کەرکوک، لە دەرکردنە بۆ یەک لستی

لەلایەن ستاندار Posted on 388 جار بینراوە

مەلا فرمان

یەکەم : دەرکردن
لە ١٩٦٣ حەرەسی قەومی لە گەڵ سوپای عێراق بە هێرشی سەربازی سەرەتای سوتاندنی گوندەکان و تاڵانی و فەرهودی کوردانی دەستپێکرد، لە هەندێ گوندی کوردنشینیش بە تایبەتی لە ناوچەی دوبز نیشتەجێکردنی عەرەب لە جێی کوردان پیادەکرا، پاشان درێژەی کێشا بۆ ناوچەی ساڵەیی. لەگەڵ ئەم شەپۆلە و دڕندەیی ئەو سەردەمی حکومەتی عێراق، کوردانی ئەم ناوچەیە خاوەن ئومێد و هەڵوێست و بوێربون:
1- لە کاتی سوتانی گوندەکان و کشانەوەی سوپای عێراق، هێشتا ئاگری خانوەکان دانەمرکابوەوە گوندنشینان دەگەڕانەوە سەر ماڵ و خانوی خۆیان.
2- لە کاتی دەرکردن و جێنشینکردنی عەرەب لە گوندەکانیان، کوردەکان زۆر دورناکەوتنەوە، دەچونە چەند گوندێک لەولاتر. تیلی چاویان هەر لە زێدی باپیران بو.
3- دەبون بە پێشمەرگە یان چاوساغی پێشمەرگە بۆ پەلاماردانی عەرەبە هاوردەکان. خەڵکی زۆر بڕوایان بەو سەرەتایەبو کە دەیگوت ” لەسەر زەوی خۆت ئەگەر بکوژرێی شەهیدی بشکوژیت غەزایە”.
4- لە ١٩٧٠ – ١٩٧٤ تەواوی کوردان گەڕانەوە بۆ گوندەکانی خۆیان و لە زۆر شوێن خانویان بۆ دروست کرا کە پێیان دەگوت ( خانوی ئەعمار الشمال).
دوەم : راگواستن
لە ساڵی ١٩٨٧ راگواستنی کوردان تەواوی کەرکوک و دەوروبەری گرتەوە، سەرجەم گوند و هەندێ لە شارۆچکە کورد نشینەکان لەگەڵ زەوی تەخت کران، زەویەکان بە ڕیگەی جیاجیا بە شێوەی گرێبەست درا بە عەرەب، بە دو بریاری قیادەی سەورە و قوتری خاوەندارێتی زەویەکان لە کورد سەندرایەوە. دانشتوانەکی راگوێزران بۆ ئۆردگا زۆرەملیەکان و لەوێ نیشتەجێکران.
سێیەم: گەڕانەوە
دەرفەتی گەڕانەوە تا روخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ نەڕەخسا، دوای ئەم گۆڕانکاریەش، ئاوارەکانی کەرکوک لەسەرەتا تەوژمی گەڕانەوەیان پێوە دیاربو، بەڵام هیندەی نەبرد ئەم تەوژمە لە پاشەکشەی دا، هەندێ هۆکاری ئەم پاشەکشەیەش بریتیبون لە:
1- مانەوەی کەرکوکیەکان دور لە زێدی باوباپیران بۆ ماوە ١٦ ساڵ ( ١٩٨٧ – ٢٠٠٣ )، لای نەوە نوێیەکە هۆکارێ بو بۆ کەمبونەوەی سۆز و دڵسۆزی و ئینتما بۆ خاکی باپیران. لە بەرامبەردا خوگرتن بەو شوێنەی کە لێی گەورەبون.
2- تیکەڵبونی ئەو خەڵکە بە ژیانی شار و شارستانیەت، کاریگەری زۆری هەبو بۆ ساردبونەوە لە گەڕانەوە. بە تایبەتی لە ژنانی ماڵەوە.
3- نەبونی بەرنامەیەکی تۆکمەی نیشتمانی بۆ سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەی ئاوارەکانی کەرکوک لای دەسەڵاتی حیزبی کوردی، بە تایبەتی پارتی و یەکێتی. ئەمانە بەڕادەیەک نەفامانە جوڵانەوە دەکرێت مێژو وەک دو ٢ تاوانباری ئەو قۆناغە لە لاپەڕەی خۆیدا تۆماریان بکات
4- هەڵپەی زۆرێک لەسەرکردە حیزبیەکان بۆ بەغدا لە پێناو خۆ دەوڵەمەندکردن و وەرگرتنی پۆست و پایە و خەمساردی لە خەمخۆری پرسی کەرکوک.
5- پەیڕەوکردنی سیاسەتی کۆنی جەلالی و مەلایی لە کۆمەک کردنی خەڵکی کەرکوک.
6- نەگەڕانەوەی کادر و بەرپرسە حیزبیەکان بۆ کەرکوک.
7- بێئومێدی خەڵک لە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠.
8- بێئومێدبونی خەڵکی کەرکوک بە دوا رۆژی شارەکەیان و حیزبە کوردیەکان.
چوارەم: کۆچکردن
کۆجکردنی کوردانی کەرکوک بۆ هەرێم و هەندەران لە ١٩٩٢ بۆ ئێستا بەردەوامە و لە زیادبوندایە، لە گەڕەکە کوردیەکان لەسەر زۆرێک لەخانوەکان نوسراوە ( الدار للبیع، ئەم خانوە بۆ فرۆشتنە). بۆ پێشگرتنی ئەم دیاردەیە پارتی و یەکێتی میش میوانیان نیە.
پێنجەم: گەڕانەوە
بە باشمزانی ئەم خاڵە بەم ٣ نمونەیە رونبکەمەوە:
1- لەمرۆژانە برادەرێکی دێرینی خۆم بینی، کە بەڵێنی گەڕانەوەی داوە بۆ کەرکوک. لێم پرسی، زۆرم پێخۆشە دێیتەوە بۆ کەرکوک، خۆزگە هەمو کەس چاوی لێدەکردی. چۆن بو وا بریاری گەڕانەوەت دا، فەرموی ” دەزانی من خۆم زیندانی سیاسیم لەسەر عێراق، مناڵەکانیشم پۆلی شەشی ئامادەیین، ئەگەر لە کەرکوک تەواوی بکەن ئەوا بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی عێراق ئیمتیازاتیان دەبێت، بەڵام لە سلێمانی نیانە”.
2- لە ١٩٤٧ – ١٩٤٨ بۆ گەڕانەوەی یەک خانەوادەی جولەکە لە کەرکوکەوە بۆ ئیسرائیل نزیکەی ٧٠٠٠ حەوت هەزار دۆلار کەوتوە.
3- لە ٢٥/٩/٢٠١٩ چەند عەرەبێك بە یاوەری پۆلیسی پردێ،بۆ وەرگرتنەوەی زەوی هاتنە گوندەکانی قادرباغر و رۆژبەیانی، بە پێی ئەو گرێبەستەی هەیانە و لە دادگاوە پشتیوانی کراون ئەم زەویانە ئەوان خاوەنین. جێی باسە خەڵکەکە پێشوەخت پییان زانیبو، کۆبونەوە و باش هاتنە دەست. بەڵام ئەوەی جێی خەمە، ئەم جوتیارانە ماڵیان لە هەولێرە و نە گەڕاونەتەوە بۆ سەر موڵکەکانیان. بەڵکە رۆژانە هاتوچۆدەکەن. ئەم هەڵکوتانە سەر گوندە کوردەکان لە زۆر شوێن دوبارە دەبێتەوە.
شەشەم : یەک لستی
دیارە یەکێتی و تەبایی بناغەی سەرکەوتنە، هەمو تاکێک هیوای بۆ دەخوازێت. بەڵام یەک لستی بەبێ بونی متمانە بەیەک دواکەی خێر نابێت. پاشان یەک لستی تەواوی کێشەکان چارەسەر ناکات، رەنگە ئەو سەرکەوتنە گەورەیەش بەدەست نەهێنێ،چونکە لەزۆر حاڵەتدا بەپێی لیکدانەوەی ئاماری و هاوکێشە بیرکاریەکان لە سیستەمی سانت لیگۆ ( ١.٩) راستە کورسیەکان زۆرینەی دەچێت بۆ لستی گەورە بەڵام دوا دوەم کورسی رەنگە دەنگی کەمی بوێ، بۆ قۆستنەوەی ئەم کورسیە باشترە کورد بە پێی رێکەوتنێک بە ٢ لستی ( یەکی گەورە و یەک مام ناوەند ) بەشداری هەڵبژاردن بکات. تەنها لەیەک باردا نەبێت کە پیکهاتەکانی تر هەر یەک تەنها بەیەک لست بەشداری بکەن. پێشنیار دەکەم دامەزراوەکانی هەڵبژاردن لێکدانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ بکەن.
مەبەست لە یەک لستی هێنانی زۆرینەی کورسیەکانە لە ئەنجومەنی پارێزگا. بەڵام لە ٢٠٠٥ حیزبە کوردیەکان هەم لە ئەنجومەنی پارێزگا و هەم لە پەرلەمان زۆرینەن، بارودۆخی کەرکوکیش ئەوەیە لەم رۆژگارەدا دەیبینین. ئەم بارودۆخە پێمان دەڵێت هۆکاری زۆربەی کەموکوریەکان لە شوێنی ترە، نەک لە فرە لستی.
حەوتەم: چارەسەری گونجا و پڕ بەرهەم
چەندێک لەو چارەسەرانە:
1- ئەگەرچی بەکردار دەرکەوتوە متمانەکردن بە یەکێتی و پارتی زۆر قورسە، جێی متمانە نین. تا ئەمڕۆژ ئەم دوانە خاوەن دو ماڵی پەرتەوازە و ناکۆکن، ئەم جۆرە ماڵەش بەرگە ناگرێت.، تا ئێستاش لەسەرپێن بۆ دوبارەکردنەوەی شەڕی ناوخۆ و دو ئیدارەیی. میللەتیش دەستی لەسەر دڵێتی.
2- خەڵک دەنگ دەدات نەک خاک، زۆر هەڵەن ئەوانەی دەڵێن ” کەرکوک ئەگەر یەک کوردیشی تێدا نەمێنێ، هەر کوردساتنیە” ، بۆیە باشترین کار ئەوەیە هەوڵی جدی بدرێت بۆ پێشگرتن لە کۆچی کوردان و هەوڵدان بۆ کۆچی پێچەوانە بەرەو کەرکوک. ئەمەش بەرنامە و دەستکراوەیی دەوێ. حیزبەکانی هەریم و دەوڵەمەندەکانی هەرێم توانایان هەیە و دەتوانن دەستکراوە بن. ئەگەر ناتانەوێ، هەقە موزایەدی فشۆڵ بەسەر کەرکوکدا نەکرێت باشە.
3- رەواندنەوەی ئەو ترسەی لە ئەنجامی ریفڕاندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر کەوتەوە.
4- گێڕانەوەی متمانەی شەقامی کەرکوک بە حیزبە کوردیەکان.
5- بەبێ نانی ئەم هەنگاوانە دڵنیام یەک لستی و دو لستی لەم بارودۆخەی ئێستادا نیشانەی پێویست ناپێکی.
دوا قسە، باشترین چارەسەر و گەورەترین سەرکەوتن لە گەڕانەوەی یەک ماڵ بۆ کەرکوک دەست پێدەکات!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.