ئامادەکردنی: کەرکوک ئەحمەد
هەڵبژاردنی هاوسەر بە دڵی خۆی، ڕەنگە لە سەرەتایترین مافەکانی ئافرەت بێت، بەڵام زۆرجار ئافرەت بەهۆی ئەوەی ئەو مافهی خۆی پیادە دەکات و ئەو کەسە هەڵدەبژێرێت کە دڵخوازی خۆیەتی، ڕووبەڕووی بەرەنگاری خێزانەکەی دەبێتەوە؛ لەکۆتاییدا دەکرێت بەهۆی پیادەکردنی ئەو مافەی، پاڵپشتی خێزانەکەی لەدەست بدات و خێزانەکەی بۆ هەتا هەتایە خۆی لێ بێبەری بکات.
فاتیمە یەکێکە لەو ئافرەتانەی کە لەسەرەتای تەمەنی لاویێتی دا، خۆی بڕیار لەسەر ژیانی داهاتووی خۆیداوە و ئێستاش ئەو کەسەی هەڵبژاردووه کە دڵخوازی خۆیەتی باسی سەرەتای لاویێتی خۆی دەکات و دەڵێت: “لەتەمەنی پانزە بۆ شانزە ساڵاندا بووم، کاتێک هەستم کرد دڵم لەنێو سینەی لاوێکی هاوتەمەنم دایە. ئەوە سەرەتای دروستبوونی پەیوەندی خۆشەویستیمان بوو. لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی هات بۆ لام و داوای پەیوەندی خۆشەویستی و دواتر ئەنجامدانی هاوسەرگیری لێکردم. من لەوکاتەدا دەنگم دەلەرزی و نەمدەتوانی بەباشی وشەکان دەرببڕم؛ بۆیە داوای کاتم لێکرد بۆ ئەوەی بیری لێبکەمەوە و دواتر بڕیار لەسەر ئەو بڕیارە قوڕسەی ژیانم بدەم”.
تەمەنی یاسایی بەهۆی جیاوازی بارودۆخ و پلەی گەرمی وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. هەندێ وڵات تەمەنێکی کەم و هەندێکی تریش تەمەنێکی زۆریان دیاریکردووە بۆ ئەوەی کەسەکە تەمەنی یاسایی تەواو بێت و بتوانێت هاوسەرگیری بکات. لەیاسای عێراقی تەمەنی یاسایی بە تەواوکردنی ۱٨ ساڵ دیاریکراوە واتە هاوسەرگیری ئەنجام نادرێت تاکو هەردوو هاوسەرەکە هەژدە ساڵیان تەواو نەکردبێت. لە دو حاڵەتدا نەبێت، ئەوانیش کاتێک کەسێک پازدە ساڵی تەواو کردووە دەتوانێت بەرەزامەندی دایک و باوکی یان دادگا هاوسەرگیری بکات.
ڕەچاونەکردنێ ئەو مەرجە لە کاتی ئەنجامدانی هاوسەرگیری زۆر جار هۆکارێکی سەرەکی دروستبوونێ کێشە و لێکنەگەیشتنی نێوان ژن و مێردە. هەندێ جار، بەهۆکارێک لە هۆکارەکان ژنەکە یان پیاوەکە بەر لەوەی بگەن بەو تەمەنە دیاریکراوە چونەتە قۆناغی هاوسەرگیریەوە، بەتایبەت لە کۆمەڵگاکانی پێشوو کە هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگاکان ئەنجام دەدراو هیچ جۆرە چاودێریەک بەسەر گرێبەستی هاوسەرگیریەوە نەبوو.
فاتیمە کە لەسەرەتادا زۆر هیوای لەسەر پێکەوەبوون لەگەڵ ئەو لاوە هەڵچنیبوو، باس لە ڕۆژانی دوای ئەو یەکتر بینینە دەکات و دەڵێت: “دوای ئەوەی ماوەی دوو ڕۆژ بیرم له پێشنیاری هاوسهرگیریهكهی كردهوه ، لەکۆتایدا بڕیارمدا شوی پێ بکەم و لەمۆبایلەکەم ئەو ژمارەیەم لێدا کە ئەو ڕۆژە پێیدابووم و دوای خۆناساندنم ئەو وشەیەم پێگوت کە دوو ڕۆژ بوو چاوەڕوانی بیستنی بوو، و پێمگوت من زۆر تۆم بەدڵەو ئامادەم شوت پێبکەم”.
فاتیمە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: “دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک قسەمان کرد و باشتر لەیەکتری گەیشتین، کوڕەکە گوتی دێم بۆ داوات، منیش کە بە قسە پڕ سۆزەکانی کاریگەر بوو بووم، ئامادەیی خۆمم دەربڕی کە بێتە داوام؛ ئەوەبوو ڕۆژێک لەگەڵ خێزانەکەی و کۆمەڵێک پیاوماقوڵ هاتن بۆ داوام”.
فاتیمە لەکاتی گێڕانەوەی چیڕۆکەکەی باسی یەکەم سەردانی ماڵی زاوای دەکردو دەیگوت: “لەیەکەم دانیشتن دایکم بۆ وەرگرتنی خواستی من هات بۆ لام و داوای بیروڕای منی کرد سەبارەت بەو کوڕە، منیش کە پێشتر وەعدم بەو کوڕە دابوو، پێمگوت دایە ئەو کوڕە لەسەر قسەی من هاتووە، و من ئامادەم شوی پێبکەم، دایکم کە ئەوەی بیست بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات، چوو بۆ لای ژووری میوانەکان و قسەکەی منی گۆڕی و پێی گووتن فاتیمە دەڵێت بشم کوژن من شو بەو کوڕە ناکەم!”.
بەو پێیەی توندوتیژی دژ بە ژنان شێوەو شێوازی جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت، بۆیە ئەو ڕەفتارەی دایکی فاتیمە بە توندوتیژی دادەنرێت. وەکو د. مەغدید کەریم مامۆستای کۆلێژی یاسا لەزانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت: “ڕاستە لەیاسادا پێناسەی توندوتیژی کراوە، بەڵام یاسا بەتەواوەتی نەیتوانیوە باس لە شێوازەکانی توندوتیژی بکات، چونکە توندوتیژی دژ بهژنان شێوەو شێوازی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، جاری وا هەیە بە قسەیەک یان بە ڕەفتارێک یان بە ماف خواردنێک یان بە لێدانی ئافرەتەکە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە؛ بەڵام گرنگە ئافرەتان توانای داواکردنی مافەکانیان هەبێت و بتوانن خۆیان مافەکانیان بەدەست بێنن”.
فاتیمە ئەو کردەوەیەی دایکی زۆر ئازاری داوەو تا ئاستێک کە وای لێکردووە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک قسە لەگەڵ دایکی نەکات و دەڵێت: “ئەو کردەوەی دایکم تەنها منی هەراسان نەکرد کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک قسەی لەگەڵ نهكهم، بەڵکو عومەری هاوسەریشمی زۆر هەراسان کردو تا كار بەوە گەیشت كه عومهر بڕیار بدات لەڕقی ئەو کردەوەی دایکم ئەگەر بەهەڵگرتنیش بێت من دهبێ ببم بە هاوسەری ئەو”.
فاتیمە دەڵێت: “دوای ئەو دانیشتنە، چەند جارێکی تر عومەر هاتەوە داوام، بەڵام ماڵەوەمان ڕازی نەبوون، چونکە ماڵەوەمان بنەماڵەی ئەو کوڕەیان دەناسی و دەیانگوت ئەوە باوکی کەسێکی باش نەبووە لەگەڵ ژنەکەی، بۆیه ئەویش ناتوانێت لەگەڵت باش بێت، بهو هۆیهوه دواتر عومەر بڕیاریدا هەڵمبگرێت”.
د. مهغدید لەدرێژەی قسەکانی باس لە هۆکارەکانی بێدەنگی ئافرەت دەکات لەدوای ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و دەڵێت: “ئێمە لە هەرێمی کوردستان یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ به ژنانمان هەیە، کە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ۲۰۱۱یە، و تیایدا باس لە شێوازەکانی توندوتیژی و سزای ئەو کەسانەی توندوتیژی دژ بهژنان ئەنجام دەدەن کراوە، بەڵام بوونی ئەو یاسایە لەهەرێم نەبۆتە هۆی بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە، بەهۆی ئەوەی زۆرجار ئافرەت کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە لەلایەن هاوسەرەکەی یان باوک و یانیش براکانی؛ ئەوەش لەبەر رهچاوكردنی هەندێ پێوهرهكانی خێڵهكی یان کولتووری و گوزهرانی ژیان كه ناتوانێت ڕێکارە یاساییەکان بگرێتەبەرو مافە زەوتکراوەکانی خۆی بەدەست بێنێتەوە”.
فاتیمە تا ئاستێکی زۆر بهدهستی مێردهكهیهوه ئازاری چێشتووهو باس له بەسەرهاتی هەڵگرتنی دەکات و فرمێسک لەچاوەکانی دێتە خوارەوە و دەڵێت” دوای ئەوەی ڕۆژێک عومەر هات بەدوامدا و منی هەڵگرت و بردمی بۆ ماڵی عەشیرەتێک، بەڵام منی لەماڵێک داناو خۆشی چوو بۆ ماڵێکی تر، لەو ڕۆژەوە هیچ سۆزی پێنەدام, بهڵام سهرهڕای ئهوهش دوای چەند ڕۆژێک مارەی کردم و بووین بە هاوسەری یەکتر”.
دیاردەی هەڵگرتن یان بەدواکەوتن(ڕەدوکەوتن) یەکێکە لە دیاردە ناشیرین و قبوڵنەکراوەکان هەم لەڕوانگەی داب و نەریتی کۆمەڵگا هەم لە ناوەڕۆکی سەرجەم ئاین و ئاینزاکان، بۆیە زۆرجار کاتێک ئەو حاڵەتە ڕوودەدات پاشان کاتێک ئافرەتەکە لەلایەن مێردەکەیەوە ناحەقی بەرامبەر دەکرێت نە خێزانەکەی خۆی نە کۆمەڵگاش بەشێوەیەکی گشتی ئامادەیی ئەوەیان تیادا نییە بەرگری لەو ئافرەتە بکەن, بەهۆی ئەوەی هەر لەکۆنەوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەو دیاردەیە دیاردەیەکی بێزرا و قبوڵنەکراو بووە.
فاتیمە کە ئێستا خاوەنی پێنج منداڵە، ئاخ بۆ ئەو کاتە هەڵدەکێشێت کە بەگوێی دایک و باوکی نەکردو فریوی خۆشەویستییە درۆینەکەی عومەری خواردو دەڵێت: “هەر لەدوای هاوسەرگیریمان، ژیانی ناخۆشی من دەستی پێکردو بەردەوام لەلایەن عومەرەوە ئەزیەت و ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدرام، کاتێکیش من بۆ ئامۆژگاریکردنی عومەر پەنام بۆ دراوسێ و ناسیاوەکانی دەبرد؛ هێندەی تر توڕە دهبوو و تا جارێک بەو هۆیەوە بە چەقۆ هێریشی بۆ هێنام و بەو هۆیەوە چەند ڕۆژێک لەنەخۆشخانە کەوتم”.
هۆکارەکانی بێدهنگی ژنان له کاتێکدا توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، وەکو ئەوەی چالاکوانانی ئەو بوارە ئاماژەی بۆ دەکەن زۆرو جۆراو جۆرن، هودا زەنگەنە چالاكوانی بواری مافەکانی ئافرەت سەبارەت بەو هۆکارانە دەڵێت: ” ئەگەر باس لەو هۆکارانە بکەین کە بۆچی ئافرەتان کاتێک لەلایەن پیاوانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوەو ناتوانن دەنگیان هەڵبڕن، کۆمەڵێک هۆکار هەن ڕەنگە زۆرجار نەبوونی پەناگەیەک بۆ ئافرەتەکە لەدوای ئەوەی سکاڵا لەدژی ئەو کەسە تۆمار دەکات کە توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامداوە هۆکارێک بێت بۆ بێدەنگی ئافرەتەکە، یاخود هۆکارێكی دیكهی لاوازیی هۆشیاری یاسایی لای ئافرەت یان لەترسی کۆمەڵگا، چونکە کاتێک ئافرەتێک بۆ داواکردنی مافەکانی پەنا دەباتە بەر ئەو ڕێگایانە؛ ئەوە لەلایەن کۆمەڵگاوە بەچاوێکی تر سەیر دەکرێت”.
هودا دەشڵێت: “زۆرجار هۆکارێکی تر هەیە کە زۆر کاریگەری لەسەر بێدەنگی ژنان دەبێت لەکاتی پێشێلکردنی مافەکانیان، ئەویش نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆیه، کە ئەوە وادەکات ئافرەتەکە قبووڵی ئەو مافخورانەی بکات و بێدەنگی هەڵبژێرێت”.
هودا زەنگەنە جەخت لەوە دەکاتەوە كه نابێت هیچ هۆکارێک وابکات ئافرەت لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی بێدەنگی هەڵبژێرێت و دەڵێت: “ڕاستە ئەوانە هەمووی هۆکارن بۆ بێدەنگی ئافرەت لەبەرامبەر پێشێلکاریەکانی بەرامبەری، بەڵام نابێت هیچ هۆکارێک ببێتە هۆی ئەوەی ئافرەت داوای مافی خۆی نەکات، پێویستە لەو کاتانەدا ئافرەتان دەنگیان هەڵبڕن و ڕێکاری پێویست بگرنەبەر، جا لەڕێگەی پەیوەندیکردن بێت بە سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری، یان گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بێت کاتێک جۆری توندوتیژیەکە لەجۆری توند دەبێت”.
دیارە ئامارەکانی تایبەت بەو دیاردەیە بەپێی گۆڕانی بارودۆخ بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت و گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەڵام ئامارەکانی ئەو دیاردەیە هیچ کات جێگای دڵخۆشی نین، چونکە هەتا وەکو لەتەواوی کوردستان ئافرەتێک مابێت کە توندوتیژی بەرامبەر بكرێت، ئامارەکانی ئەو دیاردەیە جێگای دڵخۆشی نابن. هودا زەنگەنە دەڵێت: “سەرەڕای زۆربوونی ئەو دامەزراوانەی کە هەوڵی کەمکردنەوەی دیاردەی توندوتیژی دەدەن، بەڵام لەبەرامبەردا کۆمەڵێک هۆکارو ئامرازی تر دەرکەوتوون کە وایانکردووە ڕێژەی توندوتیژی دژ به ژنان ڕوو لەهەڵکشان بێت و ژمارەی سکاڵا تۆمارکراوەکانیش لەبەرزبوونەوە دابن، بەڵام ئەگەر لەتەواوی کوردستاندا یەک ئافرەت هەبێت کە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە، ئەوا جێگەی نیگەرانییە و پێموایە کۆمەڵێک کەسی تر دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو توندوتیژیەوە”.
فاتیمە درێژە بە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوە ناخ هەژێنە دەدات و دەڵێت: “دوای ئەوەی عومەر بە چەقۆ پەلاماری دام، ماوەی چەند ڕۆژێک دەستگیر کرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماڵەوەم منیان قبووڵ نەدەکردەوە، عومەریش زۆر لێم دەپاڕایەوە، بۆیە بڕیاری لێخۆشبوونم داو عومەریش بەربوو، بەڵام لەدوای ماوەیەک دووبارە دەستی کردەوە بە ئازاردانم و تاکو ئێستاش هیچ مەسرەفێکی وام ناکات و چەند جارێک مۆبایلی لێ شکاندووم”.
ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت بەپێی ئایین و ئاینزاکان دەگۆڕێت، بەڵام وەکو مەلا نیاز چۆمانی مامۆستای ئاینی باسی دەکات، پێگەی ئافرەت لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەرز دەنرخێندرێت و ڕێزی لێگیراوە، چۆمانی دەڵێت: “ئافرەت لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەشێوەیەک ڕێزی لێگیراوە کە خودای گەورە لە قورئاندا سوڕەتێکی بەناویەوە ناوناوە، و لەسوڕەتێکیشدا بەجۆرێک باسی گەورەیی و ڕێزی حەزرەتی مەریەمە دەکات کە گفتوگۆی لەگەڵ دەکات، تا ئاستێک هەندێک لە زانایان پێیان وایە ئەو ئافرەتە لەڕێزی پێغەمبەرانە”.
مەلا نیاز بۆ زیاتر نیشاندانی ڕۆڵی ئافرەت لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام نموونەی فەرموودەیەکی پێشەوای ئیسلام دێنێتەوەو دەفەرمووێت: “ڕێزی ئافرەت لە ئیسلامدا لەئاستێکدایە کە پێشەوای ئیسلام دەفەرمووێت (ماأكرمهن إلا كريم، وما أهانهن إلا لئيم)، واتە ئەوەی ڕێز لە ئافرەت بگرێت ئەوا بەخۆی کەسێکی بەڕێزەو خاوەن ڕەوشتێکی جوانە، و ئەوەشی کە ڕێزی ئافرەت ناگرێت، ئەوا خۆی کەسێکی هیچەو داشۆردراوە لەبنەما ڕەوشتییەکان”.
مەلا نیاز لە درێژەی قسەکانیدا باس لە یەکسانی ڕۆڵی پیاو و ئافرەت دەکات و دەڵێت: “خودای گەورە ئەو ڕوحەی بە بەر پیاویدا کردووەو هەمان ڕوحیشە کە بە بەر ئافرەتیدا کردووە، و لە ئاینی ئیسلامیشدا لەناوبردنی گیانی کەسێک یان ئازاردانی، خراپترە لە ڕوخاندنی کەعبەی ڕوگەی مسوڵمانان؛ بۆیە دەبێت پیاو و ئافرەت ڕێزی یەکتر بگرن و لەگەڵ یەکتری باشبن”.
فاتیمە هیوایەکی بەرزی بۆ ژیانی داهاتووی هەیە، چونکە لەئێستادا بەهۆی هاوکاری برا و خوشکەکانی لەلایەن خێزانەکەیەوە قبووڵکراوەتەوەو بە ئومێدەوە بۆ ژیانی داهاتووی دەڕوانێت و دەڵێت: “من تاکو ئێستا کە نەمتوانیوە بەرامبەر ئازارو ئەشکەنجەکانی عومەر بەرگری بکەم، بەهۆی ئەوە بووە هیچ کەسێک لەپشتمەوە نەبووە، بەڵام ئێستا کە ماڵەوەم پاڵپشتمە، ئەوە کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتەکانی عومەریش کردووە، بەڵام من بڕیارم داوە ئەگەر عومەر بەردەوامبێت لەسەر ئەو هەڵسوکەوتانەی پێشوی، چیتر ئازارو ئەشکەنجانەی قبووڵ ناکەم و ڕووبەڕووی دەبمەوە؛ ئەگەر نا ماڵ و منداڵی بەسەردا بەجێ دەهێڵم و خۆم لەدەستی ڕزگار دەکەم”.
تێبینی: فاتیمە ناوێکی خوازراوە.
* دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێكخراوی “Internews” لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری و توندوتیژی بەرامبەر ژنان، ئامادەکار ئەم راپۆرتەی نووسیوه.