ستاندەر
هۆشیار عبداللە پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیانامەیەکدا ئاشکرای دەکات کەوا ڕێکەوتنی گەورە و مەترسیدار لەنێوان لایەن گەورەکانی عێراق و حیزبی کوردیش کراوە سەبارەت بەتێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن، بەتایبەت ئەو ڕێکەوتنەی کەلەسەر چۆنێتی دابەشكردنی بازنەكان و مسۆگەركردنی كورسیی حزبەكان و ناوچە جێناكۆكەكان كراوە.
هۆشیار عبداللە لەبەشێكی تری بەیانامەکەیدا دەڵێت: هەڵەیەكی گەورە لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا هەیە و شورەییە بۆ دەسەڵاتی یاسادانان، كە ئەو یاسایە تێپەڕێنێت، چونكە خشتەی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنی تێدا نییە، خراپتر و مەترسیدارتریش لەوە سەرۆكی پەرلەمان پێش دەنگدان لەسەر یاساكە گوتی “دەبێت ئەو خشتانە لەداهاتوودا ئامادەبكرێن و لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی و لیژنەی یاساییەوە تێپەڕێنرێت”، لەكاتێكدا هەموو خشتەیەك لە هەموو یاسایەكدا بەشێكی جیانەكراوەیە لە یاساكە و پێویستە لە پەرلەماندا دەنگی لەسەربدرێت.
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان دەشڵێت: سەیرە ژمارەیەك پەرلەمانتار دەنگیان داوە بەیاساكە بەبێ ئەوەی بزانن لەسەر چ بنچینەیەك بازنەكانی هەڵبژاردن دابەشكراون، ئەوەش خاڵێكی زۆر ترسناكی دیكەیە، چونكە بەپێی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن یاری بە ژمارەی دانیشتوانی قەزاكان دەكرێت ئەوەش لەرێگەی ئەوانەوە دەبێت، كە دەسەڵاتیان هەیە و دەتوانن ژمارەی كورسییەكان كەم و زیاد بكەن”.