ستاندەر
ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کەمێک پێش ئێستا رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەشت مووچەی فەرمانبەران و 12 مووچەی خانەنشینان قەرزارە و دانەوەی ئەو مووچانەش لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئاوات شێخ جەناب دەشڵێت: حکومەتى هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانى 250 هەزار بەرمیل نەوت بە سۆمۆ.
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم ئاشکراشی دەکات لەگەڵ بەغدا لەبارەی دانەوەی قەرزەکانی سەرهەرێمی کوردستان رێککەوتوون. لەلایەکی تر بەپێی هەواڵێکی پێگەی “ناس کورد” ئاواتی شێخ جەناب ئاماژەی بەبوونی شێخ باز کردووە لەوەڤدی دانوستانی هەرێم و گوتویەتی: بوونی شێخ باز لەدانوستانەکاندا زۆر بەسود بووە و ناوبراو وەک کەسێکی هونەری بەشدار بوو، دەشڵێت خۆزگە ئێمە چەند کەسێکی وەک شێخ بازمان دەبوو.
شایەنی باسە بەشداری شێخ باز لەدانوستانەکان بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمی هەبێت جێگەی رەخنەی چالاکوانانی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان بوو.