نەوزادى موهەندیس
• ئاشکرایە لەساڵى 2005دا بۆ یەکەم جار لە مێژووى دەوڵەتى عێراقیدا دەستورێکى هەمیشەیى نوسرایەوە،چونکە بەدرێژایى 83 ساڵ تەمەنى ئەو دەوڵەتە لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە تاساڵى 2003 هەر لەسایەى دەستورى کاتیەوە بەڕێوەبراوە بە قۆناغەکانى پاشایەتى و کۆماریەکانیشەوە.بەڵام لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى لە ساڵى 12003دا،ئیدى عێراقى نوێ پێویستى بەدەستورێکى نوێى مۆدێرنى موتوربەکراو بە بەها مرۆڤایەتى و بە دروشمەکانى سەردەم لە دیموکراسى و ئازادیەکان و کارى پێکەوەیى و سیستەمێکى حوکمڕانى پەڕلەمانى و دەستەجەمعى هەبوو، نەک تاکڕەوى و تاک حیزبى ،دەستورێک کە میکانیزمى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و پارێزگاکان بەناوەندەوە ڕێکبخات بەشێوەیەى فیدڕاڵى و دەسەڵاتەکان هەمووى بەرتەسک نەکرێتەوە لە پایتەخى بەغدادا، بەڵکو جۆرێک لە نامەرکەزیەت هەبێت و دادپەروەریش هەبێت لەدابەشکردنى سەروەت و سامان و داهاتى وڵاتدا بەبێ جیاوازى نەتەوە و ئاین و مەزهەب و پێکهاتە و ناوچەکاندا.بەم شێوەیە دەستورى نوێى عێراق تاڕادەیەک دەستورێکى کراوە و گونجاو بوو بۆ ئەو قۆناغە نوێیەى عێراق کە نزیکەى 12 ملیۆن عێراقى بەهەموو پێکهاتە جیاوازەکانەوە دەنگى بەڵیان پێداو پەسەندیان کرد. ئەوەتا 16 ساڵە لەسایەى ئەم دەستورە هەمیشەییەوە بەنیوە ناچڵى و بە نابەدڵى عێراقى نوێ بەڕێوەدەبرێت.
• لەئێستادا و لەگەرمەى خۆپیشاندانە جەماوەریەکەى عێراق و بەتایبەتى پارێزگا شیعە نشینەکانى ناوەڕاست و باشووردا،دروشمى هەموارکردنەوەى دەستور بەرزکراوەتەوە ،جا لێرەدا ئەو پرسیارانە سەرهەڵدەدەن،ئایا ئەم داواکاریە سیاسیە یان جەماوەریە ؟ ئایا دەستور بۆتە هۆى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکان یان گەندەڵى و بێکارى و نەبوونى خزمەتگوزاریەکان؟ ئایا کەموکوڕى لە دەستورەکەدایە یان لە جێبەجێکردن و پیادەکردنەکەیدایە لەلایەن دەسەڵاتداراە دەستڕۆیشتوەکان لەحیزب و سەرکردە سیاسیەکانەوە ؟ ئایا هەموارکردنەوەى دەستور فریاد ڕەسى هەموو داواکاریەکانى خۆپیشاندەرانە و عێراق ڕزگار دەکات و بەرەو کەنارى ئارامى و خۆشوگوزەرانى دەبات؟ یانیش هێندەى تر عێراق ڕووبەڕووى لێکهەڵوەشان و لێکترازان و دابەشبوونى ڕاستەقینە دەبات؟ و دەیان پرسیارى تریش.
بۆ وەڵامى هەموو ئەو پرسیارانە گەرەکە چەند ڕاستیەک دەربارەى دەستورى عێراق باس بکەین بۆ بەرچاو ڕوونى هەموان و ئەوساش وەڵامەى پرسیارەکان بدەینەوە. سەرەتا ئەو دەستورە تەواو کامڵ و بێکەموڕى دەستورى و یاسایى نیە و وەڵامدەرەوەیەکى ڕاست و ڕاستەقینەى هەموو داواکارى پێکهاتە جیاوازەکانیش نیە،بەڵکو هەموان بەناچارى پێڕازیبوون و لەبەر ئەو قۆناغە پڕ مەترسیەى ساڵى 2005 و دواتریش ،چونکە عێراق لەگەرمەى فەوزا و بێسەروبەرى و بێ حکومەتى و دەستور و یاسادا بوو،ڕووبەڕووى شەڕى ناوخۆیى و تایەفى و تیرۆریستان ببوەوە،بۆیە هەموان بەناچارى بەو دەستورە ڕازیبوون وەک دەروازە و دەرچەیەکو وەکو دەسپێکێکیش بۆ دامەزراندنەوەى هەموو ئۆرگانەکانى سیستەمى حوکمڕانى لە عێراقى نوێدا جیا لە سیستەمە حوکمڕانیە تاکڕە و شموڵى و خۆسەپێن و زاڵم و چەوسێنەرى بەعسیەکان،بەهەمان شێوە کارى هەموارکردنەوەى دەستوریش کارێکى ئاسایى و یاساییشە لەدواى ئەوەى کە تێبینى کرا لەسەر زەمینەى واقع کەموکورتى تیادایە و دەکرێت لە پێناو بەرژەوەندى گشتیدا هەموار بکرێتەوە،بەمەرجێک ڕەزامەندى هەموان لە پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەکان جێگەى ببێتەوە و هیچ لایەنێک هەست بە مەغدورى و کەنارخستن و پەراوێزخستن نەکات و هەست بکات کە داواکارى و مافەکانى ڕٍێزیان لێگیراوە.
• بەڵام ئەوەى لە ئێستادا تێبینى دەکرێت ئەوەیە کە ئەم داواکاریە لە داواکاریەکى جەماوەریەوە بۆتە داواکاریەکى سیاسى لەلایەن سەرکردە سیاسیەکانە بەزرکراوەتە کە نیەتى ڕاستۆگۆیانەیان قۆرخکردنى دەسەڵاتە و گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەى یەکەمى تاکڕەوى و خۆسەپاندن و کەنارخستنى ئەوانى تر نەک هاوبەشى و پێشکەوتن و گەشەکردنى کۆمەڵگاى عێراقى.هەربۆیە ئەوەى داوادەکرێت ((یقول الحق و یراد به الباگل))، هەموانیش باش دەزانن کە دەستور و کەموکوڕیەکانى نەبونەتە هۆى سەرهەڵدانى ناڕەزایى خۆپیشاندەران بەڵکو ئەوە گەندەڵى دەسەڵاتدارانى 16 ساڵى ڕابوردوە کە نەیانتوانیوە سەرەتایترین خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بکەن و وڵات ئاوەدانبکەنەوە و بێکارى نەهێڵن بەڵکو ئەوان بونەتە هۆکارى زیاتر وزیاتر دواخستن و هەژارکەوتن و بڵاوبونەوەى جۆرەها دیاردەى قێزەون لەناو کۆمەڵگادا و عێراقیان گەڕاندۆتەوە بۆ دواوە بە دەیان ساڵ لەهەموو بوارەکانى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و ..هتد.هەربۆیە ئەم دەستورە گەر وەکو خۆى و بە ڕۆح و دەقى دەستورەکە کاربکرایە ئەوا بەدڵنیایى نە خۆپیشاندان سەریان هەڵدەدا و نە ناڕەزایى و نە گەندەڵى و نە بێکارى و نەهەژارى و ..هتد بونیان نەدەبوو،بەڵکو ئەوە عەیبەى دەسەڵاتدارى گەندەڵکارانى عێراقە لە زۆرینەى شیعە مەزهەب و سونە و کوردیشەوە کە نەیانتوانیوە سەروەت و سامانى عێراق بپارێزن و بیخەنە خزمەتى خۆشگوزەرانى و پێشکەوتنى وڵاتەوە.
• ئەم دەستورە کە لە 6 باب و 12 فەێڵ و 144 مادە پێکهاتوە ،بەهەموو پێوەرە دەستوریەکانى جیهانى و وڵاتە پیشکەوتوەکانەوە تاڕادەیەکى زۆر دەستورێکى کراوە و مۆدێرن و ڕ ێزگرتنى مافەکانى تاک و کۆمەڵ و کۆمەڵگای تیادا بەرجەستکرابوو، و دەستەبەرى ئازادى و دیموکراسى و سیستەمێکى حوکمڕانى پێکەوەیى و مافەکانى مرۆڤ و ..هتد.بوە، بەڵام کە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان نەیانویستوە بەویستى خۆیان یان بە فشار و دەستێوەردانى دەرەکى ناوچەیى و دونیایى جێبەجێى بکەن،ئیدى عەیب لەدەستورەوە نیە.جا هەر هەموراکردنێکى دەستور کە نەچێتە خانەى خزمەتکردن بە ژیانى کۆمەڵگاوە ئەوا زیانى زیاتر دەبێت وەکو لە سوودەکان،وەک ئەوەى هەستیشى پێدەکرێت سەرکردە سیاسیەکان باس لەهەموارێک دەکەن کە گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى لە پەڕلەمانیەوە بگۆڕیت بۆ سەرۆکایەتى،کەبۆخۆى ئەم هەنگاو و داواکاریە تەنها لە پێناو گرتنە دەستى دەسەڵات و تاکڕەویە و هیچى تر،چونکە سیستەمى پەڕلەمانى سیستەمێکى دیموکراسیە و هەموان تیایدا بەشدارن و نوێنەرانى گەل دەسەڵاتدار و سەرچاوەى دەسەڵاتەکانن،بەڵام لەسیستەمى سەرۆکایەتیدا وەک ئەوەى تورکیا و ئەردۆگان پیادەى دەکات گەڕانەوەیە بۆ سەردەمى تاکڕەوى بەعسیەکانى تاک حیزب و تاک سەرکردە.ئیدى هیچ مانایەک بۆ گۆڕانکارى و عێراقى نوێ نامێنیتەوە کە لەسەر پایە گرنگەکانى سیستەمێکى ((دیموکراسى و پەڕلەمانى و فیدڕاڵى و کارى پێکەوەیى )) بونیاتنراوەتەوە.
ئاشکراشە هەرکات سیستەمى حوکمڕانى بوە سەرۆکایەتى ئەوکات دیموکراسیەت نامێنێت و لەجێگەیدا تاکڕەوى پیادەدەکرێت و هەرکاتیش سیستەم بەدەست تاک حیزب و سەرکردە یان نەتەوە و مەزهەبێکەوە بوو ئەوکاتیش حساب بۆ کارى پێکەوەى ناکرێت و شێوازى فیدڕاڵیش هەڵدەوەشێتەوە و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ 40 ساڵ و زیاتریش بۆ دواوە و هەموو خەباتى چەندین ساڵەى گەلانى عێراق دەگەڕێتەوە خاڵى سفر و دەستپێکێکى خوێناوى و کاولکارى و زوڵم و چەوساندنەوە .هەربۆیەش ئەم جۆرە هەموارەى دەستور ،دەستور نەک ناکاتە فریاد ڕەس بۆ چارەسەرى کێشەکان ،بەڵکو دەیکاتە گۆچانێک بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بۆ زیاتر خۆسەپاندن و بەرتەسککردنەوەى زیاترى ماف و ئازادیەکان و قەتیسکردن و داخستن و داخراوى ئاسمان و زەوى و دەریاى عێراق و عێراق دەبێتە بەندیخانەیەکى فراوان و گەورە بۆ ڕۆڵەکانى نەک ئەو بەهەشتەى کەهەموان خەونمان پێوەدەبین و هیچ خۆش و خۆشگوزەرانیەکیش وەدەستناخات.
هەربۆیە هەموارکردنەوەى دەستور بەو جۆرە و بەو نیەت و نیازە پێشوەختە خراپەوە دەبێتە مایەى ماڵوێرانى زیاتر و دڕدۆنگى و سەرهەڵدانى ناعەدالەتى و ناڕەزایى پێکهاتەکان و دووبارەش سەرهەڵدانەوەى شۆڕش و خەبات و بەو پێیەش عێراق بەرگەى ململانێى زیاتر ناگرێت و ئەنجامیش بە جیابونەوە و دابەشبوونى خاک و گەلانى عێراق تەواو دەبێت.
• لەم سەروو بەندى هەموارکردنەى دەستور وگۆڕینى سیتەمى حوکمڕانى بەگشتى،لەنێوان هەمواندا کورد زیانى گەورەى بەردەکەوێت،چونکە کورد بەشدار و شەریکێکى گەورە و کاریگەر بوە لە ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامیدا و لە نوسینەوە و پەسەندکردنى ئەم دەستورەدا ،گەرچى هەموو داخوازیەکانیشى لەخۆنەگرتبوو،چونکە ناحەز نەیارانى کورد گەرەکیانە سەرەتا لەو مادەیەوە دەستپێبکەن لەمادەى 142 و بڕگەى //4 کە باس لە ڕەتکردنەوەى هەر هەموارکردنێکى دەستورى دەکات لە ڕاپرسیى جەماوەریدا بە زۆرینەى 2/3 سێ پارێزگا هەر هەموارکردنێک ڕەتبکاتەوە بیگۆڕن چونکە باش دەزانن ئەمە لە قازانجى کورد و مافەکانى و مانەوەى دەسەڵات و قەوارەى هەرێم و هێزى پێشمەرگە و زۆر دەسکەوت و مافى تریشە. جا هەرکات ئەم مادەیە گۆڕا و لابرا ئیدى دەستدەبەن بۆ گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى و دواتریش کار بە دیموکراسى ناکەن و هەرواش کار بەبنەماى زۆرینە و کەمینە دەکەن و بنەماى کارى هاوبەش و پێکەوەیى ڕەتدەکەنەوە و دواجاریش سیستەمى فیدڕاڵیش کەهەر لەسەرەتاوە بەدڵیان نەبوە هەڵدەوەشێنەوە و ئیدى مانایەک بۆ بوون و مان و قەوارەى هەرێمى کوردستان نامێنێتەوەو ئەوکاتیش پارێزگاکانى هەرێم دەبنەوە بە یەکێک لە 18 پارێزگاکەى عێراق و کوردیش دەنگ و ڕەنگ و قورسایى نەتەوەیى و دەستوریان نامێنێت و مادەى 140 دەستور هەڵدەوەشێتەوە یان دەگۆڕێت و هێزى پێشمەرگەش شکۆ و پیرۆزى نامێنێت و پشکى بودجە و مووچەى کوردستانیش وەکو هەموانى ترى لێدێت و بەکورتى و بە کوردى ئەوە تەنها کوردە کە زیانى گەورەى بەردەکەوێت لەم هەموارکردنى دەستورەدا.
• بۆیە ئەرکى هەموو کوردە بە سەرکردە و حیزب و جەماوەرەوە،کە یەک هەڵوێست و یەک دەنگ و ڕەنگ بن لەبەرامبەر ئەم مەترسیە ڕاستەقینەیەدا کە بەرۆکى کوردى گرتوە،ئەگینا بە جیاوازى و ناتەبایى و دڕدۆنگىو پەرتوبڵاوى نێو ماڵى کورد هەموو دەسکەوتەکانمان لەکیس دەچێت.و ئەوکاتیش پەشیمانى دادى هیچ لایەک نادات و دەبێت بەدیار گڵکۆى خەبات و شەهید و قوربانیەکانەوە جارێکى تر خوێن و فرمێسک هەڵبڕێژینەوە،کە ئەم کارەش نە خوا و نە خەڵکى خۆمان و نە نەوەکانى ئایندە و نەمێژووش لەم سەرکردە و حیزبە سیاسیانەى ئەم قۆناغەى قبوڵ ناکەن،بۆیە ئەم قۆناغە پێویستى بەنەرمى نواندنى زیاتر و لێکتێگەیشتن لە مەترسیەکانى عێراق و ناوچەکە و دونیاش هەیە و هیمەتێکى خەمخۆرانە و کوردانەى ڕاستەقینەى گەرەکە نەک هەڵپەکردن بۆ دەسکەوتى مادى و پلەو پۆست و ئیمتیازاتى بێ بەها بە بەراورد بە بەها نیشتیمانى و نەتەوەیى و مافە ڕەواکانمانەوە.وەک دەڵێن ((ئەو کەسە کەسە ئەلفێکى بەسە)) و با عیبرەت لە مێژوو و هەڵەکانى ڕابووردومان وەربگرین.