عێراق وەک نمونەی دەوڵەتێکی شکستخواردوو…..

لەلایەن ستاندار Posted on 485 جار بینراوە

د.خامۆش عمر عبدالله

چەمکی “دەوڵەتی شکستخواردوو” لە سەرەتای نەوەدەکان لە وتاری نوێنەری ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەروبەندی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ سۆماڵ سەری هەڵدا. یەکێک لە خەسڵەتەکانی دەوڵەتی شکستخواردوو بوونی ململانێ و تەنگژەی قوڵە، هەروەها مەترسی ململانێی توندی نێوان لایەنە ناکۆکەکانە.
ململانێیە ئیتنی و، نەژادی و، عەشیرەتگەری نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بنچینەی شەڕە ناوخۆییەکانن، ئەوەش خەسڵەتی سەرەکی دەوڵەتی شکستخواردووە، هیچ دەوڵەتێکی شکستخواردوو نیە کە حالەتی ململانێ، لە نێوان پێکهاتە جیاوازە خۆجێیەکانی تیادا نەبێت، هەروەها دەوڵەتی شکستخواردوو ناتوانێت کۆنترۆڵی سنورەکانی بکات، زۆربەی جار کۆنتڕۆڵی حکومەتی ڕەسمی لە سنوری پایتەختەکە و، شارێکی گەورە کورت دەبێتەوە.
نعوم تشومسکى پێی وایە “بە گوێرەی پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی، دەوڵەتی ئیستبدادی و یا تۆتالیتاری، شەڕانگێزیش بە دەوڵەتی شکستخواردوو دادەنرێت، ئەڵمانیای نازی و ڕووسیای ستالینی دەوڵەتی لاواز نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شایستەی ئەوەبوون وەسفی دەوڵەتی شکستخواردوویان بخرێتە پاڵ”.
ئاماژەکانی دەوڵەتی شکستخواردوو خۆی لە زیادبوونی توندو تیژی و تاوان دەبینێتەوە، لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی مەرکەزی و، فەشەلی دەوڵەت وای لێ دێت یاسا تیایدا نیمچە وون بێت، ئەوەش وا دەکات گروپەکانی تاوان لە شارەکان بڵاوببنەوە و، بازرگانی چەک و، ماددە هۆشبەرەکان بڵاوببێتەوە، هێزەکانی پۆلیسیش توشی پەککەوتن و شەلەل بن، بێ سەروبەری دەبێتە مۆرکی هەموو وڵات.
سێ ڕەهەندی سەرەکی لە دەوڵەتی شکستخواردوو بوونی هەیە:
1-فەشەل لە سەپاندنی دەسەڵات، واتە دەوڵەت نەتوانێت پارێزگاری لە هاوڵاتیانی بکات لە توند و تیژی.
2-دەستەبەرنەکردنی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان، بۆ هاوڵاتیان.
3-نەتوانێت لەبەرامبەر هاوڵاتیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پارێزگاری لە ڕەوایەتی خۆی بکات.
لە ساڵی 2005ەوە، دەستگای (Foreign policy) بە هاوکاری سەندوقی ئاشتی (Fund for peace)، لیستی وڵاتە شکستخواردووەکان (Failed states) لەسەر بنەمای دووانزە هۆکاری لاوازبوون دەردەکات.
ئەگەر سەیرێکی ڕیزبەندی عێراق بکەین لەو لیستە، ئەوا دەبینین لە ساڵی 2005 تاوەکو 2019 پلەکەی بەم شێوەی خوارەوە بووە:
1-لە ساڵی 2005 لە پلەی چوارەم بوو.
2-لە ساڵی 2006 لە پلەی چوارەم بوو.
3-لە ساڵی 2007 لە پلەی دووەم بوو.
4-لە ساڵی 2008 لە پلەی پێنجەم بوو.
5-لە ساڵی 2009 لە پلەی شەشەم بوو.
6-لە ساڵی 2010 لە پلەی حەوتەم بوو.
7-لە ساڵی 2011 لە پلەی نویەم بوو.
8-لەساڵی 2012 لە پلەی نۆیەم بوو.
9-لە ساڵی 2013 لە پلەی یانزەم بوو.
10-لە ساڵی 2014 لە پلەی سیانزەم بوو.
11-لە ساڵی 2015 لە پلەی دوانزەم بوو.
12-لە ساڵی 2016 لە پلەی یانزەم بوو.
13-لە ساڵی 2017 لە پلەی دەیەم بوو.
14-لە ساڵی 2018 لە پلەی سیانزەهەم بوو.
15-لە ساڵی 2019 لە پلەی سیانزەهەمە.
نەتەوە یەکگرتوەکان پرەنسیپی “بەرپرسیارەتی پاراستن”ی هێناوەتە ئاراوە، کە ڕێگە بە دەخالەتکردن دەدات، لەو حالەتانەی کە دەوڵەتی شکستخواردوو ناتوانێت گەلەکەی لەدەردەسەری بپارێزێت، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی شکستخواردوو لەڕووی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا دیاری نەکراوە، ئەوە ڕێگەی بۆ وڵاتە زلهێزەکان خۆشکردووە، کە بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانیان گونجاندن بۆ بەرپرسیارەتی پاراستن بکەن.
بەگوێرەی دیراسەیەک کە (Anthony H.Cordesman And Sam Khazai) لەژێر ناونیشانی (عێراق لە تەنگژەدا) ئامادەیان کردووە، دەوڵەتی عێراقیان لەژێر ڕۆشنایی هەڵسەنگاندنی دام و دەستگا نێودەوڵەتیەکان و ناحکومیەکان ڕوون کردۆتەوە، بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنە عێراق دەچێتە خانەی دەوڵەتە فاشلەکان:
1-بەگوێرەی پۆلینی بانکی نێودەوڵەتی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی لە عێراق لاوازە، بە جۆرێک لە ڕووی لێپرسینەوەی حکومی لە پلەی (178) دێت، لە ڕووی سەقامگیری سیاسی و توندوتیژی لە پلەی (201) دێت، لە ڕووی چالاکی حوکمڕانی لە پلەی (182) دێت، لە ڕووی حوکمی یاسا لە پلەی (205) دێت، لە ڕووی ڕێوشوێنی حکومی لە پلەی (189) دێت، لە ڕووی کۆنتڕۆڵکردنی گەندەڵی لە پلەی (193) دێت.
2-عێراق بەگوێرەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە پلەی (171) دێت لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ڕێژەی گەندەڵیان تێدایە.
3-عێراق لە پلەی (131) دێت لە گەشەپێدانی مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان (دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو لە پلەی (41) دێت، شانشینی عەرەبی سعودی لە پلەی (57) دێت).
4-سەرەڕای داهاتێکی زۆری نەوت، پشکی تاک لە داهات نزیکەی (1000$)، و لە پلەی (141)ی جیهانی دێت، ئەوەش کەمترین ڕێژەی داهاتە بەبەراورد بە وڵاتانی کەنداو.
ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە عێراق بە لایەنی کەم بۆ چەند ساڵی داهاتوو، لە گێژاوی دەوڵەتی شکستخواردوو دەخولێتەوە.
لە سپتمبری ساڵی 2013 (Robin Wright)، وتارێکی لەژێر ناونیشانی (خەیاڵکردنی نەخشەیەک بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاوکردەوە، “رایت” لە یەک کاتدا سیناریۆیەکی بۆ ئەگەری ڕوودانی هەڵوەشانەوەو بەیەکتربەستنەوەی گریمانە کردووە، لەوانەیە دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ پێکبهێنرێت، لەوانەشە ناوچە کوردیەکانی سوریاشی بچێتە پاڵ، دەوڵەتێکی سونیش لە ڕۆژئاوای عێراق و باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکبهێنرێت، دەوڵەتێکی شیعیش لە باشور، بەڵام دەڵێت “تاوەکو ئێستا عێراق بەهۆی فشاری دەرەکی بەرگری لە دابەشبوونی دەکات”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.