تاشە بەردەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خلۆربونەوەدایە

لەلایەن ستاندار Posted on 301 جار بینراوە

بەهرۆز جەعفەر

بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دوای بەهاری عەرەبیەوە، لە تاشە بەردێکی ئێجگار گەورە ئەچێ لە قەتپاڵی شاخێکی مەزندا، ئەوەی ئەم تاشە بەردە گەورەیەی ڕاگرتوە تەنها بەردێکی خڕی بچوکە لە ژێریدا، ئەوە زیاتر لە حەوت ساڵە ڕۆژ ئەبێتەوە هەرچی دامودەستگەی هەواڵگریی و سیاسی و ئابوریی ڕوسیاو ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیاو ئێران و ئەملاو ئەولای ئەم جیهانە هەیە، هەر یەکەی دارێکی گرتوە بە دەسیەوە ختوکەی بەردە بچوکەکە ئەدەن، تاوەکو تاشە بەردە زلەکە خلۆر بێتەوە… بێگومان ئەم بەردە گەورەیە بەربێتەوە کۆمەڵی شوێن تەخت ئەکاو، هەندێ شوێن دابەش ئەکاو، هەندێکیش ئەشکێنێ…
ئەوەی پەیوەستە بە کوردستانەوە لەسەر ئاستی حیزب ئەوە بۆ خۆیان خەریکی دەست بادان و ملجەڕاندنی یەکتر ئەبن، لەهەوڵدان بەڵکو ئەوانەی بەردەکە ئەخەنە خوارەوە ئەویتریان بشکێنێ و ئەمیتریان قووت بکاتەوە…

لەسەر ئاستی کیانی کوردی و پارچەکانی کوردستان، ئەمە گریمانە بەهێزەکانی ئاوایە:

یەکەم: تورکیا لە دوای کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس – ٤٠٠ لە ڕووسیا، مەترسی ئەوەی هەیە بە پاڵپشتی ئەمریکاو ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان یان فیدراڵیەتێک بۆ کوردەکانی باکور دروست بکرێت، بۆیە خێرا سێ سەرۆکی شارەوانی کوردی لە باکوری کوردستان بە زەبری هێز گۆڕی و، لە شوێنەکانیان سێ قەیومی دانا. ئەمە ئەگەرچی لەسەر دیموکراسیەت و کەسێتی سیستمە ئەردۆغانیەکە زۆر ئەکەوێت، بەڵام تاکە فاکتەرێکە بۆ ئەوەی بەر بە دابەشبوونی تورکیا بگرێت.
دووەم: لەسەر ئاستی کوردستانی باشور ( کوردستانی عێراق) جەوهەری مەسەلەکان کەرکوکەو، کەرکوکەو، هەر کەرکوکە، لە ماوەی دوو هەفتەی ئایندە ئەبێت کورد چاوەڕێی گۆڕانکاری گەورە بکات لە کەرکوک. ئیتر چێشتەکە لە مەتبەخەکانی ئەو دیو سنورەکان پێگەیوە.
شەڕ لێرەیە لە عێراق، گریمانەی ئەوەی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق هەڵبوەشێتەوە « پێش پێنج مانگ وتارێکمان لە پێگەی ئیلافی عەرەبی لەسەر ئەمە نوسی». هەروەها گرفت لە بەسرە وەک قورگی عێراق و بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوەی خۆی لە ژێر سێبەری سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران فاکتەرێکی کار لەسەر کراوە.
هەرچی گرفتەکانی حکومەتی هەرێم و بەغدایە، ئەوه ئاوها نیە کە کۆمەڵێ پەرلەمانتار ئەڵێن لەسەرچی وەستاوین بۆ ٢٥٠٠٠٠ دووسەت و پەنجا هەزار بەرمیل نەدەین بە بەغداو ، ئیتر بودجە دێت و هەرێم هەقی هیچی تری نییە!. بەڵکو بابەتەکە پێچراوە بە کۆمەڵێ بێنەو بەرەی ترەوە، لەوانە؛ سکاڵای دادگای فیدراڵی وە حکومەتی عێراق لە پاریس لەسەر هەرێمی کوردستان کە پەیوەندی بە تورکیاشەوە هەیە، هەروەها قەرزدەرەکیەکان و…زۆر بابەتی دیکە. تازە کۆمپانیایەکی تر « دایناسیتی پیترۆلیۆم- Dynasty Petroleum» لە دادگای شاهانەی لەندەن سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردوەو، داوای (١.٥) یەک ملیارو نیو دۆلار ئەکا…جگە لەم بابەتی قەرزی شایستە داراییانەی کۆمپانیاکان، پرسی گۆڕینی هێڵەکانی غازی سروشتی و نەوتی عێراق لە کەنداوە وە لە بەندەری جەیهانەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست پرسێکی ئێجگار ئیش لەسەر کراوە.
سێهەم: ڕۆژئاوای کوردستان سەری ڕمی ململانێ هەرێمایەتیەکان و بەرەی پێشەوەی جەنگی هەستانەوەی کوردستانە. ئەوەی وەک دەرئەنجام هەیە ئەوەیە مادام ڕۆژئاوای کوردستان واتە باکوری سوریا ئەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، مادام قوبرس و یۆنان و ئیسرائیل و میسر لە دەریای ناوەڕاست بە پاڵپشتی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانێتی یان بەستوە، کەواتە تورکیا هیچ ڕۆڵێکی پێ نادرێ لە دەریای ناوەڕاست بەسوریاشەوە، هەموو ئەو وڵاتانەی ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست دژی تورکیا خۆیان ڕێکخستوە، بەتایبەت لەپرسی پەیوەست بە ووزەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.