رۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورکیا دەهاڕێت

لەلایەن ستاندار Posted on 418 جار بینراوە

شوان ئە‌حمەد باپیر
مێژووى تراژيدياى كورد لە دێرزەمانەوە ڕووبەروی ئەم جۆرە کارەساتانە بۆتەوە، بەڵام بە چەندین جۆرو شێوازی جیا، ئەوەی ئێستا هاتۆتە ئاراو دەگوزەرێت پێشینەیەکی هەبووە، هەر لە دابەشکاری پەیمانی ١٩١٦ سایکس پیکۆوە، کە هەریەکە لە فەڕەنساو بەریتانیا و ڕووسیا ماستەرمایندی بوون بەڵام ڕووسیا بە هۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کشایەوەو ئەم ڕێکەوتننامەیەی ڕیسواکرد، خاکی کوردیان لە نێو خۆیان بەش کرد، ئاکامی شەر بۆسەرکوردان بریتیبوو لە دابەشکردن لەناوبردن و برسیەتی بوو، تۆرانییەکان بەلاسایی دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکانی ئەوروپا دەستیان کرد بە قرکرنی کورد بە چەندین ڕێگە، ٦٠٠ هەزار گوندی کوردیان ڕاگواست ١ملیۆن کورد تەنها لە ماوەی یەکەم جەنگی جیهانی ئاوارەو تیاچوون.
بە هۆی لاوازی و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی دەرفەتێکی لە بار هاتە ئارا بۆ ئەوەی کوردیش دەستەبەری مافەکانی خۆی بکات، ئەوەبوو پەیمانی سیڤەر لە ئابی ١٩٢٠یان هێنایە کایەوە بۆ ئەوەی زیاتر ناوچەکە بخەنە ژێر چەپۆکی خۆیان، بەڵگەش ئەوەبوو هاوپەیمانان بە مۆرکردنی پەیمانی لۆزان لە ١٩٢٣ کوردیان کردە قوربانی بەرژوەندییەکانی خۆیان و هاوپەیمانەنوێیەکەی خۆیان دەوڵەتی کەمالی، کە هەموو هەوڵێکیدا بۆ ڕەشکردنەوەو توانەوەی کورد لە بۆتەی ڕەگەزی تورک بەڵام خەونەکەی هاوشێوەی تۆرانییەکانی تر لەگەڵ خۆیدا نێژرا، بەڵام کوردەکان هەرگیز کۆڵیان نەداوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی گەلانیتر بە مافەکانی خۆیان شاد بن، چەندین جار بە هۆی ململانێی نێوان وڵاتە زلهێزەکان لە سەروی هەموویانەوە ڕووسیاو ئەمریکا کورد لە هەرچوار پارچە وەک دەسکەوتێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە، بەڵام پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە، کە بۆچی تا ئێستا دان بە مێژووی خۆمان نانێین وەک ئەوەی هە بووە، لەوانە بە چەندین هۆکار دونیا بینینی سیاسی کورد لە ئاستێکی لاواز بووە، بوونی ناکۆکی گەورە لە نێو سەرانی کورد بە درێژایی مێژوو، پێکهاتەی خێڵ و پابەند بوون بە نەریتی خزمایەتی زۆر لە یەکە کارگێڕی و بەڕێوبردنەکان ڕەنگیداوەتەوە لە زۆربەی وێستگەکانی مێژووی کورد، لەگەڵیشیدا رۆڵی وڵاتە سەرکوتکەرەکانی دەوروپشت لە وانە تورک، فارس، عەرەب. لە لاوازکردنی زۆربەی لایەنە ژیارییەکانی کۆمەڵگەی کوردی و ڕێگەیان نەداوە کورد ئارەزوو مەندانە بگاتە کە نارێکی ئارام، تەنها لە کوردستانی عێراق نە بێت، ئەمەی بۆ دەستەبەر کراوە.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە بە هەموو کەموکورتییەکانیشەوە ڕۆژئاوای کوردستان لە وەتەی بە هاری عەرەبی لە ٢٠١١ەوە توانیویانە لە سەر چەندین هێل سیاسەت بکەن و تایی تەرازویان بەیەک لای یان ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی سوریا – ئێران یاخود ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ساخبکەنەوە، ئەمەش دوربینیان لە سیاسەت بۆ بەدیار دەخات، چونکە ناوچەی تیادا دەژین ڕۆژانە ڕووبەڕوی ئاڵنگاری دژوار دەبێتەوە لەوانەش ڕووبەڕوو بوونەوەی تورکیا دووەم هێزی ناتۆ و هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا، گروپە بەناو ئیسلامییەکانی سوریا، بەڵام بەرخودانی گەل بە کۆی پێکهاتەو ڕەگەزەوە وای لە سەرانی جیهانی سەرمایەداری کردەوە، کە پشتگوێخستنی کوردەکان دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بۆ مێژوویی دیموکراتییەکەیان کە بە گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئەفرۆشن، ئەمەو لە دوایین وتاری سەرکردەی هێزەکانی سوریایی دیموکرات(( مەزڵوم کۆبانی)) ئەوەی خستە ڕوو، کە سەرەڕای ڕێککەوتن مەترسی تورکیا درێژەی دەبێت.
لە هەر ئەگەرێکی کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە سێبارە کوردەکان هاوشێوەی عەفرینی جێهێشتراو لەلایەن ڕووسەکانەوە و کشانەوەی ئێستای ئەمریکا، دۆخەکان ئاوەژوو دەبنەوە، چونکە تورکیا گەر ڕێگاکانی بۆ واڵا بکرێت هاوشێوەی عوسمانییەکان سڵ ناکاتەوە لە داگیرکاری بۆ گشت خاکی سوریا، ئەمەش بەریەککەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا لێدێتە کایەوەو باجەکەشی بە تیاچوونی خۆی دەبێت لە ناوچەکە، ئەگەر ئەم سەرکێشییە بکات، بەڵام تورکیا بە چەندین کێشە گرفتارە، لەوانەش بوونی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی دژ بەو داگیرکارییەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها ئابوورییەکەی بەردەوام لە شلەژانە لەهەر ئەگەرێکی سەپاندنی سزای دژوار بەسەریدا ئابورییەکەی دەڕوخێت، هەروەها کۆ دەنگی وڵاتە عەرەبییەکان جگە لە قەتەرو فەلەستین نەبێت، ئەمانەش تورکیای هەراسان کردووە. هەروەها ئەگەربیرۆکەی بایکۆتی کاڵای تورکی بچێتە قۆناغێکی جیهانی ئەوا لە کاتێکی نزیکدا ئابووریەکەی لە ڕووخانێکی بێوینەیی نزیک دەکاتەوە، بە هۆی ئەو هێرشە داگیرکارییەی کردویەتییە سەر رۆژئاوای کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.