بەرەو ئاشتبوونەوەی ئەنەکەسە لەگەڵ ئیدارەی رۆژاڤادا

لەلایەن ستاندار Posted on 235 جار بینراوە

ئارام ره‌فعه‌ت

بەپێی هەواڵەکان ژەنەڕاڵ کۆبانێ سەردانێکی سێ رۆژی بۆ باشوری کوردستان کردووە و لەمیانی سەردانەکەیدا چاوی بە سەرکردەکانی ئەنەکەسەش کەوتووە.
هەنگاوێکی دروست
ئەم گفتوگۆ و لەیەک نزیک بوونەوەیە هەنگاوێکی درووستە لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانەش:
یەکەم؛ ژەنەڕاڵ کۆبانێ چەندین جار گوتوویەتی هێشتا مەترسی لەناوچونی سەرجەم ئەزموونی رۆژاڤا لەئارادایە. خوانەکردە، گەمییەکەی رۆژاڤا نقوم بێت، هەموو سەرنشینەکانی بە ئەنەکەسەییەکانیشەوە تێیدا نقوم دەبن.
دووەم؛ لە ئێستادا رۆژاڤا پێویستی بە کەمترین سەنگەری دژبەر هەیە. بەتایبەتی سەنگەرە دژبەرەکانی ناوخۆ. ئاشتبوونەوەی ئەنەکەسە لەەگڵ ئیدارەی رۆژاڤادا هەم رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردییە و هەم کەمکردنەوەی دژبەرێکی ئیدارەی رۆژاڤایە.
سێیەم؛ چیتر تورک و ئۆپۆزسیۆنی سووری ئاوا دەستئاوەڵا نابن لە ئیستیغلالکردنی کێشەی ئەنەکەسە لەگەڵ ئیدارەی رۆژاڤادا و چیتر ناتوانن وەک جاران ئەنەکەسە وەک داردەستێک بەکار بێنن. لە حەوت ساڵی رابردودا، بەردەوام ئەنەکەسە گرفت و سەرئێشەیەکی ناوخۆیی بووە بۆ رۆژاڤا. زۆرجار ئەنەکەسە رەواییی داوە بە کردەوە دوژمانکارانەکەی تورک و چەتەکانی بەناو ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سووری و بەشێکیش بووە لە هەڵمەتی راگەیاندن دژی رۆژاڤا.
چوارەم؛ لە یەک مانگی رابردوودا، ئیدارەی رۆژاڤا ناچار بووە کە رێگە بەهاتنە ناوەوەی هێزەکانی روس و ئەسەد بدات بۆ ناو رۆژاڤا، لەهەمان کاتدا ناچار بووە کە قەبوڵ بکات تورکەکان بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر و بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر بەناو خاکی رۆژاڤادا لەگەڵ روسەکان دەورییەان هەبێت.بەهەموو پێوانەیەک روس و سوریەکان داگیرکەرن و ئەنەکەسە و پێشمەرگەی رۆژ خاون ماڵن. مادام لە ناچاریدا رێگە بە داگیرکەر دراوە بێنە ژوورەوە، بە هەموو پێوەرێک دەبێت خاوەن ماڵیش رێگای پێ بدرێت بگەڕێتەوە.
گەڕانەوە بۆ ریزی نیشتیمانی
ئەنەکسە لە ٧ ساڵی رابردوودا لە دۆخێکدابووە، کە دەکرێت بە دۆخی کرێگرتەیی (مورتەزەقەیی) بۆ تورک و بەناو ئۆپۆسزیۆنی سوری ناو بنرێت. ئێستا هەلێک زێڕینە لەم دۆخە خۆی رزگار بکات. نابێت چیتر ئەنەکەسە بەشێك بێت لەو میحوەری شەڕەی کە لەدژی کورد پێکهاتووە، میحوەری هاوپەیمانی تورک و ئۆپۆزسیۆنە جیهادیستە سوریەکان.
ئەنەکەسە پێویستی بەهەنگاوی جەریئانەیە
ئەنەکەسە دەتوانێت بەسەر ئەو گرێ دەروونییەی سەرکردەکانیدا زاڵبێت و بگەڕێتەوە ریزی نیشتیمانی رۆژاڤا. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت کۆمەڵێک هەنگاوی جەرئیانە هەڵبنێت، هەڵبەت ئەگەر ئەنەکەسە بەراستی لەخەمی مانەوەی رۆژاڤادایە،
یەکەم هەنگاوی ئەنەکەسە کۆتایی هێنانە بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ چەتەکانی ئیئتیلافی سووری.
دووەم هەنگاوی ئەنەکەسە دەبێت بەرەسمی ناسینی ئەزموونی رۆژاڤا بێت.
سێیەم هەنگاویشی دەبێت بەرەسمی ناسین و رێز لێنان بێت لە قوربانییەکانی رۆژاڤا. ئەزموونی رۆژاڤا بە قیمەتی زیاتر لە ١١ هەزار شەهید و و ٤٠ هەزار بریندای شەڕڤانان و قوربانی دان و ماندوو بوونی سەدان هەزارکەسی تر هاتۆتە ئاراوە.
چوارەم هەنگاویشی دان بە ئەمری واقیعدا بنێت، ئەویش بە باڵادەستی و حوکمڕانی پەیەدە و قەسەدە. ئەنەکەسە لە ٧ ساڵی رابردوودا هەموو جۆرە پاشکۆییەتییەک و پەراوێز خستنێکی لە چەتە سووریەکان قەبوڵ کردووە و هیچ کێشەی نەبووە، بەڵام کە هاتۆتە سەر رێککەوتن لەگەڵ پەیەدە و شەڕڤاناندا هەمیشە داوای برابەشی و کەمێک زیاتریشی کردووە. دەبێت ئەنەکەسە دەسبەرداری ئەم دواڵیزمە بێت و لەم قۆناغەدا هەم ئەمری واقیع قەبوڵ بکات.
بەررسیارێتی ئیدارەی رۆژاڤا
لەبەرامبەر ئەم هەنگاوانەی ئەنەکەسەدا، دەبێت ئیدارەی رۆژاڤا وەک هێزێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی پێشوازی لە ئەنەکەسە، بەهەموو حیزب و کەسایەتییەکانی ناو ئەنەکەسە بێ جیاوازی وە هێزی پێشمەرگەی رۆژ بکاتو لە سەرجەم ئۆرگانەکانی رۆژاڤا جێگای شایستەی خۆیان بداتێ. دەبێت ئیدارەی رۆژاڤا ئەنەکەسە دڵنیا بکاتەوە کە ئەوانهاوبەش دەبن لەئیدارە و بڕیارە چارەنووسازەکاندا نەک پاشكۆ.
کورد ئەگەر جاێک ناچار بێت تەنازولی تاڵ بۆ دوژمنەکانی بکات، هەزار جار ناچارە تەنازولی تاڵ بۆ یەکتری بکات.
هیوادارم ئەم هەوڵ و دەسپێشخەرییەی ژەنەڕاڵ مەزڵوم سەرکەوتوو بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.