ڕێکەوتنامەى ((ئەدەنە))ى ساڵى 1998 و هەڵوێستى تورکیا و سوریا لەبەرامبەر کورد و پەکەکەدا..

لەلایەن ستاندار Posted on 328 جار بینراوە

بەڵگەنامەیەکى مێژوویى مەترسیدار دژى مەسەلەى کورد لە سوریا و تورکیا و عێراقدا..
ڕێکەوتنامەى ((ئەدەنە))ى ساڵى 1998 و هەڵوێستى تورکیا و سوریا لەبەرامبەر کورد و پەکەکەدا..
==========================
نه‌وزاد عوسمان

• پێشەکیەکى مێژوویى:
دیاریکردنى سنورى نێوان تورکیا و سوریا لە میانەى ئەو هۆکارانەى کە جەنگى جیهانى یەکەم دروستیکردن پێویستى بە ڕێکەوتنێکى تورکى- فەڕەنسى دەکرد بەهۆى ئەوەى فەڕەنسا وڵاتى ئینتیداب بوو بەسەر سوریادا لەو کاتەدا..بوە هۆى لەدەستدانى لەسەرخۆى خاکى پشتێنەى باکورى سوریا لەوکاتەوە هەتا ساڵى 1939.
دواى ئەو ڕێکەوتنە هەتا ساڵى نەوەدەکان پەیوەندیەکانى تورکیا و سوریا قۆناغێکى لە ناجێگیرى و ناکۆکى بەخۆوە بینى کە کێشەکانى سنور،ئاو،کورد،ئایندەى عێراق،پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەمریکادا،ئیسڕائیل و سیاسەتى ناوچەیى دەگرتەوە.
لەدەیەى هەشتاکاندا،هۆکارى سەرەکى بۆ ناکۆکیەکانى نێوان تورکیا و سوریا بریتیبوون لە پشتیوانى بەردەوامى سوریا بۆ پارتى کرێکارانى کوردستان ((پەکەکە)) کە دژى ڕژێمى تورکیا لە ململانێدا بوو لەساڵى 1984وە.بەشێوەیەک کە سەرۆکى پەکەکە عبدالله ئۆجەلان لە پایتەختى سوریا-دیمەشق- نیشتەجێبوو،ڕێگەى پێدرابوو کە سەربازگەى مەشق بۆ گەریلاى پارتەکەى لەخاکى سوریادا دابمەزرێنێت.
لەسەرەتاى ساڵى 1996 و لەسەردەمى سەرۆکى تورکیا سلێمان دیمێرێل و سەرۆک وەزیران مەسعود یەڵمازدا. تورکیا ئاگادارى نامەیەکى نارد بۆ ڕژێمى سوریا- سەردەمى حافز ئەسەد- و ئاگاداریان کردەوە کە پێویستە هاوکارى ڕاستەوخۆى پەکەکە ڕابگرێت،بەپێچەوانەوە((تورکیا بەناچارى ئەوەى پێویست بێت دەیگرێتە بەر بۆ پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى خۆى)).
لەمانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى 1998دا،کێرڤى ناکۆکیەکانى سوریا- تورکیا بەرزبۆوە و توندتر بوو،بەشێوەیەک تورکیا هێزەکانى لەسەر سنورى سوریا کۆکردەوە (( 10 هەزار سەرباز))و هەڕەشەى بەزاندنى سنورى دەکات بۆ ناو خاکى سوریا، ئەگەر سوریا هەر بەردەوام بێت لەسەر پاڵپشتى پەکەکە و دابینکردنى پەناگەى سەلامەت بۆ سەرکردەى حیزبەکە –ئۆجەلان .
کۆمکارى عەرەبى و میسر و ئێران کەوتنە نێوانیان بۆ ڕاگرتنى ئەو دۆخە ئاڵۆزە،و گەیشنتن بە چارەسەرێکى سیاسى کە ببێتە هۆى چارەسەرى کێشەکەى نێوانیان،و لە ئەنجامى ئەو میانگیریە ناوچەییەدا،ڕێکەوتنى((ئەدەنە)) واژۆکرا کە بە ڕێکەوتنێکى ئاسایشى ناودەبرێت،کە لەشارى ئەدەنە لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە ڕێکەوتى 20/10/1998دا واژۆکرا.
• دەقى ڕێکەوەتننامەکە
• ڕێکەوتنەکە لەم بەندانە پێکهاتوە:-
1. لە ئێستاوە ((مەبەست لەکاتى واژۆکردنى ڕێکەوتنەکەیە))، عەبدوڵا ئۆجەلان نابێت لە سوریا بمێنێتەوە و بەدڵنیاییش ڕێگەى پێنادرێت بچێتە سوریاوە.
2. ڕێگە نادرێت بە ئەندامانى پەکەکە لەدەرەوە بچنە ناو خاکى سوریاوە.
3. لە ئێستاوە ((مەبەست لەکاتى واژۆکردنى ڕێکەوتنەکەیە))، سەربازگەکانى پەکەکە لەسەر خاکى سوریا کارناکات و بەدڵنیایى ڕێگەیان پێنادرێت کە چالاکى بنوێنن.
4. زۆرێک لەلایەنگرانى پەکەکە گیران و ڕەوانەى دادگا کران، و لیستى ناوەکانیان ئامادەکرا،لایەنى سوریا ئەو لیستانەى ڕادەستى تورکیا دەکات،لایەنى سوریا جەختى لەو خاڵانە کردەوە.
• سەرەڕاى ئەو خاڵانەش،هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر :-
1. سوریا،لەسەر بنەماى مامەڵەکردنى هاوشێوە، جەختى کردەوە،لەسەر ئەوەى ڕێگە بەهیچ چالاکیەک نادات کە لەخاکەکەیەوە ئەنجامبدرێت بە ئامانجى زیان گەیاندن بە ئاسایش و جێگیرى تورکیا،هەروەها ڕێگەنادات بەهاوردەکردنى چەک و پاڵپشتى لۆجستى و دارایى و بانگەشەکردن بۆ چالاکیەکانى پەکەکە لەسەر خاکەکەى.
2. سوریا،پەکەکەى خستە لیستى ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە،بەهەمان شێوە چالاکى پارتەکە و ڕێکخراوەکانیشى قەدەغەکرد لەسەر خاکەکەى،هاوشان لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانى تردا.
3. سوریا،ڕێگە نادات بە پەکەکە بەدامەزراندنى چادرگە و دامەزراوەى تر بەمەبەستى مەشق و ڕاهێنان و مانەوە یان نواندنى چالاکى بازرگانى لەسەر خاکەکەى.
4. سوریا،ڕێگە نادات بە لایەنگرانى پەکەکە بە پەڕینەوە بۆ وڵاتى سێهەم لەخاکى سوریاوە.
5. سوریا،ڕێوشوێنى پێویست دەگرێتە بەر بۆ قەدەغەکردنى سەرکردەکانى پەکەکە بۆ هاتنە ناو خاکى سوریا،و ئاگادارى هەموو خاڵە سنوریەکانى دەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو ڕێوشوێنانە.
• هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر دانانى میکانیزمى دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنى ئەو ڕێوشوێنانەى کە دیاریکراون بە شێوەیەکى کارا و ئاشکرا و ڕوون.بەم شێوەیەى لاى خوارەوە:
1. بە پەلە هێڵێکى گەرمى پەیوەندى تەلەفۆنى ڕاستەوخۆ دادەمەزرێنرێت لە نێوان دەسەڵاتە باڵاکانى ئاسایشى هەردوو وڵاتدا.
2. هەردوولا دوو نوێنەرى ئاسایش لە نێردە دیپلۆماتیەکانیان لە ئەنکەرە و دیمەشق دادەمەزرێنن،و لەلایەن سەرۆکى نێردەى دیپلۆماتیەوە پێشکەش یان دەناسرێن بەدەسەڵاتى هەردوو وڵات دەکرێن.
3. لەمیانەى پڕۆسەى بەرەنگارى تیرۆردا،لایەنى تورکى پێشنیازى داوەتە لایەنى سورى کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت چاودێرییەکى باشى ئاسایش بکرێت بەشێوەیەکى کاریگەر تر.و لایەنى سوریاش بەڵێنیدا کە پێشنیازەکەى دەداتە لایەنى پەیوەندیدار بۆ پەسەندکردنى و لە کورتترین ماوەدا وەڵامیان دەداتەوە.
4. هەردوولا-تورکیا و سوریا- ڕێکەوتن،ئەمەش وەستاوەتە سەر ڕەزامەندى لایەنى لوبنانى،دەربارەى کێشەى نەهێشتنى پەکەکەى تیرۆریست لەڕێگەى هەرسێ وڵاتەوە،چونکە هێشتا سوپاى سوریا لە لوبناندا ماوەتەوە،چونکە پەکەکە سەربازگەکانى لەدەشتى بیقاعى لوبناندا لەژێر دەسەڵاتى سوپاى سوریادا دامەزراندبوو.
5. لایەنى سوریا خۆى پابەند دەکات بە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویست بۆ جێبەجێکردنى ئەو خاڵانەى باسکران لە ((کۆنوسى کۆبونەوەکەدا)) و وەدەستهێنانى ئەنجامى ویستراو.
• پاشکۆکانى ڕێکەوتننامەکە:
• پاشکۆى ژمارە ((1)):-
هەموو ئەو بەندانەى لە ڕێکەوتنە واژۆکراوەکەدا هاتوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بریتیە لە پاشکۆى ژمارە((1)) و پێویستە جێبەجێبکرێت.
• پاشکۆى ژمارە ((2)):-
تورکیا داوا دەکات،لە سوریا کە داواکارى پاشکۆى ژمارە((2)) جێبەجێبکات کە بریتیە لە :
1. سوریا بەفەرمى ڕازیببێت بە پابەندبونەکانى و دەستهەڵگرتن لە هەڵوێستەکانى ڕابووردووى پەیوەندیدار بە هاوکارى پەکەکە،و پێویستە ئەم پابەندبونانە بەڵێننامەیەکى فەرمى لەخۆبگرێت بە یارمەتینەدانى تیرۆریستان،یان پێدانى مۆڵگە و هاوکارى و دارایى،پێویستە سوریا دادگاى هەموو تاوانبارانى پەکەکە بکات و ڕادەستى تورکیایان بکاتەوە،لەناویشیاندا سەرۆکى پارتەکە عبدوڵا ئۆجەلان و یاریدەدەرەکانى.
2. لەوچوارچێوەیەدا پێویستە سوریا:-
• ڕێگە بە چادرگەکانى مەشقى تیرۆریستان نەدات کە کاربکەن لەسەر خاکەکەى.
• یارمەتى پەکەکە نەدات بە چەک و کەرەسەى لۆجستى.
• پێناسى ساختە نەداتە لایەنگرانى پەکەکە.
• ڕێگە بگرێت لە چونە ناوەوەى تیرۆریستان بۆ ناوخاکى تورکیا بەشێوەیەکى ڕەسمى.
• مۆڵەت نەدات بە کارى بانگەشەى ڕاگەیاندن بۆ ڕێکخراوى تیرۆریستى پەکەکە.
• ڕێگە نەدات بە ئەندامانى پەکەکە بەدامەزراندن وکارپێکردنى بارەگا لەسەر خاکەکەى.
• ڕێگە خۆشنەکات و کارئاسانى نەکات،بۆ گواستنەوەى تیرۆریستان لە وڵاتى سێهەمەوە (( ئەوروپا و یۆنان و قوبروسى باشوور و ئێران و لیبیا و ئەرمینیا)) بۆ باکورى عێراق و تورکیا.
3. هاوکاریکردن لەسەرجەم ئەو چالاکیانەدا کە مەبەست لێى نەهێشتنى تیرۆرە.
4. دەستهەڵگرتن لە هاندانى وڵاتانى تر لە کۆمکارى عەرەبیدا دژى تورکیا.
5. لەبەر ڕۆشنایى ئەو خاڵانەى سەرەوەدا، ئەگەر سوریا ئەو کارانە بەخێرایى ڕانەگرێت،لەگەڵ هەموو پاشکۆکانیشدا،ئەوا تورکیا مافى خۆى لەبەرگریکردن لەخۆى پیادە دەکات،لەسایەى هەموو دۆخێکدا بۆ داواکردنى بەقەرەبوو کردنەوەى دادپەروەرانە لە پاى ئەو زیانە گیانى و موڵک و ماڵانەدا کە بەریدەکەوێت.
• پاشکۆى ژمارە ((3)):-
لەئێستاوە (( کاتى واژۆکردنى ڕێکەوتنەکە))،هەردوولا وادادەنێن کە کێشە سنوریەکانیان کۆتاییان پێهاتوە،و هیچ لایەکیان مافى داواکردنى یان مافى شایستەى لە زەوى بەرامبەردا نیە.( لێرەدا مەبەست لە لیواى ئەسکەندەرونەیە- کە تورکیا خستویەتیە سەر خاکى خۆى لە دەیەى سیەکانى سەدەى بیستەوە).
• پاشکۆى ژمارە ((4)):-
سوریا تێدەگات هەرکات سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێکردنى ئەرک و ڕێوشوێنە ئاسایشیەکاندا،کەلەم ڕێکەوتنەدا هاتوە، ئەوا ئەو مافە دەدات بە تورکیا کە هەموو ڕێوشوێنێکى ئاسایشى پێویست بگرێتە بەر لەناو خاکى سوریادا هەتا قوڵایى(( 5)) کم.

• تێبینیەکان لەسەر ئەم ڕێکەوتنە :
1. ئەم ڕێکەوتنە بەتەواوى بەند و پاشکۆکانیەوە بە قازانج و سوودى تورکیا تەواو دەبێت نەک سوریا.
2. زاڵبوونى لایەنى تورکیا بە ڕۆشنى دیارە لە سەپاندنى مەرج و داواکاریەکانیدا.
3. تورکیا بۆى هەیە داواى قەرەبووى مادى بکات بەرامبەر زیانە گیانى و موڵک و ماڵیەکان کەبەرى دەکەوێت.
4. تورکیا بۆى هەیە هێز بەکاربهێنێت و سنور ببەزێنێت بەقوڵایى ((5کم))بۆ ناو خاکى سوریا بەناوى ڕاوەدوونانى تیرۆریستانەوە((پەکەکە)).کەلەئێستاشدا بۆ دژایەتى پەیەدە و یەپەگە ئەم ڕێکەوتننامەیە دەکاتە بەڵگە بەدەستیەوە بۆ چوونە ناو خاکى سوریاوە.
5. تورکیا هەژموونى خۆى سەپاندوە بەسەر سوریادا بۆئەوەى لەناو کۆمکارى عەرەبیشدا هانى وڵاتانى ترى عەرەبى نەدات بۆ دژایەتیکردنى تورکیا.
6. تورکیا لەو قۆناغەدا هەریەکە لە وڵاتانى (( ئەوروپا و یۆنان و قوبروسى باشوور و ئێران و ئەرمینیاى))بەدۆستى پەکەکە زانیوە و بە ناحەزى خۆى.چونکە زانیویەتى کە هاوکارى پەکەکە دەکەن.
7. سوریا تەنها لە پاشکۆى ژمارە ((3))دا،دڵى خۆشە بەوەى کە هیچ لایەک چیدى داواى خاکى ئەویتر ناکات و کێشە سنوریەکانیان کۆتایى پێهاتوە. بەڵام تورکیا تائێستاش لیواى ئەسکەندەرونەى نەگەڕاندۆتەوە بۆ سوریا.کە هەمیشە بەبەشێک لەخاکى سوریاى داناوە.
8. سوریا بە ئاسانى کەوتە ژێر هەڕەشە و مەترسى پەلاماردانى تورکیا و هەربۆیە زوو بەزوو بە مەرجەکانى تورکیا ڕازى بوو بۆ گفتوگۆکردن و واژۆکردنى ئەم ڕێکەوتنامەیە و دواى 14 ساڵ لە هاوپەیمانى و پشتگیرکردنى پەکەکە و ئۆجەلان یەکسەر هەموانى لەسەر سینیەکى زێڕێن پێشکەش بەتورکیا کرد و کردینیە قوربانى سوریا و دەسەڵاتەکەى.
9. ئەم ڕێکەوتنە ئەوە دەردەخات کە هەمیشە تورکیا دوژمنى سەرسەختى مەسەلەى کورد بوە لەساڵى 1923وە تاکو ئێستاش کە دژایەتى توندى مەسەلەى کورد دەکات لە باکور و ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتیش.بەهەمان شێوەش دەسەڵاتدارەکان لە سوریا و عێراق و ئێرانیش هەمئاهەنگ و هاوکارى یەکتر و تورکیاش دەکەن لەو مەسەلەیەدا و دژى هەر هەوڵ و دەسەڵاتێکى کوردن لەهەر پارچەیەکى کوردستانى گەورەدا.
10. کەواتە ڕاوەدوونان و دەرکردن و وەدەرنانى ئۆجەلان لەسوریا بە فیتى تورکیا و بەڕەزامەندى سوریا و ئەسەدى باوک بوە و هەر دواى 1 ساڵ لەو ڕێکەوتنە شوومە و لە ڕێکەوتى 14/2/1999دا ئۆجەلان لە ئۆپەراسیۆنێکى دەزگا جاسوسیەکانى سوریا و تورکیا و یۆنان و ڕوسیا و ئەمریکا و ئیسڕائیل و ئەوانى تریشدا لە کینیا دەستگیرکراو و تائێستا کە 20ساڵى ڕێکە لە زیندانى ئیمیڕاڵیدایە.
• کەواتە کوردە دۆست و دوژمنى خۆت بناسە و بڕوا بە هیچ وڵات و دەسەڵاتدارێکى ناوچەکە و تەنانەت دونیاش مەکە و هەموانیان لە پێناو بەرژەوەندیەکانى خۆیاندا کورد دەکەنە قوربانى ولە تەنگانەکاندا بێ پشت و پەنا بەجێى دەهێڵن ، نە ئەسەدى باوک و نە ئەسەدەى کوڕیش لە ئێستادا و لەو پەڕى لاوازیدا دۆستى کورد نەبوون و ناشبن و ئەوەى کە کردوشیانە لە یارمەتى هێز و حیزب و سەرکردە کوردەکانى باشووردا تەنها بۆ دژایەتى ڕژێمى بەعسى عێراقى بوە و بۆ لاوازکردن و ڕووخاندنى ئەو بوە نەک لەبەر دۆستایەتى و خۆشەویستى کورد لە باشوور.بۆیە هەق وایە چۆن دوژمنانى کورد یەک و یەکگرتوون بۆ دژایەتى کورد و مەسەلە ڕەواکەى پێویستە کوردیش لەناوخۆى خۆیدا ئاوها یەک و یەکگرتوو بێت دژى ئەوان و بەرژەوەندیەکانیان و پەند وەربگرێت لە مێژووى ڕەش و تاوانکارى 100ساڵەى ئەوان دژ بەکورد و کوردستان.
• سەرچاوە:
=========
1. https://ar.wikipedia.org/wiki

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.