ژەنراڵ ساعدی دەکرێتە سەرۆکی حکومەت

لەلایەن ستاندار Posted on 321 جار بینراوە

هونەر تۆفیق

عەبدولوەهاب ساعدی ، ژەنراڵی دژە تیرۆری لەسەر کار لادراو ، دەکرێتە چارەسەری فیرقە ناکۆکەکانی حوکمڕانی لە عێراقدا .
ئەم ژەنراڵە ، لە ئێستادا بەدڵی هەموو لایەنەکانە . لای شیعەکان خۆشەویستە لەبەر ئەوەی سەخترین شەڕی لەدژی داعش ئەنجامدا . لای سونەکانیش قبوڵ دەکرێت ، چونکە تەنیا جەنگاوەری حکومەتی شیعەکان بوو ، لە جەنگەکانیدا تۆڵەی لە سونەکان نەکردۆتەوە و ڕێزی زۆری لێدەگرن . پەیوەندی تایبەتی بە کوردەکانەوە هەیە ، کاری هاوبەشیان پێکەوە ئەنجامداوە لەدژی داعش . لە ڕۆژی دووەمی کەوتنی کەرکوکدا ، ساعدی بەبێ هیچ ئیستفزاز و گیڤبوونەوەیەک چووە ناو کەرکوکەوە و بەناو خەڵک و بازاڕەکەیدا سوڕایەوە . زۆرترین هاوسەنگەری لەگەڵ سوپای ئەمریکادا هەبوو لەشەڕی داعشدا ، لەهەمان کاتدا میحورەکانی لەگەڵ ئێرانیەکاندا دابەشدەکرد بۆ بەریەک نەکەوتنینان لەگەڵ ئێرانیەکاندا . جێگەی تەقدیری سوپای عێراقە و دۆستی سەرکردەکانی حەشدی شەعبیشە . نزیکایەتیەکی تایبەتی لەگەڵ موقتەدا سەدردا هەیە .
بۆ جێبەجێکردنی داخوازیەکانی خۆپیشاندەران کە سەدر بە گەرمی لەگەڵیاندا هاتۆتەپێشەوە ( وەک هەمیشە سەدر فرسەت لەدۆخەکە دەگرێت و بەقازانجی خۆی دەیقۆزێتەوە ) لەگەڵ هادی عامریدا کۆکە بۆئەوەی عادل عەبدولمەهدی – سەرۆک وەزیران لە حکومەت دوربخەنەوە .
بەهێزترین چارەسەر لەنێوان هەموو فیرقەکاندا ، ژەنراڵ ساعدیە کە سەدر و سونە و شەقامی عێراقیش پەسەندی دەکەن .
بەڵام ساعدی چەندە چارەسەری قەیرانی خستنی حکومەتە ، دوو هێندەش بێدەستەڵات دەبێت لە چارەسەری قەیرانە قوڵەکانی عێراقدا . ناتوانێت ببێتە چارەسەری پرسی ریفۆرم لە عێراقدا . ئەوانەی هیوایان بە ریفۆرمە لە عێراقدا ، لەوە تێدەگەن کە مەترسی عەسکەر بۆ داهاتووی حکومەتی مەدەنی لە عێراقدا چەند هەستیار و ئالۆزە ؟!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.