سلێمانی لە نێوان پایتەختی ڕۆشنبیری و پایتەختی ئابوریدا!

لەلایەن ستاندار Posted on 635 جار بینراوە

ئەمیری مام والی

لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا دوو پایتەخت هەیە پایتەختێک بۆ کاروباری سیاسی وڵات و پایتەختێک بۆ بازرگانی گەر تورکیا بەنمونە وەرگرین دەبینین ئەنقەرە پایتەختی سیاسیەو دامو دەزگا ڕەسمی وسەرەکیەکانی وڵات لەوێن وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی وڵات وەزارەتەکان لەشارێکی وەک ئەستەنبوڵیشدا کە بەپایتەختی گەشتیاری و ئابوری ناسراوە سەدان جێگەی جوان و دەیان بیناو باڵەخانەو پارکی گەورەی تیادایە و تورکیا لەڕێگەیانەوە ساڵانە داهاتێکی باش بەدەست دەهێنێت، لەهەمان کاتدا بوە بەشارێکی ڕازاوە لە ناوچەکەو جیهاندا.

گەر بێینەوە سەر هەرێمی کوردستان دەبینین شاری هەولێر لەلایەک پایتەختی سیاسیە و سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت وەک پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم، وەزارەتەکان سەرجەمیان لەوێن، لەلایەکیش وەک پایتەختێکی ئابوری و ڕۆشنبیری دەردەکەوێت. سلێمانی کە بەشاری ڕۆشنبیری ناسراوە لەبنەڕەتدا هیچ دەستکەوت یان سودێک بە خەڵکی شارەکەو ناوچەکە ناگەینێت. زۆربەی ترافیکەکانی کۆنفرانس و کۆبونەوەکان روو لە ھەولێرو دھۆکە و ئەو جوڵەیە بە پێی پێویست لە شاریکێ پڕ ووزە وەک سلێمانی کە لە رابردوودا سەرمەشقی زۆربەی جوڵەکان بووە بە ئەنقەست یان بە پلان پەراوێز دەخریت واتە نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیری بۆ شاری سلێمانی تەنیا ناوێکی گەورەو دروشمێکی بێ بەهایە کە هیچ سودێک بەخەڵکی ناوچەکە ناگەیەنێت.

گەر شاری سلێمانی لەبری پایتەختی ڕۆشنبیری پایتەختی گەشتیاری و ئابوری هەرێمی کوردستان بوایە قازانجێکی زۆری بەناوچەکە دەگەیاند و هەرێمیش لەڕێگەیەوە داهاتی زیادی دەکرد و کۆی گشتی خەڵک لێی دەحەسایەوە.چونکە هەڵکەوتەی ناوشارو دەوروبەری دەوڵەمەندە بەچەندین جێگەی جوان و سەیرانگای ڕازاوەو دەشتی بەپیت و بەنداوی گەورە کە بەپێی پێویست سودیان لێوەر نەگیراوە لەسەری هەمووشیانەوە لە دوری ۲ کاتژمێریشەوە هاوسنورە بە وڵاتی ئێرانەوە.بەم جۆرەی ئێستا کە سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان و نادادی لەخزمەتگوزاریەکاندا لەم ناوچەیەدا ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەزیاد بون دەکات،لەڕابردودا بەهۆی سیاسەتی هەڵەی حکومەتی هەرێمەوە شاری سلێمانی زیانێکی زۆری پێگەیشتوە، لەداهاتودا پێویستە حکومەت لامەرکەزیەت جێ بەجێ بکات و داهاتی شارەکان ڕاستەوخۆ خەرج بکرێت، نەک کۆی پارە و داهاتی شارەکان بگەڕێنەوە جێگەیەک و لەوێشەوە جیاوازی و جیاکاری بەبیانوی جیاجیا لەشارێکی گرنگی وەک سلێمانی بکرێت.

حکومەتی هەرێم بەگشتی و بەتایبەتی ئەو حیزبانەی کە بەشێکی زۆری دەنگیان لەم ناوچەیەدایە بە پێی پێویست نەیانتوانیوە کار بۆ پرسی بە ئابوری کردنی سلێمانی بکەن، دەکرێت شارەکە لە یەک کاتدا ڕۆڵی پایتەختی ڕۆشنبیری و بازرگانیش ببینێت. ئەم کارەش کارێکی هێندە گران نیەو بە بەجێهێنانی داهاتویەکی ڕون بۆ خەڵکی هەرێم بەگشتی و بۆ خەڵکی ناوچەکەش بەتایبەت دروست دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.