عێراق و موعجیزە

لەلایەن ستاندار Posted on 274 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

عێراق بە ئاسانی لەو دۆخە ترسناکەی ئەمڕۆکەی دەرباز نابێت، کێشەکانی کێشەی بونیادیی گەورە و ھەمەلایەنن، لە ئێستادا ئەگەری ڕاستەقینەی چاککردنی ھیچ کێشەیەک لەو کێشە بونیادیانە لە ئارادا نییە. بەر لە ھەموو شتێک عێراق لەوە کەوتوە دەوڵەت بێت، چ جای دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی. چەندان ھێزی ئیقلیمی و موخابەراتیی ھەمەجۆر لە زاخۆوە تا فاو لەم وڵاتەدا چالاکن و تەڕاتێن لە شار و گوندەکانیدا دەکەن. ئەم ھێزە موخابەراتیانە پلان و ئەجێندای دوژمنانکارانە و ناکۆک بەیەکیان ھەیە. لەپاڵ ئەمەدا بڕێک لە ململانێ نێودەوڵەتییە گەورەکانی ناوچەکەش لە عێراقدایە. لەمەش بترازێت وڵاتەکە لەناو خۆیدا پارچەپارچە و ھەڵوەشاوەیە. ئەوەی لەناوخۆی عێراقدا گەمەکەری سەرەکییە دەوڵەتی عێراقی نییە، بەڵکو ”دەوڵەتی قووڵ“ە، deep state، کە ھەر بەش و لایەنەێکی ئەو دەوڵەتە قووڵە لەچەندان گەمە و تەماحی ئیقلیمی و نائیقلیمییەوە ئاڵاوە. ”دەوڵەتی قووڵ“ سەرجەمی ئەو دەزگا و ھێز و گروپ و کەسایەتییانەن کە دەسەڵاتێکی گەورە و ھەمەلایەنیان ھەیە، بەڵام مەرجنییە لەناو دەزگاکانی دەوڵەتە فەرمیەکە خۆیدا ئامادەبن.
لە عێراقدا دەوڵەتی فەرمی ھەڵقە لاوازەکەی دەسەڵاتە و لەناو ئەو لاوازییەی خۆشیدا بە ”عەقڵیەتی دەوڵەت“ بیرناکاتەوە و کارناکات و بەڕێوەنابرێت. بەڵکو لۆژیکی تائیفیی و خێڵەکیی و خێزانیی و خزمایەتیی و مافیایی لەزۆر شوێنیدا ئامادەیە. لە دەرەوەی ئەم دەوڵەتە فەرمیەدا چەندان میلیشیای بەھێز و تەریب بە سوپای عێراق بوونی ھەیە لە ھەرە دیاردەکانیان ھێزەکانی حەشدی شەعبیی و ھێزەکانی بەدر و سوپای مەھدیی و خانە چەکدارییە سونییە نووست و بە ئاگاکان لە بەشە عەرەبییەکەی وڵاتەکەدا و، لە کوردستانیشدا ھێزە حیزبییەکانی پارتیی و یەکێتی ئامادەن کە ئەوانیش ھێزی حیزبیی و زۆرجاریش شەخسیی و خێزانین. ئەمانە ھەموویان لۆژیکی تایبەتی ئیشکردنی خۆیان ھەیە، لەناوخۆی عێراقدا ھەر یەکێکیان لە قازانجی چەند گروپ و ھێز و خێزان و بنەماڵەیەکی دیاریکراودا کاردەکەن.لە دەرەوەشدا لە قازانجی ھەندێک ھێزی ئیقلیمیدا. ھێزە ئەمنییەکان و پۆلیس و بیرۆکراسیەتی وڵاتەکەش ھەمان لۆژیکی دابەشبوونی ناوەکیی لەناویاندا ئامادەیە و ئەمەش کۆتایی بە ھەموو ”ھاوبەش“ێکی ئەتنیی و دینیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی لەو وڵاتەدا ھێناوە.
لە دەرەوەی ئەمانەدا پێگە و ناوەندی تری دەسەڵات ئامادەیە کە ھەریەکێیان ئەجەندای خۆیان و تەماح و قازانجی خۆیان ھەیە. لە بەشە شیعیەکەی عێراقدا مەرجعەیەتت ھەیە کە دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا و لە کوردستاندا بارەگای بارزانی ھەیە، کە بە کردەوە نەفیکردن و بە کارکاتێرکردنی سەرجەمی دەزگا فەرمییەکانی تری حوکمڕانییە لە ھەرێمدا. سونەی عەرەبیش مەرجعیەتیی دینیی و سیاسیی خۆیان ھەیە و لەگەڵ زیاد لە ھێزێکی ئیقلیمیدا تێکەڵن.
لە دەرەوەی ئەمانشدا چوار وڵات زۆر بە خەستیی لە ناو عێراقدا بە پلان و خەونی جیاوازەوە ئامادەن. ئەمریکا و ئێران و تورکیا و سعودیە. ئەمانە لەسەر زەمینی واقیع ھێز و توانای چەکداریان ھەیە، ھەندێکیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەک ئەمریکا، ھەندێکیان لەڕێگای پرۆکسییەکانیانەوە، وەک ئێران و تورکیا.
قاسم سلێمانی بەشێکی بچووکی ناو ئەو وێنە گشتییە ئاڵۆزەیە. کوشتنی نە کۆتایی بە وێنەکە دەھێنێت، نە جێگرتنەوەشی بە کەسێکی تر کردەیەکی زەحمەت و نەکراوە. ئەو ژێرخانە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیی و میلیشیایی و تائیفییەی لە عێراقدا ھەیە، بە کوشتنی ئەم یان تاکەکەس کۆتایی پێنایەت. ئەم ژێرخانە دۆخی مێژوویی و تەماحی سیاسیی و دەسەڵاتارێتی نیمچەمافیایی و نفوزیی گەورەی ناکۆک بەیەک و غیابی تەواوەتی ھەر پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، دروستیکردوە.
ئەم گشتە ناکۆک و ڕقاویی و دوژمنکارە، تێکەڵێکی دوژمنکارە، کە ناتوانن بەیەکەوە بژین، بەڵام ناشتوانن لەیەکتری جیاببنەوە. کێشەی عێراق ئەوەیە نە دەتوانێت بەشە جیاوازەکانی بەیەکەوە کۆبکاتەوە و بە ھەموویان نیشتیمانێکی ھاوبەش ببەخشێت، نە ئەوەیە بکرێت دابەشبکرێت و ھەر بەشەی بە لایەکدا بڕوات. ئەم دۆزەخە سیاسییە ماوەیەکی درێژ دەمەێنێتەوە و بەردەوام دەبێت. مێژوویەکی پڕ دووکەڵ و خواێناویی و پڕ جەردەیی بەرھەمدەھێنێت. بەڵام خاڵی پۆزەتیڤ لە مێژوودا، لە ھەر مێژوویەکدا، وەک یەکێک لە فەیلەسوفەکان دەڵێت، ئەوەیە کە مێژوو ھەمیشە فێڵی تایبەتی خۆی ھەیە و ھەمیشە موعجیزەی تایبەتی خۆی دروستدەکات. مەگەر فێڵ و موعجیزەیەکی مێژوویی ئەو وڵاتە ڕزگاربکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.