کەرکوک لەنێوان دوو ئەگەری دۆڕاودا

لەلایەن ستاندار Posted on 435 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی
بڕیارە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێڕاق بە کەرکوکیشەوە ئەنجام بدرێت ، ئەوەی پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکەین کەرکوکە کە بۆ کورد هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز ئەبێت و داهاتوی ئەو شارە دیاری ئەکات.
لێرەوە دێینە ناو ناوەڕۆکی بابەتەکەوە کە ئایا ئەم هەڵبژاردنە لەڕوی میکانیزم و یاسای هەڵبژاردن و ئەو دۆخە سەربازییەی کەئێستا بەسەر شارەکەدا سەپێنراوە، یان دۆخی ناوخۆی کوردو لایەنە سیاسیەکانی ئەم شارە ئەوەندە لەبارە کە بتوانن بەروی سپییەوە ئەم هەڵبژاردنە بەسەرکەوتوویی و لەبەرژەوەندی خەڵکی کەرکوک و نەتەوەی کورد تێپەڕێنین؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر بەرەو ڕومان ئەبێتەوە، کە ئەگەر لەڕوی واقعی و بەعەقڵێکی نەتەوەییانەوە بەهەڵوێستێکی یەکگرتووانەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین ڕەنگە بە کەمترین زیان لێی دەربچین.
بۆ شیکردنەوەی بەربەست و ئاستەنگەکان و دەستخستنەسەریان باشترە بابەتەکە لەچەند ڕویەکەوە دەندەشەی وردی بۆ بکەین و بۆ هەریەک لەو ئاستەنگانە پێویسته لایەنە سیاسیەکان و ڕۆشنبیران و پسپۆڕانی بواری هەڵبژاردن و کەسانی ئەکادیمی قسەی جددی لەسەر بکەن و بەرنامەیەکی پوخت و دارێژڕاوی بۆ گەڵاڵە بکەن.
گرنگە کورد لەپێشدا دراسەی ئەوە بکات ئایا بەژداری هەڵبژاردن بکات یان نا؟ وەگەر بەژدار بوو دەرەنجامەکەی لەبەرژەوەندی کورد ئەبێ یاخود نا؟
لەئەگەری بەژداریکردندا پێویستە کورد رەچاوی ئەم خاڵانە بکات و پاشان بڕیاری کۆتایی بدات.
1/ یاسای هەڵبژاردن:ـ
ٲ ـ بەپێی دوایەمین هەمواری یاسای هەڵبژاردن ، چەند خاڵێک بۆ یاساکە زیاد کراوە کە راستەوخۆ بەزیانی دەنگدەرانی کورد ئەشکێتەوە ئەویش پێداچونەوەیە بە لیستی دەنگدەران و هەروەها بەژداری نەکردنی ئەوانەی کە لەسەرژمێریکردنی ساڵی 1957دا لەکەرکوک تۆمار نەکراون ، ئەمیش زۆربەی هاووڵاتیانی نەتەوەی کورد بێبەش ئەکات لەپرۆسەی دەنگدان و کاریگەری خراپی ئەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان .
ب ـ یاسای هەڵبژاردن لەسەر سیستمی( سانت لیگۆ) دانراوە بە پێی شارەزایانی بواری هەڵبژاردن ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی کورد نابێ ئەگەر بەفرە لیستی بەژداری هەڵبژاردن بکەن.
ج ـ هەزاران دەنگدەری کوردی کەرکوک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە بە تایبەتی دوای ڕوداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، بۆیە جگە لەبەشێکی کەمی ئەو کەسانە زەحمەتە زۆربەی ئەو دەنگدەرانە بگەڕێنەوە شاری کەرکوک لەڕۆژی هەڵبژاردندا، بێگومان ئەویش کاریگەری ئەبێت لە سەردەنگی کورد.
2 ـ لەروی سیاسیەوە:ـ
ٲـ لەبەر ئەوەی کەرکوک لەژێر دەسەڵاتی حوکمی سەربازیدایە بۆیە لەوەها دۆخێکدا ڕەنگە لەڕۆژی هەڵبژاردن ئاستەنگ بۆ بنکەکانی دەنگدان دروست بکرێت بەتایبەتی لە گەڕەکە کوردنشینەکان و ئەویش ببێتە هۆی دروستبونی دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکیداو پاشان کاریگەری هەبێت لەسەر چونی دەنگدەر بۆ بنکەکانی هەڵبژاردن.
ب ـ لەهەڵبژاردنەکانی پێشوتری شاری کەرکوک کە ئەو کاتە کورد باڵا دەستیش بوو کەچی لەناوچەکانی خواروی کەرکوک بەتایبەتی لە ناوچەی( حەویجەو زاب و العباسی و رشاد ) زۆرترین تەزویرو گزی و وازی ئەکراو بەسەرمانیشدا تێپەڕ ئەبوو، ئەی ئێستاو لەژێر دەسەڵاتی نەتەوەیەکی دیاریکراو و دوور لە لێپیچینەوە ئەبێ بەچی شێوازێکی قێزەون و بەرفراوان پەنا بۆ تەزویرو یاریکردن بە سندوقەکانی دەنگدان بکرێت!؟.
ج ـ هاوردنی هەزاران خێزانی عەرەب بەلێشاو لەشارەکانی خواروی عێڕاقەوە و نیشتەجێکردنیان و گواستنەوەی فۆرمی خۆراکیان بۆ شاری کەرکوک ، کاریگەری خراپی ئەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی پێکهاتەیەکی دیاریکراو.
د ـ ئاشکرایە لەم دۆخەی ئێستا کە ئێڕاق و ناوچەکەی تێیداتێپەڕ ئەبێت و ئەو دەستێوەردانەی ووڵاتانی ئەقلیمی لەئیڕاق و بەتایبەتیش لەشاری کەرکوکدا هەیە ،ئەوە ئەسەلمێنێ کە دەستی دەرەکی و بەهاوکاری چەندلایەنێکی ناوخۆیی لەنەتەوەیەکی دیاریکراوی شاری کەرکوک لە کەمیندان بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا کودەتایەکی سپی لەڕێی دەنگدانەوە بەسەر نەتەوەی کوردا بێنن و بۆ هەتا هەتایە کورد لە دەسەڵاتی ئەم شارە دوور بخەنەوە.
3 ـ لەڕوی نێوماڵی کوردەوە:ـ
ئاشکرایە لەماوەی 14 ساڵی دەسەڵاتی کوردیی لەشاری کەرکوکدا جگە لەبەهدەردانی سەرخان و ژێرخانی ئابوری ئەم شارەو نانەوەی ڕەگی دووبەرەکی هەم لەنێوان نەتەوەکانی شاری کەرکوک و هەم لەنێوان خودی هاووڵاتیانی کوردی شارەکە کە زۆربەی دام و دەزگا حکومیەکانیان لەنێوان دوو حزبدا دابەشکردو خەڵکی بێلایەن و ئەندامانی لایەنە سیاسیەکانی کوردیان بێ بەش کرد، هەروەها پیشان نەدانی نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی، ئەمانە هەمووی هۆکارێک بوون کە خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکوک هیچ هیوایەکیان بەدەسەڵاتی کوردی نەمێنێ و تەنانەت هەندێکیان ئارەزوو ناکەن جارێکی دیکە ئەو دەسەڵاتە بگەڕێتەوە شارەکەیان، ئەمیش ئەوە ئەسەلمێنێ کە ئەو حەماسەی پێشتر خەڵک هەیبوو بۆ چونیان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، ئێستا ئەو حەماسە ئەگەر بەتەواویش نەمابێت ئەوە زۆر کەمتر بووە لەئاست ساڵانی رابردوو، وەئەگەر حزبە کوردیەکان هەوڵی ئاشتکردنەوەی خەڵکی نەدەن و هەموو بەیەک لیست بەژداری هەڵبژاردن نەکەن و هەموو توانا حزبی و مرۆیی هەیە نەخرێتە خزمەت هەڵبژاردن لەپێناوی سەرخستنی لیستی کوردی، ئاستەمە چاوەڕوانی ئەنجامێکی باشی هەڵبژاردن بن.
خاڵی دووەم لەئەگەری بەژداری نەکردنی کورد لەهەڵبژاردن چی ڕوو ئەدات ؟ دۆخەکە بەرەو کوێ ئەڕوات ؟ زیان و دەسکەوتەکانی کورد چی ئەبێت؟.
ئاشکرایە لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە کورد تەواوی دەسەڵاتەکانی لەم شارە لەدەست داوەو بە دەیان و سەدان بەرپرسی کورد لە شوێنەکانیان دەرکراون و کەسانی دیکە لەنەتەوەکانی تورکمان و زیاتر عەرەب لە شوێنەکانیان دانراون، واتا ئێستا کورد رەقەمێکی دیار نیە لەئیدارەی شاری کەرکوک .
واتا ئێستا واقعێکی تاڵ لەکەرکوک ئەگوزەرێ ، ئایا ئەکرێ کورد درێژە بەم حاڵە بدات و بەژداری هەڵبژاردن نەکات؟ وەئەگەر بەژدار نەبوو بەدیلی جییە؟ ئایا ئەتوانێ لەکاتی بەژدارینەکردندا یان ڕاستر بڵێین ئەگەر
کورد هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات لەکەروک و هەوڵەکەی سەری گرت ، کورد چۆن ئەتوانێ ئەم حاڵەی ئێستای شارەکە لەبەرژەوندی خۆی بگۆڕێ؟ پێم وایە کورد ئەو کارەکتەرە سەرەکییە نییە لەکەرکوک بتوانێ باڵانسی هێز مەبەستم هێزی دەسەڵاتی ئیداریە نەک سەربازی بەلای خۆیدا بگۆڕێ ، چونکە وا نزیکەی دوو ساڵە کورد نەیتوانیوە پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێ کە مافێکی یاسایی خۆیەتی ، ئیتر چۆن ئەتوانێ لەداهاتوو بۆ بەرژەوەندی خۆی هەنگاوەکان دەست پێبکات ، لەکاتێکدا هەموومان ئەزانین کە ووڵاتانی دراوسێ بە ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامەیان گەیاندووەتە سەرکردایەتی سیاسی کورد کە ئەوان پێیان باش نییە لەم دۆخەدا پارێگارێکی کورد لەکەرکوک دابنێن، واتا هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن لەکەرکوک یان بەژدارینەکردنی کورد لەو پرۆسەیە مانای درێژەدانە بەو واقیعەی کەئێستا لەشارەکەدا هەیەو کوردیش بەم عەقڵێتە حزبییەی کەئێستا کاری پێ ئەکات ناتوانێت چی لەروی دبلۆماسی و چی لەروی یاساییەوە ئەم واقیعەی ئێستا بەئاراستەی بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت.
لێرەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی لەنێوان دوو ئەگەری بەژداریکردن و نەکردندا لەهەڵبژاردن، دۆڕان و دۆڕاندن چاوەڕوانی کورد ئەکات.
لەکۆتاییدا هیوادارم ئەو گۆڕانکاریەی کە ڕوی لەناوچەکە کردووە سەرکردایەتی سیاسی کورد بتوانێت سودیان لێ وەربگرێت و لە بەرژەوندی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکیەکان بەلای کوردا بیشکێننەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.