ستاندەر نهێنی وتارەکەی مەلا بەختیار ئاشکرا دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 209 جار بینراوە

ستاندەر

بەپێی سەرچاوەیەکی نێو کۆنگرەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەلا بەختیار ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە دەنگی بە بەڵێ داوە بۆ دانانی (دکتۆر بەرهەم و قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق)  وەکو ئەندامی سەرکردایەتی و بەبێ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی.

ئەو دەنگدانەی مەلا بەختیار بە دکتۆر بەرهەم لەکاتێکدایە پێشوتر ڕایگەیاندبوو ئەگەر دکتۆر بەرهەم ببێتە سکرتێری ئەو حزبە ئەوا ئەو دەست لەکاردەکێشێتەوە.

چاودێرێکی سیاسیش پێیوایە ئەو نوسینەی مەلا بەختیار گوزارشتە لە دەنگدانی بە دکتۆر بەرهەم کە لەپێشوتر وەکو نەیارێکی ئەو بەدیاردەکەوت. ئەو چاودێرە پێشیوایە وەلانانی ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی نێو یەک حزب کارێکی پێویستە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری کاری حزبی لە هەرێمی کوردستان.

دەقی وتارەکەی مەلابەختیار
بە چ پێوەرێك دەنگم دا؟!
سەرەڕای جیاوازی و رەخنەكان، دواجار كۆنگرە بەسترا. بەستنی كۆنگرەش، گرنگ بوو.. نەك بە پاساوی ناڕاست دواخرابا.
جارێ زووە، حوكم لەسەر راپەڕاندنی ئەركەكانی لەمەودوا بدرێ. بەڵام ئومێدەوارم، لەم قۆناغە گوزەرەی حیزبایەتیداو لەم هەلومەرجەی شەپۆلەكانی گۆڕانكاری كە دەوری تەنیوین، تێبگەین، تەنها گۆڕانكاری و ئاراستەی نوێی سیاسی، دادمان دەدات. دیارە كۆنگرە لەپێناوی كۆنگرە نییە. بەڵكو كۆنگرە لەم سەردەمەدا، تەنها و تەنها بۆ بەدیهێنانی خەونە كۆن و نوێكانە. بەڵكو خزمەتكردنی نەوەی نوێشە!
كاتێك لیستی كاندیدەكانیان دامێ، چركەسات و موچركە هەستێكی سەیر، دایگرتم. لەنێوان كینە و بەرپرسیارێتیدا، لەنێوان ویژدان و بێ ویژدانیدا، وەكو مەلا بەختیار دەبوو یەكێكیان هەڵبژێرم. كە كاندیدی مەڵبەندو سەركردایەتیم بەسەر دەكردنەوە، قەت نەمتوانی، ناجوامێریەكان كە بەرامبەرم كراوە، بكەمە پێوەری دەنگدان. بۆیە، لەگەڵ كام هەڤاڵ ناكۆك بوم، هیچ كاریگەریەكی لەسەرم نەبوو بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكان. بەڵكو، مێژووی خەبات و پەرۆشی و ئاستی تێگەیشتن، لام پێوەر بوو. لەناو سەرجەم تەكەتولەكاندا، كاندید بژێرم كردو ویژدانی خۆم ئاسودە كرد. هەشبون، كۆك بون لەگەڵمدا، بەڵام دڵنیا بوم، كەڵكی سەركردایەتیان نابێ، دەنگم نەدانێ. بەم شێوەیە پابەندی مۆراڵی دیموكراسی و حیزبایەتی بوم.
لەدوا چاوپێكەوتنی تەلەڤزیۆنی روداودا، گوتم: لەگەڵ لێكتێگەیشتنم و بەشێك دەبم لەچارەسەریش. هەروام كرد.
لەگەڵ رێزم بۆ هەموان
مەلا بەختیار
23/12/2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.