پەروەردە و پێشخستنی گەنج گرەنتییە بۆ کۆمەڵگەیەکی پێشکەتوو

لەلایەن ستاندار Posted on 1662 جار بینراوە

بڕوا ستار

لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا تاکەکان هەر یەکە و بە ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکەوە خۆیان پابەند کردووە و ڕۆڵی هەر یەکەیان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا جێگای تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە ئەم کۆمەڵگەیانەی کەوا لە چاوی ئێمەوە هەمیشە بەرز دەنرخێندرێن و بەردەوام لە پێشکەوتندان، هۆکارەکەی گەڕانەوەیە بۆ ئەو هەماهەنگییەی کەوا تاکەکان لە نێو خۆیاندا هەروەها لەگەڵ دەستەڵاتداران دەیکەن، ئەویش بە ئاستی پێدانی خزمەتگوزاری لە دەوڵەتەوە بۆ کۆمەڵگە لە ڕێگەی فەرمانگە و یەکە کارگێڕییە میرییەکان و ئاستی ئەرکرداربوون و کارکردنی تاکەکان بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە لە ڕووی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی و هۆشیاری سیاسی و سەقامگیری ئابووری بە پەیوەندیەکی دوولایەنە لەنێوان خۆیان و دەستەڵاتدا ڕێکی دەخەن.

بێگومان دەوڵەت لە تاکەکانی کۆمەڵگە پێکدێت و هەر لە کۆمەڵگەشەوە شەرعیەتی دەستەڵاتداری بەدەست دەهێنێت ،بەم پێیەش ئاستی وشیاری تاکەکان بڕیار لەسەر چۆنیەتی دەستەڵات دەدات و ئەوە بەرهەم دەهێنیت کە خۆی دیاری کردووە، بەمەش خراپ بوون و باش بوونی هەر دەستەڵاتێک پەیوەندی بە کلتوور و ویستی ئەو کۆمەڵگەیە هەیە، بۆیە هەر کۆمەڵگەیەک ئەگەر بێتو ئاستیشی لە خوارێ بێت دەتوانێت بە بەخۆداچوونەوە و دۆزینەوەی چارەسەری بگاتە ئاستی سەرێ، ئەمەش بە پێی گوزەری ڕۆژگار و پێشکەوتنی زهینیەتی دیموکراتیکانە دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک.

ئەم هەوڵی پێشکەوتنە وەک سوڕێک هەمیشە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و لە نێوان کۆمەڵگە و فەرمانڕەوایان بە میکانیزمێکی پەروەردە و فێرکردندا تێپەڕدەبێت هەم لەسەر ئاستی دەوڵەت و هەم لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و هەمیش لەسەر ئاستی خودی خۆپەروەردەکردنی تاکەکان، لەنێو هەموو ئەمانەشدا بە تایبەت گرنگی سیستەمی پەروەردەییە لەنێو توێژی گەنجاندا، بۆیە لە هەر کونج و کەلەبەرێکی ئەم جیهانە ئەگەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو هەبێت ئەوا بە بێگومان ئەم کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەیەکی پەروەردەکراوە بە کۆمەڵێک بەهای مۆڕاڵی و مرۆیی و کلتووری کۆمەڵگەیی، بە دیوێکی تر لە هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا گەنجان هەوڵ و تەقەلای پێشکەوتنیاندا ئەوا بێگومان لە باشترین ئاستی پەروەردەییدان، هەموو ئەم پێشکەوتنە کۆمەڵگەییانەش لە پلەی یەکەمدا توێژی گەنجان دەگرێتەوە..

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم بەرزنرخاندنە دەبێت ئەم توێژە بە شێوازێکی تەندروست پەروەردە بکرێن، ئەم پەروەردەیەش یەکەم هەنگاو خێزان و دووەم جار کۆمەڵگە و زۆر جاریش سێیەم جار دەوڵەت دەیگرێتە بەر لە ڕێگەی زانکۆ و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، بەم پێیەش گەنج هەر چی بێت دەرهاوێشتەی خێزان و کۆمەڵگەکەیەتی، نەک بە پێچەوانەوە  کۆمەڵگە هەرچێ بێت دەرهاوێشتەی توانا و هیزری گەنجەکانی بێت، ئەمە بۆچونێكی هەڵەیە وا هەست بکەین کە هۆکاری دواکەوتنی کۆمەڵگە گەنجە، بەڵێ ئەگەر گەنج پەروەردەیەکی ڕاست و چاکی نەکرێت ئەوا بێگومان دەبێتە هۆی لاوازی کۆمەڵگە، بەڵام ئەگەر گەنج بە پەروەردەیەکی تەندروست تێبەڕبێت ئەوا ئەستەمە کۆمەڵگە دوا بکەوێت، چونکە سوود وەرنەگرتن و گرنگینەدان بە توانای گەنجان و پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان دەبێتە هۆکاری لاوازی و بێ توانایی کۆمەڵگە.

ئەگەر سەیری ئەو کۆمەڵگایانە بکەین کە پێشکەوتوون دەبینین گەنجەکانیان هەمیشە داهێنان دەکەن لە بوارە جیاوازەکان و دەبنە هۆی پێشەکەوتنی زیاتری کۆمەڵگە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگیدانەی کەوا بە گەنجانی دەدەن و هەمیشە هێز دەدەنە لایەنی پەروەردەیی گەنجان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم پەروەردەیەوە بتوانن سوود لە توانا و هیزر و بازووی گەنجان وەربگرن، هەر کۆمەڵگەیەک پێشکەوتووخوازبێت ئەوا یەکەم هەنگاو بۆ ئەم پێشکەوتنەی کە مەبەستیەتی، لایەنی پەروەردەکردنی تاکەکانە بە تایبەتیش توێژی گەنجان، پەنا بردن بۆ لایەنی پەروەردەیی هۆکاری سەرەکی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکە ، بەمەش بە ماوەیەکی کەم تا زۆر ئەم کۆمەڵگایانەی کەوا بەم میکانیزمە خۆیان پێشدەخەن ئەوا بە ئاستی بەرزی کۆمەڵگەکان دەگەن.

لەمڕۆدا کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی زۆری بە پەروەردە هەیە بەو پێیەی کەوا لە ئێستادا زۆرترین هۆکاری کەوتنمان هەیە هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بۆیە بە زووترین کات دەبێت بیر لەو میکانیزمە بکەینەوە کە لایەنی پەروەردەییمان بەهێز بکەین و بە تایبەتیش کار لەسەر هێز و توانای گەنجاکەنمان بکەین بە پەروەردەکردنێکی ڕاست و تەندروست، بۆ ئەوەی تا زووە ڕزگارمان بێت لەم هۆکارانەی کەوا دەبنە هۆی زیاتر دواکەوتن و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان .

دەبێت سەرەتا لە گەنجەکانمانەوە دەستپێ بکەین و لەوێوە چاوهەڵبڕینە پێشکەوتنی کۆمەڵگە، چونکە بربڕەی پشتی هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو وەک لەسەرەوە ئامەژەمان پێکرد گەنجە، بۆیە دەبێت سەرەتا هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ ئەوەی گەنجانمان لە ڕووی زیهنییەوە خۆیان پێشبخەن و لە ڕووی جەستەییشەوە تواناکانیان بەگەڕ بخەن لە داهێنان و پێشکەوتندا، ئەمەش دەبێت لە پێشدا وا بکەین کە کۆژانەکانی گەنجان بدۆزینەوە و دەربازیان بکەین لە گرێکوێرە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیەکان، بەمەش دەتوانین وا بکەین کە گەنج ئیتر توانای بەگەڕ بخات و تواناکانی خۆی لە ڕووی هیزری و جەستەییەوە پێشبخات و وا بکات کە بنچینەی کارکردنی لە پێناو ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و  بەهێز بێت، نەک لە پێناو ژیان و داهاتووی خۆی بەتەنها،  دەبێت وا لە گەنجەکانمان بگەیەنین کە پێشەکەوتن و بەهێز بوونی کۆمەڵگە گرەنتییە بۆ خۆشگوزەرانی،  دواکەوتنی کۆمەڵگەش هۆکار و گرەنتییە بۆ ئەوەی کە بارودۆخ و گوزەرانمان پێکەوە لە کۆمەڵگەدا خراپ بێت، بۆیە تاکو گەنج نەبێتە ئەو ناوەندەی کەوا کۆمەڵگەی پێ پێشبخەین، هەرگیز ناتوانین ببینە کۆمەڵگەیەکی سەرکوتوو و پێشکەوتوو و بەهێز، بەڵکو بەردەوام ڕوو لە دواکەوتوویی دەکەین و هەمیشە وڵاتمان لە بارودۆخی خراپدا دەمێنێتەوە، چونکە کلیلی هەر کۆمەڵگەیەک بێگومان توانا و لێهاتوویی و سەلیقەی گەنجەکانیەتی و هەر ئەم توێژەشە دەبێتە هۆکاری سەرەکی پێشکەوتنی.

بۆیە دەبێت گەنجان زیاتر گرینگیان پێ بدرێت و لە مافەکانیان بێ بەش نەکرێن، بێگومانیش لای هەمووان ئاشکرایە هەر کاتێک گەنج مافی تەواوی پێدرا ئەوا ئەرکە گشتیەکانی بە باشترین شێوە بەڕێوەدەبات و جێبەجێی دەکات، بەڵام ئەگەر مافی تەواویان پێ نەدرێت بێشک ئەوانیش بە ئەرکەکانیان هەڵناستن و دەبنە بارگرانی بۆ کۆمەڵگە و بێ هیوایی لە نیشتمانەکەیان دوریان دەخاتەوە و وایان لێ دەکات پەنا ببەنە بەر کۆچکردن و هەڵهاتن لە نیشتمانی دایک، ئەمەش زەرەرێكی تری گەورەی مرۆییە کە ئێمە دەیکەین، ئەم زەرەرەش هەم لە ئێستا و هەم لە داهاتووشدا کاریگەری زۆر خراپ بەجێدەهێڵێت، بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین گەنجانمان پێشبخەین و پەروەردەیەکی تەندروستیان بکەین، لە پاڵ ئەمەشدا دەبێت هەرچی ماف و داواکاری هەیە بۆیان جێبەجێ بکرێت، پێشکەوتنی کۆمەڵگە تەنها لە ڕووی  زانستەوە نییە بەڵکو لە ڕووی سەرمایەی مرۆییشەوەیە کە مەعریفەیە، هەم ئەم سەرمایەشە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگە لە ڕووی زانستەوە، کەواتە سەرمایەی مرۆیی و سوودلیبینی گرەنتیە بۆ پێشکەوتنی زانست، تاکو گەنجانمان پەراوێز بخەین و فەرامۆشیان بکەین لە ئاستی پێشکەوتنەکانی جیهاندا دوادەکەوین، چونکە ئەو هێز و توانایەی لە گەنجدا هەیە لە توێژێکی تردا نییە، بۆیە دەبێت پێش ئەوەی سوود لە هێز و توانای هەر توێژێکی تر وەربگرین، پێویستە سەرەتا سوود لە هێز و توانای توێژی گەنجان وەرگرین و ئەو پێشکەوتنخوازی و نوێگەرییە لە ئەقڵی گەنج بگوازینەوە بۆ نێو جەرگەی کۆمەڵگە، چونکە ئەم ئەقڵە هەم دەتوانین ئاستی وڵاتمانی  پێ بۆ پێشەوە ببەین، هەمیش دەتوانین لە ڕووی ئاستی زانستی و مەعریفییشەوە تاکەکانمانی لە کۆمەڵگەدا پێ هۆشیار بکەینەوە، گرینگی لایەنی پەروەردەیی تاک بە تایبەت گەنج، پەیوەستە بە فراوان بوونی مەودای پێشکەوتن لە هەموو کایەکانی تری کۆمەڵگە، بە تایبەیتیش  مەعریفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی،  کە ئەم دوو کایەیە دەبێتە هۆکاری پێشکەوتنی پەروەردەیی کۆمەڵگەکان لە ڕووی زانست ومەعریفەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان لە کۆمەڵگە بەرز دەکاتەوە و هۆشیاریان دەکاتەوە لە هەر شتێک کە پەیوەندی هەیە  بە ژیانی گشتییەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.