ستاندەر
پێشەوا هەورامی پەڕلەمانتارى پارتی ڕایگەیاند، چەندین هەڵەو ناعەدالەتی کەڵەکەبوو هەن کە بە شەوو ڕۆژێك قسەیان لەسەر بکرێت تەواو نابن.
لە بارەى پڕۆژەى چاکسازیەوە نوسویەتى:
-بەڕێزان ئەوانەی بەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسی خەریکی شێواندنی ڕاستین و پڕۆژەیان نەدیوە تەفسیرو تەئویل دەکەن و خەڵک هەڵە ئاراستە دەکەن چاکسازی بۆ هەموو سێکتەرەکانەو تەنها بۆ پەرلەمانتاران نەنوسراوە من نایشارمەوە کەمێک هەن بەدوای بەرژەوەندییەوەن لە پەرلەمان بەڵام زۆرینە بۆ باشترین ڕێگای خزمەتی خەڵك دەگەڕێن.
– حاکمەکان مووچەیان دوانزە ملیۆن دینارە مانگانە، بەو مووچەیەش خانەنشین دەبن و لەکاتی قەیران قبوڵیان نەکرد یەک دیناری مووچەیان کەمبکرێت.
-هەزاران کەس هەن بە نایاسایی بە مووچەی چوار پێنج ملیۆنی وسەرتریش بوونەتە خانەنشین بە پلەی وەزیرو مودیرعام و وەکیل وەزیر لیواو عەمید و چەندین ناونیشانی عەجیب و غەریب کە موستەحەقی نین.
-هەزاران پێشمەرگە پاسەوانی مەزرەعەکانن و دەمانەوێت بەشکۆوە کاری خۆیان بکەن و ڕێز لێگیراوبن و بندیوار و ناوی ساختە چیدی مووچە وەرنەگرن.
-دزی لە دەروازە سنوورییەکان بە ملیۆنان دۆلارە و زەهرو کیمیایی بۆ گەدەی خەڵك ئاودیو دەکرێت.
-دوو مووچەو سێ مووچەو تا دەمووچە تۆمارکراوەو دەمانەوێت ببڕدرێت،چەندین سەرۆک جاش دیوەخانانەو دەیان پاسەوانییان لەسەر بودجەی خەڵک هەیە.
-لەم ڕۆژانە دزو موستەفیدی وەها گەورە خۆیان لە نیەتی ڕاستەقینەی خەڵکی پاک گلاندووەو باسی چاکسازی دەکات پیاو لەخۆی دەکەوێتە گومان.
-خانەنشینی پلە باڵا کراوەتە سەدا ۲٥ و خزمەتی لەگەڵ ئەژمار دەکرێت و سەقفێك دیاریدەکرێت کە لێی تێپەڕ نەکات ئێمە بەدوای ئەوەین کە هێشتا هەندێك گۆڕانکاری دیکە بکرێن و هاوڕێیانمان لە فراکسیۆنی پارتی لە هەوڵی ئەوەین زۆرترین قازانج بۆ خەڵک بێت و لە مناقەشەکانی ناو هۆڵی پەرلەمان دەیبینن ئینشەڵا و بەرنامەی حکوومەتی ئێمە هەر خۆمان پاڵپشت و جێبەجێکاری دەبین لەمەسەلەی چاکسازی.