بەغداد و هەولێر تەواوکەرى یەکتر نەک دژ و ناحەز…

لەلایەن ستاندار Posted on 445 جار بینراوە

نەوزادى موهەندیس

• لەم ڕۆژانەدا دوو ساڵى تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر پڕۆسەى ڕیفراندۆمەکەى 25 ئەیلولى ساڵى 2017دا،کە بەداخەوە نەتوانرا مەبەست و ئامانجە سەرەکیەکەى ئەو پڕۆسە پیرۆزە وەدیبهێنرێت،لەلایەک بەهۆى هۆکارى خودى ناوخۆیى و لەلایەکى تریشەوە بەهۆى هۆکارە بابەتیە دەرەکیەکان لەناوچەکە و دونیاشدا.لێرەدا هیچ مەبەستمان نیە کە برینى ئەو پڕۆسە شکستخواردوە بوکلێنینەوە یان تۆمەت بخەیەنە پاڵ هیچ سەرکردە و حیزبێکى سیاسى، هێندەى مەبەستمانە کە لەم یادەدا بیرى هەموان بهێنینەوە بەوەى کە پەندێکى قوڵمان لەو ڕۆژانە وەرگرتبێت و بەسەر کار و کردەوە و گوتارو هەڵە و سۆزەکانماندا بچینەوە و پێ بە هەڵە و کەموکوڕیەکانى خۆمان بنێین و هەوڵى ڕاستکردنەوەشیان بدەین،نەک هەر سووربین لەسەر هەڵەکانمان لە تێڕاونینى بابەتەکە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنى هاوکێشەى هێزەکان و هاوسەنگى دونیا و ناوچەکەش لەنێوان زلهێزە دونیایى و هەرێمیەکاندا و بەهەمان شێوەش هەڵسەنگاندنێکى ڕاست و دروستیش بکەین بۆ دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى ناوخۆى نێوماڵى کورد خۆشمان.
• مەسەلە و پرسى سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى پڕۆسە و ئامانجێکە کە هیچ تاکێکى کورد لە بیرى ناکات و هەمیشە خەونێکى زیندووە لە بیر و هزر و کردەوە و گوتارى تەواوى کورد زمانەکاندا،بۆیە هیچ کات ترسى لەبیرکردنى ئەو پرسە گرنگە ناکرێت ،هەربۆیەش پەلەکردن و دەستبردن بۆى جارێکى دى بەبێ ئامادەسازى تەواوەتى هیچ پێوست نیە و دەکرێت خەباتى ڕاستوڕەوان و پشوودرێژى شۆڕشگێڕانەى کوردایەتى درێژە و بەردەوامى پێبدەین بۆ وەدەستهێنانى ئەو ئامانجە زۆر پیرۆزەمان لە دۆخێکى گونجاو و لەبارتردا کە هەموو هۆکارە ناوخۆیى و دەرەکیەکان پشتیوان بن نەک دژ.
• لەئێستادا و دواى 2 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو نسکۆ کاتیەدا،هەق وایە سەرکردایەتى سیاسى کورد و تەواوى حیزبە سیاسیەکان و دامودەزگا و ئۆرگانە شەرعیەکانى حکومەتى هەرێم لەسەرۆکایەتى هەرێم و پەڕلەمان و حکومەتى کابینەى نوێ،هەوڵى جدى بدەن بۆ چێکردنى پڕۆسەیەکى ئاشتەوایى ناوخۆیى لەکوردستان و یەکخستنى هەوڵ و گوتار و کردارەکان لەبەرامبەر ئەم دۆخە نوێیەى کە لەپێشماندایە، لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە عێراقدا لە 1 نیسانى 2020 و چێکردنى پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى ئایندەدا،کە بۆ کورد هەردوو پڕۆسەکە گەلێک گرنگ و ژیارین و ناکرێت پشتگویێ بخرێن و بەخەمساردیەوە لێیان بڕوانرێت بەهۆى هەندێک کێشە و ململانێى ناڕەواى سیاسیەوە وناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستان و مادەى 140ى دەستور بکرێنە قۆچى قوربانى حەز و ویستە حیزبیە تەسک و بچوکەکان.
• دواتریش هەقە ئەم هێز و توانا یەک و یەکگرتوەى کورد و هەرێمى کوردستان بە ئاڕاستەى بەغداد هەنگاو بنێت و بەهێزەوە بچێتە سەر مێزى گفتوگۆکان و ڕاست و دروستى کێشە کەڵەکەبوە سیاسى و ئابورى و ئەمنى و جوگرافى و ..هتد،لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ناوەند لە بەغداد گەنگەشە بکات بۆ گەیشتن بەڕێکەوتنێکى کۆنکرێتى لە پێناو وەدەستخستنى مافە ڕەواکانى گەلەکەماندا.چونکە ناکرێت میلەتەکەمان هەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقاندندا بژێت و هەست بە ئارامى و خۆشگوزەرانى نەکات و وڵاتیش هێواش هێواش بەرەو دواوە بگەڕێتەوە بەهۆى عینادى و غرورى سیاسى سەرکردەکانەوە،میلەتکەمان ناتوانێت تاسەر بەرگەى برسێتى و نەبونى مووچەو وێران و کاولبوونى زیاترى وڵات بگرێت،بۆیە ڕاستترین سیاسەت و بیرکردنەوە و پلان لەم قۆناغەدا گەیشتنە بەڕێکەوتن لەگەڵ بەغدادا و گەیشتنە بەڕێکەوتن لەسەرهەموو مەسەلەکانى هێزى پێشمەرگە و بودجە و ناردنى مووچە و مەلەفى نەوت و ئەمنى و ئەوانى تریش.
• پێویست دەکات بەغداد و هەولێر ببنە تەواوکەرى یەکترى نەک دژو ناحەز،چونکە بە تەبایى و لێکتێگەیشتن دەتوانرێت زۆر ئامانج و خواست و مافەکان وەدەستبێنین نەک بە جەنگ و توندوتیژى ، بەتایبەتیش کە لەم قۆناغەدا ناوچەکە بەعێراق و کوردستانیشەوە ڕووبەڕووى ململانێ و ئاڵنگارى زۆر مەترسیدار دەبنەوە لەنێوان وڵاتانى ناوچەکە و ئەمریکا لەلایەک دژ بە ئێران و هاوپەیمانەکانىلەلایەکى ترەوە،کە بەداخەوە عێراق و کوردستانیش بیانەوێت یان نا بونەتە بەشێک یان ڕاستتر بونەتە گۆڕەپانى سەرەکى یەکلاکردنەوەى ئەو ململانێیانە، بۆیە تەنها بە یەک و یەکگرتوویى هەولێر و بەغداد دەتوانرێت هەڵوێستێکى هاوسەنگانە بگیرێتە بەر و هەموان لەشەڕ و ماڵوێرانى و پڕیشکى ئەو ئاگرەى کەلەبەردەم قاپى عێراق و کوردستاندایە بپارێزێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.