ڕۆژئاوا لەبەردەم جەنگى کەوتن و مانەوەدا

لەلایەن ستاندار Posted on 1505 جار بینراوە 0 سەرنج
135

بەهرۆز عیزەت

(هیگڵ) مێژووى شارستانێەتى وەکو “قەسابخانە خۆێناوییەکان ” دەبینێ کە ساڵێک نییە بەبێ جەنگ تێپەڕ بووبێت. بۆیە جەنگ بەشیکى گرنگ و کاریگەرە لە مێژووى مرۆڤایەتى، یەکەم هەنگاوەى مرۆڤایەتى بە جەنگ دەست پێ دەکات، لەهەمان کاتدا یەکەم ساتى دانانى بەردى بناغەى یەکەمین شارستانییەت لە دەرەنجامى جەنگ هاتۆتەبوون. بەو مانایەى جەنگ یەکێکە لە ڕەفتارە کۆن و مێژووییەکانى مرۆڤایەتى، جەنگ بەواتاى سیاسەتکردن بە شێوەیەکى خوێناوى و لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنى قازانج و زیان بڕیارى لێدەدرێت. ئاشکرایە میکانیزم و هۆکارەکان و ئامانج وجۆر و شێوازەکانى جەنگ جیاوازن.
چەندین رێککەوتنامەو یاسا و رێساى نێودەوڵەتى سەبارەت بە جەنگ فۆرمەلە کراون و وڵاتان لەسەرى ریککەوتوون، ئەمەش ماناى وایە کە جەنگ هەر بەردەوام دەبێت. بەڵام بەلایەنى کەم دەکرێت سنوریک بۆ جەنگەکان دابنرێت. لەسەر ئەم ئەساسە دەتوانین بڵێن جەنگ بۆتە بەشێک لە مێژووى مرۆڤایەتین ئەمە لەلایەک، لەلایەکى تریش جەنگەکان زۆربەى قۆناغەکانى مێژووى مرۆڤایەتى لێکجیادەکەنەوە، زۆربەى نەتەوەکان و شارستانییەتەکان بەهۆى جەنگەوە بەهێز و لاواز و تەنانەت هەندێکیان لەناویشچوون، هەروەها بەهۆى جەنگەوە شارستانیەت و دەوڵەتى نوێ هاتوونەتە ئاراوە، کەواتە جەنگەکان بەدریژایى مێژووى مرۆڤایەتى ئاڵۆگۆر و گۆڕانکاریان پێک هێناوە، کاریگەرى خێرا و گەورەیان دروست کردووە. سەبارەت بە کورد و پەیوەندى بە مێژژوى شەڕ و جەنگەکان، بەدریژایى مێژوو کورد ڕووبەڕووى جەنگ بووتەوە، زۆربەى هەرە زۆرى جەنگەکانى کوردیش جەنگى بەرگریکارى بوونە .
سەرەڕاى ئەوەى کە جەنگەکان کاولکارى و کۆمەڵکوژى و کارەساتى گەورەیان بەسەر کوردا هێناوە، بەڵام لەبەرامبەریشدا جەنگەکان هۆکارى ئەوە بوونە کە کوردیان بە زیندوویى هێشتووتەوە، هەمیشە جەنگەکان هۆکارى ئەوە بوونە کە کورد لەناو هاوکیشە نێودەوڵەتیەکان بێت، نموونە لە جەنگى دژى تیرۆر. هەروەها دەتوانین بڵێن هەموو ئەو دەستکەوتانەى کە کورد بە دەستى هێناوە لە دەرئەنجامى جەنگەوە بووە. لە گرنگترین ئەو دەستکەوتانە ئازادکردنى باشوورى کوردستان و بەدوایدا ئازادکردنى ڕۆژئاواى کوردستان بوو کە وڵاتانى دراوسێى کوردستان ئەو دوو هەرێمە بە مەترسى گەورە دادەنین لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى خۆیان. بۆیە بەردەوام هەوڵى لاوازکردن و لە ناوبردن ئەو دوو هەرێمە دراوە بەتایبەتى رۆژئاواى کوردستان، چونکە باشوورى کوردستان بەتەواوى بۆتە ئەمرى واقع، بەتایبەت تۆرکیا ڕۆژئاواى کوردستان بە مەترسیکى گەورە ئەبینیت لەسەر ئاسایشى تۆرکیا بۆیە هەر لە رۆژى ئازادکردنى رۆژئاواوە تۆرکیا هەولى لەناوبردنى دەست کەوتەکانى گەلى کورد ئەدات لە دیارترینیان داگیرکردنى عەفرین بووە وە لە ئیستاشدا تۆرکیا هەڕەشەى داگیرکردنى تەواوى ڕۆژئاواى کوردستان ئەکات جەنگى راگەیاندەوە.
ئاشکرایە کەنابەرابەریکى زۆر هەیە لە نێوان تۆرکیا و رۆژئاوى کوردستان لەهەموو ڕوویەکەوە،سووپاى تۆرکیا بەیەکێک لەبەهێزترین سوپاکانى جیهان دادەنرێت لە ڕووى قەبارەو و تواناوە دووەم هێزى (ناتۆ)یە. بەڵام لەگەل هەموو ئەوانەشدا ئەگەر هێرشى ئاسمانى نەکرێت بەرەو پێش چوونى سوپاى تۆرکیا زۆر زەحمەت دەبێت ،چونکە ڕۆژئاوا تا رادەیەکى زۆر باش ریکخراوە لە ڕووى سیاسى و سەربازییەوە دەبێت هەر لە زووەوە حسابى ئەوە کرابێت یاخۆد ئەگەریکى وا کرابێت یاخۆد ئامادەکارى باش کرابێت ،
هەروەها ڕۆژئاوا خاوەنى هێزیکى سەربازى مەزن و کاریگەرە کە خاوەنى ئەزموون و بیروباوەریکى مەزنن و جەنگاوەرى زۆر باشن هەرچەندە بەراورد ناکرین بە سووپایکى وەکو تۆرکیا بەڵام ڕێگایکیان گرتووتەبەر گەڕانەوەى نییە ئەوەیش ڕیگاى سەربەخۆییە.
لەگەل هەموو ئەمانەشدا گریمانى ئەوە دەکرێت کە وڵاتان بە زووى بێنە سەر خەت و (ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەولەتى) بڕیاریکى هاوشیۆەى باشوورى کوردستانى کە لە سالى 1991زدا بەسەر ڕۆژئاواشدا بدرێت. چونکە تا ئیستا بە ئاشکرا هێچ ولاتێک پشتگیرى تورکیا ناکات و هەروەها هەموو ڕومالى جیهان لەسەر ڕۆژئاوایە، چونکە مەترسیکى زۆر گەورە چاوەریى دەکرێت جەنگى ناو شارەکان کاولکارى و کۆمەلکوژى گەورە بەدواى خۆیدادینێت ،لەگەل هەموو ئەمانەشدا ئەگەر ئەم جەنگە بکریت جەنگى کەوتن یان مانەوەى کوردانى ڕۆژئاوایە.لەئیستادا بژاردەکانى بەردەم گەلى کورد لە ڕۆژئاودا زۆر لاوازن ،وەکو هەموو جار دیسان سەرکردایەتى کورد لە رۆژئاواش کارتەکانى بەتال دەرچوون ،بە حسابى ئەوەى یاریکى سیاسى ئاقلانە دەکەن بەلام دیسانەوە کورد بەتەنیا مایەوە ،ئەمریکا و رووسیا وئیران ڕۆژئاوایان بەم بارودوخە گەیاندن ،لە ئیستادا باشترین بژاردە بەرگریکردنە تا وەکو کومەلگاى نێودەوڵەتى بە دەنگ دێت،بژاردەى دواتر فشارى پەکەکەیە دەکریت (پەکەکە)جەنگ بەگۆازیتەوە ناو تۆرکیا بەلام ئەو بژاردەیەش بەهێز نییە چونکە ماوەى سالیکە پەکەکە لە بارۆدوخیکى خراپ دایە ،بژاردەى کۆتایش ریککەوتنە لەگەل رژیمى سوریا .
بەڵام ئەنجامى ئەو جەنگە هەرچى بێت، زانستى سیاسى ئەوەمان پێ دەڵێت کە، ئەو سەرۆک و سوپایەى کە هەڵگرى بەها ویژدانە مرۆڤایەتییەکان نین و پابەندى یاسا و رێساکان نین، ئەو سەرۆک و سوپایە زوو بێ یان دەرنگ خۆى شکستخواردوو دەکات، هەرچەند ئەگەر سەرکەوتن و دەستکەوتیشى هەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *