سوتانی کورد لە بۆسەی بەرژەوەندی زلهێزەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 361 جار بینراوە

 ئارام مجید شەمێرانی

دیسان ئێمەی کورد هەم خۆمان و هەم خاکمان هەرزان فرۆش کراو فرۆشراین و دراینە دەست دوژمنێک هەمیشە تینوی خوێنی ڕۆڵەکانمان و تینوی دابەشکردنی خاکمانن، دیسان لەپەراوێزی کۆبوونەوەی سەرانی بەرژەوەندی خواز خراینە پەراوێزی هەموو بەهاو مافێک و خراینە دەرەوەی بازنەی مرۆڤبوون، ئاخر ئەوان بۆ تێنگەن:
بۆ هەر دەبێ دایکی ڕۆڵەی کورد سنگ بکوتێ و ڕوومەتی بڕنێ!
بۆ هەر دەبێ دایکی ڕۆڵەی کورد جەرگی بسوتێ و ڕەشی بپۆشێ!
بۆ هەر دەبێ دایکی ڕۆڵەی کورد خەندە لەلێوی بتۆرێ و خەم بنۆشێ!
بۆ هەر دەبێ دایکی ڕۆڵەی کورد دڵ بریندار و چاو پڕ فرمێسک بێ!
بۆ هەر دەبێ دایکی ڕۆڵەی کورد کوڕی بکوژرێ و ماڵی وێران بکرێ!.

زلهێزەکان دوای هەڵگیرسانی چەندان شەڕی ماڵ وێرانکەر و تاقەتپڕوکێن و ئابووری ڕوخێنەر!هێشتا تێر نەبوون،ئەوان لەپێناو خۆیان و میللەتی خۆیاندا ئامادەن دەست لەهەموو دروشمێکی ئاینی و مرۆیی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی هەڵگرن و چەندان نەتەوە بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان، ئەوان دونیا پەرستن و باکیان بەکوژرانی کوڕی خەڵک و سوتانی دڵی دایکانی خێر لەخۆ نەدیونیە!
ئەوان فێربوون و تێرنابن و خوێن ڕشتن بەرچاوی گرتوون، ئەوان حەزیان لەڕشتنی خوێنە،ئەوان حەزیان بەماڵوێرانی خەڵکی ستەم دیدەیە، ئەوان بازاڕێکیان بۆخۆیان سازداوە،لەم بازەڕە بێ وێژدانەیاندا هەموو شتیکی وەک ماف و ئازادی و دیموکراسی گرانە، تەنیا شتێک لەم بازەڕەدا زۆر هەرزان و بێنرخە ئەویش هەڕاج فرۆشی خوێنی ڕۆڵەی کورد و سوتانی جەرگی دایکی ستەم دیدەی گیان لەسەر دەستەکانی کوردە.
ئەوان لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان وا ڕێککەوتوون تەنها خوێنێک پێویستە بڕژێت خوێنی ڕۆڵەی کوردە، تەنیا خاکێک پێویستە بسوتێنرێت و وێران بکرێت خاکی کوردە،تەنیا ماڵێک شایەنی سوتان بێت ماڵی کوردە،تەنیا دایکێک شایستەی جەرگ سوتان بێت دایکی کوردە،ئاخر ئەوان بۆ تێناگەن ئێمەش وەک ئەوان مرۆڤین و شایستەی ژیان و خۆشگوزەرانین،ئێمەش وەک ئەوان مافی ژیان و مرۆڤبوونمان هەیە.
ئەوان فێربوون و تێرنەبوون، ئەوان فێرن چەندساڵ جارێک شەڕێک هەڵگێرسێنن لەسەرخاکمان بۆ وێرانکردنی ماڵمان، ئەوان فێربوون هەرچی چەکێکە لە جەستەی نیشتیمان و جوانیمان تاقیبکەنەوە، ئەوان تێرنەبوون لەڕژانی خوێنی کۆرپەی باوەشی دایکێکی خێر لەخۆنەدیو، تێرنەبوونی لە بینینی ساتەوەختی سوتان و مردنی کۆرپەیەکی تێر لەشیرنەبوو! ئەوان تێر نەبوون لەوەی کارەسات نەما بەسەر ئەم میللەتە هەژارەی نەهێنن،ئەوان تێرنەبوون لەسوتانی وەرزی جوانی و سەوزایی وەرزی بەهارمان، ئەوان تێرنەبوون و فێرنەبوون لەشێوازی کوشتن و لەنێوبردنمان، ئەوان تێرنەبوون لەسڕینەوەی ژیانمان، بۆ لەنێوبردنیشمان جیاوازی لەنێو وەرزەکانیش ناکەن،بۆ ئەوان گرنگ ئەوەیە ئێمەی کورد بوونمان نەبێت و لەنێو مێژووی مرۆڤایەتی بسڕێینەوەو هەمیشە لەبۆسەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بسوتێین.
تاوانی ئەم هەمووە کارەساتە جەرگبڕە ماڵوێرانکەرە خاکسوتێنەرەی بەسەرمان دێنن تەنها کوردبوونەو و کوردبوون. بەڵام ئەوان تێناگەن و فێرنابن لەوەی کە ئێمە
بۆ هەمیشە دەڵێین:

داگیرکەری دڵ پڕ لەقین
دڕندەی بێ ویژدان و دین
ناتوانی وابکەی کورد نەبین
هەر کورد بوین و هەر کورد ئەبین
نە عارەبم نە ئێرانیم
نە تورکێکی شاخستانیم
نەک هەر بۆخۆم مێژوش ئەڵێ
کە کوردم و کوردستانیم

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.