هەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسی هەموارکردنەوەی دەستور

لەلایەن ستاندار Posted on 436 جار بینراوە

د.خامۆش عمر عبدالله
لە سەرەتای دانانی ڕەشنوسی دەستوری عێراقی لە ساڵی 2005 سوننەکان بایکۆتی پڕۆسەکەیان کرد، دواجار لە ژێر فشاری ئەمریکیەکان توانرا سوننەکان ڕازی بکرێن لە بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە، چونکە بەشدارینەکردنیان لە پڕۆسەکە ڕەنگە شکستی بە هەوڵی نوسینەوەی دەستور دەهێنا، بەڵام ئەوان بە مەرج ڕازی بوون کە بەشداری لە پڕۆسەکە بکەن، مەرجی ئەوانیش ئەوە بوو کە دەبێت لە سەرەتای خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران، پێداچونەوە بە دەستورەکە بکرێت و هەمواربکرێتەوە، ئەوە بوو ڕەشنوسە سەرەتاییەکەی دەستور لە (138) ماددە پێکهاتبوو، دواتر چەند ماددەیەکی بۆ زیادکرا لە وانە ماددە (142) کە لە سەر داوای سوننەکان بوو.
ماددە (142) هیچ میکانیزمێکی بۆ شێوازی بڕیاردان لە نێو خودی لێژنەکە، لە بارەی پێشنیاری هەموارکردنەکە دیاری نەکردووە، بەڵکو تەنها ئاماژەی بە چۆنیەتی پێکهێنانی لێژنەکە کردووە، تەنانەت ژمارەی ئەندامەکانیشی دیاری نەکردووە.
دادگای ئیتحادی باڵاش لە بڕیاری ژمارە (54/اتحادیە/ 2017)ی (22/5/2017) هەڵساوە بە شیکردنەوەی هەردوو ماددەی (126) و (142)، بڕیارەکەی دادگا ئاماژەی بەوە کردووە کە جێبەجێکردنی ماددە (126)ی دەستور لە کاتی پێشکەشکردنی پێشنیاری هەموارکردنی ماددەیەک یاخود زیاتری ماددەکانی دەستور ئەنجام نادرێت، تا پێشنیاری ئەو هەموارکردنانە ئەنجام نەدرێت، کە ئەو لێژنەی دەقی لەبارەیەوە هاتووە لە بڕگەی (یەکەم) لە ماددە (14)ی دەستور بەگوێرەی ئەو ڕێوشوێنانەی لە ماددەکە هاتووە.
پێشتریش دادگای ئیتحادی باڵا لە بڕیاری ژمارە (119/ اتحادیە/ 2015) بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەو بابەتە داوە.
کەواتە ئەولەویەت بۆ هەموارکردنی دەستور، ئەوەیە کە دەبێت سەرەتا کار بە ماددە (142) بکرێت ئینجا دواتر کار بە ماددە (126) دەکرێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش کۆمیتەیەکی پێداچونەوەی دەستوری پێکهێنابوو، ئەو کۆمیتەیە لە (27/7/2009) “ڕەشنوسی کۆتایی هەموارکردنی دەستور”یان پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، لە ناوەڕۆکی ئەو ڕەشنوسە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ئەو کۆمیتەیە نەیتوانیوە هەندێک بابەت یەکلایی بکاتەوە، هەندێک بابەتیش زیاتر لە بۆچونێکی لەبارەیەوە تۆمارکراوە، داواشیان کردووە بەسەر پەرلەمانتاران دابەش بکرێت، تاوەکو تێبینیەکانی خۆیان لە بارەیەوە تۆمار بکەن، کەواتە میکانیزمی کارکردنی ئەو کۆمیتەیە دەبێت ڕوون بکرێتەوە، چونکە میکانیزمی کارکردنیان و شێوازی یەکلایکردنەوەی پێشنیارەکان دیار نیە.
وا باشە بەر لە دەست بەکاربوونی لێژنەکە، کورد پێداگری بکات کە پێشنیاری لێژنەکە لە بارەی هەموارکردنەکە بە سازان بێت، ئەگینا دواتر دەکەوینە ژێر ڕەحمەتی زۆرینەو کەمینە لە بارەی یەکلایکردنەوەی بابەتەکە.
بە گوێرەی بڕگە یەکەمی ماددە (142) (کە ئیستسنایە لە ماددە 126ی دەستور تایبەت بەهەموارکردن)، ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرەتای کارکردنی لێژنەیەک لە ئەندامەکانی کە نوێنەرایەتی پێکهاتە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەی عێراقی دەکەن، پێکدەهێنێت بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک، لە ماوەیەک کە لە چوار مانگ تێپەڕنەکات، ئەو لێژنەیە ڕاسپاردە پێشکەش دەکات لە بارەی پێشنیاری هەموارکردنی بڕگەکانی دەستور، بە گوێرەی بڕگە دووەمی هەمان ماددە تەواوی (هەموو) ڕاسپاردنی پێشنیاری هەموارکردنەکە، بە یەک پاکێج پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەری، بە ڕەزامەندی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن پەسندکراو دادەنرێت.
دواتر بە گوێرەی بڕگە سێیەمی هەمان ماددە پێشنیاری هەموارکردنەکە، دەخرێتە ڕیفراندۆمی میللیەوە، لە ماوەیەک کە لە دوو مانگ تێپەڕنەکات لە ڕێکەوتی پەسندکردنیەوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەش، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕیفراندۆمەکە سەرکەوتوو دەبێت لە بارەی هەموارکردنەکە، ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران دەنگیان بۆ دابوو، و دوو لەسەر سێی سێ پارێزگا یاخود زیاتر ڕەتیان نەکردەوە.
ئەگەر سەرنج بدەینە بڕگە دووەمی ئەو ماددەیە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پێشنیاری هەموارکردنەکە، هەمووی بەیەکەوە بە یەک پاکێج پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدات، واتە دەنگدانەکە لە سەر ماددە ماددە و بڕگە بە بڕگەی هەموارکردنەکە نابێت، یا ئەوەتا هەمووی ڕەت دەکەیتەوە، یا ئەوەتا بەهەمووی ڕازی دەبیت، ئەوەش بە دڵنیاییەوە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر قوڕسە، چونکە ئەگەر ڕەتی بکاتەوە وەک ئەوەی لە بڕگەی چوارەمی ماددەکە ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە، بە واتایەک لە واتاکان ڕەنگە وا لێکبدرێتەوە کە دژی داواکاری خۆپیشاندەرانە، چونکە هەموارکردنی دەستور یەکێکە لە خواستەکانیان.
ڕاستە ئەو ماددەیە گەرنتی بە هەرێمی کوردستان داوە بۆ مەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی هەموارکردنی دەستور، بەڵام ئەمە لە دۆخێکی ئاساییە، ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ دۆخێکی نائاساییە، بەمەش هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو بەرداشدا دەبێت، یا ئەوەتا ڕەتی بکاتەوە، یا ئەوەتا قەبوڵی بکات، لە هەردوو حاڵەتیشدا، کارەکە ئەستەمە، قەبوڵکردنی هەموارکردنەوەی دەستور بە واتای بچوککردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان، چونکە وەک ئەوەی باس دەکرێت ئەو پێشنیارانەی هەیە بۆ هەموارکردن ناوەڕۆکی دەستورەکە دەگۆڕێت، باس لە گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەوە تەنها گۆڕینی ماددەیەک نیە و بەس، بەڵکو دەستکاریکردنی تەواوی ئەو ماددانەیە کە پەیوەندارن بە هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی یاسادان و جێبەجێکردن، بە واتایەکی تر، دەسەڵاتێکی ئیتحادی بەهێزت هەبێت لە مەرکەز، کە هەیمەنەی بسەپێنێ بە سەر تەواوی عێراق، بەمەش دەسەڵاتی هەرێمەکان لاواز دەبێت و تەنانەت جۆری سیستەمەکەش وەک سیستەمێکی فیدرالی ڕەنگە ڕووبەڕووی سڕینەوەی تەواو بێت.
هەموو هێز و لایەنە سیسیەکانی عێراق سەرباری جیاوازیەکانیان بەڵام کۆکن لە بارەی هەموارکردنەوەی دەستور، کورد دەبێت لە ئێستادا بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات، بەشێوەیەک دەبێت سازانێک بکرێت ئەگینا ئەو هەمووارکردنە زۆر مەترسیدار دەبێت لەسەر پێگەو دەسەڵاتەکانی هەرێم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.