ئەم پەروەردە سیاسییە سەقەتە، رابگرن..!

لەلایەن ستاندار Posted on 421 جار بینراوە

عەدالەت عەبدوڵڵا

یەكێتی و پارتی، لە گەوهەردا، لەهەڵەو رەفتاری سیاسیی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و یەكڕیزیی گەلی كورد نەكەوتوون و، لە سەریشەوە، بۆ ئیستهلاكی مەحەلی، بانگەواز بۆ یەكڕیزی دەكەن!. با لەم بارەیەوە، نموونەیەكی تری وێرانكەری ئەو ئەخلاق و پەروەردە سیاسییە بهێنمەوە كە، لانیكەم، بەشێكی دەستڕۆیشتووی ناو هەردوو هێزەكە سەركردەو كادیرانی خۆیانی پێ پەروەردە دەكەن.
ئەوان، هەردوولا، وەك بڵێی تێریان لە ناكۆكی و ململانێی ناشەریفانەو دووبەرەكی و شەڕی ناوخۆیی نەخواردبێت، پێوەرێكیان بۆ دڵسۆزیی بۆ حزب گرێداوەتەوە بە كولتوری جنێودان و سوكایەتیكردن بە هێزی بەرامبەر، بەتایبەتی لەهەلومەرجی چەلەحانێی حزبیی نێوانیان و گرژییە ناو بەناوەكانیان. ئێستا لەناو پارتی و یەكێتیدا، ئەو سەركردەو كادیرانە پیاوی دڵسۆزو كوری چاك و سەر ڕاستن كە لە رابردوو و بۆ ئێستا بەوە ناسراو و بەناوبانگ بن كە هێزی بەرامبەریان سووك كردبێت و شكاند ببێت!. لە پارتیدا، ئەوانە ماف و ئیمتیازی زۆر وەردەگرن كە داهێنان دەكەن لە جنێودان بە یەكێتی و بەرپرسەكانی، لە یەكێتیشدا ئەو كاربەدەست و كادیرانە چانسی وەرگرتنی ئیمتیازو پلەو پۆستیان هەیە كە بە دژە پارتی ناودەبرێن.
ئەم ئەخلاق و پەروەردە سیاسییە سەقەتە، بە ئاشكرا فیتنەمان بۆ دەكاتە نەریت و دەچێتە خوێنی ئینسانی ئێمەوە، دروستكردنی بێ متمانەیی و رق و تۆڵەمان بۆ دەكاتە بەشێك لە سیستمی بیركردنەوەو رەفتار. لەرووی سیاسی و كۆمەڵایەتیشەوە، بونەوەرێكمان بۆ پێدەگەیەنێت كە گەورەبوونی خۆی لە بچووككردنەوەی ئەو پرەنسیپ و بەها سیاسی و نەتەواییانەدا ببینێتەوە كە ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سەقامگیریی بەرپا دەكەن. ئەوانە سوور دەزانن كە لە هەلومەرجی ئاساییدا هیچیان پێ ناكرێ، هەر زوو مەعدەنی نابوتیان بۆ رایگشتی ڕووت دەبێتەوەو هیچیان بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی سەری شوومیان بەناو گەڵیاندا بكەن..!
یەكێتی و پارتی، بەم مۆراڵە دواكەوتووە، هەر تاوانی گەورە بەرامبەر بە یەكتر ناكەن، بەڵكو پێش خۆیان بەرامبەر بە سەرلەبەری نەتەوەی كوردی دەكەن، ئەوان هەتا بەم لۆژیكە سیاسەت بكەن و هەر وەرزەو دەیان و سەدان كادرو سەركردەی فیتنەمان بۆ بەرهەم بهێنن، ئەوا حەتمەن چارەنووس و چارەی كوردیش لەم بەشەی كوردستاندا رەشتر دەبێت.
لەچەند ساڵی رابردوودا، بەم پەروەردە سیاسییە سەقەتە، چەندان كەسی هیچ لەبارا نەبوو لە هەردوولا بوون بە پەرلەمانتار، بەرپرسی حزبی، حكومی، بگرە (ئەستێرە)ی سەر شاشەو ناو میدیاكان!. هەندێجار، پارتی، بە حوكمی پێگەی بەهێزی خۆی لەناو دەزگاكانی هەرێمدا، هەوڵیداوە كە رێگری لە هەندێ خەڵكی یەكێتی بكات كە بێنە ناو حكومەتەوەو هەندێكیشیان بكڕێت!، بەتایبەتی لە پۆستە باڵاو هەستیارەكاندا، بەڵام بە گشتی، نەیتوانیوە رێگیری لەدیاردەكە بكات. هەرچی یەكێتییە، ئەوا ئەوەندە لاوازە بەهیچ جۆرێك نەیتوانیوە ڤیتۆی لەسەر هیچ پارتییەك لەحكومەت و دەوڵەتدا هەبێت و رەتیان بكاتەوە كە دژە یەكێتی بووبن!.
وەلحاڵ، كێشە ئەوەیە ئێستا كۆنگرەی هەردوو حزبەكە، كە هی یەكێتی لە رێگەدایە و هی پارتیش لە داهاتوودا، جارێكی تر، بەناو فلتەری ئەم پەروەردە سیاسییە سەقەتەدا گوزەر دەگات. لەم كۆنگرەیەی یەكێتیدا، ئەوەی جنێوی زیاتری بە پارتی دابێت، چانسی زۆرتر دەبێ و پلەو پایەی حزبی باشتر وەردەگرێت، دڵنیاشین كەوا لە كۆنگرەی پارتیشدا هەمان هاوكێشە رەواجی زۆری دەبێت!، بەمەش لە ئایندەی وڵاتدا، بەبێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، دەچینەوە بەردەم نەوەیەكی تر لە دەموچاوی سیاسی و دەمڕاست و بڕیار بەدەست كە پەروەردەی كولتوری فیتنەو شەڕی كوردكوژی و تۆوی شێواندنی یەكڕیزی و سەقامگیرین لە وڵاتدا..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.