سەبارەت بە بارودۆخی عێراق

لەلایەن ستاندار Posted on 459 جار بینراوە

ئاراس مه‌سیفی

دەتوانین بەراستی لە دۆخی عێراق تێبگەین؟

لە دوای روخانی رژێمی سەددام بارودۆخی عێراق بە هەڵبەزین و دابەزینێکی خێرا و پرۆسەیەکی دینامیکی، زۆر جار دراماتیکی پڕ لە توندوتیژی تێپەڕیوە. تێگەیشتن لە بارودۆخی عێراق نەک تەنها زۆر قورسە بەڵکو زۆر جار ئەستەمیشە. هۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ زۆریی ئەکتەرە ناوخۆیی، هەرێمیی و نێودەوڵەتیەکان، کە هەریەکەیان بە ئەجیندای تایبەت بە خۆی، لە هاوپەیمانی و گەلەکۆمێ و رکابەرایەتی و دژایەتی بەردەوامن لەگەڵ یەکتریدا لەسەر حیسابی بەرژەوندی هاوڵاتیان. بە پێی قۆناغ ئەجیندا و هاوپەیمانیەتیەکان و دژایەتیەکانیش دەگۆرین و گەلەکۆمێ و ململانێ تازە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

هەم ئەوانەی خۆیان لە ناو روداوەکانن و هەم ئەوانەی لە روداوەکان دورن ناتوانن وێنەکە وەکو خۆی ببینن. ئەوانەی خۆیان لە ناو روداوەکانن، دەتوانن تەنها بەرژەوەندی و پەیوەندیەکانی خۆیان ببینن و ئەوانەی لە روداوەکان دورن، تەنها روکەشی روداوەکان دەبینن. جگە لە کەسانێکی پسپۆر کە بۆیان رەخسابێت لە مەودایەکی نە زۆر نزیک، نە زۆر دور، چاودێری بارودۆخی عێراق بکەن، ئەستەمە کەسێکی تر بتوانێت لە تۆڕی ئاڵۆزی بەرژەندی و دونیابینی ئەکتەرەکان تێبگات و شیکردنەوەیان بۆ بکات. هەر لەبەر ئەمەشە ناوەندە زانستیەکان گرنگیەکی تایبەت بە مەودایی مام ناوەندی، نە زۆر دور نە زۆر نزیکی پسپۆرەکانیان دەدەن. بە پێی زانیاریەکانی من، ئەم جۆرە پسپۆڕ و ناوەندانە، نە لە عێڕاق نە لە کوردستان بونی راستەقینەیان نیە.

شیکاری و پێشبینی سەنگیین بۆ بارودۆخەکە دەبێت لەسەر بناغەکەی زانیاری دروست و متمانە پێکراو بێت، ئەگەرنا هیچ بەهایەکی زانستی و بابەتیانەی نیە و دەچێتە چوارچێوەی بیروبۆچۆنی کەسیی کە زیاتر پشت زانیاری پچڕ و پچڕ و ناتەواو دەبەستێت. ئەوەی ئێستا لە عێراق و کوردستاندا هەیە، زۆربەی بۆچون و هەلئێنجانی کەسیین. بێگومان بەشێک لە راستیان تێدایە، بەڵام گشتگیر نین و ناتەواون، چونکە مەرجەکانی شیکاری گشتگیر و فرەڕەهەندی، کە خۆی لە زانیاری دروست و متمانەپێکراو دەبینێتەوە، بەرجەستە نین.

عێراق بەرەو کوێ؟

بەهۆی کەمیی و سنورداربونی زانیاریەکان منیش ئەو نوسینەش هەمان کێشە و هەمان کەموکورتی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمومان دەمانەوێت تێبگەین کە لە عێراق چی دەگوزەرێت و وڵات بەرەو کوێ ملدەنێت.

هیچ گومانی تێدانیە کە نارەزایەتیەکانی ئێستای عێراق بە هۆی خراپی ژیان و بار و گۆزەرانی بەشە هەر زۆرەکەی هاوڵاتیانی عێراقە. بەرپرسیاری ئەم دۆخەش بێ هیچ گومانێک ئەو بازنەیەی دەسەڵاتن کە دوای رۆخاندنی رژێمی سەددام دەستەڵاتیان گرتۆتە دەست. هەرچەندە نالەباری بارودۆخی عێراق و نەهامەتی ژیانی هاوڵاتیانی کێشەیەکی بۆ ماوەیی درێژە کە رەگەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساتی ئابلوقەی ئابوری سەر رژێمی سەددام، بەڵام بازنەی دەسەڵاتداری دوای رژێمی سەددام نەک تەنها سەرکەوتو نەبون، بارودۆخەکە باشتر بکەن، بەڵکۆ زۆر خراپتریشیان کردوە. عێراق و کوردستانیان نوقمی گەندەڵی و مشەخۆریەکی وا گەورە کردوە کە چاکسازی تێیدا زۆر ئەستەمە.

لە کاتی نەبونی زانیاری دروست زۆر جار پشت بە گریمانە و ئەگەرەکان دەبەسترێن کە لە ئەزمونی هاوشێوە هەڵینجراون و لە واقیعەوە نزیکن. بۆ نمونە ئەگەر ئێمە هیچ زانیاریەکی تەواومان دەربارەی کەس ولایەنەکانی پشت خۆپیشاندانەکان نەبێت، ناچارین بە سود وەرگرتن لەو زانیاریە روکەشیانە و سنوردارانەی بەردەستن، سود لە ئەگەر و گریمانەکان وەربگرین بۆ شیکردنەوەکان. پێش هەمو شتێک گرنگە بزانین، خۆپیشاندەران کێن و چیان دەوێت. لێرەدا لە دو ئەگەرە کلاسیکیەکە دەستپێدەکەین؛ کە یان ئەوتا خۆپیشاندنەکان خۆرسکن و هیچ ئەجیندایەکی تایبەتی هێزە ناوخۆیی و دەرەکیەکانیان لە پشت نیە، یان بە دەست و ئەجیندایەکی هێزێک یان زیاتر لەهێزێکی دەرەکی یان ناوخۆی دەجولێنرێن. ئەگەری سێیەم تێەکەلیەکە لە ئەگەرەکانی یەکەم و دوەم. هەر یەکەو لەو ئەگەرانە دەرئەنجام و دەرکەوتەی جیاوازی دەبێت کە لە خوارەوە بە شێوەی سیناریۆ شیکردنەوەیان بۆ دەکەم.

ئەوەی تا ئێستا بە رۆکەش دیارە، داواکاری خۆپیشاندەرەکانە کە ئەگەر لە یەک رستە کورتی بکەینە، خۆی لە گۆرینی یان رۆخاندنی تەواوی ئەم سیستەمەی ئێستا دەبینێتەوە. ئەمە تەنها خاڵی جیاوازی شەپۆلی ئەم نارەزایەتیانە نیە لەگەڵ نارەزایەتیەکانی پیشوتر. خالێکی تری جیاوازی ئەم خۆپێشاندانە، نەبونی هیچ کەسایەتی و هێزێکی دیاری تەقلیدیە لە پێش خۆپیشاندانەکان. جگە لەوەش زۆربەی هێزە کاریگەرەکانی گۆرەپانی سیاسی، بە هێزە کوردیەکانیش خستۆتە باری شلەژان و زۆربەیان ئەگەر بە ئاشکراش دژایەتی خۆپیشاندەران نەکن، ئەوە پشتیان تێکردون. کاردانەوەکانی حکومەتی و هێزە ئەمنیەکان ئەم راستیەیان بە کردار سەلماند. بەپێ دوا ئاماری هێزە ئەمنیەکان 104 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زیاتر له‌ شەش هه‌زار كه‌سیش بریندار بون.

ئەم راستیانە هەرچەندە روکەشیشن، بەڵام ئاماژەیەکی زۆر رونن کە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت خالێکی وەرچەرخانە لە مێژوی عێراقی دوای روخانی سەددام. بە پێیی ئاماژە سەرەتایەکان ئەم روداوانە لە دەرەوەی ویست و ئێرادەی زۆربەی هێزە سیاسیە کاریگەرەکانی گۆرەپانی عێراقە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. لەبەر ئەوە ئەگەری دوەم گریمانەیەکی لاوازە، کە چەند کەسێک یان هێزێکی دیاری بەشداری پرۆسەی سیاسی لە پشت خۆپیشاندانەکان بن. هەرچۆنێک بێت دەتوانین بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەردو ئەگەرە کلاسیکیەکەی یەکەم و دوەم، لە ئەگەری درێژە کێشانیان یان دوبارەبونەوەیان لە ئەگەری سێیەم یەک دەگرنە، چونکە لەگەل بەردەوام بون و گەورەبونی و نارەزایەتەکان و خۆپیشاندانەکان، کەس و هێزی تر سواری شەپۆلی ئاڕاستەکە دەبن و دەچنە پاڵیان.

ئاماژەکانی پشت کاردانەوەکانی هێزە سەرەکیەکان و هێزە حکومیەکان و زانیاریەکانی میدیا ئەگەری یەکەم زۆر بە هێز دەکەن کە خۆپیشاندانەکان خۆرسکن و زادەی ئازار و نەهامەتیەکانی هاوڵاتیانی نارازیە کە هیچ بڕوا و ئومێدێکیان بە هێزەکانی گۆرەپانی سیاسی و بازنەی دەسەڵاتداری ئێستا نەماوە. لە ئەگەری راستبونی ئەم گریمانەیە دەکرێت دەرئەنجام و دەرکەوتەکان لەسێ سیناریۆ کورتبکەینەوە. سیناریۆی یەکەم ئەوەیە، کە خۆپییشاندانەکان بە هۆی نەبونی کەس و هێزی سەرەکی پەرت و بلاوبکرین یاخۆد لە رێگای هێز بە تەواوی سەرکوت بکرێن. دەرئەنجامی ئەم سیناریۆیە هەندێک بەلێنی سەرپێی و زارەکی دەسەڵاتداران و سپاردنی کێشەکانە بە داهاتو کە وەکو بۆمبێک بەردەوام لە گەورەبوندایە و هەر کاتێکی تر ئامادەیی تەقینەوەی گەورەتری هەیە. لە ئێستادا ئەگەری هاتنەدی ئەم سیناریۆیە زۆر بەهێزە، بە تایبەتیش کە ئەمرۆ بەراورد بە رۆژانی رابوردو ئارام بو. خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان هەر کەسیێکیان لە پێش یان لە پشت بێت، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کە چارەسەرنەکردنی کێشە کەڵەکەبوەکان زۆ یان درنگ دەبنەوە هۆی نارەزایی و تەقێنەوەی گەورتر و توندوتێژ تر. لەگەڵ هەر شەپۆلێکی تازەی نارەزایەکانیش متمانەی حکومەت و هێزەکانی بەشداری پرۆسەی سیاسی لای خەلک کەمتر دەبێتەوە.

لە ئەگەری بەردەوام بونی یان دوبارە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان لەوانەیە ئەم جارە چەند کەسایەتیەکی بەهێز یا هێزی کاریگەر بخزێنە ناو خەڵک و خۆیان بکەنە خاوەن و ئاڕاستەکەری خۆپیشاندانەکان. ئەمە دۆخێکی تازە دێنێتە ئاراوە کە لەگەڵ گریمانەی سێیەم یەکدەگرێتەوە. ئەوەش بە واتایە دێت کە خۆپیشاندانەکان هەرچەندە بە شێوەیەکی خورسکانە دەستیان پێکرد یان دەستپێدەکەن، بەڵام بە پێی کات، کەس و هێزی تر خۆیان دەکەنە خاوەن و هەوڵدەدەن ئاراستەکەی بە پێی ئەجیندای خۆیان بگۆرن. ئەمەش وێنەکە بە تەواوی دەگۆرێ دەشێوێنی. دەرئەنجامی ئەم ئەگەرە، جگە لە دوبارەبونەوەی سیناریۆی یەکەم، دەکرێت چەند سینارێۆیەکی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

لێرەدا حکومەت و تەواوی هێزەکانی بەشداری پرۆسەی سیاسی و دەسەڵات دەکەونە ژێر هەژمون و کاریگەری بارودۆخەکە و دەبێت خۆیان یەکلایبکەنەوە. لەم ئەگەرەدا، یان ئەوەتا سیناریۆی یەکەم دوبارە دەبێتەوە و حکومەت سەرکەوتو دەبێت لە کپکردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران. یان سیناریۆی دوەم دەست پێدەکات، کە خۆی لە مڵدانی حکومەت و هێزەکانی بەشداری پرۆسەی سیاسی بۆ داواکاری خۆپیشاندەران دەبینێتەوە. لەو دۆخەدا دەبێت حکومەت هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. ئەم سیناریۆیە بە هەمو کەم کوریەکانی هەمیشە باشترین سیناریۆیە بۆ دۆخی ئێستا، چونکە ئەگەر هاتو نارەزایەتیەکان بەردەوام بون و بەرەی حکومەت و بەرەی خۆپیشاندەران نەتوانن سەرکەوتو بن لە گەیشتن بە رێکەوتنێکی گشتگیر، ئەوا دەبێت چاوەڕێ دو سینارێوی هەرە ترسناک بکەین کە خۆیان تەنها لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پرۆسەی سیاسی و لە کارخستنی هەمو دەزگا دەستوریەکان نابێنێتەوە، بەڵکو فەوزایەک دێنێتە ئاراوە کە یان حوکمەتێکی سەربازی یان شەری ناوخۆی سەرتاسەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. سیناریۆی سێیەم هاوشێوەی نمونەی مورسیە لە میسر و چوارەمیش هاوشێوەی بارۆدۆخی سوریا دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.