خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بۆ بڕیارەکەی ترەمپ

لەلایەن ستاندار Posted on 368 جار بینراوە

سەردار عەزیز

درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ١١ی شەو، کۆشکی سپی بەیانێکی بڵاوکردوەتەوە کە ھاوشێوەی بڕیارەکەی ھاوینی پێشوی ترامپە، لە بەیانەکەدا ترەمپ دەڵێت، بەمزوانە تورکیا دەست دەکات بە چونە ژورەوە بۆ باکوری سوریا. ئەم ھەنگاوە لە بەیاننامەکەدا وەک پلانێکی کۆنی تورکیا لە قەڵەم دراوە.
ھێزە ئەمریکیەکان پشتیوانی ئەم ھەنگاوە ناکەن و بەشداری تیادا ناکەن، سوپای ئەمریکا پاش تێکشکانی داعش، چیدی لەوێ نابێت.
بڕگەی دوەمی بەیاننامەکە باس لەوە دەکات کە ئەمریکا ھەوڵی زۆری داوە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەوانیتر بۆ ئەوەی داعشە بەندکراوەکانیان وەربگرنەوە، بەڵام ڕازی نەبوون، ئەمریکا ئامادەنیە ئەم بەندیانە لای خۆی بھێڵێتەوە کە ساڵانێکی زۆر بەند دەبن و تێچونی زۆری دەوێت.
ئەمە پوختەی بەیاننامەکەیە، کە کۆمەڵێک خەسڵەتی ھەیە:
یەکەم، ھاوشێوەی بڕیارەکەی پێشوی ترەمپە، کە یەکێک بوو لە ھاندەرەکانی حکومەتی تورکی کە بڕوا بەوە بھێنێت کە ترەمپ ھاوڕای ئەردۆگانە، بەڵام ئیدارەکەی دژیەتی، بۆیە تورکەکان ھەمیشە لەو بڕوایەوە کاریان دەکرد، کە دەرئەنجام بڕیار بڕیاری ترەمپ دەبێت.
دووەم، ترەمپ و ئەردۆگان بڕیار وەھابو لە کۆبونەوەی نەتەوە-یەکگرتوەکان یەکتر ببینن، ئەردۆگان پێش سەفەرەکەی ئەمەی بە جەماوەرەکەی ووت لە ئاسکی-شەھیر، بەڵام ھەرچەندە ئەردۆگان لە خوانە گشتیەکەی ترەمپدا بەشدار بوو، بەڵام ڕوبەڕو یەکتریان نەبینی، وەھا دیارە ئەم تەلەفونە لە بڕی دیدارەکە بوە.
سێ، چونکە ڕۆژی یەکشەممە، نزیکەی نیوەشەو بوە، ئەوانەی چاودێرن دەڵێن ترەمپ پرسی بە کەس نەکردوە. ئەمەش وەھا دەکات کە بپرسین، ئەمرۆ کە سەرەتای ھەفتەیە، ئیدارەی ترەمپ چی دەڵێت، بە تایبەتی کە لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا پەنتاگۆن ئاگاداری تورکیایان کردەوە لە نەھاتنە ناوەوە.
چوار، داڕشتنی بەیاننامەکەی ترەمپ زیاتر بە ئاراستەی ناوخۆیە. بە گشتی چەند تەوەرەیەک لە خۆی دەگرێت: یەکەم، کۆتایی ھێنان بە داعش، دوەم، کشانەوەی سەربازی ئەمریکی، سێیەم، ئامادەنەبون بۆ پارە خەرجکردن بۆ وڵاتانی تر. چوارھەم، سپاردنی ئەرک بە ئەوانیتر. پێنجەم، بڕیاردان لە بەرامبەر سەرسەختی ئەوانیتردا. ئەمانە ھەمو خەسڵەتەکانی خیتاب و دیدی ترەمپن، لە گەڵ دەنگدەرانیدا.
پێنجەم، لە کاتێکدا کە وەرزی بانگەشەیە، ئەم بڕیارەی ترەمپ نەک تەنھا لە لایەن ئیدرارەکەیەوە، بەڵکو لە لایەن ڕکەبەرانیشیەوە دەبێتە جێگەی ڕەخنە. چونکە، وەھا دیارە کە بڕیارێکی تاکە کەسیە. بەڵام ترەمپ ھێندە گوێ بە دەرئەنجامەکەی نادات، گرنگ ئەوەیە کە ئەو ھەنگاوەکەی ناوە، ئەوەش گرنگترین شتە بۆ دەنگدارانی، کە بە گشتی خەڵکانی کەم ئاگا و گوێپێنەدەرن بۆ کێشە دەرەکیەکان.
شەشەم، ترەمپ خۆی لە ئێستادا لە دۆخێکی سەختدایە پاش ئەوەی کە کۆنگریس لێپێچینەوەیان دەستپێکردوە لە ھەوڵەکانی ترەمپ لە گەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا، دەربارەی گەندەڵیەکانی کوڕەکەی جۆ بایدن. ئایا ترەمپ قەیران دروست دەکات بۆ پۆشینی قەیرانەکەی.
لەمڕۆوە پەرچەکردارەکان دەردەکەون، ھەرچەندە ئیدارەکە ئێستا لاوازترە لە جاران، نەمانی خەڵکانی وەک ماتییس و بۆڵتن، گۆڕانکاری کردوە لە ڕەوتی سیاسەتی ئیدارەکە.
ئەم ھەنگاوە بە خێرایی ڕونادات دیارە کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، بەڵام ئەمریکاش ھیچ سودێکی لێنابینیت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.