تۆپخانەکانی ریکلامی بازرگانی

لەلایەن ستاندار Posted on 320 جار بینراوە

مەجید ساڵح

چەند ساڵێکە ریکلامی بازرگانی لە کەناڵەنای راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرفراوان برەوەی سەندوە. کێشە لەوەدایە لەم هەرێمەی ئێمە خاوەنی سەرجەم کەناڵەکان یان حزبێکی سیاسین، یاخود سێبەری حزب و بەرپرسێکی باڵای حزبین، کێشەی لەوەش گەورەتر ئەوەیە ئەو کاڵایانەی بازرگانیان بۆ دەکرێ هاوردەکارەکەی یان بازرگانێکی حزبییە، یاخود سێبەری بەرپرسێکی حزبی و حکومییە.. ئەمەش وای کردوە نە کەناڵەکانی راگەیاندن و نە خاوەنی ریکلامەکان هیچ لەمپەر و بەربەستێکی یاسایی و ئەخلاقی و.. لەبەردەمدا نەبێ و چۆنی بوێت بە ئارەزووی خۆی ریکلام بکات.. زەرمەندی سەرەکیش لەمەدا خەڵک و کڕیارانن کە رۆژانە بە ناچاری دەدرێنە بەر قەسفی تۆپخانەکانی ریکلانی بازرگانی بازرگانە حزبییەکان..
لە غیابی یاسایەک بۆ رێکخستنی ریکلامی بازرگانی، رۆژ لە دوای رۆژ قوربانیانی زەرەرمەندی ئەم تۆپبارانە بێ بەزەییانەی تۆپخانەکانی بازرگانە حزبییەکان زیاتر دەبێ..
منداڵان و ژنان بەشی زۆری قوربانیەکان پێکدەهێنن.. زۆر بە ئاسانی بەر ئەو قەسفە بێ بەزەیانەی ریکلامە بازرگانییەکان دەکەون.
منداڵان بە دوو جۆر زیانیان بەر دەکەوێ، لە لایەک وەک دانەی داو بۆ خستنە داوی منداڵانی دیکە بە بێ رەچاوکردنی پێوەری تەمەن و مافی منداڵان لە ریکلامەکاندا بەکار دەهێنرێن، لەلایەکی دیکەشەوە لە رێگەی هاوتەمەنەکانی خۆیانەوە ناچار دەبن ببنە کڕیاری ئەو کاڵایانەی کە هەر خودا و خاوەنەکانیان دەزانن چ زیانێکی گەورە بەو منداڵانە دەگەیەنێ.
سەبارەت بە ژنانیش دەبینین ژمارەی ئەو ئەکتەرانەی ریکلام دەکەن زۆر زۆرترن لە پیاوان، مەرجەکانی ئەو خانمانەش بۆ خستنە داوی کڕیاران جوانی و شیک پۆشی… بە جۆرێک زۆر جار ئەو کاڵایانەی ئەو خانمانە ریکلامی بۆ دەکەن هیچ پەیوەندیان بە ژنانەوە نییە. جگە لەوە، هەندێ جار کە ریکلامێک دەکرێ و خێزانێک دەوری تێدا دەبینی، هەمیشە لەو ریکلامەدا ژنەکە بە هاندەری سەرەکی کڕینی کاڵاکە دەردەکەوێ، یان ژنەکە کەم تواناتر پیشان دەدرێ و پیاوەکە چارەسەر دەدۆزێتەوە..
هینانەوەی نمونە بۆ ئەم جۆرە ریکلامانەی باسم کردن زۆرن، جا ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە یاسا دۆخی ریکلامی بازرگانی لە هەرێم رێکخرێت و بەم نزیکانەش لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەک رادەگەیەنێت و پسپۆران و شارەزایانیش دەتوانن بە بیروبۆچون و تێبینیەکانیان دەوڵەمەندی بکەن..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.