دۆخى سياسى كوردستان دواى كۆنگره‌ى يه‌كێتى

لەلایەن ستاندار Posted on 409 جار بینراوە

شێرزاد شێخانى

به‌ده‌ر له‌گله‌يى و گازنده‌و ته‌نانه‌ت تووڕه‌بونى به‌شێك له‌كانديدانى سه‌ركردايه‌تى له‌كۆنگره‌ى چواره‌مى يه‌كێتى ، به‌ڵام گه‌ر به‌ويژدانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چونى ئه‌م كۆنگره‌يه‌ هه‌ڵسه‌نگێنين، ده‌توانين بڵێين كه‌وا باشترين كۆنگره‌ى يه‌كێتى بوه‌ به‌درێژايى ته‌مه‌نيه‌وه‌ ..
ره‌نگه‌ زۆر كه‌س نه‌زانێ له‌چ بارودۆخێكى دژواردا ئه‌م كۆنگره‌يه‌ به‌ستراوه‌ ، چونكه‌ تا دواساته‌كانيش زۆر كه‌س هه‌بوون باوه‌ڕيان به‌وه‌ نه‌بوو يه‌كێتى بتوانێ كۆنگره‌ى خۆى ببه‌ستێ ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ لايه‌نى سياسيش هه‌وڵێكى زۆرياندا بۆ شكستهێنان به‌ بڕياره‌كه‌ى سه‌ركردايه‌تى به‌دياريكردنى رۆژى به‌ستنى كۆنگره‌ ..
خۆم يه‌كێك بووم له‌و كاديره‌ ناڕازييانه‌ى ساڵى 2018 له‌ته‌لارى هونه‌رى شارى سلێمانى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى فراوانى كاديرانمان سازدا بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر سه‌ركردايه‌تى بۆ دياريكردنى رۆژى كۆنگره‌ى چواره‌م ، ئه‌وسا كاديروئه‌ندامانى يه‌كێتى به‌گشتى له‌حاڵه‌تيكى ده‌روونى زۆر خراپدا بوون و بێئوميد ببون له‌به‌ستنى كۆنگر‌ه‌ به‌هۆى كات كوشتنى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كان كه‌ ترسێكى زۆريان هه‌بوو له‌به‌ستنى كۆنگره‌ . هه‌ر ئه‌و ده‌ميش مه‌سجێكى هه‌ڕه‌شه‌ئامێز گه‌يشته‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌و داوايان ليكرا هه‌وڵه‌كانيان راگرن بۆ دياريكردنى رۆژى كۆنگره .. دوابه‌دواى ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌گفتوگۆكانم له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ هه‌ڤاڵانى سه‌ركردايه‌تى ، گوێم له‌وه‌ بوو كه‌وا هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى ترسى ئه‌وه‌يان هه‌بوه‌ ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ ببه‌سترێ له‌وانه‌يه‌ له‌ ناو هۆڵى كۆنگره‌دا خوێن بڕژێ .. ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌شده‌كرا گوايه‌ به‌ ده‌بابه‌و چه‌ك و بيكه‌يسى ده‌وروبه‌رى كۆنگره‌ ئه‌گيرێ و ناهێڵن ببه‌سترێ .
نازانم تا چه‌ند ئه‌و مه‌ترسييانه‌ مه‌نتيقى بوون ، چونكه‌ به‌ش به‌حاڵى خۆم قه‌ت ته‌سه‌ورم نه‌ئه‌كرد كار بگاته‌ ئه‌وه‌ى سه‌ركرده‌يه‌كى يه‌كێتى زاتى ئه‌وه‌ بكات خوێنى هه‌ڤاڵێكيترى برێژێت له‌ناو هۆڵى كۆنگره‌دا ، به‌ڵام به‌هه‌رحال ئه‌و مه‌نتيقه‌ سه‌ريگرت و كۆنگره‌ بۆ زياتر له‌ساڵ و نيوێك دواكه‌وت . بۆيه‌ به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌م به‌و ئارامييه‌ى بينيمان و ده‌رئه‌نجامه‌كانيشى ، گه‌وره‌ترين سه‌ركه‌وتنى يه‌كێتى و هه‌ڤاڵانى سه‌ركردايه‌تين كه‌ مێژوو بۆيان ئه‌نوسێته‌وه.
ئه‌مه‌و جگه‌ له‌وه‌ى يه‌كێك له‌ده‌سكه‌وته‌ هه‌ره‌ مه‌زنه‌كانى ئه‌مجاره‌ى كۆنگره‌ى يه‌كێتى، هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى نه‌وه‌ تازه‌كه‌‌يه‌. ئه‌گه‌رچى هه‌ندێ كه‌سو لايه‌ن ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ ده‌گرن گوايه‌ ده‌سته‌ى سه‌ركردايه‌تى ئه‌مجاره‌ى يه‌كێتى مۆركى بنه‌ماڵه‌يى پێوه‌ دياره‌ ، به‌ڵام خۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ هه‌موويان ئه‌ندامو كاديرى يه‌كێتى بوونه‌ ، به‌پێ په‌يڕه‌وى يه‌كێتيش مافى خۆكانديد كردنيان هه‌يه‌ ، ده‌نگيشيان له‌ناو كۆنگره‌ هێناوه‌ ، ئيدى هيچ گرنگ نيه‌ سه‌ر به‌چ بنه‌ماڵه‌يه‌كن . خۆ حزبى سياسى هه‌يه‌ حه‌فتا ساڵه‌ له‌لايه‌ن يه‌ك بنه‌ماڵه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ئه‌چێ ، حزبى واش هه‌يه‌ سكرتێره‌كه‌ى وه‌كو بته‌كانى بووزا و ئه‌هرامه‌كانى ميسر هه‌ر له‌شوێنى خۆيانن ناجوڵێنه‌وه‌ .
له‌به‌ر رۆشنايى ئه‌و خاڵانه‌ى سه‌ره‌وه‌و، به‌له‌به‌رچاوگرتنى هه‌وڵى نه‌يارانى يه‌كێتى بۆ شكستهێنانى كۆنگره‌كه‌ى ، پرسياره‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ ، ئايا ئايينده‌ى دۆخى سياسى كوردستان و به‌تايبه‌تيش په‌يوه‌ندى يه‌كێتى به‌ حزبه‌كانى كوردستان و له‌سه‌رووى هه‌مووشيانه‌وه‌ پارتى ديموكراتى كوردستان چييان به‌سه‌را دێت ؟؟.
هه‌ڵبه‌ت حه‌قيقه‌تێك هه‌يه‌ كه‌ ئه‌بێ لێره‌دا باسى بكه‌ين ، ئه‌و‌يش ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا ده‌رئه‌نجامه‌كانى ئه‌م كۆنگره‌يه‌ به‌ تايبه‌تيش هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى به‌شێكى گه‌وره‌ له‌ كاديرو سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كانى يه‌كێتى ، به‌دڵى سه‌رانى پارتى نه‌بوه‌و نييه‌ . چونكه‌ پارتى ساڵانێكه‌ له‌رێگه‌ى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ ته‌قليديه‌كانى يه‌كێتى توانيويه‌تى به‌هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێت ، ده‌نگى يه‌كێتى كپ بكات و خۆى وه‌كو حيزبى قائيد له‌سه‌ر ئاستى كوردستان بناسێنێ . دابه‌زينى ژماره‌ى كورسييه‌كانى يه‌كێتى و ملكه‌چبونى به‌شێك له‌و سه‌ركردانه‌ش ، يارمه‌تيده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ى پارتى خۆى وه‌كو مه‌رجه‌عى سياسى له‌كوردستان پيشانبدات .. به‌ڵام ئێستا هاوكێشه‌كان گۆڕانيان به‌سه‌را هات و ئه‌وه‌ى پێشتر بۆ پارتى ئه‌چوه‌ سه‌ر ئێستا بۆى ناچێته‌ سه‌ر .
نه‌وه‌يه‌كى تازه‌ له‌نێو يه‌كێتى سه‌رى هه‌ڵداوه‌و شه‌رعييه‌تى كۆنگره‌ى له‌گه‌ڵه‌ ..ئه‌م نه‌وه‌يه‌ش سه‌روه‌رى وجه‌ماوه‌رييه‌ته‌كه‌شى له‌وه‌وه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ دژى سياسه‌تو پاوانخوازييه‌كانى پارتى بوونه‌ . ئه‌گه‌ر پێشتر شه‌رمنانه‌ ده‌يانتوانى هه‌ڵويستى خۆيان له‌سه‌ر ئاستى سه‌ركردايه‌تى بنوێنن ، به‌حوكمى ئه‌وه‌ى ميوان بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌بى سياسى ، به‌ڵام ئێستا نه‌ك هه‌ر شه‌رعييه‌تى حزبييان هه‌يه ‌، به‌ڵكو بوونه‌ به‌بڕياربه‌ده‌ستى يه‌كێتيش .ئه‌گه‌ر قسه‌ش بێته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ى باڵباڵينى ناو يه‌كێتى ، بێگومان ئێستا باڵى زۆرينه‌ ئه‌و باڵه‌يه‌ كه‌ دژى پارتييه ‌و كار بۆ هه‌ستانه‌وه‌ى يه‌كێتى ئه‌كات ، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ زۆربه‌ى هاوكێشه‌كان قڵپكاته‌وه‌و چيتر پارتى نه‌توانێ كۆنتڕۆلى برياره‌كانى يه‌كێتى بكات . ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌نجونه‌ باڵايه‌ى سياسيه‌ش كه‌ سه‌ركرده‌ پييره‌كانى يه‌كێتى له‌خۆ گرتوه‌ ‌، ره‌نگه‌ ئه‌ويش نه‌توانێ به‌ر به‌و ته‌ووژمه‌ى دژه‌پارتى له‌ناو يه‌كێتيدا بگرێ ، چونكه‌ بڕيارى زۆرێنه‌ له‌مه‌سه‌له‌ سياسييه‌كاندا زه‌حمه‌‌ته‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بتوانێ ره‌تى بكاته‌وه‌ .
پێموايه‌ سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى چواره‌م سه‌ره‌تايه‌كى به‌هێزه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ى يه‌كێتى ، گومانم له‌وه‌شدا نيه‌ كه‌وا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوى كوردستانيشدا هاوكێشه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندى يه‌كێتى بشكێته‌وه‌ ، چونكه‌ به‌ڕاستى خه‌ڵك بێزار بوه‌ له‌سياسه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رانى پارتى و هه‌موو خه‌ڵكى كوردستانيش چاوه‌رێى به‌ديلێكى به‌هێز بوون ، ره‌نگه‌ يه‌كێتى ئه‌و به‌ديله‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ بێت ، به‌مه‌رجێك گۆڕانكارييه‌كانى ناو يه‌كێتى ببنه‌ هه‌وێنى گۆڕانكارييه‌كى گه‌وره‌تر له‌سه‌ر ئاستى جومگه‌كانى ئه‌و به‌شه‌ى ده‌سه‌ڵات كه ‌به‌ده‌ست يه‌كێتييه‌وه‌يه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ناعه‌ت به‌ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان بێنێ كه‌وا يه‌كێتى به‌فيعلى‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر رێبازه‌ پيرۆزه‌كه‌ى مام جه‌لالى نه‌مر ..‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.