كهمال چۆمانی
– لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوەوە کە یەکێتیی و پارتیی و هێزەکانی دی بەرەی کوردستانییان پێکهێنا، ئەو دو هێزە رێککەوتن ئیمزا دەکەن، یان رێککەوتنەکان نیوە کەمتر جێبەجێکراون، یان زۆر جار رێککەوتنەکان شەڕیان بەدوای خۆیاندا هێناوە.
– یەکێک لە پێویستترین و کاریگەرترین رێککەوتننامەکان، رێککەوتننامەی واشنتن بو لە ١٩٩٨ کە راگرتنی شەڕی ناوخۆی لەگەڵ بو. سەرەڕای ئەوەی لەسەر دەستی زلهێزێکی وەک ئەمریکا رێککەوتن، کەچی ئەو رێککەوتنەش جێبەجێنەکرا. رێککەوتننامەی ستراتیژییش، رێککەوتننامەی دابەشکردنی سامان و دەستەڵاتدارێتیی بو.
– لەدوای ٢٠٠٥ەوە هێزەکان رێککەوتن دەکەن. تەنانەت رێککەوتنی گۆڕان و پارتییش لە ٢٠١٣ کە چاوەڕێدەکرا رێککەوتنێکی جیاواز بێت، بە دەرکردنی وەزیرەکان و سەرۆکی پارلەمان کۆتایی هات. رێککەوتننامەی دەباشانی یەکێتیی و گۆڕانیش، بە هەڵکوتانە سەر بارەگای بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات. بەشداریی یەکگرتوی ئیسلامییش لەدوای ٢٠٠٣ لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد -سەرەڕای ئەوەی ئیخوان موسلیمین رەخنەی لێی هەبو- بە هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی یەکگرتو کۆتایی هات.
– پارتیی لە رێککەوتندا بەدوای ئەوەدا ناگەڕێت خاڵە هاوبەشەکان پێشبخەن و حوکمڕانییەکی دیموکراتیک و تەندروست گەشەپێبدەن و جێبەجێیبکەن، بەڵکو بەدوای ئیحتیواکردندا دەگەڕێت. هەروەک چۆن یەکێتییش لە رێککەوتنەکانیدا، بە نمونە لە رێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان، رێککەوتن بو بۆ ئیحتیواکردنی گۆڕان.
– ئێستا جارێکی تر کێشە کەوتۆتە نێوان یەکێتیی و پارتیی لەلایەک، تا رادەیەکیش گۆڕان و پارتیی، بەڵام گۆڕان زۆر ئاماژەی پێناکات چونکە گۆڕان لە رابردودا توشی رەخنەیەکی زۆر گەورە بوە لەسەر بەشداریکردنی لە حکومەت و لای کەم لە ئێستادا کێشەکانی لەگەڵ پارتیی باسناکا.
– کێشەکانی پارتیی و یەکێتیی کێشەی قوڵ نین، بەڵکو کێشەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەرن، کێشەی هەژمون و کۆنترۆڵکردن وئیحتیواکردن و پەراوێزخستنن. پارتیی لەدوای ١٩٧٥ەوە و دروستکردنی قیادە موەقەتە دژی یەکێتیی، یەکێتیی بە لەمپەرێکی گەورە دەزانێت لەبەردەم ماڵی بارزانیی بۆ خۆسەپاندن بەسەر هەرێمی کوردستاندا، بەتەواوەتیی. پارتیی هەرگیز رێ بە هیچ هێزێک نادات لە کوردستان لەو بەهێزتر بێت، هەروەک چۆن مەلا مەستەفا بارزانیی لە ١٩٦٤ یەکەم هێرشی بۆ سەر باڵی مەکتەبی سیاسیی بو. پارتی بە هۆی شکستی شۆڕشی ئەیلولەوە، ئەو دەرفەتەی لەدەستدا کە خۆی بسەپێنێت. بەهێزبونی یەکێتیی لەو ماوەیەدا بە هۆی ئەو فەڕاغەوە بو کە پارتیی و بنەماڵەی بارزانیی تێیدا ئاوارەی ئێران بون، خۆ ئەگەر یەکێتییش دەستی بە شۆڕش نەکردبایەوە، پارتیی لەوانە نەبو قیادە موەقەتەی دروستبکردبوایە.
لەدوای ١٩٩١ەوە، پارتیی تا رادەیەک هەمو نەیارە عەشائیرییەکانی خۆی لاواز و بێکاریگەر کردون، ئەگەر بە کوشتنیشیان بێت وەک حوسێن ئاغای سورچیی و زۆری تریش. ململانێشی لەگەڵ یەکێتیی، ململانێی دەستەڵاتدارێتیی و کۆنترۆل و هەژمون بوە. لە راستییشدا، بە هەر هۆکارێکی شەرعیی و ناشەرعیی بوبێت، سەرکەوتو بوە. هەروەک چۆن یەکێتییش لەو ململانێیەدا هۆکاری شەرعیی بەکارنەهێناون تا هۆکارەکانی پارتیی جێی شەرم بن لای ئەو حیزبە، هەربۆیەشە ٣١ی ئاب لای پارتیی سەرکەوتنە نەک خیانەت. بێگومانیش، خەڵکی دەرەوەی یەکێتیی دەتوانێت بە پارتیی بڵێت ٣١ی ئاب خیانەتە، بەڵام یەکێتیی ناتوانێت بە پارتیی بڵێت ٣١ی ئاب خیانەتە چونکە خودی شەڕی ناوخۆ گەورەترین خیانەت بو لە کوردستان و کورد و خەڵک.
ئێستا جارێکی تر کێشەکان لەنێوان قوباد تاڵەبانیی و مەسڕوڕ بارزانیی دروستبونە بە هۆی ئەوەی مەسڕوڕ بارزانیی نایەوێت دەستەڵاتەکانی لەگەڵ تاڵەبانیی بەش بکا، یان دەستەڵاتی پێبدات.
ئەو کێشەیە نوێ نییە. ریشەی مێژویی هەیە. پارتیی زیاتر لە چل ساڵە دەیەوێت ئەوەی یەکێتیی لە ١٩٧٥ەوە کۆنترۆڵی کردوە، لێی بسەنێتەوە چونکە پارتیی تەنها خۆیی و بنەماڵەی بارزانیی بە میراتگری شەرعیی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان دەزانن، هەر خۆشیان بە خاوەنی حوکمڕانیی کوردستان دەزانن. ئێستا دۆخێکی سیاسیی، ئابوریی و عەسکەریی نوێ دروستبوە کە پارتیی نایەوێت بە قۆناغی فیفتی-بە-فیفتی مامەڵە لەگەڵ یەکێتیی و هێزەکانی دی بکات. بۆ پارتیی قۆناغی فیفتی-بە-فیفتی قۆناغی راگوزەر بو، قۆناغی تێپەڕاندنی دۆخێک بو کە پارتیی توانی زۆر بەباشی بیقۆزێتەوە بۆ خۆقایمکردن و خۆبەهێزکردن و خۆبەسێنترالکردن.
ئێستا پارتی نایەوێت دەستەڵاتەکان بە تاڵەبانیی بدات کە لە کابینەی رابردو هەیبون. لەڕوی قانونییەوە، هیچ کێشەیەک لەوەدا نییە. سەرۆک وەزیران دەبێت سەرۆک وەزیران بێت و جێگریش جێگر. بۆ چەسپاندنی حوکمڕانیی تەندروست، پێویستە ئەو فیفتی-بە-فیفتییە کۆتایی بێت. پارتیی بەرچاوی رونە و دەزانێت چی دەکات، بەڵام ئەوە هێزەکانی دین نازانن چی دەکەن و لە پارتیی و بنەماڵەی بارزانیی تێناگەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پارتیی ئەوەی لەبیریچوە کە ئەو حکومەتەی پێکهاتوە، حکومەتی هاوپەیمانێتییە نەک حکومەتی زۆرینە. پارتیی بەغداد دەیەوێت هاوبەش بێت، بەڵام لە هەولێر دەیەوێت تاکڕەو بێت. مەسڕوڕ بارزانیی خۆی جێگری بۆ خۆی دیارینەکردوە تا خۆیشی بە ویستی خۆی دەستەڵاتەکانی بداتێ، هەرچەندە لە رێککەوتنەکەدا باسی دەستەڵاتەکان نەکراوە و لەڕوی قانونییشەوە، بارزانیی ئەو دۆکیومێنتە قانونییانەی لەبەر دەستن، یان دەتوانێت بیانشەرعێنێت، کە دەستەڵاتەکان لەگەڵ جێگرەکەی هاوبەشیی پێ نەکات.
بناغەی ئەو کێشەیە لە خودی رێککەوتنەکە دایە. بۆ ئەوەش، خودی یەکێتیی و گۆڕان خۆیان رەخنەبکەن. ئەوەی ئەوان لەگەڵ پارتیی لەسەری رێککەوتون، دابەشکاریی پۆستەکانە نەک ئاژێندای کابینەی حکومەت. ئایا کێشەکانی یەکێتیی و پارتیی، تا رادەیەکیش پارتیی و گۆڕان، لەسەر ئاژێندای کابینەکەیە یان لەسەر چەند دەستەڵاتێکە کە پێویستە بدرێتە فڵان وەزیر یان جێگری سەرۆک وەزیران؟ بۆچی شەڕەکە ناکەنە شەڕی ئاژێندا و زیاتر شەڕەکەتان بۆ دەستەڵاتی پۆستەکانە؟
ئەوەی گرنگە، قوباد تاڵەبانی دەبێت لەوە تێبگات ئەو لەگەڵ مەسڕوڕ بارزانیی سیاسەت دەکات. بارزانی پێیوایە میراتگری مەلا مستەفای بارزانییە، تەنها خۆی، نەک نێچیرڤان بارزانیی و مەکتەبی سیاسیی و ئەوانیدی. مەسڕوڕ و قوباد دو کاراکتەری تەواو لەیەک جیاوازن. ئەو دو کاراکتەرە ناتوانن بەیەکەوە کاربکەن. تاڵەبانی لەناو یەکێتییشدا لاوازە، ئەو لاوازییەی وای لێ کردوە پارتییش و بەتایبەتییش مەسڕوڕ بارزانیی، وەک کاراکتەرێکی بەهێز تەماشای نەکات. ئەو دەستەڵاتانەی کە قوباد داوایدەکات، مەسڕوڕ لای خۆی دەیانپارێزێت بۆ ئەوەی بتوانێت وەلائی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی پێ بباتەوە. مەسڕوڕ بارزانی پیاوی ناو ململانێ سیاسییەکان و کۆنترۆڵکردن و کڕین و فرۆشتن و ترساندن و تۆقاندان و هەواڵگریییە، ئەو دەزانێت چۆن خۆی بسەپێنێت. بە قسەی خۆش و نەرمونیانیی لەگەڵ ئەو پیاوە ناکرێت. ئەو بە رادەیەک خۆی پێ گەورەیە، پێیوایە جێگرەکەی و تەواوی وەزیرەکان فەرمانبەری بن-دەستی ئەون، وەک تەواوی ستافەکەی کە فەرمانبەری بارزانیین و بێ ئەو، نە کاردەکەن، نە قسەدەکەن، نە روئیایان هەیە، نە لە قسەشی لادەدەن. مەسڕوڕ بارزانی کوڕە گەورەی مەسعود بارزانییە، ئەو هێندەی وەک سوڵتان مامەڵەدەکات، وەک حکومڕانێکی مۆدێرن مامەڵەناکات. ئەو تا ئێستا کەس نازانێت حەزی لە میوزیکە، تەماشای تۆپیی پێ دەکا، کام یاریی حەز لێیە، چ کتێبێکی خوێندۆتەوە، بە کام نوسەر سەرسامە، ئایا هیچ رۆمانێک هەیە سەرنجی راکێشابێت، تەماشای فیلم دەکات یان کام ئەکتەری سینەمایی خۆشدەوێت.
مەسڕوڕ بارزانی پێی وایە بەر لە خۆی هەمو حکومڕانەکان، بە نێچیرڤان بارزانیی زاوا و ئامۆزاشیەوە، گروپێک گەندەڵی وێرانکەر بون. ئەو پێیوایە خۆی رزگارکەرە، وەک محەمەد بن سەلمان، بۆیە پێویستیشە هەموان بێ-سێ-و-دو پشتیوانیی بن بۆ رزگارکردنی کوردستان لە نەهامەتییەکان و سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگاریی و گەندەڵەکان. ئەوەی ئەوە نەزانێت، خۆی گێل دەکات. هەرکەسێکیش لەناو حکومەتی مەسڕوڕ بارزانیی پۆستی هەیە، ئەگەر ئەوەی قبوڵنەبێت، ئەمڕۆش نەبێت دەبێت سبەی حکومەت جێبهێڵێت. هەر بۆیە بەجێهێشتنی ئەمڕۆ شەڕافەتمەندانەیە، بەجێهێشتنی سبەینێ بەرژەوەنخوازانەیە.