عێراق و کۆتایی سیاسەت

لەلایەن ستاندار Posted on 355 جار بینراوە 0 سەرنج
k22

مه‌ریوان وریا قانع

عێراق بەرەو دۆخێکی سیاسیی تەواو ناجێگیر و ترسناک دەڕوات و ڕووی لە نادیار و تاریکیەکی گەورەیە. پێدەچێت پەنابردن بۆ توندتویژیی ببێتە ئامرازی ژمارە یەک و ھەرە سەرەکیی ئەو پەیوەندییەی کە خۆپیشاندەرانە ناڕازییەکان بەو نوخبە حوکمڕانەوە گرێئەدات، کە لە قۆناغی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا دەسەڵاتی گرتۆتەدەست. عێراق ئەمڕۆ سەرزەمینی دەیان قەیرانیی گەورە و ھەمەجۆرە لە پێشە ھەمووانیشەوە :
یەکەم: گۆڕانی دەوڵەتە بۆ موڵکی شەخسیی ئەو نوخبەیەی کە زیاد لە پازدە ساڵە حوکمڕانە. ئەم بە موڵکایەتیکردنەی دەوڵەت ھاوشانە بەدروستبوونی چەندەھا ھێز و میلیشیای چەکداریی، کە ھەندێکیان سەر بە کەسایەتیی و پارتی سیاسیی و دینییە ناوخۆکانە، ھەدنێکی تریان لەدەرەوەڕا دروستکراون دەست و پەنجەی وڵاتانی ئیقلیمی ئاراستەیان دەکات. ئەم میلیشیایانە وەک سوپای تەریب و خاوەن ھێزی گەورە ئامادەن و بەمەش یەکێک لە سەرەکیترین ئەو پرنسیپانەی دەوڵەتان دەکات بە دەوڵەت وێرانکردوە: پرنسیپی مۆنۆپۆڵیکردنی مافی بەکارھێنانی توندوتیژیی شەرعیی و کۆکردنەوەی ئامرازەکانی توندوتیژیی لە دەستی دەوڵەتدا بە تەنھا. لە عێراقدا نەک تەنھا میلیشیای چەکدار ھەیە، بەڵکو دەیەھا خێڵ و عەشیرەتی چەکداریش ھەیە، کە ھەریەکێکیان دەسەڵاتێکی تەریبیی بە دەسەڵاتی دەوڵەت دروستکردوە.
دووھەم: ئەو نوخبە حوکمڕانە لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە سەرقاڵی بە خێزانیکردنی فرەلایەنی دەسەڵاتەکان بووە لەو وڵاتەدا. واتە بە کردەوە خەریکی بونیادنانی سوڵتانیزمێکی خێزانییە تیایدا دەسەڵات بە ویراسیی لەناو کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی دینیی و سیاسیدا سنوورداربکرێت و زۆرینەی زۆری ھێزە کۆمەڵایەتیی و مەدەنیی و سیاسییەکانی تر لە دەرەوەی بازنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا بن.
سێھەم: بۆ پاراستنی ھەیمەنەی ئەم نوخبە سوڵتانیی و خێزانیی و بنەماڵەیی و دینییە، ئابوریی وڵاتەکە بەشێوەیەکی سیستماتیک بە تاڵان دەبرێت و لە ھەموو جومگەی گرنگەکانیشیدا چەندان میکانیزمی گەورەی گەندەلیی و دزیی و جەردەیی فرەشێوە چێنراوە. بەمەش ئابوریی عێراق و خودی دەوڵەتی عێراقی خۆشی گۆڕاون بۆ بۆ ئابوریی و دەوڵەتی غەینمە. لۆژیکی غەنیمە ھەم بڕێکی گەورەی ئابوریی وڵاتەکە ئاراستە دەکات، ھەم لۆژیکی کارکردن بە دەوڵەت خۆشی.
چوارھەم: لە ١٦ ساڵی ڕابردوودا نەوەیەک لە کوڕ و کچی گەنج لەو وڵاتەدا دروستبوون کە جگە لەم سیاسیی و دەسەڵاتدارە گەندەڵانە، جگە لە سیاسەتێکی تائیفیی و دینیی، جگە لە مۆنۆپۆڵکردنی دەزگاکان و سەرجەمی پێگە سەرەکیی و ناسەرەکییەکانی ناو جیھازی بیرۆکراسیی دەوڵەت، شتێکی تریان نەدیوە. ئەم نەوەیە سەرجەمی نەھامەتییە تاکەکەسیی و دەستەجەمعییەکانی خۆیان و چۆنیەتی تێکچونی ژیانیان و ھۆکاریی نائومێدبوونیان ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتی ئەم نوخبە سیاسییە گەندەل و دەسەڵاتدارەوە گرێئەدەن. بۆیە جگە لە توڕەبوون شتێکی تریان نییە بەو دەسەڵاتدارانەی نیشانبدان.
پێنجەم: ھەموو ئەو خاڵانەی لە سەرەوە باسمانکرد وایکردوە کێشەیەکی ھێجگار گەورە لە وڵاتەدا دروستبووبێت، کە بە بۆچوونی من لە ھەموو کێشەکانی تر ترسناکترە، ئەویش کێشەی نەمانی متمانەیە لە نێوان کۆمەڵگا و حوکمڕانەکانیدا. ئەم متمانەیە لە ھەموو ئاستێکدا وردوخاش بووە و ھێزێک و کەسایەتییەک نەماوە لەناو ئەو نوخبە حوکمڕانەدا قابیلی متمانە پێکردن بێت. ئەم نەمانی متمانەیەش وادەکاتادا ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەئارادا نەبێت.
شەشەم: کە متمانە نەما و دڕدۆنگیی و ڕق و لە کۆتاییدا توندوتیژیی بوو بە ئارازی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ئەو خەڵکە نائومێد و توڕەیە و دەسەڵاتداران، ئەودەم ھیچ مانایەک بۆ کردەی سیاسیی نامێنێتەوە. ئەوەی لە عێراقدا دەیبینین کۆتایی کردەی سیاسییە وەک کردەیەک بە ھۆیەوە خەڵک ژیانی گشتیی خۆیان بە شێوەیەکی ناتوندتیژ ڕێکبخەن. لە کوێشدا سیاسەت پەکیکەوت و وەک یەکێک لە چالاکییە ھەرە سەرەکییەکانی ئینسان سڕایەوە، لەوێدا دەگەڕێینەوە بۆ قۆناغی بەر لە دروستبوونی سیاسەت، قۆناغی جەنگی گشت دژ بە گشت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *