بزوتنەوەی گۆڕان و کابینەی نۆیەم لەکوێی بنەماکانی حوکمڕانی رەشیددا دەبن

لەلایەن ستاندار Posted on 503 جار بینراوە

كامه‌ران خدر

‏‎چەمکی حوکمی رەشید یاخود حوکمەتی رەشید یەکێکە لەوچەمکانەی کەزۆرترین جار لەلایەن بەرپرسەباڵاکانی هەرێم بەکاردێت، هۆکاری بەکارهێنانی ئەم چەمکە هەندێ جار بۆ موزایەدەی سیاسی یاخود بۆ بەلارێدابردنی ئەسلی چەمکەکە بەکار هاتووە، لێرەدا دەمەوێت بەوردی هەڵوەستەیەک لەسەر چەمکی حوکمەتی رەشید بکەین.

‏‎حوکمەتی رەشید شێوازێکی حوکمرانی مۆدێرنە کە بەجێبەجێ کردنی سیستمێکی دادپەروەرییەوە پەیوەستە کەتیایدا رێز لەئازادییەکانی تاک دەگیڕیت و رێگری دەکات لەمۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن گروپێکی ئۆلیگارشییەوە،لەم شێوازه حوکمرانییەدا ئیرادەیەکی زاڵ هەیە بۆ مەسەلەی روبەرووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی و سەروەرکردنی یاسا و بەدەنگەوەهاتن و بەشداری گشتی هاوڵاتیان.

‏‎بەپێی پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بنەماکانی دروستکردنی حوکمەتی رەشید خۆی لەهەشت پێوەری سەرەکی دەبینێتەوە، ئەوانیش بریتین لە(بەشداری کردن، شەفافیەت، سەروەری یاسا، بەدەنگەوەهاتنی حوکمەت، کۆدەنگی، ئینساف و گشتگیری،
‏‎تواناوکارایی،لێپرسینەوە)ئەم هەشت بنەمایەی کەبەشی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان(UNDP )بۆ بابەتی حوکمرانی رەشید دایناوە سەرەکیترین پێوەرن لەسەربیناکردن و دامەزراندنی حوکمەت لەسەر ئەساسێکی مۆدێرن و گەشەسەندوو.

‏‎پرسیاری جەهەری ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان و کابینەی نۆیەم لەکوێی حوکمرانی رەشیددادەبن؟

‏‎یەکێک لەسەرکیترین ئەو بنەمایانەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بیناکردنی حوکمڕانی رەشید دایناوە ” سەروەری یاسایە” ئەرستۆ کە فەیلەسوفێکی یۆنانیە نزیک سێ هەزار ساڵ پێش ئێستاگوتویەتی: دەوڵەت کاتێک مەدەنی دەبێت کە حاکم واتە دەسەڵاتدار یاسا لەسەروی خۆی دابنێ، ئەم وتەیەی ئەرستۆ دەلالەتە لەسەروەرکردنی یاسا، سەروەربوونی یاساش پێکانی گرینگترین پێوەری حوکمرانی باشە.

‏‎بەدرێژایی ٢٧ ساڵی حوکمەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێم نەتواندراوە هیچ یەک لەوبنەمایانە بەتەواوی جێ بەجێ بکرێت، بەتایبەتیش بنەمای سەروەرکردنی یاسا. ئاڵوگۆری دەسەڵات یەکێکی ترە لەبنەما هەرگرینگەکانی حوکمڕانی باش، نەتواندراوە ئەمەشیان فۆرمەلەبکرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان و کابینەی نۆیەم لەبەردەم بەرپرسیاریەتیەکی گەورەدان بۆ هێنانە دی بنەماکانی ئەم شێوازە حوکمڕانیە، چونکە بەپێی کارنامەی حوکمەت بێت، دەبێت لەماوەی ئەم چوارساڵەدا بەشی زۆری بنەماکانی ئەم شێوازە حوکمڕانیە بەدی بێت، لەئەگەر بەدینەهاتنیشیدا شکستی فۆرمی حوکمڕانی کوردی دوبارە خۆی وێنا دەکاتەوە، بۆیە ئەرکی سەرەکی هێزەبەشدارەکانی دەسەڵاتە لەسەروی هەمووشیانەوە بزوتنەوەی گۆڕانە کە هەوڵی جدی بدەن لەهەمبەر هێنانەدی ئەم شێوازە حوکمڕانیەدا، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی هەردووهێزی دەسەڵاتدار شۆربۆتەوە ناوجومگەکانی حوکمڕانی، بۆیە بەرپرسیاریەتی گەورەی لەئەستۆیە، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی ئەم بزوتنەوەی هەڵگر و بانگەشەکاری هێنانەدی ئەم مۆدێلە حوکمڕانیە لەهەرێمی کوردستاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.