ستاندەر
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ڕیگای دەرکردنی ڕاگەیندراوێک ،نیگەرانی خۆی بۆ کوژرانی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس دەربری،
ئەمە لە کاتێکدایە دوای دوو ڕۆژ لە کوشتنی قاسم سلێمانی حزبە کوردییەکان هیچ هەلوێستێکیان ڕانەگەیاندووە سەرەرای ئەوەی حزبەکانی کوردستان بەتایبەت یەکێتی و پارتی لە ڕابردوو پەیوەندییەکی بەهێزیان هەبووە لەگەڵ قاسم سلێمانی.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
رووداو و پێشهاتە توندوتیژیەكانی ئەم دواییەی بەغدا، بەتایبەت بە ئامانجگرتنی (سەردار قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس)و چەند هاوكارێكیان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە، مایەی دڵتەنگی و نیگەرانی ئێمەیەو بە پەرەسەندنێكی مەترسیداری دەبینین ..
ئەم رووداوە هەنگاوێكە بەرە و پەرەسەندنی پەرچەكردارو ئەگەری بەرپاربوونی جەنگی خوێناوی و بە مەیدانكردنی عێراق بۆ جەنگێكی كاولكاری.. ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێڕای ئەوەی بۆ ئەو دوو بەرێزە و قوربانیەكانی تر لە خودای پەروەردگار داوای رەحمەت و لێ خۆشبوون ئەكەین و بۆ بریندارەكان داوای شیفا دەكەین .. دەخوازین سنورێك بۆ ئەم پەرەسەندنە ترسناكە و دەستێوەردان و بەزاندنی سەروەری وڵاتە دابنرێ و عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی جەنگی وڵاتان، گەلی عێراق سەرباری كێشە و گرفتاریەكانی خۆی شایستەی ئەم هەموو بارگرانی و نەهامەتیە نیە.. جێگای داخە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست كە سەرچاوەی شارستانی و ئاینە ئاسمانیەكانە و خاوەنی سامانی سروشتی فراوانە، ئاوا بووەتە مۆڵگەی لەشكركێشی و شەڕ و خوێنرێژی و زمانی حیوار و چارەسەری سیاسی تێدا فەرامۆشكراوە ..
هەرلەم بۆنەیەدا دەخوازین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان كاری جدی بكەن بۆ رێگرتن لەم جەنگە بەربڵاوە. داواكارین هەموولایەك بە رێكاری سیاسی و دیبلۆماسی و گەڕانەوە بۆ بەڵێنامە نێونەتەوەییەكان چارەسەری كێشەكان بكەن ..
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
4/1/2020