ئایا بەڕاستی کورد بەرپرسیارە لە سوتانی ئەمازۆن؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 471 جار بینراوە

د.هیوا سلام

چەند ڕۆژێکە خەڵک وێنەی سوتانی دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن بە سوتاوی بڵاو دەکاتەوە و ئاخ و ئۆفییەتی، چونکە سوتانی ئەمازۆن واتای خنکانی بەشێکی دانیشتوانی گۆی زەوی! بەڵام شتێک هەیە، کە لانیکەم خەڵکێکی کەم بیری لێدەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە، کە ئایا ئەمازۆن بۆ دەسوتێت؟! ئەم بابەتە چەند لایەنێک لەخۆدەگرێت کە بە کورتی دەیخەمە ڕو؛

١. پشکی سەرەکیی سوتانی دارستانەکانی ئەمازۆن پەیوەندی بە ئابورییەوە هەیە و لەوێشەوە گرێدراوی سیاسەتە. هەمو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، کە ئەو ئاگرانە لەلایەن داربڕەکان، جوتیارەکان و وەبەرهێنەرەکان دەکرێتەوە. چونکە ژینگەپارێزەکان ڕێگایان پێنادەن دارستانەکان لەناو ببەن و لەسەر زەوییەکان کار و کاسبی بکەن، ئەوانیش پەنا دەبەنە بەر سوتاندنی دارستانەکان بۆ ئەوەی دواتر بەبێمنەتی کاری خۆیانی تێدا بکەن.

٢. بەشێکی دیکەی گوماندەکرێت کە پەیوەندی بە سیاسەتی ژێربەژێری دەوڵەتی بەرازیلەوە هەبێت و دەستی لە سوتاندنی ئەمازۆندا هەبێت، ئەویش بۆ زیادکردنی بەخێوکردنی مانگا و گۆشتەکەی، کە لە ئێستادا بەرازیل بەتەنیا ڕێژەی ٢٠٪ی گۆشتی مانگای تەواوی جیهان دابیندەکات. بێگومان ئەوەش پێویستی بە جێگای زیاترە.

٣. کوردەواری دەڵێ سواری خەڵک هەر پیادەیە! واتا تۆ چەند لە ئەسپ و سەیارەی خەڵک سەربکەویت، ڕۆژێک دەبێت هەر ببیتەوە پیادە. بۆیە ناچاریت بیرێک لە خۆت بکەیتەوە. کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارانی کوردستان زۆرینەی دارستانەکانی کوردستانیان لەناوبرد و لە ڕەگەوە هەڵیانکەندن، ئێستا بەنیازن بە ئەمازۆن هەناسە بدەن؟! ئەمە بۆ زۆرێک لە دەوڵەتانی دیکەش هەر ڕاستە. هەر دەوڵەت و کۆمەڵگایەک حەزی لە هەناسەی پاکە، دەتوانێت دارستان بۆخۆی دروستبکات. چونکە بێگومان خەڵکی بەرازیل ئامادەنین تا هەتایە هەوا بۆ خەڵک دابین بکەن.

٤. ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ پیستر و پیستر دەبێت. کارگەکە شڕو شەپڕێوەکانی ئەم هەرێمە خراپترین و پیسترین کارگەکانی جیهانن و ڕۆژ بە ڕۆژ ژینگە پیس و پیستر دەکەن. بەداخەوە، بەشێکی زۆری کۆمەڵگای کوردی، کۆمەڵگایەکی پیس و پۆخڵە. بۆ ئەمەش باشترین نمونە پاشماوەکانمانە لە کاتی سەیران! یان فڕێدان و بۆگەنکردنی وڵاتە لەم جەژنی قوربانەی ڕابردو، کە پیسییەکانی ئاژەڵەکان فڕێدرانە سەر جادە و ناو ڕوبارەکان و تائێستاش بۆگەنیان هەر ماوە.

هەر بۆیە لەجیاتی خەمخواردن بۆ ئەمازۆن و دارستانی خەڵک، خەمێک لەخۆتان بخۆن. ئەوەش بە چاندنی چڵە دارەکەی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک حیزبەکان نابێت. دەبێت پیشانمان بدەن، کە لەمساڵدا کام چیاتان بە دارستان داپپۆشی! بەشێکی میللەتی ئێمە پەرێزەکەی خۆشی دەسوتێنێ تا مەڕوماڵاتی خەڵک خەڵک نەیخوا، ئێستا گلەیی لە سوتاندنی ئەمازۆن دەکا! ئەمازۆن بۆخۆتان دروستبکەن و چاوەڕێی ئەمازۆنی خەڵک مەبن تا هەناسەی پێبدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.