پارتی لە كوێدا پێویست بێت خۆی ده‌گۆڕێت

لەلایەن ستاندار Posted on 637 جار بینراوە

دانا مەنمی

پارتی له‌ یاریگای سیاسه‌تدا یاریزانێكی لێزانه‌ دیمه‌نی سیاسی جوان نمایش ده‌كات و زوو زوو خۆی ده‌گۆڕێت و خه‌ون و ئومێد بۆ لایه‌نگرو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی دروست ده‌كات و دواتریش هه‌ربۆخۆی ئه‌و خه‌ون و ئومێده‌ له‌بارده‌بات و دڵی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی زویرده‌كات ، له‌چركه‌ ساتێكدا مژده‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نێت و له‌ چركه‌ساتێكی تر ئومێدو خه‌ونی ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌بات و ده‌گۆڕێت بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌ی خاكی عێراق ،له‌ چركه‌كانی دواتردا سازش له‌سه‌ر قه‌واره‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بۆ عه‌لاوی ده‌كات له‌ پیناو مانه‌وه‌ی خۆیاندا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ، ئه‌وه‌ی پارتی ده‌یكات كۆمیدیای سیاسیییه‌، كاتێك پارتی لایه‌نگرو جه‌ماوه‌رو قه‌له‌مبه‌ده‌ستان ! هاندەدات بۆ دژایەتیكردنی فڵانه‌ هێزو فڵانه‌ كه‌سایه‌تی سیاسی جا چ كورد بێت یان عه‌ره‌ب لە كۆتایدا سەركردایەتی و بنكردایه‌تی پارتی تەسلیمی بەرامبەر دەبێت و لایەنگرانی بەتەنیا جێ دەهێڵێت ،ئه‌وه‌ پێی ده‌وترێت (دوو ڕووی له‌سیاسه‌تدا) دواجار ئه‌م جۆره‌ عه‌قڵییه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی پارتی هه‌ڵگری ئیرادەیه‌كی لاوازه‌و تەنیا لایه‌نگرو جه‌ماوه‌رو قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی خۆی ده‌خافڵێنێت .

پارتی له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك زۆر قسه‌بكات بێ هۆكار نییه‌ و ئامانجێكی حیزبی ده‌ستكه‌وتێكی شه‌خسی له‌پشتی ئه‌و قسانه‌یه‌ كه‌ ده‌یكات ، له‌بابه‌تی كوردایه‌تیدا پارتی هه‌میشه‌ خۆی پێ مامه‌خه‌مه‌ی كوردایه‌تییه‌و ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ بكاته‌ پاڵه‌وانی كوردایه‌تی ، له‌باره‌ی كه‌ركوكیشه‌وه‌ به‌ناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆخی ئاسایی هێرشێكی ناڕه‌وای به‌ئه‌نقه‌ست له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامی كه‌ركوكییه‌كان دروست كردووه‌ و ژێر به‌ژێریش له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی گروپی گێره‌شێوێنه‌وه‌ ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ تێكچوونی دۆخی ئه‌منی شاره‌كه‌ ، خۆئه‌گه‌ر له‌باره‌ی حه‌شدی شه‌عبیشه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك ئاورێك بده‌ینه‌وه‌ كه‌ پارتی ئه‌و هه‌موو قسه‌یه‌ی كرد ،دواتر خۆی له‌گه‌ڵی ڕێككه‌وت وله‌ پشتی په‌رده‌وه‌ سه‌ردانی هه‌موو سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌ له‌ به‌غدا وهه‌تا ده‌زگایه‌ك (شه‌ریكه‌یه‌ك)ی گه‌وره‌ی له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و نیشته‌جێكردن ڕاده‌ستی ده‌زگای حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌ ،لای پارتی داستانی پردێ و سحێلا و ته‌لسقۆف گوزارشت بوو له‌ خۆنه‌چه‌ماندن ! له‌كاتێكدا له‌ پشتی ئه‌م ترافیكی خۆنه‌چه‌ماندنه‌وه‌ وه‌فدێكی پارتی به‌سه‌رۆكایه‌تی ڕۆژ نوری شاوه‌یس له‌گه‌ڵ عوسمان غانمی سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عیراق كۆده‌بێته‌وه‌ و داواده‌كات كه‌ هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر شاری‌ هه‌ولێر! حه‌شدی شه‌عبی لای خۆیانه‌ به‌ وه‌فده‌كه‌ی پارتی ده‌ڵێن : ترستان نه‌بێت به‌هیچ شێوه‌ك ڕوو له‌هه‌ولێر ناكه‌ین، به‌ڵكو ده‌چنه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ پێش ساڵی‌ ۲۰۰۳ به‌ده‌ست حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ بووه‌ .

پارتی له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا به ‌ئیستیحقاقی خۆی نزیکه‌ی ۲۰%ی پۆسته‌کانی مووسڵی به‌رده‌که‌وێت به‌ڵام ڕێککه‌وتنی ژێربه‌ژێری کردووه‌ له‌گه‌ڵ کوتله‌ی میحوه‌ر (خه‌میس خه‌نجه‌ر) و کوتله‌ی (سه‌نه‌د وه‌ته‌نی) که‌ سه‌ر به ‌حه‌شدی شه‌عبین و له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌شدا پشکه‌کانی زۆر زیاد کراوه‌و پشكی لایه‌نه‌كانی تریش له‌ نه‌ینه‌وا وه‌ك خه‌ڵات پێ به‌خشراوه‌ ،هه‌ریه‌ك له‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر و ئه‌بو مازن و فالح فه‌یازو مەسعود به‌رزانی رێكه‌وتبون كه‌ پارێزگای نوێ له‌ لایه‌ن ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسه‌وه‌ به‌ پشتیوانیی پارتی دابنرێت ، لای خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د جبوری ناسراو به‌ ئه‌بو مازن سه‌ركرده‌ له‌ ته‌حالوفی میحوه‌ری وه‌ته‌نی، له‌ چاوپیكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌لێت :”رێككه‌وتنمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی وتوانیمان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی و هاوپەیمانی بنیاتنان سه‌ر به‌ هادی ئەلعامری و حه‌شدی شه‌عبی پارێزگاری موصڵ وه‌ربگرین .

پارتی له‌كه‌ركوك خواستی هه‌بووه‌ هەمان سیناریۆی پارێزگای موسڵ دوباره‌ بكاته‌وه‌، راكان جبوری پارێزگای سه‌پێنراوی كه‌ركوك كه‌ ماڵی له‌ هه‌ولێره‌ و پەیوەندی ئه‌منیی له‌گه‌ڵ پارتی زۆر باشه‌ له‌ هه‌مان به‌ره‌ی ئه‌بومازن و مه‌سعود به‌رزانیدایه‌ ، هه‌ربۆیه‌ پارتی نایەوێت تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پارێزگارێكی نوێ لە كەركوك دابنرێت ، به‌مه‌ش به‌به‌ردێك دوو ئامانج ده‌پێكێت له‌لایه‌ك لەبەر ئەوەی یه‌كێتی له‌ كەركوك خاوه‌نی نفوزو پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌ ،بۆیە پارتی نایەوێت جارێكی دیكە ئەو دەسەڵاتەی یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ كەركوك ، له‌لایه‌كی تریش كادره‌كانی پارتی له‌ كه‌ركوك لە هەموو شوێن و جومگەکان ،لە قەزاو ناحیەکان، لە پۆلیس لە پەروەردە لە ئۆڵمپی و لە هەمو شوێنەکان دەوام دەکەن، تەنها لە ئەنجومەنی پارێزگا ده‌وام ناكه‌ن ،مانگانە له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌چن موچەو نەسریەکانیشیان وەردەگرن و هیچ دەوامێک ناکەن ، ئه‌مه‌ش جۆریكه‌ له‌ یاریكردن و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ڕاكان جبوری له‌ كه‌ركوكدا و به‌شێكیشه‌ له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی ئیقلیمی له‌ نێوان قه‌ته‌ر و توركیا و پارتی خوازیاری مانه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوكن تا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.

مامه‌ڵه‌ی میدیای پارتی هیچ كات مامه‌ڵه‌یه‌كی زانستی و واقیعی نه‌بووه‌ ، نه‌یتوانیوه‌ وێنه‌كان وه‌كو خۆی بگوازێته‌وه‌ به‌ڵكو ڕوانگه‌یه‌كی گۆڵبزانه‌ بووه‌و ماشێنه‌كانی میدیای پارتی به‌ پروپاگه‌نده‌ی سیاسی و ترس و بڵاو‌كردنه‌وه‌ی ‌ئیرهابی فكری دیمه‌نه‌كانی گواستووه‌ته‌وه‌ ،هاوته‌ریب به‌ دیوكه‌ی تردا له‌پاڵ موزایه‌ده‌و پروپاگه‌نده‌ی سیاسی لێدان و نابووتكردن و به‌شه‌یتانكردنی ئه‌ویتربووه‌ ، پارتی هەرجارەو كراسێكی جیاوازی پۆشیووه‌ ،جارێك شینی عومەر دەكات و جارێكیش شینی عەلی ، جارێك لەبەرەی شیعەیە و جارێكیش لەبەرەی سووننە ، جارێك هەواداری ئیمام حوسێنە و جارێكیش هەواداری عومەرو عوسمان ،جارێك مالیكی یە و جارێكیش سەدری ، جارێك عەبادییەو جارێكیش حەكیمی ، جارێك عامری یەو جارێكیش قاسمی ، له‌ كوردستانیش جارێك له‌به‌ره‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ دژ به‌ یه‌كێتی ، جارێكیش له‌به‌ره‌ی یەكێتی یە دژ به‌ گۆڕان ، لە كوێدا پێویست بێت خۆی بگۆڕێت دەگۆڕێت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.