ئاوێک بەئاگرەکەدا بکەن

لەلایەن ستاندار Posted on 211 جار بینراوە

ئارام مجید

لەکوردەواریدا پەندێک هەیە کەدەڵێت:ئاوێک بەئاگرەکەدا بکەن، ئەمەش بۆ کاتێکە کە کێشەیەک یان ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوویدابێت و خەرێکە خراپتری لێدەکەوێتەوە، ئیدی پیاوانی ئاینی و ڕیش سپیان و پیاوماقوڵان ئەم پەندە دەهێننە بەرباس،چونکە دڵنیان خراپتر هەیە ئامانجیانە کۆنترۆڵی ڕووداوەکە بکەن خراپتری بەشوێندا نەیەت.

کاتێک لەشاخ و ناوچەپاوانەکان و ڕەز و باخەکاندا ئاگرێک دەکەوێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر تەشەنە نەسەنێت و زیانی زۆرتر نەبێت هاوڵاتی یان دامودەزگای تایبەمەندی حکومەت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە زیاتر ئاو بەکاردێنن لەگەڵ هەندێک پێداویستی سەرەتایی دیکەدا کەمەبەستیانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ئاوێک بکەن بەئاگرەکەدا و زیانی زیاتری نەبێت و خراپتری لێنەکەوێتەوە.لەهەردوو ڕووداوەکەدا پەندە کوردییەکە شوێن و واتای خۆی هەیە، کەمەبەستیەتی خراپتری بەدوادا نەیەت و زیانەکان زیاتر نەبن ماڵی خەڵک زیاتر وێران نەبێت.

لەیەکەمدا دەکرێت دەستی دەرەکی کەبەواتای کەسی سێیەمی ناحەز یان تەرەفی سێیەمی ڕق لەدڵ نەیەتە ناو ڕووداوەکەو خراپتری بەدوادا نەیەت و ڕووداوەکە گەورەترنەبێت،چونکە زۆر جار کەسی دووژمن و کەسی سێبەر لەفرسەت دەگەڕێت و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە ئاگرەکە گەورەتربکات و هەوڵ دەدات ئاگرەکە گاورەتربکات و زیانی زیاتر بکات.
لەدووەمدا لایەنی سێیەم ڕەشەبایە!!،ئەگەر ئەمە بەنمونە وەرگرین مەبەستمانە ڕوونی بکەینەوە کە کاتێک ئاگرێک دەکەوێتەوە ئەگەر ڕەشەبای بەهێز هەبێت ناڕەحەت کۆنترۆڵ دەکرێت یان کۆنتڕۆڵی لەدەست دەچێت،چونکە هێزی ڕەشەباکە لەهێزی یەکەم دووەم زیاترەو ئیدی کارەساتەکە گەورەتر و مەترسیدارتر دەبێت.

لەم نمونانەی سەرەوە مەبەستمان ڕووداوەکانی ناوخۆی هەرێم و ڕێگریکردنی بەرپرسانی ئەم دوو حیزبەیە کاتێک دەیانەوێت بچنەوە سنوری یەکتر لەکاتێکدا یەک هەرێم و یەک حکومەتمان هەیە. دیسانەوە دەیڵێینەوە تکایە ئاوێک بەئاگرەکەدا بکەن با ئەم ڕووداوانە سەر نەکێشن بۆخراپتر،چونکە ئێمەی کورد لەم پارچەیەدا هەر چواردەورمان دوژمنە،ناکرێت خۆشمان دوژمنی خۆمان بین و بۆ یەکتر لەبۆسەدابین، ناکرێت لەبری ئەوەی بگەین بائامانج لەئامانجی خۆمان بدەین و ناکرێت خۆمان فڵچە بدەینە دەست دووژمن تابلۆی ژیانمان ڕەشبکەن و هێڵی ڕەش بەسەر ئاوات و ئامانجمان بهێنن.

ئەگەر هات و ئەم حاڵەتانە لەدەست دەرچوون و بوون بەدیارە ئەوکات کۆنترۆڵکردنی زۆر ئەستەم دەبێت و کارساتی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت،دەکرێت تەرەفی سێیەم لەم ڕووداوە ناوخۆییەدا بەفرسەتی بزانێت و لەبری ئاو بەنزین بەئاگرەکەدا بکات، ئەوکات ڕووداوەکە گەورەتردەبێت و لەباخ و باخات و گوڵ و گوڵزاری ئەمبەر و ئەوبەر!! چەندان درەختی تازەپێگەشتوو و چەندان خونچە گوڵی تازە پێگەشتوو ببنە سووتەمەنی ئاگرەکە و ئارامی و ئاسایشی ژینگە سیاسیەکە لەناو دەچێت، پێویستە هەمووان ئەوەبزانین هێز و ئاشووبەی دووژمن لەهێزی ئێمەی کورد لەم پارچەیە زیاترە و گەورەترە دەتوانن بەئاسانی ئاگر لە پووش و پاوانمان بەربدەن ، چەندان دەرەخت و گوڵی تازەپێگەشتوو لەم باخچە ساسیەی ئەم هەرێمەدا بسووتێنن و تەواوی ژینگە سیاسیەکەمان بسووتێنن و دەبێت ڕووداوەکان و ماڵوێرانیەکانی شەڕی ناوخۆمان لەبیربێت، چونکە یەک دووژممان هەبوو نەوت و بەنزینی بەباخ و باخاتی هەموواندا دەکرد و دیویست بەدەستی خۆمان دایکانی خۆمان جەرگ سوتاوبکەین.

پێشنیار و مەبەستی ئێمە لەم وتارەدا ئەوەیە لەکاتی ڕوودانی ئەم جۆرە حاڵەتانەدا پێویسە هەموو لایەنەکان و هەموو کەناڵەکان بەبیستراو بینراو تەواوی کەناڵە سێبەرەکان و تەواوی پەیجە سێبەر و ڕق لەدڵەکان و تەواوی نوسەر و ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیران و ڕەخنەگران بەو پڕی بەرپرسیارانە ڕەفتاربکەن و هەنگاوبنێن و پێویستە لەبری بەنزین ئاوێک بەئاگرەکەدابکەن و ببنە هەوێنی ئاشتی و پێکەوە ژیان و ئەم جۆرە حاڵەتانە تەواو بچوک بکەنەوە، بۆئەوەی کوڕی فەقیر و هەژار نەکوژرێت و دایکانی هەژار زیاتر جەرگ سوتاو نەکرێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.