با خانەنشینی پەرلەمانتاری هەبێت، بەڵام ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 250 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

من لەگەڵ ئەوەم پەرلەمانتار خانەنشین بێت، چونکە ئەوەی دەچێتە پەرلەمان دەبێت پەرلەمانتاربێت، بەمانا ڕاستەقینەکەی، کەسێکە دەبێت لەناو خەڵک و بەدەنگی ڕاستەقینەی خەڵک چوبێت و بۆ خەڵک چوبێت و بگەڕێتەوە ناو خەڵک . کەسێک بوو بە ئەندام پەرلەمان دەبێت لەسەر سیاسەتی( ڕەوا ، کە بریتیە لە ئیسلاح و بیناکردن بۆ مەبەستی گشتی )، کار بکات نەک بە سیاسەتی (میکیاڤیللیانە، کە بریتیە لە هەڵخەڵەتاندن و خۆ گۆڕین بۆ مەبەستی تایەتی ) کەسێک بێت سیاسەتی ڕەوا پەیڕەو بکات نەک سیاسەتی نەفامی کە بەرژەوەندی کەسی بخاتە پێش بەرژەوەندی گشتی .
بۆیە من دەڵێم لەگەڵ خانەنشینی پەرلەمانتارم ئەگەر ئەوکەسە لە گرنگی کاری سیاسی و حزبی و ئینجا پەرلەمانی گەیشتبێ دەبێت لەوەش گەیشتبێ کاری ئەو دوای پەرلەمانتاری دەستپێدەکات، ئەو دەبێت ئەوکات بگەڕێتەوە ناو خەڵک و لەگەڵ خەڵک هاوژیان و هاوهەڵوێست و کۆک بێت، نەک بوبێت بە کەسێکی تایبەت و موچەو ژیان و گوزەرانی تایبەت لە خەڵکی گشتی دایببڕێت .

با خانەنشینی پەرلەمانتاری هەبێت بەڵام :

یەکەم / ئەو موچە خانەنشینیە لە دوو ملیۆن زیاتر نەبێت و هیچ جیاوازی و پلە بەندیەکی تێدا نەبێت و هەرکەسێکیش کاری پێشوی دەوێتەوە بگەڕێتەوە سەر پیشەی خۆی . ئەوکاتە ڕێز بۆ هەموو توێژ و چینەکان دەگەڕێتەوە و ڕێزگرتنە لە خودی ئەوکارەی پێشوی کە کردویەتی و شانازیەکە بۆ هاوپیشەکانی لەو کارەی بۆی دەگەڕێتەوە .

دووەم / ئەم دوو ملیۆنە لە چوار ساڵ زیاتر نەبێت و نەکرێت بە موچەی هەتا هەتایی واتە دوای چوار ساڵ نەمێنێ، ناکرێ پەرلەمانتاری بکرێت بە فەرمانبەری و ببێ بە پیشە، بەڵکو مافی خۆیەتی لەکاتی ئەرکەکەیدا لە چوار ساڵدا امتیازی کاتی پێبدرێت نەک هەمیشەیی ئەم امتیازاتەش بۆ دوورکەوتنەوە بێت لە کەوتنە ژێر کاریگەری دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەک بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن و جیابونەوە لە خەڵکی گشتی . کەسێک پێشوو وەزیفەیەکی حکومی نەبوە ناکرێت نەتوانێت لە چوار ساڵدا کارێک بۆخۆی بدۆزێتەوە کە کەسێک بوبێت لە یاسا داڕێژەرانی وڵات و میلەتێک .

سێ یەم / ئەندام پەرلەمانی خانەنشین ئەگەر لەناو خەڵک هەڵبژێرراوە چۆن دەبێت لەناو هەمان خەڵک پاسەوانی هەبێت کەواتە پێویست ناکات بۆ مانگێکیش هیچ جۆرە پاسەوانێکی هەبێت . ئەندام پەرلەمان ئەگەر خۆی بوبێت بە پاسەوان و پارێزەری مافەکانی خەڵک لە چوار ساڵی ئەندام پەرلەمانی ئیتر بۆ دەبێت ترسی هەبێت و دوای خانەنشینی پاسەوانی هەبێت .

چوارەم / ئەم خانەنشینیە بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بێت و هەموو ئەمانەی پێشوو کە کراون هەڵوەشێتەوە، باوەڕم وایە بەهەڵوەشانەوەی خانەنشینی پێشوو داهاتێکی بێ شومار دەگەڕێتەوە بۆ میللەت و دەبێت بە چاکسازی ڕاستەقینە. هیچ کاتیش یاسایەک نەبێت یارای کاراکردنەوەی هەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ یاسای خانەنشینی پێشوو مەگەر تەنها بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بێت و مەرجی کەمکردنەوەی زیاتر و نەهێشتنی یەکجارەکی لەگەڵ خۆی بێنێ .

پێنجەم / نابێت یاسای چاکسازی تەنها بە بڕینی چەند موچەیەک و کەمکردنەوەی چەند موچەیەک بۆ چەند توێژو چینێکی کۆمەڵ کۆتایی پێ بێت، بەڵکو ببێ بە پڕۆسەیەکی هەمیشەیی و بۆ ئەبەد بەردەوام بێت .
تێکەڵ کردنی چەند بەند و ماددەیەکی باش و سود بەخشی گشتی لەگەڵ چەندبەند و مادەیەکی خراپ و سودبەخشی تایبەتی، ناچێتە خانەی بەرژەوەندی گشتی و چەسپاندنی بەسەر خەڵکی هەژار و ستەم دیدەی کوردستان . لکاندنی باش و خراپێک پێکەوە لەدواجاردا باش بزردەبێت کە ئەسڵ چاکەکە بێت .

کە لە ئێستادا بیرم بەلای خانەنشینی بە دوو ملیۆن بۆ چوار ساڵ دەڕوا، باوەڕم وایە ئەندام پەرلەمان بە کۆتا هاتنی کاری ئەندام پەرلەمانی نابێت لە خەڵک داببڕێت، نابێت لە بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان داببڕێت . لە کۆمەڵگایەکی کۆمەڵایەتی وەک ئێمە پێویستی بە چونی بۆ کۆڕو سیمینارو بۆنە زانستی و فکریەکان و بۆ پرسە و شەکراو خواردنە هەیە، پێویستی بە سەردان و میوانداری هەیە، بەشداریکردن لە خۆشی و ناخۆشیەکانی هاوڵاتی دەبێت ببێت بە کاری لە پێشینەی ئەو، چونکە مرۆڤ خۆی کائینێکی کۆمەڵایەتیە لە کۆمەڵگایەکی تەواو کۆمەڵایەتی وەک ئێمەش زۆر زیاتر.
ئەگەر ئەمانە لە چوارساڵدا ئەنجامدران ئیتر دەبێت بە باو دواتر دەبێت بە بەشێک لە بەها کۆمەڵایەتیەکان . هەرکات و هەر کەس لە شتە باوەکان لایدا دەبێت بە دژە باو لەدواجاریدا پێشێلی بەها کۆمەڵایەتیەکانی کردوە . چونکە لە دواجاردا پەرلەمانتارە دەتوانێت ببێ بە داڕێژەری ئەو یاسایەی موچەو خانەنشینی سەرجەم پلە باڵاکان ڕێک دەخات و یاسایان بۆ دەردەکات و دەیانهێنێتە ناو شتە باوەکان .

کە دەڵێم با دوو ملیۆن بێت و بۆ چوار ساڵ بێت بە بەراورد بە ڕابردوە کە زۆرترین خانەنشینی تێدا دروست بوە و زۆرترین موچەی خانەنشینیان بۆ بڕاوەتەوە ئەگەر واقیعەکەی ڕابردوو نەبێت ئەوە ( ازعف الایمان) ەکەیە کە باوەڕمان بە خانەنشینی پەرلەمانتاری و پلە باڵاکان هەبێت .
ئەوەی هاتۆتە پێش کاتێکی زێڕینە ئەگەر پەرلەمانتاران بتوانن لە بەرژەوەندی گشتی و بۆ چاکسازی بەکاری بهێنن . دەتوانن مێژوویەکی پرشنگدار بۆ خۆیان تۆمار بکەن و ببن بە ئەستێرەیەکی گەشاوە و پرسنگدار لە ئاسمانی پڕ گەندەڵی ڕابردوو .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.