگەوازی ئیسلامی و دینداری. جا هەر یەکێکیشیان دۆڵ و زوڕنا بۆ لایەنێكی ناحەزی کورد لێدەدات بە زانین بێت یان بە ساویلکەیی. کۆمەڵگای کوردەواری ئێمەش بە خویندەوار و نەخوێندەواریەوە سەر بۆ ئەو قەوانە سواوانە بادەدات و سەڵەواتی لێ دەدات. زۆر سەیرە دکتۆرێکی پسپۆر لە بواری فیزیک و ماتماتیک گوێبستی فلان کۆڵکە مەلا یان عەلان بانگخواز دەبێت. ڕۆژانە خەڵکی کوردی ئەو هەرێمە داماوە هەزارەها کلیپی ئایینی و وەعز و ئیرشاد و خوتبەی مەلا و بانگخوازی ئیسلامی سەلەفی و ئیخوانی عەرەبی سعودی و میسڕی، بە بانگخواز و مەلاکانی کوردیشەوە لە ڕێی فیسبووک و میسێنجەر دەستاودەست دەکات.
چەند ساڵێك لەمەوبەر، لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی لە هەولێردکتۆریکی خەڵکی هەولێری پسپۆر لە بواری یاسا و سیاسەتم بینی فنکە فنک قورگی پڕ گریان بوو بۆ محمد مورسی ئیخوانی میسڕی کاتێك لەسەر دەسەڵات لایاندا. جا وەرە ئەوە حاڵ و جۆری بیرکردنەوەی خوێندەوارەکەی هەرێمی کوردستان بێت، دەبێت حاڵی نەخوێندەوارەکەی خەڵکی گوند و شاری ئەو هەرێمە چۆن بێت؟!. پزیشکێکی بانگخوازی ئیسلامی بەناوبانگی خەڵکی سولێمانی هەیە هەرجارێك کلیپێكی قێزەوەن بڵاودەکاتەوە و دێت کۆمەڵێك نەخۆشی فیکری و ڕۆحی و کۆمەڵایەتی بەناوی دین بڵاوی دەکاتەوە. ڕاشکاوانە دەڵێت ئاساییە کچی ٦ تا ٩ ساڵانە و لە خوار ١٨ ساڵی شوو بکات بە پیاوی بەتەمەن و بەساڵاداچوو، وە هیچ پێوەرێكی شەرعی نیە ئەوە قەدەغە بکات. ئەوەش چونکە عائشەی دایک لەو تەمەنە بە شوودراوە. ئەو پزیشکە دەڵێت پێغەمبەر لە ٦ ساڵی عائیشەی مارە کردووە و لە ٩ ساڵیش گواستیتیەوە، باشە ئەو دکتۆرە خوودی خۆی ئامادایە کچی خۆی لە ٩ ساڵی بە شوو بدات بە پیاوێکی ٥٣ ساڵی؟!!! من لێرەوە بەو پزیشکە دەڵێم کە بانگخوازێکی ئیسلامی دیارە لەو هەرێمە کەوا ئەگەر هیچ پێوەرێکی شەرعیش نەبێت کەوا ئەو کارەساتە قەدەغە بکات ئەوا دەیان پێوەری عەقلی و ئینسانی ومەنتیقی و یاسایی هەیە کە بابەتی بەشوودانی خوار تەمەنی ١٨ (واتە قاسیڕات) بە تاوان و جۆرێك لە لاقە کردن (ئیغتیساب) ئەژمار دەکات.

شتێکی تر لە شتە سەیروسەمەرەکان ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردەواری ئێمە هەندێك لە سیاسەتمەدار و نووسەر و ڕۆشنبیری جیاوازیشی بەرهەمهێناوە کە نیوەی عەلمانیە و نیوەی ئیسلامیە، ئەگەر لێی بپرسی ئایا تۆ عەلمانی یان ئیسلامی؟ ئەوا بۆخۆشی ناتوانێت پێناسەیەکی ڕاست و درووستی خۆی بکات، ئەوەش جۆرێکە لە گەندەڵی و کارەساتە، چونکە دەبێتە مایەی سەرلێشێوانی کۆمەڵگا. بە بۆچوونی من کۆمەڵگای کوردەواری دەبێت بزانێت عەلمانیەت و ئیسلامیەت بەیەکەوە کۆنابنەوە، هەروەها کوردایەتی و ئیسلامیەتیش بەهەمان شێوە بەیەکە کۆ نابنەوە، ئەگەر نا چێشتی مجێور و شیوی دەروێشان دەردەچێت. دەگێڕنەوە وەکو نووکتە کە گوایە وەختی خۆی لە نەوەتەکان کابرایەکی شیوعی لە سکرتێری حزبی شیوعی لە میانەی کۆڕێکی جەماوەریدا دەپرسێت و دەڵیت ئایا دەکرێت شیوعیش بیت و نوێژیش بکەیەت؟ لە وەڵامدا جەنابی سکرتێر دەڵێت ئەو شیوعیەی نوێژ دەکات، نە لە شیوعیەت تێگەیشتووە و نە لە ئیسلامیش.

لە ڕاستیدا گەندەڵی هەر ئەوە نیە تۆ پارەوپوول و سەروەت و سامان بە نایاسایی کۆبکەیتەوە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی ئەو خوڕافیاتانە و چەواشەکردنی کۆمەڵگای کوردەواری لەژیر پەردەی دین و بانگخوازی ئیسلامی زۆر زیان بەخشترە لە هەموو جۆرەکانی تری گەندەڵی. چونکە ئەگەر گەندەڵی لە کۆکردنەوەی پارەوپوول زیان بە گیرفانی خەڵك بگەینێت ئەوا گەندەڵی گاڵتەکردن بە فیکر و هەست و نەست و ڕۆحی خەڵک زیان بە بوونەوەری ئەو خەڵکە دەگەینێت و دەیانگۆڕێت لە مرۆڤێکی ئاسایی و سروشتی بۆ مرۆڤێک ناسروشتی و سەرگەردان ، کە چەندین نەوەی دوای خۆشی سەرگەردان و سەلێشێواو و چەواشەکراو و دواکەوتوو و ژێردەستە بەرهەم دەهێنێت. ئێ خۆ ئەو گەنجانەی لە هەرێم کە دەبن بە ئیخوان یان توندڕەو و تیرۆرست هەر هەموویان بەرهەمی فیکری ئیسلامی سیاسین.

گەندەڵی لە نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدارو و پیاوانی ئایینی و بازرگانان و نووسەران و توێژە باڵاکانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری لە پزیشك و ئەندازیاران و مامۆستایانی زانکۆ بۆ هاوڵاتیەکی کوردی سادە و ساکار هاتۆتەخوارەوە. بۆیە ئیمڕۆ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگای کوردەواری ئێمە لە پرۆسەیەکی گەوەرەی گەندەڵی تێوەگڵاوە. بەڵام سەیر لەوەدایە کە بەردەوام پەنجەی تۆمەتی گەندەڵی ئاراستەی بەرپرسانی حزب و حکومەت و دامودەزگاکانی دەکرێت، بە تایبەتی لە لایەن ئەو حزب و کەسایەتیانەی کە خۆیان وەکو ئۆپۆزسیۆن نمایش دەکەن، کەچی لە راستیدا ئەگەر حکومەت جارێك گەندەڵ بێت ئەو ئۆپۆزسیۆن و خوودی کۆمەلگای کوردەواری بە هەموو توێژەکانی دەجار گەندەڵن. هەرگیز حکومەت ناتوانیت گەندەل بێت ئەگەرخوودی کۆمەڵگا و ئۆپۆزسیۆن ڕۆشنبیر و چاکساز و چاکخواز بێت. ئەگەر کۆمەڵگا لە خوودی خۆیدا ئامادەباشی تەواوی نەبێت بۆ گەندەڵی و قەبووڵ کردنی گەندەڵی و گەندەڵکاران، ئەوا هەرگیز دەسەڵات ناتوانێت گەندەڵی بسەپێنێت بەسەر میللەتێکی هۆشیار و تێگەیشتوو و خاوەن هەڵوێست، مەگەر لەسەریشی بدەن. بەڵام کاتێك گەندەڵی بەهەموو لایەنەکان و شێوازەکانی دەبێت بە دراوی باو لەناو کۆمەڵگا و خەلكی بەرژەوەندی جۆراوجۆری لەسەر بونیات دەنێن، ئەو کات گەندەڵی لە دیاردەیەکی سنووردار دەگۆڕێت بۆ داب ونەریت و کەلتوورو سیاسەتی پەیڕەوکراوی کۆمەڵگا و دەبێت بە شتێکی ئاسایی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بە گشتی. جا لەو بارودۆخە خەڵک متمانەی بە هیچ بەهایەکی باڵا نامێنێت و تەنها پابەند دەبێت بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. جا لێرەوە قۆناغی ویران بوونی کۆمەڵگا بە هێمنی دەست پێ دەکات. خەڵکی دەبێت تێبگات کە بەرژەوەندی تایبەتی لە بەرژەوەندی گشتی دایە، بەرژەوەندی تایبەتی کاتیك بەردەوام و پارێزراو دەبیت کە بەرژەوەندی گشتی پارێزراو بوو. خەڵکی ئەورۆپا و ووڵاتانی پێشکەوتوو لە جیهان لەو ڕاستیە تێگەیشتوونە، ئێ خۆ کورد لەو میللەتانە عاقڵتر نین.

ئێستا لەو هەرێمەی ئێمە ئەوەی خەڵک باوەڕی پێ نەماوە کوردایەتی یە، کۆمەڵگایەکی ماددی و بێ بەرهەم و ئیستیهلاکی و ناتەندروست و ناهۆشیار و ناتەبای وا بەرهەم هاتووە کە تیایدا نەك تەنها تاك قابیلی کڕین و فرۆشتنە، بەڵکو حزبیش قابیلی کڕین و فرۆشتنە، بەڵام هەریەك بە نرخی خۆی. هەندێك لەوانە نەك تەنها قابیلی کڕین و فرۆشتنن لەناو خوودی هەرێم، بەڵکو بێگانەش دەتوانێت کڕین و فرۆشتنیان پێ بکات. ساکارترین بەڵگەش لەسەر ئەوە سەنگەرگۆڕینی هاووڵاتی ئاسایی و نوخبەی سیاسی نێو حزبەکانە بۆ پۆست و پارە.

من پێشبینی ئەوە دەکەم کە ئەگەر هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو ڕێچکەی ساڵانێکە گرتوویەتی بەردەوام بێت ئەوا روودانی هەر بوومەلەرزەیەکی سیاسی و ئابووری لە ناوچەکە ببێتە مایەی داڕووخانی تەواوی کۆمەڵگای کوردەواری و نسکۆیەکی گەوەرەی چاوەڕواننەکراو.

ئیمڕۆ بابەتی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان شتێکی شاراوە نیە، تەنانەت حکومەت و حزب و هەندێك لە دەسەڵاتدارنیش ڕاشکاونە دان بەو ڕاستیە دێنن بە مەبەستی جۆراوجۆر، بۆیە بابەتی گەندەڵی ئەگەر پێناسەی تەنانەت دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری بۆ بکەیت یان بە بەشێک لە کەلتووری کۆمەڵگای کوردەواری هەژماری بکەیت، ئەوا ئەو بابەتە ڕاستیەکە دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکەیت بە مەبەستی بنبڕکردنی وەکو نەخۆشیەکی کوشندە کە یەکیکە لەو مەترسیە سەرەکیانەی هەڕەشە لە ئێستا و ئایندەی خەڵک دەکات لە هەریمی کوردستان ، بەلایەنی کەمەوە ئەگەر ئەوەش ئەستەم بێت ئیمڕو خۆ دەکرێت هەوڵی ئەوە بدرێت بە لایەنی کەمەوە گەندەڵی و گەندەڵان دووربخرێنەوە لەوەی ببن بە شتێکی ئاسایی و پێشەنگ و پیاوماقولانی نێو کۆمەڵگا و ڕێزیان لێ بگیرێت. چونکە گومان لەوەدا نیە کە کۆمەڵگا کاتێك بەرەو داڕوخانی تەواو دەڕوات ئەوکاتەی کە تیایدا گەندەڵکاران دەبن بە نوخبە (هەڵبژێردراو و پیاوماقووڵانی ناو کۆمەڵگا) ، ئەو کاتەی هاووڵاتی ئاسایی لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر(ئارەوومەندانە یان لەدەرەوەی ئارەزووی خۆی) وەکو کۆیلە دەکەونە بەردەستی گەندەڵان و ناچار ئەو واقیعە نالەبار و ناتەندرووستە قەبووڵ دەکەن، ئەو واقیعەی کە نەك هەر خۆی تیایدا زەرەرمەند و ماڵوێران دەردەچێت بەڵکو نەوەکانی خۆشی لە کوڕو کچانی باجێکی گەورەی ئەو سەرگەردانی و کۆیلایەتیە دەدەن.

بەڵام دەبێت ئێمە سەرەتا بە شێوازێکی زانستی و بە پێوەری عەقڵ و مەنتیق لە بابەتی گەندەڵی بگەین و بتوانیین زانستایانە پێناسەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بکەین، نەك لەسەر بنەمای سۆزی ئایینی و نەتەوایەتی و دەمارگیری بۆ فلان حزب و عەلان کەسایەتی ، ئەگینا لەوانەیە هەندێك جۆری گەندەڵی بە چاکسازی هەژمار بکەین ، لە هەمان کاتدا هەندێك لە گەندەڵکارەکانیش بە پیاو چاك بخوینینەوە و بیانکەین بە ڕێنیشاندەر بۆ خۆمان و خێزانمان و نەوەی داهاتوومان. ئێ ئیستا لە هەرێمی کورستان لە ڕێی میدیا جۆراواجۆرەکان و چاڵاکیە کۆمەڵایەتی و حزبیەکانەوە ئێمە ڕۆژانە چەندین گەندەڵی گەورەو زەبەلاح دەبینین کە دێن بۆ خەڵکی خۆیان وەکو فریشتە نمایش دەکەن، جا چ وەکو پاڵەوانێکی ئایینی لەژێر ماسکی دینداری و بانگەوازی ئیسلامی سیاسی یان لە ژێر ماسکی نەتەوایەتی و کوردایەتی و حزبایەتی، تەنانەت کورد ئیمڕۆ لە گەندەڵی داهێنان دەکات و دەتوانێت لەیەک کاتدا ماسکی جۆراوجۆر بەکاربهێنێت. دەتوانێت لەیەک کاتدا ماسکی ئیسلامدۆستی و ماسکی کوردایەتی بپۆشێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەڵگرانی ئەو جۆرە ماسک و لافیتانە بازرگانی بەهەموو شتێكی پیرۆز و ناپیرۆز دەکەن لە پێناو بەرژەوندی تایبەتی خۆیان. بێ گومان لەو نێوەندەشدا خەڵکێکی کاسەلێس یان چەواشەکراو بە دڵسافی و ساویلکەیی خۆیان هەن کە بوونە بە ( فەرخە گەندەڵ) و داردەستە و کۆیلەی گەندەڵە گەورەکان.

بۆیە من پێشنیار دەکەم لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ئەو بۆنەو ڕووداوانەی ساڵانە یادو یادەوەری بۆ دەکریت رۆژیك لە هەموو ساڵێك تەرخان بکرێت بۆ بابەتی گەندەڵی و گەندەڵکارن و پەیکەرێکی ڕەمزی بۆ دروست بکرێت لە سەنتەری شارەکان، ئەوەش بۆ ئەوەی بابەتی گەندەڵی و گەندەڵکارن هەردەم لە میمۆری خەڵك بە روون و ئاشکرایی و زیندوویی بمێنێتەوە و نەوە دوای نەوە بگوازرێتەوە وخەڵکی بە ڕاست و درووستی لە گەندەڵی و جۆرەکان و شێوازەکانی گەندەڵی بگات و بەردەوام پەندو عیبرەتی لێوەرگرن، ئەو جگە لەوەی زیندوو ڕاگرتنی میژووی گەندەڵی و گەندەڵکاران کۆمەلێک سوودی جۆراوجۆری تری هەیە بۆ کۆمەڵگای کوردەواری لە هەرێمی کوردستان.

ئاساییە تاکی کورد لە کاتێك یان قۆناغێکی دیاریکراوی تەمەنی لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری کە پڕە لە قەیرانی پەروەردەیی و کۆمەڵایتی و سیاسی و فیکری و ئابووری جۆراوجۆر، سەرگەردان یان تاوانبار یان قوربانی بێت. بەڵام زۆر نا ئاساییە کە تێکڕای تەمەنی یان هەموو تەمەنی (ئارەزوومەندانە یان لەدەرەوەی ئارەزووی خۆی ، بە زانین یان بە نەزانین) بە سەرگەردانی یان بە تاونباری یان وەکو قوربانی بەڕێوەببات. مرۆڤیش ئەو کاتە مەزن دەبێت کە بتوانێت لە سەر بنەمای عەقل و زانست و لۆژیك خوێندنەوەیەك و پێداچوونەوەیەکی وورد بۆ تێکڕای ژیانی خۆی بکاتەوە و ڕاشکاوانە و بوێرانە دان بە هەڵەکانی دابنێت و ژیرانە سەرچاوەی شکست و نەخۆشیە فیکری و دەروونی و سلوکیەکانی دەستنیشان بکات و لە ئەنجامدا بە ئیرادەیەکی بەرزەوە بڕیاری ئەوە بدات کە باز بدات بەسەر ئەو بەرژەوەندیە جۆراوجۆرانەی (ماددی بێت یان مەعنەوی) کە دەبن بە بەربەست لەوەی بتوانێت خۆی ڕاستەڕێ بکاتەوە و ژیانێکی مرۆڤانە بژیت.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.