نوسەرێكی تورك له‌ زیندانه‌وه‌ باسی دیکتاتۆری ئەردۆغان دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 359 جار بینراوە

ستاندەر

ئەحمەد ئاڵتان، نوسه‌ری تورك لەناو  زیندانەوە نامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ده‌نوسێت ،تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ نەترساوم.گەر بزانم دەشمرم، لە ئەردۆغان ناترسم.ئەردۆغان…دیکتاتۆرێک خاوەنی چی بێت، ئەویش خاوەنی هەر هەمان شتە،خاوەنی مێشکێکی هەژارە.

ده‌قی نامه‌كه‌ی نوسەرە تورکەکە

برا و خۆشکەکانم. کوردەکان.
من تورکێکم.
من لەسەر دین، کلتور و دابونەریتی ئەم وڵاتە گەورە بووم.
لە ئامێزی ئەم خاکەدا لە دایک بووم، لە خاکی ئەنادوڵ و میزۆپۆتامیادا گەورە بووم.
بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت، بەرهەمەکانی جیهان، وەک بەرهەمی فەرەنسی، ئەڵمانی و ئینگلیزیم بۆ سەر زمانەکەم وەرگەڕاند.
من نوسەرێکم کە بەرهەمەکانم لە لایەن ڕۆشنبیر، کەسایەتی، مافپەروەر، سیاسەتمەدار و نوسەرەکان و گروپە جیاوازەکانەوە دەخوێندرێتەوە.
ئەردۆغان منی دەستگیرکردووە.
منی زیندانی کردووە.
سزای هەتا هەتایی بەسەر مندا سەپاندووە.
بە خەیاڵمدا نایەت.

تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ نەترساوم.
گەر بزانم دەشمرم، لە ئەردۆغان ناترسم.
ئەردۆغان…
دیکتاتۆرێک خاوەنی چی بێت، ئەویش خاوەنی هەر هەمان شتە.
خاوەنی مێشکێکی هەژارە.
بە پارە و ترساندنەوە، هەموو گاڵتەجاڕەکانی دەوروبەری کڕیوەتەوە.
بە ئەردۆغان ناوێرم، بەڵام..
ئەردۆغان ناتوانێت بۆچوون و هزری من بکڕێتەوە.

لە تورکیادا دوو پیاو و ژنێک هەن، کە مێشکیان بە پارە ناکڕدرێتەوە.
یەکەمیان، سەلاحەدین دەمیرتاش
دووەم، من
سێیەمیش، فیگەن یوکسەکداغە.

بەزەییم بە ئەردۆغاندا دێتەوە.
خاوەن مێشکێکی هەژار و دیکتاتۆرێکی سەرکوتکەرە.
وادەزانێت من لە ژوورەوە بەند بکات.
دەمترسێنێت!
وادەزانێت دەتوانێت بێدەنگم بکات.

مێژووی جیهان یادی کەسانی وەک ڤیلیام شکسپیر بە بەرهەمەکانیانەوە دەکاتەوە.
ئەگەر پرسیاری ئەوە بکرێت، لە سەردەمی ڤیلیام شکسپیر کێ پاشا بوو؟، ڕەنگە کەس بیری نەمابێت.
ڕۆژێک دێت کەس نازانێت ئەردۆغان کێ بووە و کەس نایناسێت.
مرۆڤەکان چۆن یادی شکسپیرەکان دەکەنەوە، ئاوا یادی منیش دەکەنەوە.

٢٢ ساڵ لەمەوبەر، لە قادی کۆی، چووم بۆ دوکانێکی بەرگدوورین.
دانیشتم، ویستم ژمارەیەک پانتۆڵ بەدوورین بدەم.
بەرگدروکە درێژی منی دەپێوا.
لەو کاتەدا ٣ گەنج هاتنە ژوورەوە.
دانەیەکیان خەڵکی ڕیزە، دانەیەک خەڵکی ئامەد و دانەیەکیان خەڵکی دەرسیم بوو.
تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ١٦ ساڵ دەبوو.
ئەوان لە سێ شاری جیاوازدا، لە دایک ببوون.
لە هەمان یانەی وەرزشیدا یارییان دەکرد.
بەرگدروکە بەدەم وەرگرتنی درێژی من، لەسەر پێ قسەی لەگەڵ گەنجەکاندا دەکرد.
کاتێک ئیشی بە من تەواو بوو، بە گەنجەکانی وت، فەرموون چیتان دەوێت.
گەنجەکان داوای جلێکی وەک ئینتەر میلانی ئیتاڵییان کرد، بۆ خولی تۆپی پێ.
داوای ڕەنگی زەرد و سوور و سەوزیان کرد.

بەرگدرووکە بەسەریاندا هاواری کرد وتی، بۆ ئێوە تیرۆریستن.
وتی، زوو ون بن، ئەگینا پۆلیس بانگ دەکەم.
منداڵەکان چوون و بەرگدرووکە جنێوی بە دایکیان دا.
شەرمم کرد.
نەمدەزانی سەیری کوێ بکەم.
ئەو شەرمی نەکرد، سەیری منی کرد و وتی، ئەحمەد بەگ تۆخوا حەقم نییە؟
وتم حەقی چی؟ باسی چی دەکەی؟
وتی ڕەنگی سەوز و سوور و زەرد لە وڵاتەکەمان قەدەغەیە.
وتم بۆچی؟
وتی ڕەنگی کوردن.
ئەو ڕەنگانە نیشانەی جوداخوازین.
مناقشەم لەگەڵی نەکرد.
بە جوانی وتم: جارێکی دی، نایەمەوە بۆ لات.
چوومە دەرەوە و جارێکی دی نەچوومەوە بۆ ئەوێ.
بەڵام ڕەفتاری ئەو بەرگدروویەم لەگەڵ ئەو گەنجانە لەبیرنەچووە.
من تورکم، بەڵام ئەو ڕۆژە، تورک بوون بوو بە شەرمێک بۆ من.

کوردەکان لە ترسی ئەوەی وەک تیرۆریست نەبیندرێن .
لە ترسی ئەوەی وەک خائین لەقەڵەم نەدرێن
دەڵێن، من خەڵکی وانم.
من خەڵکی سیڤەرەک، خەڵکی بینگۆلم، خەڵکی قەڕسم.
من لە دوورەوە هاتووم خەڵکی هەکاریم، من خەڵکی ماردینم.
دەڵێن من خەڵکی عورفام.
ناوێرن بلێن من کوردم.
دەلێن من دیاربەکریم.
باسی کورد بوونی خۆیان ناکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە کوردن.

بەڵام لە تورکیا برای کوردم هەیە.
من خاوەنی دۆستی گیان بە گیانی کوردم.
برای کوردی موسوڵمانم هەیە.
لەم وڵاتەدا دۆستی کوردی شۆڕشگێڕ و چەپم هەیە.
ئێمە برای کوردمان هەیە، کە
لە هەمان مزگەوتدا، بەیەکەوە نوێژ دەکەین.
لە هەمان شوێندا خۆپیشاندان دەکەین.
لەیەک شوێندا کار دەکەین.
بەیەکەوە عارەق دەخۆینەوە.
بەیەکەوە زەماوەند دەکەین و هەڵدەپەڕین.
بەیەکەوە چا دەخۆینەوە و باسی ئەوملا ئەولا دەکەین.

ئایا دەزانین ٨٠٪ی کورد، لایەنگری هەدەپەن؟
ئەوانەی کە ئێوە هەموو کاتێک بە بێ شەرمی
دەلێن کوردە پەکەکەیی و تیرۆرسیتەکان
لە کاتێکدا کە تیرۆریست نین، بەڵام چەکیان هەڵگرتووە.
وەک تورکێک دژیان دەوەستنەوە.
هەر لەبەرئەوەی، تەنها کوردن، کردەوەی نەژادپەرستی لە دژیان دەکەن.

ئەوان کوردی هەدەپەیین.
ئەوان برای ئێمەن.
ئەوان ئەو برایەی ئێمەن، کە
بە کلتوری خۆیان ئەم وڵاتە دەوڵەمەند دەکەن.
بە گۆرانیەکانیان دڵخۆشمان دەکەن.
بە خواردنەکانیان تێرمان دەکەن.
بە زمانەکەیان، لە زەماوەندەکانماندا گۆرانی دەڵێن.
لە شەوە خۆشەکاندا دڵخۆشی دەهێننە مالەکانمان.
ئەوان برای بەم شێوەیەی ئێمەن.

من وەک تورکێک.
بەهۆی ئەو زوڵمەی، کە لە کوردەکانی دەکەین، شەرم لەخۆم دەکەمەوە کە تورکم.
لە دەرسیم، لە سەرەتای دروست کردنی کۆماری تورکیا، ئەوان ڕەت دەکرێنەوە.
هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردەکانمان دا.
گاڵتەمان بە دابونەریتیان کرد.
گاڵتەمان بە شێوەی ئەوان کرد.
لە زیندانی دیاربەکر ئەوانمان ئەشکەنجەدا.
گوندەکانی ئەوانمان بوردومان کرد.
موسا ئانتەرەکانیان، ڤەدات ئایدنەکانیان و موراد بولدانەکانیانتان کوشت.
یەلماز گونای و ئەحمەد کایاتان لە وڵات وەدەر نا.
٧٥ ساڵ ناوی کوردیتان بۆ منداڵی کورد قەدەغە کرد.
گوێ گرتن لە موزیکی کوردیتان تا ساڵی ٢٠٠٠ قەدەغە کرد.
بە دەیان کەس، کە قاتیلەکانیان دەوڵەتە، وەک ئەوەی قاتیل نادیار بن، کوژران.
لە ڕوبۆسکی بە فڕۆکەی ئێف ١٦ ،٣٥ کوردتان کوشت.
نوێنەری خەڵکتان دەستگیرکرد.
قەیومتان لە شارەوانیەکانیان دامەزراند.
دەمیرتاش و یوکسەکداغی سەرۆکی سیاسیتان زیندانی کرد.

ئەو کوردانە برای ئێمەن.
مێژوو بەرامبەر ئەو کردەوانەی، کە بەرامبەر کورد ئەنجامتاندا شەرم دەکاتەوە.
بەڵام ئێمە بەرامبەر کردەوەکانمان شەرممان نەکرد.
ئێمە چیمان لەم کوردانە دەوێت؟
ئەوان برای ئێمەن.

لەگەڵ ڕێزمدا
نووسینەکەم لە ناو زینداندا
ئەحمەد ئاڵتان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.