كێ زه‌ره‌رمه‌ند و سوودمه‌ندى یاساى چاكسازى ده‌بێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 630 جار بینراوە

ستاندەر: سەرتیپ قەشقەیی

بۆئه‌وه‌ى روونتر له‌ ماده‌ و بڕگه‌كانى یاسایى چاكسازى بگه‌یت

دواى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ یاسایى چاكسازى، دانیشتنى لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر ئاماده‌كردنى راپۆڕتى كۆتایى بۆ دانیشتنى سبه‌ى پێنجشه‌ممه‌، 16ى كانونى دووه‌م به‌رده‌وامه‌.

ئه‌و ماده‌ و بڕگانه‌ى كه‌ تایبه‌تن به‌ زۆرینه‌ى توێژه‌كان و زۆربه‌ى فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌رى رێكه‌وتوون به‌م شێوه‌یه‌ :
* خانه‌نشینى پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌كان
به‌پێى رێككه‌وتنى نێوان فراكسیۆنه‌كانى پارتى و یه‌كێتیى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ى فراكسیۆنه‌كان دواین نوسینه‌وه‌ى راپۆڕتى لیژنه‌ى هاوبه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ :
1. بۆ خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكان ئه‌گه‌ر مه‌رجى ته‌مه‌ن و ساڵانى خزمه‌تى هه‌بێت به‌ 15% خانه‌نشین ده‌كرێت، ساڵانى خزمه‌تیش حساب ده‌كرێت هه‌ر ساڵێكى خزمه‌تیش به‌ 1.5 داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ى دبلۆمى هه‌بێت 2 خاڵى دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌كه‌لۆریۆس بێت 4، ئه‌گه‌ر ماسته‌ر بێت 6، ئه‌گه‌ر دكتۆرا بێت 8. به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌ نابێت رێژه‌ى خانه‌نشینكردنه‌كه‌ى له‌سه‌دا 50% موچه‌كه‌ى تێپه‌ڕبكات.
واته‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارێك ته‌مه‌نى له‌سه‌رووى 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت و بڕوانامه‌ى به‌كه‌لۆریۆسى هه‌بێت ئه‌وا 15+ 15 ساڵ خزمه‌ت ( هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت ) + 4 بڕوانامه‌ یه‌كسانه‌ به‌ 42 كه‌واته‌ ئه‌و پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌ به‌ له‌ سه‌دا 42ى موچه‌ى ئێستاى خانه‌نشین ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌سه‌دا په‌نجا تێپه‌ربكات، ئه‌وا هه‌ر به‌ سه‌دا په‌نجا خانه‌نشین ده‌كرێت.
2. بۆ خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكان ئه‌گه‌ر مه‌رجى ته‌مه‌نى خانه‌نشینى تیدا نه‌بێت ئه‌وانیش به‌ 15% خانه‌نشین ده‌كرێن، بۆ ئه‌وانیش ساڵانى خزمه‌ت حساب ده‌كرێت هه‌ر ساڵێكى خزمه‌تیش به‌ 1.5 داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ى دبلۆمى هه‌بێت 2 خاڵى دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌كه‌لۆریۆس بێت 4، ئه‌گه‌ر ماسته‌ر بێت 6، ئه‌گه‌ر دكتۆرا بێت 8.
واته‌ ئه‌گه‌ر پله‌ باڵایه‌ك ته‌مه‌نى خانه‌نشینى كه‌متر بوو له‌ 45 ساڵ و 12 ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت و بڕوانامه‌كه‌شى به‌كه‌لۆریۆس بێت 15 + 12 ( بۆ هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت) + 4 بروانامه‌ یه‌كسانه‌ به‌ به‌ 37، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ته‌مه‌نى خانه‌نشینى نه‌گه‌یشتۆته‌ 45 ئه‌وكات به‌ له‌سه‌دا 25% موچه‌كه‌ى خانه‌نشین ده‌كرێت، نه‌ك له‌ سه‌دا 37.
ئه‌گه‌ر پله‌ باڵایه‌ك ته‌مه‌نى خانه‌نیشینى كه‌متر بوو له‌ 45 ساڵ و 2 ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى پێش كارى په‌رله‌مانتارى فه‌رمانبه‌ر نه‌بوون، بڕوانامه‌كه‌شى به‌كه‌لۆریۆس بێت 15 + 1 ( بۆ هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت) + 4 بڕونامه‌ یه‌كسانه‌ به‌ 21، ئه‌وكاته‌ به‌ له‌سه‌دا 21ى موچه‌كه‌ى خانه‌نشین ده‌كرێت.
تاوه‌كو ئێستا ئه‌و بڕگه‌یه‌ جێگیركراوه‌ له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌كان، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌و هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتیى و به‌شێك له‌ پارتییه‌كان و به‌ گشتیى گه‌نجه‌كانى نێو په‌رله‌مانتار پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ ده‌ستكارى بكرێت. به‌پێى زانیارییه‌كان به‌ پێى ئه‌و بڕگه‌یه‌ زیاتر له‌ 30 په‌رله‌مانتار له‌ كاره‌كانى پێشووتریان موچه‌كه‌یان باشتربووه‌، بۆیه‌ له‌ دژى وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.
یه‌كێتى په‌رله‌مانتارانیش كه‌ برتین له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانتارى خوله‌كانى رابردوو هاتوونه‌ته‌ سه‌ر هێل و ئه‌و برگه‌و ماده‌یان ره‌تكردۆته‌وه‌. پله‌ تایبه‌ته‌كانى پێشووترو ئێستاش له‌ بڕیكارو راوێژكارو به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان، ئه‌و بڕگه‌یه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و پێیانوایه‌ ئه‌و بڕگه‌و ماده‌یه‌ غه‌درێكه‌ له‌وان، چونكه‌ ئه‌وان ساڵانى خزمه‌ت و ته‌مه‌نیان ته‌واوه‌و پێویست ناكات بێنه‌ نێو ئه‌و یاسایه‌.
تاراده‌یه‌كى زۆریش حكومه‌ت و به‌شێك له‌ وه‌زیره‌كانى ئێستا و پێشووش له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕگه‌یه‌ نین، بۆیه‌ به‌هۆى ئه‌و فشارانه‌ى دروستبوون ئه‌گه‌رى زۆره‌ گۆڕانكارى زۆر بكرێت، جارێكى دیكه‌ ده‌ستكارى بكرێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى پێنجشه‌ممه‌ مشتومڕى له‌سه‌ر دروست بێت.
هه‌رچه‌نده‌ نه‌وه‌ى نوێ و یه‌كگرتوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ دژایه‌تى خۆیان بۆ خانه‌نشینى موچه‌ى پله‌ باڵاكان ده‌ربڕیوه‌، له‌گه‌ڵى نین، كۆمه‌ڵى ئیسلامیش ئه‌گه‌ر ده‌ستكارى ئه‌وه‌ى ئێستا بكرێت، سبه‌ى ده‌نگى پێناده‌ن.
* مووچه‌ى بندیوارو رێكخراوه‌كان
به‌پێى دواین راپۆڕتى لیژنه‌ى هاوبه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ ماوه‌ى رابردوو به‌ نایاسایى پله‌كان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ و بندیدواربوون و سه‌ر به‌ رێكخراوه‌كان بوون، به‌ڵام ده‌وامى حزبیان هه‌بووه‌، به‌پێى رێككارى یاسایى و ئیدارى ناونیشان و پله‌ى وه‌زیفیان ده‌پارێزرێت و موچه‌كه‌یان وه‌كو خۆى ده‌مێنێته‌وه‌.
جیاوازى زۆرى نێوان پارتى و یه‌كێتیى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسایى چاكسازى ئه‌و بڕگه‌یه‌بوو، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ ئۆكه‌ى درا كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ مافیان پارێزراو ده‌بێت، بۆیه‌ یه‌كێتیى ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌دا بچێته‌ په‌رله‌مان.
به‌پێى ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌ یه‌كێتیى و پارتى به‌ هه‌زاران كه‌س سوودمه‌ند ده‌بن له‌ یه‌كێتیى 11 هه‌زار كه‌سه‌ و له‌ پارتیش 16 هه‌زار و لایه‌نه‌ بچووكه‌كانیش چه‌ند سه‌د كه‌سێكیان هه‌یه‌.
* موچه‌و ئیمتیازاتى زیندانیانى سیاسى
له‌ كۆتایى ئه‌مساڵ ئه‌و 5 هه‌زار كه‌سه‌ى كه‌ موچه‌ى زیندانی سیاسى وه‌رده‌گرن دواى ته‌واوبوونى ماوه‌كه‌یان كه‌ 10 ساڵ بوو موچه‌كه‌یان ده‌بڕدێت، له‌ شوێنى ئه‌وان ئه‌و 18 هه‌زار كه‌سه‌ى وه‌كو یه‌ده‌گ دێنه‌ شوێنه‌كانیان، به‌ڵام به‌ پێى یاسایى چاكسازى ئه‌گه‌ر زیندانى سیاسى موچه‌یه‌كى دیكه‌ى حكومى هه‌بێت و موچه‌ى زیندانى سیاسى وه‌رناگرێت.فشارو خوپیشاندانى زیندانیانى سیاسى ده‌ستیپێكردوو، به‌ڵام پێناچێت حكومه‌ت و په‌رله‌مان بێنه‌ ژێر بارى داواكارییه‌كانیان.
* بڕگه‌ى تایبه‌ت به‌ كه‌مترین موچه‌ى خانه‌نشینى
هه‌رچه‌نده‌ به‌پێى رێككه‌وتنى نێوان فراكسیۆنه‌كان وادانرابوو كه‌مترین موچه‌ له‌ نێوان ( 400 بۆ 500) بێت، به‌ڵام به‌پێى دواین راپۆرتى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ كه‌ سبه‌ى ده‌خرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران، ئه‌و بڕگه‌یه‌ ده‌رهێنراوه‌ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا ره‌تیكردۆته‌وه‌ ئه‌و بارگرانیه‌ بخانه‌ سه‌رخۆى.
* پاشه‌كه‌وت
به‌پێى دواین راپۆرت ته‌نها هه‌ژمارێكى تایبه‌ت به‌ فه‌رمانبه‌ر بۆ موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانى له‌ داهاتوو دروستده‌كرێت.
* موچه‌ى كه‌س و كارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان
زۆرترین مشتوومڕ له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌و ماده‌یه‌، چونكه‌ به‌پێى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت دایناوه‌ خه‌ڵكێكى زۆر تیایدا زه‌ره‌رمه‌نده‌بێت و دوێنیش په‌رله‌مان و حكومه‌ت گفتووگۆى زۆریان له‌سه‌ر كردووه‌، بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ ئێواره‌ دووباره‌ له‌سه‌رى كۆببنه‌وه‌.
بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك مێرده‌كه‌ى شه‌هید و ئه‌نفالكراو بێت، منداڵه‌كانى موچه‌خۆربن، یاخود ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووى هه‌ژده‌ ساڵیه‌وه‌ بێت، ئه‌وا دواى مردنى ئافره‌ته‌كه‌ موچه‌ى شه‌هید بۆ نه‌وه‌كانى ناچێت و ده‌بڕدرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ دواین راپۆرتى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، جێگیربكرێت و سبه‌ى بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئه‌وا به‌شێكى زۆرى كه‌س و كارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان موچه‌كه‌یان ده‌بڕدرێت.
به‌پێى زانیارییه‌كان حكومه‌ت و په‌رله‌مان نایانه‌وێ له‌ ئێستادا ئه‌و كێشه‌یه‌ رووبه‌رووى خۆیان بكه‌نه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌وه‌ له‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆش خه‌ریكى گۆڕینى ئه‌و بڕگه‌و ماده‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كه‌مترین كه‌س تیایدا زه‌ره‌رمه‌ندبێت، به‌ڵام وردبینى دووباره‌ بۆ لیستى شه‌هیدان ده‌كه‌نه‌وه‌.
* خانه‌نشینى نایاسایى
به‌پێى دواین راپۆرتى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان سه‌رجه‌مى ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى نایاسایى خانه‌نشینى سه‌ربازى و مه‌ده‌نى كراون، یاخود به‌ پله‌یه‌ك خانه‌نشینكراون، كه‌ له‌ پێشووتردا ئه‌و پله‌ وه‌زیفه‌یان نه‌بوو، ئه‌وا سه‌ر له‌به‌رى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام موچه‌یان نابڕدرێت، به‌ڵكو به‌پێى یاسا به‌ركاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان دووباره‌ به‌پێى پله‌ى شایسته‌ى خۆیان خانه‌نشین ده‌كرێن، به‌ڵام به‌ پله‌و ناونیشانى پێشووتر نابێت، به‌مه‌ش موچه‌كه‌یان كه‌مده‌بێته‌وه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.