ئەمریكا لە رۆژئاوا دەكشێتەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 408 جار بینراوە

سەرتیپ جەوهەر

پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا و پەلاماری توركیا یەكێكە لەپرسە ئاڵۆزەكانی سوریا، هەر چەند مانگ جارێك ئەو پرسە دێتەوە گۆڕێ و جگە لەكورد بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپاو ناوچەكە هاواریان لێ هەڵدەستێ‌.
ئەوەی ئێستا توركیا داوای دەكات پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستانە لە سەرێ كانیەوە بۆ گرێ سپی، بەدرێژایی زیاتر لە 100 كیلۆمەترو قوڵایی 5 كیلۆمەتر كە تەواوی گوندو شارەكانی سنورەكە دەگرێتەوە. بەپێی لێدوانی رەسمیی، ئەنقەرە دەیەوێت ناوچەیەكی ئارام دروستبكات و ئاوارەكانی سوریا لە توركیا لەو ناوچەیە نیشتەجێ بكات. ئەو ناوچەیەی توركیا دەیەوێ هێرشی بكاتەسەر زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانەكەی عەرەب نشینن. لە راستیدا دەیەوێ كورد لە رۆژئاوای كورستان بەدرێژایی سنورەكەی بڕبڕ بكات و جموجۆڵ و بەیەكگەیشتن لاواز بكات، واتە جزیرە لەكۆبانیی بەتەواوی داببرێت هەروەك كۆبانیی بەتەواوی لەعەفرین دابڕی. هاوكات ئەو ئەگەرەش بەتەواوی لەبار ببات كە گوایە كورد دەیەوێت دەستی بەئاوی دەریای ناوەڕاست بگات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن و مەنتقی مانەوەی هێزو هاوكێشەی ناوچەكە، پرسی كشانەوەی ئەو هێزانە زۆر زەحمەتە. لەلایەك ئەمریكا 6 سەربازگەی گەورەی لەرۆژئاوای كوردستان دروستكردووەو دووان لەو سەربازگانە بۆ ئەوە دروستنەكراون ئەو هێزانە بەمزوانە بكشێنەوە. هاوكات روسیاو ئێران كە نفوزێكی گەروەیان لەسوریا هەیە، ئەستەمە رێگە بەتوركیا بدەن، ئەمە سەرباری رێگریی بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فرەنساو ئەڵمانیا لەپەلامارێكی ئاوهای توركیا.
خولاسەی كەلام، پێدەچێت وەك لەسەرەتای ئەمساڵ جارێكی دیكە دۆناڵد ترەمپ لەناكاو و بەبێ‌ ئاماژەی پێشوەختە كشانەوەی هێزەكانی لەسوریا راگەیاندو دوای ماوەیەك بەچەند قۆناغێك خۆی دزیەوە لەكشانەوەی هێزەكان و بگرە ئەمریكا هێزو هاوكاریی زیاتری رەوانەی رۆژئاوا كرد. ئەمجارەش بەهەمانشێوە لەدوێنێوە پاشەكشەیەك لەقسەكانی ترەمپ بەدیدەكرێت و ناڕەزاییەكانی ئیدارەكەی و لێپرسراوانی ئەمریكا بەروونی دیارە. هێشتا روون نییە، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەمجارەش ئەمریكا پەشیمان ببێتەوەو لەبەرامبەر پەشیمانبونەوەیشی بڕێك هاوكاریی دارایی لەوڵاتانی ئەوروپاو كەنداو بەدەستبهێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.