خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ هەموواری دەستوری عێراق

لەلایەن ستاندار Posted on 466 جار بینراوە 0 سەرنج
k26

دەریا محمد – یاساناس

دەستور دەکرێ پێناسە بکرێ بەوەی بریتیە لە کۆمەڵێ بنەمایی یاسایی باڵا کە لەلایەکەوە تێیدا ماف و ئازادی تاکەکان دیاریدەکات لەلایەکی تریشەوە سیستەمی سیاسی و ئەرک و کاری دەسەڵاتە جیاوازەکانی دەوڵەت و پەیوەندی نێوانیان دیاریدەکات . دەستور بەرزترین یاسایە لە دەوڵەتدا وە نابێ هیچ یاسایەک دەربچێت لە پەرلەمان کە پێچەوانەی دەق و بنەما دەستوریەکان بێت . دەستوری هەر وڵاتێکیش رەنگدانەوەی فەلسەفەی سیاسی و ئایدیایی ئەم دەوڵەتە دەگەیەنێ . بە گشتی سەبارەت بە هەمواری دەستور ئەوا دەستورەکان دابەش دەبن بۆ دوو جۆر : یەکەم / دەستوری نەرم یان عورفی : ئەم جۆرە دەستورە بۆ هەموارکردنی پێوستی بە رێوشوێنی ئاڵۆز نیە ، وە هاوشێوەی یاسا ئاساییەکان پەرلەمان دەتوانێ هەمواری بکاتەوە ، باوترین نمونەی ئەم جۆرە دەستورە لە جیهاندا دەستوری شانشینی بەریتانیایە . دووەم /دەستوری رەق یان نوسراو : ئەم جۆرە دەستورە بۆهەموارکردنی پێوستی بە رێوشوێنی ئاڵۆز هەیە ، وە خودی پەرلەمان ناتوانێ هاوشێوەی یاسا ئاسایەکان هەمواری بکاتەوە ،بەڵکو پێوستی بە کۆمەڵێ رێوشوێنی توندو ئاڵۆز هەیە کە لە خودی دەستورەکەدا دیاریکراوە ، زۆرینەی دەستوری وڵاتان لەم جۆرەن . – دەستوری عێراقی ساڵی ۲۰۰٥ یەکێکە لە دەستورە جامد و رەقەکان کە بۆ هەموارکردنەوەی پێوستی بە کۆمەڵێ رێوشوێنی ئاڵۆزو دیاریکراو هەیە بە شێوەیەکی کورت و روون لە خوارەوە روونیدەکەینەوە . لە دەستوری عێراقدا لە دوو ماددەی جیاوازدا رێگاکانی هەموارکردنەوەی دیاریکردوە ئەویش لە هەردوو ماددەی ۱۲٦ و ۱٤۲ دا . لە ساڵی ۲۰۰٥ کاتێک دەستور نوسرایەوە پێک هاتبوو لە ۱۳٨ ماددە بەڵام سونەکانی عێراق رەزامەند نەبوون لەسەری وە ئامادە نەبوون دەنگی پێبدەن ، بۆیە بۆ رازیکردنی سونەکان ولەژێر فشاری ئەمریکیەکان چەند ماددەیەک بۆ پرۆژەی دەستورەکە زیادکرا کە یەکێک لەوانە ماددەی ۱٤۲ ی دەستور بوو . لە ماددەی ۱٤۲ ی دەستوردا ئاماژە بەوە دراوە لە سەرەتای دەست بەکاربوونی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لێژنەیەک پێک دێت لە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بۆ دیاریکردنی ئەو راسپاردانەی کە پێوستە بۆ هەموواری ماددەکانی دەستور بکرێ وە دەبێ لێژنەکە لە ماوەی چوار مانگدا کارەکانی تەواو بکات ، وە دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە دەبێ دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنێ و دواتر دەخرێتە راپرسی گەل کە دەبێ گەل بریاری لەسەر بدات ، وە بە هەر لە هەمان ماددە ئاماژە بەوە دراوە هەموار لەسەر دەستورەکە ناکرێ کاتێک لە راپرسی گەلدا گەر (۲/ ۳) ی سێ پارێزگا رەتیان کردەوە (کە ئەم برگەیە بە هەوڵی کورد داندرا )ئەمەش بۆئەوەی گەر هەموارەکە پێچەوانەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو ئەوا رەتبکرێتەوەو پەسەند نەکرێ . هەر لە خودی ماددەی ۱٤۲ برگەی پێنجەم ئاماژە بەوە دراوە ،کە هەموار کردن بەپێی ماددە ۱۲٦ بەدەردەکرێت، تا دەقەکانی ماددەی ۱٤۲ جێبەجێ دەکرێ . -سەبارەت بە دەقی ماددەی ۱۲٦ ی دەستوردا ، دیاریکردوە کێ دەسەڵاتی هەمواری دەستوری هەیە ، بەپێی برگەی یەکەم لە ماددەکە دەسەڵات دراوە بە (سەرۆکی کۆمارو سەرۆکی‌ئەنجومەنی وەزیران) پێکەوە پێشنیاری هەمواری دەستور بکەن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران یــــان (۱ /٥ ) ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیاری هەمواری دەستورەکە بکەن ، واتە لە کۆی ۳۲۹ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ٦٦ پەرلەمانتار پێشنیارەکە بکەن . دواتر پێشنیاری هەموارەکە‌دەخرێتە دەنگدانەوە دەبێ (۲ / ۳) ئەندامانی ئەنجومەن دەنگی لەسەر بدەن . دواتر دەبێ بخرێتە دەنگدان و راپرسی گەل لەسەری وە دەبێ دەنگی بەڵێی زۆرینەی گەل بەدەست بهێنێ ، وە دواتر دەخرێتە بەردەم سەرۆک کۆمار بۆ پەسەند کردنی، کە ئەویش دەبێ لە ماوەی ۷ رۆژدا پەسەندی بکات . -بەڵام سەبارەت بە هەمواری ئەو دەقانەی کە پەیوەندیدارن بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان هەر لە خودی ماددەی ۱۲٦ برگەی چوارەم دەقی لەسەرداوە بەوەی دەبێ پەرلەمانی کوردستان رەزامەندی بدات لەسەر هەموارەکە دواتریش دەخرێتە بەردەم دانیشتوانی هەرێم بۆ راپرسی و دەبێ دەنگی زۆرینەی بەڵێی دانیشتوانی هەرێم بەدەست بهێنێت ، دواتریش دەخرێتە بەردەم سەرۆک کۆمار بۆ پەسەند کردنی . -جیاوزی نێوان ماددەی ۱۲٦ و ۱٤۲ ی دەستور بۆ هەمواری دەستورەکە ئەوەیە ماددەی ۱٤۲ بە گشتی باسی هەموارکردنەوە کراوە وە هەموو حوکم و برگەو ماددەکانی دەستور دەگرێتەوە ، بەڵام بەپێی ماددەی ۱۲٦ هەموارەکە هەموو ماددەکانی دەستورەکە ناگرێتەوە لەوانەش( پرنسیپە بنەرەتیەکان -و ماف و ئازادیەکان – و دەسەڵاتی هەرێمەکان ) . -دادگای اتحادی باڵاش لەسەر جیاوازی تفسیری ماددەی ۱۲٦ و ماددەی ۱٤۲ دا لە بریاری ژمارە (٥٤)ی اتحادیە /۲۰۱۷) لە رێکەوتی (۲۲ / ٥ / ۲۰۱۷ ) دا دەڵێ : هەمواری دەستور لەژێر رۆشنایی ماددەی ۱۲٦ ئەنجام نادرێ تا پێشنیاری ئەم هەموارە ئەنجام نەدرێ کە لە برگەی یەکەمی ماددەی ۱٤۲ دا دەقی لەسەر هاتوە واتە دەبێ سەرەتا کار بە ماددەی ۱٤۲ بکرێ و جێبەجێ بکرێ بۆ هەموارکردنی دەستور ، ئینجا دوای جێبەجێکردنی مادەی ۱٤۲ دەکرێ ماددەی ۱۲٦ کاری پێبکرێ . -بۆیە کاتێک کار بە ماددەی ۱٤۲ دەکرێ بۆ هەموارەکە لەلایەکەوە مەترسی راستەوخۆ دەکەوێتە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان وە لەلایەکی ترەوە مەترسی دەکەوێتە سەر سیستەمی سیاسی عیراق بە گشتی بە تایبەت کە بەشێک لە لایەنەکان بانگەشەی گۆرینی سیستەمی سیاسی دەکەن لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی ، کە ئەمەش کاریگەری خراپ و مەترسی گەورە دەکاتە سەر پێگەی کورد لە بغداو حکومەتی عیراق . بۆیە دەبێ سەرکردایەتی کورد و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان و نوێنەرانی کورد لە بغدا وریایانەترو ووردتر بارودۆخەکە بخوێنەوەو هەڵسوکەوت بکەن ، وە نابێ سازش لەسەر بچوکترین مافی کورد بکەن ، چونکە بچوکترین سازشکردن دەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری کوردو بەهێزبوونی حکومەتی ناوەندی عێراق .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *