هەڕەشەکانی ئەردۆغان پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بەرەو کوێ دەبن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 546 جار بینراوە

ئاراس مه‌سیفی

لە نوێترین لێداونیدا ئەردۆغان بە شێوەیەکی ئاشکرا هەڕەشەی ناردنی پەنابەر و گەڕاندنەوەی جیهادیە ئیسلامیەکانی بۆ ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد. هەڕەشەکانی ئەردۆغان لە ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە ناردنی پەنابەر تازە نین، بەڵام ئەوەی تازەیە گەڕاندنەوەی تاکلایەنان و ناردنی جیهادیەکانە بۆ ئەورۆپا. ئەردۆغان دەیەوێت بەم هەڕەشانەی ووڵاتە ئەورپایەکان (کە لێرەدا مەبەستی سەرەکی ووڵاتەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیایە) بەرامبەر سیاسەتە شەرانگێزی و پاوانخوازیەکانی خۆی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ملکەچ و بێدەنگ بکات. بەمەش ئەردۆغان پشودرێژی و نەرمی نواندنی ئەوروپا بەرامبەر سیاسەتەکانی تورکیا دەخاتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەخت کە لەوانیە دەرئەنجامی نەخوازراوی بۆ پەیوەندیەکانی نێوان وولاتە سەرەکیەکانی یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتی تورکیای لێبکەوێتەوە. لەم نوسینەدا هەوڵدەدەم گرنگیی پێگەی تورکیا بۆ یەکێتی ئەوروپا، تێڕوانین و خوێندنەوەی ووڵاتە گرنگەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەرودۆغان و تورکیا و هەروەها سنوری هەڕەشەکان ئەردوغان و کاردانەوەکانی یەکێتی ئەوروپا بخەمە رو و شیان بکەمەوە.

گرنگی تورکیا بۆ ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا
هۆکاری نەرمی نواندن و چاوپۆشی کردنی ووڵاتە گرنگەکانی یەکێتی ئەوروپا لە سیاسەتە شەرانگێزیەکانی ئەردۆغان بەشێکی دەگەرێتەوە بۆگرنگیی پێگەی جیوستراتیژی تورکیا لە ناوچەکە. لە روی جیوستراتێژی تورکیا نەک تەنها کێشوەرەکانی ئەورۆپا و ئاسیا بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵکو خاوەنی تاکە دەروازەی نێوان دەریای ناوەراست و دەریای رەشییشە کە بۆ ووڵاتە ئەوروپیەکان گرنگی خۆی هەیە. جگە لەمەش تورکیا پردی پەیوەندی نێوان ئەوروپایە لەگەڵ جیهانی ئیسلامی و ووڵاتانی هاوسنوری دەریای قەزوێن. بەشێکیشی پەیوەندی بە بەرژەوەندیە هەنوکەیەکانی ووڵاتانی ئەوروپایە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە تایبەتیش لە بوارەکانی هاوسەنگی هێزی هەڕێمایەتی ناوچەکە و بە تایبەتریش لە بوارەکانی ئەمن و ئاسایش و ئابوری. ئەوروپا تا ئێستاش تورکیای لە ئێران و سعودیە پێ پەسەند ترە و زیاتر پشتی پێدەبەستێت بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێزی هەرێمایەتی لە ناوچەکە، چونکە ووڵاتە ئەوروپایەکان تا ئێستاش لەو بروایەدان کە دامەزراوەکانی تورکیا لە ئەوروپا نزیکترن بە بەراورد لەگەڵ ئێران یاخود شانشینی سعودیە کە هەردوکیان لە کێبرکێی پاوانخوازی و سەرداریکردنی جیهانی ئێسلامیدان لە ناوچەکەدا. تا ئێستاش پەیوەندیەکی توندوتۆلی دامەزراوەیی هەیە لە نێوان ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر هەمو ئاستەکانی سەربازی، دیبلوماسی، هەواڵگری، ئەمنی و ئابوری و دارایی و کولتوری هتد. ئەوروپایەکان ئەردۆغان بە کێشەیەکی کاتی دەبینن کە لە گەڵ رۆژگاردا لە دەسەڵاتدا نامێنێت. بە تێڕوانینی ناوەندەکانی بڕیاری زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا و بگرە ئەمریکاش تا ئێستا جێگرەوە بۆ پێگەی تورکیا لە ناوچەکەدا بونی نیە. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان کە وای لە ئەردۆغان کردوە بێ منەتانە هەڕەشە لە ئەوروپا وئەمەریکا بکات و مەرجی ناماقوڵیان بەسەردا بسەپێنێت، بەڵام گرنگی پێگە و کارتەکانی تورکیا بۆ ئەوروپا هەر چۆن و چەند بێت، تا ئەو شوێنە بڕ دەکەن کە لە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی ئەوروپا بن یاخود بەلایەنی کەمەوە تا ئەو شوینەی قازانج سەری مایە نەخوات.

سەڕکێشیەکانی ئەرودۆغان

دوای ئەوەی ئەردوغان بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات و توندکردنی پێگەکەی هەمو کارتە ناوخۆیەکانی بەکارهێنا، ئێستا ناچارە بۆ مانەوەی لە لوتکەی دەسەڵات و لە دەستنەدانی پێگەکەی دەست بۆ کارتە دەرەکیەکان ببات. بە بۆچونی زۆربەی شارەزایانی بواری سیاسی ناوخۆى تورکیا هێرشی ئەمدوایەی ئەردۆغان بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان زیاتر بۆ قایمکردنەوەی پێگە و دەسەڵاتی لەقاوی خۆیەتی لە ناوخۆی تورکیا. بە پێچەوانەی کردەوکانی ئەردوغان لە ناوخۆی تورکیا کە کاریگەریەکانیان بۆ سەر ووڵاتانی ئەوروپا و جیهان سنوردارە، کارتە دەرەکیەکان کاریگەری گەورە و ترسناکیان لە سەر هاوکێشەی هێز لە ناوچەکە و ئەمن و ئاسایشی ووڵاتانی ئەوروپی و جیهان دادەنێن کە ئەوەش ووڵاتانی ئەوروپی ناچاری کاردانەوە دەکات. کارتێکی هەنوکەیی تورکیا بەرامبەر ئەوروپا کێشەی پەنابەران و شەڕی دژەتیرۆرە کە لە روانگەى ئەوروپیەکان هەردوکیان لە ئێستادا دو مەترسیی راستەقینەن بۆ سەرئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ووڵاتانی ئەوروپی و مایەی یاری پێکردن نین. دوبارە بەهێزبونەوەی گروپە توندڕەوەکان و ئاوارەبوني هاوڵاتيان کە لەوانەیە بەشێکی زۆریان رو لە وڵاتانی ئەوروپی بکەن، دو هۆکارن بۆ ترس و نیگەرانی قوڵی ووڵاتانی ئەوروپی لە هێرشەکانی ئەردوغان بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان. ئەردۆغان نەک تەنها پێناچێت ئەو ترس و حەساسیەتەی وولاتانی ئەوروپی لە بەرچاو بگرێت، بەڵکو کەڵەرەقانە دەستی داوەتە یاریەکی ترسناک بەرامبەر بە بەرژەوەندی وولاتانی ئەوروپی، لە دەست تێکەڵکردن لە گەڵ روسیا، پشتگیری کردنی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان لە ناوچەکەدا تا هەڕەشەی راستەخۆ بە ناردنی پەنابەر و جیهادی ئێسلامی بۆ ووڵاتانی ئەوروپا.

کاردانەوەکانی ووڵاتەکانی یەکێتی ئەوروپا

هەم ئەردۆغان هەمیش ناوەندەکانی بڕیاری ووڵاتە سەرەکیەکانی ئەوروپا ئەو راستیە باش دەزانن کە زۆربەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا بوون و مانەوەیان بەندە بە دامەزراوەکانی ووڵاتە سەرەکیەکانی یەکێتی ئەوروپا. ئەگەر تەنها سێکتۆرەکانی بازرگانی و ئابوری و دارای دەوڵەتی تورکیا بە نمونە وەربگرین، ئەوە دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی بنەڕەتی وابەستە و پاشگۆی دامەزراوەکانی بازرگانی و ئابوری و دارای ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپایە. هەرسێ سێکتۆری بازرگانی، ئابوری و دارای تورکیا بە رێژەی زیاتر لە ٩٠% وابەستەی دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپان. ئەندامیەتی تورکیا لە یەکێتی گومرگی ئەوروپی، ئاڵوگۆری بازرگانی، وەبەرهێنانی راستەوخۆ و ناراستەخۆی کەرتەکانی تایبەت و حکومی ئەوروپی لە تورکیا، قەرزی بانکە ئەوروپیەکان بۆ خاوەن کار و پرۆژەکانی تورکیا وایانکردوە کە ئابوری تورکیا بە نزیکەی زیاتر لە سەدا .٩% وابەستە و پاشگۆی یەکێتی ئەوروپا بێت. لەوانەشە ئەمە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان بێت کە ئەوروپایەکان هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر ئەوروپا تا ئێستا زۆر بە جدی وەرنەگرن، چونکە ئەردۆغان ئەوە باش دەزانێت کە ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا توانای ئەوەیان هەیە لە شەو و رۆژێکدا ئابوری تورکیا لە بنەڕەتدا هەڵتەکێنن و تورکیا توشی گەورترین قەیرانی ناوخۆی بکەن، ئەگەر هاتو تورکیا هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەمن و ئاساىشی ئەوروپا بخاتە بواری کرداریەوە. هۆکارێکی تری نەرمی نواندن و پشودرێژی ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زانینی ئەو راستیەیە کە ئەردۆغان لە سەر ئاستی ناوخۆی رو لە لاوازبونە و هەر لەبەر ئەمەش دەیەوێت بە هەڕەشە و هێرشی دەرەکی پێگەی خۆی لە ناوەو قایم بکاتەوە. ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت بە کاردانەوەی دیبلۆماسی و سنوردار کاریگەریەکانی کردەوەکانی ئەردۆغان سنوردار بکەن و شکست بە کردەوە دەرەکیەکانی تورکیا بهێنن، بەو هێوایەی ئەردۆغان لە ناوەوە لاوازتر بکەن و رێگە بۆ لەسەر کارلابردنی خۆش بکەن.

ئەگەر هاتو بەشێکی پێشبینی و خوێندنەوەی ئەوروپایەکان بۆ ئەردۆغان و بارودۆخی تورکیا دروست دەرنەچو و یاخود بە تەواوی پێچەوانە بوەوە، ئەوە ووڵاتە ئەوروپیەکان ناچارن پێداچونەوە بە هەڵوێىستی خۆیان بکەن، بەڵام بە بۆچونی من کاردانەوەکانیان قەت ناگەیەنە ئەو ئاستەی کە دامەزراوەکانی تورکیا لەبەر یەک هەڵوەشێن و تورکیاش توشی سەرگردانی و فەوزا و شەڕی ناوخۆ بکەن. چونکە بێهێزبون یاخۆد ناسەقامگیری تورکیا بۆ ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە مانای روخانی دەروازەی سەرەکی ئەوروپایە بەڕوی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە لە رێگەیەوە نەک تەنها پەنابەرانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیای ناوەراست بێ دەربەست بەرەو ئەوروپا رێگە دەگرن، بەڵکو تورکیا خۆی لەوانەیە ببێتە مەیدانی دروستبونی چەندین گروپ و رێکخراوەی تێرۆریستی کە دەبنە مەترسیەکی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەوروپا. لەبەر ئەوە ئەوروپا تا دوا سات دەست بەیەکگرتویی خاک و دامەزراوەکانی تورکیا دەگرێت و کاردانەوەکانیان بەنەرمی دەمێنێتەوە، بەو هیوایەی کە ئەردۆغان بێتەوە سەر ئەقڵ و هۆشی خۆی یاخود لە دەسەڵات لا بدرێت یان لا بچێت. بێگومان ئەردۆغانیش ئەم راستیانە هەموی دەزانێت، لەبەرئەوەش ئاوا بە کەڵەگایی و بێمنەتاتە هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات، چونکە دەزانێت هەر کاردانەوەیەک و یان سزایەکی توندی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر تورکیا دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ ئەوروپا لێدەکەوێتەوە.

من پێموایە ئەوروپایەکان لە خوێندنەوەیان بۆ کەسایەتی ئەردۆغان بە هەڵەدا چون یان ئەوتا لەژێر فشاری لۆبی ئابوری و خاوەن کار و بانکەکان کە بەرژەوەندیەکی زۆریان لە تورکیا هەیە، خۆیان فریو دەدەن، چونکە رابوردو دەریخستوە کە ئەم پیاوە ئامادەی هەمو شتێکە لە پێناو گەیشتن و مانەوە لە لوتکەی دەسەڵات، ئەو نە نیەتی دەست لەکارکێشانەوەی هەیە، نە رێگە دەدات لە دەسەڵات لاببرێت. بۆ ئەمەش زۆر خۆپەرستانە و نابەرپرسیارانە دەستی داوەتە یاریەکی ترسناک و داهاتوی ووڵاتی خۆی داوەتە دەست قەدەری مەترسی ناسەقامگيری و لێکهەڵوەشانەوە بۆ مانەوە لە دەسەڵات. دیار نیە کە ئەردۆغان تا چەند گوی بە نیگەرانی و حەساسیەتی ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەدات، بەڵام ئەگەر هاتو ئەردۆغان لە رێتۆریک و هەڕەشەکانی بەرامبەر ئەوروپا بەردەوام بێت، بێ ئەوەی بە کردوە جێبەجێشیان بکات، دورنیە تەقینەوەیەک یاخود هەر کارێکی تێروریستی لە ئەوروپا وەکو دەرئەنجام یان لێکەوتەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بخوێندرێتەوە و بەمەش ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ژێر فشاری شەقام و میدیای ئەوروپی کە تا ئەوپەڕی دژی ئەردۆغان و کردەوەکانین و لێی بێزارن، ناچاری کاردانەوە و سزای توند بەرامبەر تورکیا ببنەوە و دەرئەنجامی چاوەڕواننەکراوی لێبکەویتەوە.

تێبینی
یەکێتی ئەورپا لە ٢٨ ووڵات پێکهاتوە کە هەر یەکەیان سیاسەتی دەرەوەی جیوازی خۆی بەرامبەر تورکیا هەیە، بەڵام تيروانینی هەمویان لە بابەتەکانی پەنابەر و شەڕی دژە تیرۆر لەیەک نزیکە. لەگەڵ ئەوەشدا لێرە تەنها مەبەست لە ناوەندی بڕیارەکانی هەرسێ ووڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیایە کە کۆلەکەی سەرەکی ئابوری و سیاسی یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنن و دەستی باڵایان هەیە لە دارشتنی هێڵی گشتی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.