پارتە نوێیەکەی داود ئۆغلۆو ئیسلامیەکانی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 287 جار بینراوە

عمر علی محمد

هەفتەی ڕابردو داود ئۆغلۆ لە هەمان ئەو ئوتێلەی کە پارتی دادو گەشە پێدانی تیادا ڕاگەیەنرا بوو لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیادا ، پارتە نوێیەکەی خۆی ڕاگەیاند بە ناوی پارتی (ئایندە) ، داود ئۆغلۆ کەسایەتییەکی سیاسی تورکیایە و پاش سێ مانگ لە دەستلەکارکێشانەوەی لە پارتی دادو گەشەپێدان ئەم پارتە سیاسیە نوێیەی ڕاگەیاند . پاش ئەوەی لە ساڵی ۲۰۱٦ ئۆردوغان هەموو ڕۆڵ و چالاکییەکی داود ئۆغلۆی سنوردار کرد هەردو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی لێ سەندەوە. جارێکی تر خۆی گەرایەوە بۆ سەرکردایەتی پارتەکەی و لە لایەکی تریش بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ سەرۆکایەتی توانی لوتکەی دەسەڵات لە دەوڵەتیشدا بە دەستەوە بگرێت و حکومەتەکەشی کردە سێبەری خۆی و بە ئەو کەسانەی سپارد کە لە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیدان و هیچ ڕەخنەو گازندەیەکیان نیە لە بەرامبەر سیاسەتەکانیدا . بەڵام داود ئۆغلۆو وەک سیاسیەکی چالاک و زیندوو بە بەردەوامی ڕەخنەی گرتووە لە سیاسەتەکانی ئۆردوغان لە ناوخۆو دەرەوەدا . بە تایبەتیش لە ئاست گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی هەڵوێستی توندی نواند و بە پاشەکشەی ناو برد لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی پارتی دادو گەشەپێدان . هەروەها لەسەر فشار بۆ ڕۆژنامەنوسان و ئەکادیمی و ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام ڕەخنەی هەبووە بە سنوردارکردنی ئازادی و دیموکراسی ناوی بردووە ، لە ساڵی پاریشدا بەیانێکی ۱٦ پەڕەی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئۆردوغان گرتووە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادی و دیموکراسی و خراپی گوزەران و قەیرانە ئابوریەکەشی خستە ئەستۆی ئەو . دواجاریش لە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ ڕەخنەی توندی گرت و بە کارێکی هەڵەی ناوبرد . داود ئۆغلۆو بەم هەڵوێستانەی نەوەستاو ڕۆژی هەینی ڕابردو بە ئامادەبونی ۱٥٤ دامەزرێنەر پارتی ئایندەی ڕاگەیاند. .
ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری ئیسلامیەکانی کوردستان بکەین ، سەرەڕای ئەو هەمو قەیرانەی کە بە دەستیەوە دەناڵێنن و ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵبژاردنەکان دەنگەکانیان کەم دەکات . ئەم پارتانە ئامادەی هیچ چاکسازییەکی بنەڕەتی نین و بۆ ئەو کۆنگرانەش کە بە نیازن لەم ساڵ و سەرەتای ساڵی تازە بیگرن خاوەن هیچ پرۆژەیەک نین بۆ نوێبونەوەو چاکسازی و گۆڕانکاری و هێنانە پێشەوەی گەنجان و نوسەران و ئەکادیمی و شارەزایانی بواری سیاسەت . بەڵکو لە هەرسێ پارتەکەدا نوخبەیەک دەستی گرتووە بەسەر ناوەندی بڕیارو بە هیچ جۆرێک ئامادەی بەجێهێشتن و چۆڵکردنی کورسیەکانیان نین .
ناوخۆی ئێستای پارتە ئیسلامیەکان زۆر ناهەموار و قەیراناوییە، چونکە گروپی بڕیار بەدەست هاوشێوەی پارتەکەی ئۆردوغان ڕێگە نادەن هیچ کەسێکی لێهاتوو بەتوانا ڕۆڵی هەبێت و بە هەموو جۆرێک لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەو پارتانە بەجێبهێڵێت و وەک ئۆردوغان لە دوای ئەوە دەیان تۆمەتی بۆ دروست دەکەن و بە خیانەتکارو خۆشەویستی بۆ پارەو کورسی و دەسەڵات تاوانباری دەکەن . لە ئێستادا هەرسێ پارتە ئیسلامیەکە هاوشێوەی یەکن. سەرۆک گروپێکی لە دەورەو دژی هەرکەسێک دەوەستنەوە کە ڕەخنە بگرن و پرسیار لەسەر شێوازی کارو پڕۆگرام و ئەقڵیەتی ئەو گروپانە دروست بکات ، بۆ ئەم مەبەستەش کۆنگرەکان بە جۆرێک ڕێکدەخەن کە دەرچونەوەی سەرۆک و گروپەکەی مسۆگەر بکەن ، بەمەش بۆ ناو کۆنگرەش هەموو شتێک دەکەن کە نەهێڵن ڕکابەرەکانیان دەنگ بهێنن ، جا ئەوە لە ئاستی سەرۆکی یەکەمدا بێت یان ئەندامانی سەرکردایەتی ، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئاستی لاوازی ئەو ئەندامانەیە کە بەشداری کۆنگرە دەکەن، چونکە ئەوان هەست بەوە ناکەن کە گروپی ناوەندی بڕیار چ گەمەیەکی سیاسی دەکەن و چۆن سۆز و هەستی ئاینی بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و خۆیان وا نمایش دەکەن کە مانەوەی ئەوان خزمەتە بە ئیسلام و ئەگەر ئەوان ئەو پێگانە چۆڵ بکەن ئەوا کەسانی ئیمان لاواز جێگەیان دەگرنەوەو بڕۆژەکە بەرەو هەرەس و هەڵدێر دەڕوات. .
ئەو سیاسەتەی ئەو گروپە لە ناو پارتە ئیسلامیەکاندا پیادەی دەکەن گیانی نوێبونەوەو گەشەکردن و چاکسازی کوشتووەو بەم هۆیەشەوە ڕۆژ بە ڕۆژ کەسانی ئەکادیمی و نوسەرو ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندن کارەکان ئەو پارتانە بەجێدەهێڵن و یان دەچنە ناو پارت و بزوتنەوە سیاسیەکانی تر یان کونجی قەناعەت دەگرێت و لە ماڵەوە دادەنیشێت.
قەیرانی هەوادارو لایەنگرو ئەندامانی ئەو پارتە ئیسلامیانە لە نزمی ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتن بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی ئێستای دونیایە . ئەم ئەندامانە تەنانەت ئاگاداری گۆڕان و گەشە و بەرەوپێشچونی فیکری ئیسلامی و کاری سیاسی زۆرلە ئیسلامیە مۆدێرنەکان نین کەچۆن بەردەوام چاکسازی دەکەن و فۆرمی ئیسلامی سیاسی بەجێدەهێڵن و دەبنە بزوتنەوەی نیشتیمانی دیموکراسی خواز ، کە بۆ کوردستانیش ئەمە تەنها ڕێگەچارەیە و مانەوەیان لەو قاڵبە تەقلیدیەی ئێستا بەرەو پەراوێزبونی زیاترو کەم بونەوەی ڕۆڵی سیاسیان دەبات لە ناو کۆمەڵگەی کوردید. لە ئێستادا ئەوان پێویستیان بە داود ئۆغڵۆیەکە تەنها ئەویش لەم دۆخە رزگاریان دەکات..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.