هەڵەکان و ئەنجامی کوشندە لەکەیسی ئامانج بابانیدا

لەلایەن ستاندار Posted on 284 جار بینراوە

ئارام هادی

بەشێک لە هەریەکە لە (میدیا+ڕۆژنامەنوس)، لەسەر و هەموویانەوە خودی NRT لەکەیسی خۆکوژی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەیدا، ڕۆڵی خۆیان لەبیرکرد و لەبری پۆلیس لێکۆڵینەوەیان کرد و لەبری دادوەریش بڕیاریاندا و کەوتنە هەڵەیەکەوە کە ڕەنگە دەرئەنجامەکەی بۆ هەردوو بنەماڵە کوشندەبێت.

کەناڵی NRT لە لەحزەی یەکەمی خۆکوژیەکەدا وابڵاوی دەکاتەوە کە کارەکە تیرۆرستیە!!، لەکاتێکدا (ڕاستگۆیی) یەکێکە لەدروشمە سەرەکیەکانی ئەو کەناڵە، ئەو بەشەش لە ڕۆژنامەنوسان و سەنتەرەکانی بەرگریکردن لەمافی ڕۆژنامەنوس، سواری شەپۆلەکەبون و لەبێ ئاگایی خۆیان بێت یا مەبەستدار شرۆڤەکانیان ڕایگشتی ترساند.

سەرباری ئەمانەش بەبێ ڕەچاوکردنی ڕووە کۆمەڵایەتیەکەی ئەم بابەتە، لەمیدیاوە فشارێکی زۆریان خستە سەردەزگا ئەمنیەکان و هەرکاکە و پەنجەی تۆمەتی ڕوو لە لایەک دەکرد، گەر ئەم فشارە میدیاییە نەبوایە ڕەنگە پۆلیسی سلێمانی پێویستی بەوە نەبوایە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریەکەی بڵاو بکاتەوە، چونکە سروشتی ڕوودانی ئەم جۆرە لە خۆکوژی پێویستی بە کەشێکی بێدەنگه تا ڕووداویتری نەخوازراوی هەردوو بنەماڵەی لێنەکەوێتەوە.

لەم کەیسەدا کەناڵی NRT و بەشێک لەمیدیاکانیتر و ڕۆژنامەنوسان و سەنتەرەکانی بەرگری لە ڕۆژنامەنوس و حکومەت و پەرلەمانیش کەوتنە هەڵەیەکەوە، ڕەنگه دەرئەنجامی ئەم هەڵەیە کەسانێک لە هەردوو بنەماڵە باجەکەی بدەن، پێویست بو لە دوای ئاشکراکردنی وردەکاری ئەم کردە خۆکوژیە ئەو کەسانە داوای لێبوردن لە پۆلیس و هەردوو بنەماڵە و ڕایگشتی بکەن بەداخەوە ئەمە نەکرا، بەڵام لەدوای ڕاگەیەندراوەکەی بنەماڵەی خوالێخۆشبو خاتو (لانە)وە هیچ پاساوێک بۆ ئەو کەسانە نەماوەتەوە جگە لەداوای لێبوردن.

پیشەی ڕۆژنامەوانی و میدیا ئەوەنیە هەموو بابەتەکان ڕابگەیەنێت، چونکە بڵاوکردنەوەی هەندێک بابەت هەندێک جار دەبێتە هۆکارێک بۆ لێکترازانی هەتاهەتایی نێوان دووبنەماڵە، ئەگەریش زۆرە کارەساتێک بەدوای خۆیدا بێنێت زۆر قورستربێت لە سەرەتای کارەساتەکەی یەکەم جار.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.