ستاندەر
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ بەدواداچونی نەوتی هەرێم پێکدێنێت
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بریاریدا لیژنەیەکی حەوت کەسی پێکبهێنێت بۆ بەدواداچونی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی سەرچاوەیەک لەپەرلەمانی عێراق ئامانجی سەرەکی پێکهێنانی لیژنەکە گەیشتنە بەراست و دروستی بڕی فرۆشتن و دەرهێنانی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان بەژمارە، ئەمەش بۆ ئەوەی پەرلەمان بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکە کار لەسەرپشكی هەرێم لە یاسای بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و ناردنی نەوتی رۆژانەی هەرێم بکات بۆ بەغدا، بەگوێرەی هەمان سەرچاوە لیژنەکە پێ ویستە لەماوەی دووهەفتەدا کارەکانی خۆی تەواو بکات و راپۆرتەکەیان پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.
لەلایەکی تر “عەبدولهادی سەعداوی” ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە پیگەی”الحدث”ی راگەیاندووە:حوکمەتی عێراق پابەندی یاسای بودجە بووە و بەبێ وردبینی لەتۆماری فەرمانبەرانی هەرێم موچەی فەرمانبەرانی ناردووە، بەڵام لەبەرامبەردا حوکمەتی هەرێم پابەندی یاسای بودجە نەبووە و هیچ برە نەوتێکی رادەستی بەغدا نەکردووە.
بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەستەمە جارێکی تر بەغدا بەبێ رادەستکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە موچەی فەرمانبەران بنێرێت، بۆیە تاکە بژاردە لەبەردەم هەرێم رادەستکردنی نەوتەکەیەتی بەبەغدا.