د.كامه‌ران مه‌نتك
دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی (2015) روسیا به شێوه‌یه‌كی سه‌ربازی خۆی له سوریا هه‌ڵقورتاند، هاوكێشه جیهانیه‌كان گۆڕان و هاوسه‌نگی هێز له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی، خه‌ریكه هه‌موار ده‌بێته‌وه‌و رۆژ به‌رۆژیش و زۆر به‌خێرایی ئه‌و هاوسه‌نگیه ده‌گۆڕێت، كه ئه‌مه ئه‌گه‌ری شه‌ڕێكی جیهانی زیاد كردوه‌و زۆر جار له میدیاكان و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی وڵاته گه‌وره‌كانیش گوێمان له مه‌ترسیه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی دایسانی ئه‌م جه‌نگێكی ده‌بێت!. له‌راستیدا كێشه‌یه‌كی بونیادی له‌م خوێندنه‌وانه‌دا له به‌رده‌م ئاڕاسته‌ی بۆچوونه‌كاندا هه‌یه، واته خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كانه به هه‌مان ئه‌و ئامڕازانه‌ی، كه بۆ هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی ده‌كرێت، كه ره‌نگ بێت خاڵی هاوبه‌ش له‌مه‌دا ئه‌وه بێت هه‌موو ئه‌و جه‌نگانه له‌سه‌رئاستێكی جیهانیدان و هێزه جیهانیه‌كان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان تێیه‌وه ده‌گلێن و هه‌ر یه‌كه‌ی به گوێره‌ی هێزو پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكی خۆی رۆڵی تیادا ده‌گێڕێت!. وه‌لێ جیاوازی بنه‌ڕه‌تی له‌وه‌دایه، شه‌ڕێ نوێی جیهان به هیچ شێوه‌یه‌ك له دوو شه‌ڕه‌كه‌ی تری جیهانی ناچێت، چونكه به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له كۆتاییه‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهان، شێوازی شه‌ڕی ته‌قلیدی گۆڕی و ئه‌و جۆره شه‌ڕه بۆ هه‌تا هه‌تایه ماڵئاوایی كرد، چونكه به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌كه ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو هێزه‌كان روونكرده‌وه، كه له‌مه‌ودوا چه‌كه‌كان به ته‌نیا مرۆڤه‌كان ناكوژن و دوژمنه‌كان له‌ناو نابه‌رن، به‌ڵكو ژیان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه و ته‌ڕو وشك به‌یه‌كه‌وه ده‌سووتێنن!. جا ئه‌گه‌رئه‌م بیركردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌و قۆناغه راست بووبێت، ئه‌وا دوای زیاترله نیو سه‌ده دوای ئه‌و جه‌نگه‌و ئه‌و پێشكه‌وتنه ترسناك و مه‌ترسیدارانه‌ی له بواری پیشه‌سازی جه‌نگدا هاتوونه‌ته ئارا، ئه‌و راسته‌قینه‌یه تۆختر ده‌كاته‌وه وا ده‌كات ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاسایش هه‌ست به‌م مه‌ترسیانه بكات. بۆیه دایسانی جه‌نگێكی تری جیهان له‌سه‌ر هه‌مان پێودانگی جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌م، نه‌ك هه‌ر ئاسته‌نگه به‌ڵكو مه‌حاڵه!. هه‌ر ئه‌م خاڵه‌شه وا له زلهێزه‌كان ده‌كات، بوێرانه‌تر هێڵه سووره‌كان ببه‌زێنن و به ئاڕاسته‌ی ئامانجه‌كانیان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێزی جیهانی هه‌نگاو بنێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی روسیا له جۆرجیا‌و چه‌چان و مۆڵداڤیاو ئۆكرانیا‌و دواجاریش له سوریا ئه‌نجامیدا!. بوونی ته‌رسانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌تۆمی و چه‌كی وێرانكه‌ر له‌به‌ر ده‌ستی رووسیا، نه‌ك بووه رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت هیچ هێزێك بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بێت په‌لاماری بدات و وه‌ك ئیمپراتۆریاكانی پێشووتر، بۆ نمونه ئیمپراتۆریای عوسمانی و ئیمپراتۆریای ئه‌ڵمانی له‌دوای جه‌نگ له باریه‌ك هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه، بگره رێگاشی بۆ خۆشكرد بۆئه‌وه‌ی به بڕوا به‌خۆبوونێك و پارێزراویه‌وه له‌به‌ر زه‌قه‌ی چاوانی ئه‌مریكاو ئه‌وروپا هه‌نگاو به‌ره‌و تێكشاندنی له‌مپه‌ره‌كان و سه‌رله‌نوێ بووژانه‌وه‌و هه‌ڵسانه‌وه بنێت!. لێره‌دا پرسیارێك دێته ئارا: ئایا ئه‌گه‌ر دایسانی جه‌نگێكی جیهانی له‌سه‌ر شێوه‌ی جه‌نگه جیهانیه‌كانی پێشووتر مه‌حاڵ بێت جه‌نگی جیهانی نوێ چۆن ده‌بێت؟!. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه جه‌نگی جیهانی نوێ جه‌نگێكه زیاتر به شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مریكیه‌كان و ته‌نانه‌ت ركابه‌ره‌كانیشیان هه‌وڵده‌ده‌ن به شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ و له رێگای ئه‌و ئامڕازانه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه ئیداره‌ی ئه‌و جه‌نگه نوێیه بكه‌ن، له‌مه‌شدا سوودیان له ئه‌زموونه‌كانی ئیمپراتۆریای رۆمانی وه‌رگرتووه، كه هه‌وڵیانده‌دا، چه‌ك بۆ هاوپه‌یمانه‌كانیان دابین بكه‌ن و له رێگای ئه‌وانه‌وه كار بۆ هینانه‌دی ئامانجه‌كانی خۆیان بكه‌ن، بۆ نمونه فیل و ئه‌سپ و رم و تیر‌و چه‌كه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان بۆ ئه‌و هێزانه دابین ده‌كردو ستراتیژیه‌ت و پلانی شه‌ڕیان بۆ داده‌نان، ئه‌و هێزانه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ شه‌ڕه‌كانیان ئه‌نجام ده‌داو ده‌كوژران و زیانی گیانی و خاك و ولاتیان لێده‌كه‌وت. ئه‌و هێزانه، كه به هاوپه‌یمان ناوزه‌د ده‌كران، زیاتر له هێزی كرێگرته ده‌چوون ، كه چه‌ند بازرگانێكی شه‌ڕ به‌ڕێوه‌یان ده‌برد!. ئه‌گه‌ر سه‌یری جه‌نگه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌ین، رێك له دوای نه‌وه‌داكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ئه‌و شێوازه له شه‌ڕ پیاده ده‌كات، له ئه‌فغانستان هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی باكوور و گرووپه چه‌كداره به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی تر، پێش سووپای ئه‌مریكا كه‌وتن و له لایه‌ن ئه‌مریكاوه چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ دابین ده‌كراو له ئاسمانه‌وه پاڵپشتیان ده‌كردن. له په‌لاماردانی ئێراقیش به هه‌مان شێوه، كورده‌كان له باكوور‌و شیعه‌كان له باشوور پێش سووپای ئه‌مریكا كه‌وتن و رێگایان بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی سوپاكانی ئه‌م وڵاته خۆشكرد، بۆ ئه‌وه‌ی به زیانێكی ئێجگار كه‌م، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌توانین بڵێین به بێ زیان هاتنه ناو عێراق و داگیریان كرد. كه‌واته له جه‌نگی نوێی جیهانیدا به پله‌ی یه‌كه‌م شه‌ڕه‌كان به وه‌كاله‌ت ده‌كرێن و ته‌نیا ئه‌و چه‌كانه‌ش ده‌خرێنه ده‌ست هێزه شه‌ڕ كه‌ره‌كان، كه توانای ئه‌نجامدانی ئه‌و شه‌ڕانه‌یان هه‌یه، كه زلهێزه‌كان خۆیان مه‌به‌ستیانه. به چه‌كه‌كانی تریشیان هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن و ناوه ناوه له دووره‌وه هێزی نوێی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. وه‌ك به‌كارهێنانی رۆكێتی كالیبه‌ر له لایه‌ن روسیا له سوریا و به‌كارهێنانی رۆكێتی كرۆز له لایه‌ن ئه‌مریكا هه‌ر له سوریا دوای ئه‌وه‌ی رژێمی سوریان به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی له خان شیوخ تۆمه‌تباركرد!. دوای ده‌ستپێكردنی ئه‌وه‌ی ناونرا به‌هاری عه‌ره‌بی، ئه‌و شێوازه پێشكه‌وتنێكی تری به خۆیه‌وه بینی، ئه‌ویش هێنانی هه‌موو گه‌ل بۆ ناو گۆڕه‌پانی شه‌ڕ، كه گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كان بوو، هه‌وڵیاندا له رێگای قۆستنه‌وه‌ی مافه ره‌واكانی خه‌ڵك، ئه‌و رێگا نوێیه‌ی خه‌بات به‌كاربهێنن و گه‌ل وه‌ك هێزو سه‌رچاوه‌كانی هێز رووبه‌ڕووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه بكه‌نه‌وه، كه ده‌یانویست بیانگۆڕن، به مه‌به‌ستی هێنانه دی ده‌ستكه‌وتی جیۆپۆله‌تیكی و ئابڵووقه‌دان و ده‌ركردنی ركابه‌ره‌كانیان له پێگه جیۆپۆله‌تیكیه هه‌ستیاره‌كان. ئه‌م رێگایه له باكووری ئه‌فریقا (تونس و لیبیا‌و میسر) سه‌ركه‌وتنی به ده‌ست هێنا، وه‌لێ به‌هۆی خۆتێهه‌ڵقورتاندنی روسیا له سوریا چه‌قی. تاوه‌كو ئێستا ئه‌و رێگایه له لوبنان و عێراق و ته‌نانه‌ت ئێرانیش تاقیده‌كرێته‌وه‌و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌كو یاری دۆمینۆ هه‌موو وڵاته‌كانی ناوچه‌كانی بگرێته‌وه!.
شایه‌نی ئاماژه بۆ كردنه له‌م جه‌نگه نوێیه‌دا ته‌نیا ئه‌و چه‌كانه به‌كار ناهێنرێت، كه بینراو به‌رچاون، واته چه‌كی ته‌قلیدین، به‌ڵكو مه‌ترسیدارترین چه‌ك، كه له قۆناغی ئێستادا به‌كارده‌هێنرێت، چه‌كی بایۆلۆژیه، هه‌ر بۆیه مه‌ترسیدارترین و ترسناكترین شه‌ڕ له كاتی ئێستادا شه‌ڕی بایۆلۆژیه‌و ئه‌م شه‌ڕه له كوردستان، به تایبه‌تیش له هه‌رێمی كوردستان زۆر به زه‌قی ده‌ستیپێكردووه‌و ده‌بینرێت، له رێگای ئه‌و شه‌ڕه‌وه خه‌ریكه كۆمه‌ڵگای كوردی له باشوور ده‌بێته كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌راپا نه‌خۆش و داپڕووكاو. ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی ورد له بواری ته‌ندروستیه‌وه له هه‌رێمی كوردستان بكرێت، بۆ نمونه ده‌رباره‌ی نه‌خۆشیه‌كی وه‌كو سه‌ره‌تان، ئه‌وا به‌گوێره‌ی هه‌ندێك له‌و داتایانه‌ی ده‌ستم كه‌وتووه، له‌ماوه‌ی ته‌نیا پێنج ساڵی رابردوودا ئه‌و نه‌خۆشیه له هه‌ندێك شاری هه‌رێم به رێژه‌ی له 100% و زیاتریش بۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان زیادی كردووه!. ئه‌مه جگه له زۆربوونی رێژه‌ی نه‌زۆكی له ئافره‌تان و پیاوانی كورد و ده‌یان نه‌خۆشی ترسناكی تر، كه ئه‌گه‌ر داتاكان ئاشكرا بكرێت، ئه‌و كاته ده‌زانین ئێمه له چ كاره‌ساتێكدا ده‌ژین و له چ جه‌نگێكی وێرانكه‌رداین . تازه به‌م دوواییه خه‌ریكه كۆمه‌ڵگای كوردی له رێگای ململانێی سیاسیه‌وه د‌رك به‌و شه‌ڕه ده‌كات و بایكۆتی كاڵای ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌كات، كه ئه‌و شه‌ڕه‌ی دژی پیاده‌كه‌ن، بۆ نمونه وه‌ك بایكۆتكردنی كاڵای توركی، كه ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌كی فراوان خه‌ریكه شه‌قامی كوردی ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له ئاستی گه‌وره‌یی شه‌ڕه‌كه‌و ترسناكییه‌كه‌یدا نیه!.
به‌ره‌یه‌كی تری گرنگ و چاره‌نووس ئامێزی ئه‌و جه‌نگه جیهانیه نوێیه شه‌ڕی بازرگانی و ئابووریه، رۆژانه له میدیاكانه‌وه ده‌نگی شه‌ڕی ئابووری له نێوان هێزه گه‌وره‌كانی دنیامان به‌رگوێ ده‌كه‌وێت. شه‌ڕی ئابوری له نێوان رۆژئاوا (ئه‌مریكاو ئه‌وروپا) له‌گه‌ڵ روسیا، له رێگای سه‌پاندنی سزای ئابووری به‌سه‌ر رووسیا دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر نیمچه دورگه‌ی كریمدا گرت، شه‌ڕی بازرگانی له نێوان ئه‌مریكا و چین، له رێگای سه‌پانی باجی زیاتر له‌سه‌ر كاڵای یه‌كترو داخستنی ده‌رگای وڵاته‌كانیان به‌رانبه‌ر به‌رهه‌می یه‌كتر، ترسناكی ئه‌و شه‌ڕه ئابووریه له نێوان ئه‌و دوو زلهێزه‌دا وای له زۆر نووسه‌ران كردووه، كه وای بۆ بچن ئه‌و شه‌ڕه به‌خێر ناگه‌ڕێت و له كۆتایدا ده‌بێته جه‌نگێكی سه‌ربازی له نێوان چین و ئه‌مریكا. هاوكات چینیش له پڕۆژه‌ی ئۆراسی، ته‌نانه‌ت جیهانیه‌كه‌ی خۆیدا (ده‌ستپێشخه‌ری پشتێنه‌و رێگا) یاخود رێگای ئاوریشمی نوێ، هه‌وڵده‌دا له رێگای وه‌به‌رهێنانی ئابووریه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه هه‌ستیارو ستراتیژیه‌كانی جیهان دابگرێت، له‌مه‌شدا قه‌رز وه‌كو چه‌كێكی كارا به‌كار ده‌هێنێنێت، له سریلانكا حكومه‌ت ناچار بوو بوو به‌نده‌ری كۆڵۆمبۆ بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی نیو سه‌ده بخاته ژێر ده‌ست چینیه‌كان به‌رانبه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ی بۆ پڕۆژه‌كانی وه‌ریگرتبوو. ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو ئیسرائیل به‌نده‌ری حه‌یفای بۆ ماوه‌ی 25 ساڵ داوه‌ته ده‌ست چین بۆئه‌وه‌ی ئیداره‌ی بكات، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی جدی له نێوان ئه‌مریكاو ئیسرائیل دروستكردووه‌و ئاماژه‌یه‌كیشه بۆ باڵاده‌ست بوونی جیهانی چین له سالانی ئاینده‌دا، چونكه گرووپی فشاری جوله‌كه زیاتر هه‌ست به گۆڕانكاری هاوسه‌نگی هێز ده‌كات و هه‌وڵده‌دات خۆی له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كان بگونجێنیت، بۆ نمونه له سالی (1943) هێشتا جه‌نگی دووه‌می جیهانی به كۆتا نه‌هاتبوو، كاتیك هه‌ستیان به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا كرد بۆ رێزبه‌ندی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، بنكه‌كانی خۆیان له له‌نده‌نه‌وه گواسته‌وه ئه‌مریكا!. شایه‌نی باسه له هه‌رێمی كوردستانیش شه‌ڕی ئابووری دژی هه‌رێم زۆر به‌كارامه‌یی به‌ڕێوه ده‌چێت، ته‌نانه‌ت له رێگای شه‌ڕی ئابووریه‌وه هه‌رێمی كوردستان بۆته دوو كۆلۆنیای ئابووری هه‌ردوو وڵاتی توركیا‌و ئێران، بۆته بازاڕێك بۆ كاڵای ئه‌و دوو وڵاته‌و به‌رهه‌مه ساخته‌و خراپه‌كانی خۆیان له بازاڕه‌كانی هه‌رێم ساغ ده‌كه‌نه‌وه. له‌م لایه‌نه‌دا شه‌ڕی ئابووری له هه‌رێم تیكه‌ڵ به شه‌ڕی بایۆلۆژیش كراوه، له‌گه‌ڵ هه‌نارده‌كردنی كاڵای خراپ و بارگاوی گراو به جۆره‌ها نه‌خۆشیه‌وه، كۆمه‌لگای كوردیان رووبه‌رووی كاره‌ساتی گه‌وره‌كردۆته‌وه. كایه ئابوورییه گرنگه‌كانی كوردستانیان خستۆته ژێر هه‌ژموونی خۆیانه‌وه، كه ئه‌مه وایكردووه له لایه‌ك به‌رهه‌می خۆماڵی له ناو ببردرێت كۆمه‌ڵگای كوردی به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به كاڵای ئه‌وان ببه‌ستێت، له لایه‌كی تر كۆنتڕۆڵی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێم بكه‌وێته ده‌ست خۆیانه‌وه!. ئه‌مه‌ش بۆته سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێم له كاتی ئێستادا مۆركی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی له ده‌ست بدات و درزێكی گه‌وره له نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكدا دروست ببێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به وردی لێی بكۆڵیه‌وه بۆت ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌سه‌ڵاتی به‌ناو كوردی له‌باشوور هێنده خزمه‌ت به ئه‌جینداكانی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته ده‌كات، هێنده په‌یوه‌ندی به كورد‌و مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانه‌وه نه‌ماوه!.
لایه‌نێكی تری گرنگ له‌م جه‌نگه نوێیه‌دا شه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی و میدیاییه، ئه‌و شه‌ڕه ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له نێوان زلهێزه‌كان و به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌و ده‌زگایانه ئه‌نجام ده‌درێت و چوارچێوه‌یه‌كی زۆر فراوانی گرتۆته‌وه، به‌ڵام گومان له‌وه ناكریت ئه‌م شه‌ڕه شۆڕبۆته‌وه خواره‌وه و گه‌یشتۆته ئاستی شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌ته هه‌رێمیه‌كان و ته‌نانه‌ت ناوخۆی حیزبه‌كان و تاك به تاكی كۆمه‌ڵگاكان!. له ساڵی (2016) له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا روسیا هه‌وڵیدا له رێگای ئه‌و شه‌ڕه‌وه بنه‌ماكانی سیسته‌می دیموكراتی بێ به‌ها بكات و گومان بخاته سه‌ر پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كه ئه‌ستونده‌ی سه‌ره‌كی سیسته‌می دیموكراسیه له ئه‌مریكا، له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی ده‌ست هێنا!. هه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌شه وای له زلهێزێكی وه‌كو چین كرد پڕه‌نسیپی سه‌روه‌ری ئه‌لیكترۆنی بێنێته ناوه‌وه‌و تا ئه‌وپه‌ڕی توانای هه‌وڵبدات كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی له‌به‌رده‌م هێرشه ئه‌لیكترۆنیه‌كان دابخات، كه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر كه‌لتوورو زمان و ئابووری و داب و نه‌ریت و به‌هاكانی ناو كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن. ئه‌و شه‌ڕه له هه‌رێمی كوردستان زۆر به زه‌قی به‌رچاو ده‌كه‌وێت و پیاده ده‌كرێت، بۆ نمونه توركیا له رێگای كه‌ناڵه‌كانیانه‌وه، هاوكات له رێگای ئه‌و هێزو لایه‌ن و ده‌زگایانه‌ی به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆ بۆ ئه‌و كار ده‌كه‌ن، خه‌ریكه هه‌موو به‌هاكانی كۆمه‌ڵگای كوردی له بناغه‌وه هه‌ڵده‌ته‌كێنێت و به‌هاكانی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌سه‌پێنێت، به‌مه‌ش رێگا بۆ ئه‌وه خۆش ده‌كات به‌رله‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی له‌سه‌ر خاكدا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ خاكی هه‌رێم داگیر بكه‌ن، میدیاكان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی، ناخی تاكی كوردیان داگیر كردبێت زه‌مینه‌یان بۆ داگیركردنه سه‌ربازیه‌كه خۆشتر كردبێت!.
ئاسۆكانی ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ی جیهانیه نوێیه له كوردستان خه‌ریكه له هه‌موو شوینێكی تری جیهان روونتر به‌رچاو ده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر له جه‌نگی یه‌كه‌م جیهان كوردستان بۆ جاری دووهه‌م له نێوان چه‌ند ولاتیكدا دابه‌ش كرا، ئه‌وا له‌و جه‌نگه نوێیه‌دا دابه‌شكردنه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای گۆڕینی دیمۆگرافیاو سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی دانیشتوانه له كوردستان به رێژه‌یه‌ك كوردستان تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆی وه‌ك وڵاتێكی كوردان له ده‌ست بدات. گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان هه‌م شه‌ڕێكی مه‌ترسیداره‌و هه‌م ئامانجێكی به‌رچاویشه. ئه‌م شه‌ڕه به چه‌ند رێگایه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت، له‌وانه له ریگای هێزی سه‌ربازیه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی توركیا له رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجامی ده‌دات و ده‌یه‌وێت له ریگای گۆڕینی دیمۆگرافیاوه پشتێنه‌یه‌كی مرۆیی له نێوان باكوور‌و رۆژئاوایی كوردستان دروست بكات، هێنانی خێزانی عه‌ره‌ب و توركمانه توندڕه‌وه‌كان بۆ عه‌فرین و به‌م دواییه‌ش بۆ سه‌ری كانی و گرێ سپی به‌شێكی گری ئه‌م شه‌ڕه‌یه‌زهاوكات ئه‌م شه‌ڕه له رێگای نیشته‌جێكردنی ئاواره‌و په‌ڕاگه‌نده‌كانی شه‌ڕه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ریمی كوردستان پیاده ده‌كرێت، دوای هاتنی داعش به شێوه‌یه‌كی پلان بۆ دارێژراو ده‌رگای ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق له‌به‌رده‌م ئاواره‌كانی ناوچه سوننه نشینه‌كان داخراو ئاڕاسته‌ی شاڵاوی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌یان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان گۆڕی، كه ئه‌مه وایكردووه له كاتی ئێستادا دیمۆگرافیای شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی گۆڕانی به‌سه‌ر دابێت، كه هه‌رگیز له دوای هاتنی ئیسلامه‌وه تاوه‌كو ساڵی (2014) پڕۆسه‌ی ته‌عریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، به‌و ئاسانیه‌و له ریگای سیاسه‌ته‌وه به‌م شێوه‌یه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به تێپه‌ڕینی كاتیش ئه‌م سه‌ركه‌وتنه زۆرتر ده‌بێت و مه‌سه‌له‌یه‌ك نامێنێت به ناوی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، یاخود ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ، به‌ڵكو شه‌ره دیمۆگرافیاكه ده‌كه‌وێته ناو قووڵایی جوگرافی هه‌ریمی كوردستانه‌وه، به‌م چه‌شنه له ریگای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ناشه‌رعیه‌ی كوردی و ئه‌و سیاسه‌ته ناڕاست و بێباكه‌ی پیاده‌ی ده‌كات، خه‌ریكه هه‌ریمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندیه بنه‌ره‌تیه‌كانی خۆی وه‌ك خاكێكی كوردی یاخود كوردستانی له ده‌ست ده‌دات.
ئه‌م خاڵانه‌ی باس كرا، ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه، كه له كاتی ئێستادا جه‌نگی سێیه‌می جیهانی دایساوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی له جیهان، به‌تایبه‌تیش له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تایبه‌ت تریش له‌سه‌ر خاكی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت، بۆیه ده‌بێت تاكی كورد هه‌ست به‌وه بكات و هوشیار بێته‌وه، كه ئه‌و له‌ناو جه‌نگێكی جیهانی زۆر ترسناكدایه و كاریگه‌ری زۆر ترسناكیشی له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و‌دا هه‌یه، ئه‌گه‌ر له قۆناغی ئێستادا ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و نابه‌رپرس هه‌ست به مه‌ترسیه‌كان نه‌كات و بازرگانی به هه‌موو پیرۆزیه‌كانی ئه‌م خاكه‌وه بكات، ئه‌وه له‌سه‌ر تاكی كورد پێویسته هوشیارانه‌تر له به‌رپرسیاریه‌ته‌كانی خۆی تێبگات و شه‌ڕی میدیایی و كێشه لاوه‌كیه‌كان ، له مه‌سه‌له گرنگه‌كانی دوورنه‌خاته‌وه‌و ئاینده‌ی خاك و وڵاته‌كه‌ی خۆی، به چه‌ند چه‌ته‌و رێگرو خۆفرۆشێك نه‌به‌ستێته‌وه!.