مهریوان وریا قانع
ئەمەی خوارەوە نامەیەکی ھاوبەشی کاک ئاراس فەتاح و بەختیار عەلی و منە بۆ خۆپیشاندەرانی سەرای ئازادیی لە سلێمانی لە ڕۆژی دووھەمی ڕووداوەکاندا. ئەمڕۆ لە یادی ئەو ڕۆژەدا جارێکی تر ئەو نامەیە بڵاودەکەمەوە. لەگەڵ ڕێزمدا.
دوور لە مەنتقی پێڵاوھاویشتن
خۆشەویستان،
سەرەتا حەزدەکەین پێتان ڕابگەێنین، کە ئێمە هەموو شتێک دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین کە بەزووترین کات و هەموومان بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و لە نزیکەوە لەگەڵتاندا بین و ھاوپشتتان بین. ئێمە وەک کۆمەڵێک نوسەر کە خۆمان بە هاوڕێتان دەزانین. دەزانین ئێوە چ ڕۆحێکی حەماسەتدارتان هەیە، دەزانین چەند خەونتان هەیە بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر، دەزانین گەلێک توڕەن لە ڕابوردووی خۆتان… بەڵام هەم حەماسەت و هەم خەون و هەم توڕەیی گەر هێمنی و لێبوردنی لەگەڵدا نەبێت، دەبنە چەکی ترسناک دژی خەونەکانتان و دژی پاشەڕۆژیش. ئێوە کە ئەمڕۆ لێرەدا کۆبوونەتەوە دەبێت بزانن کە بەر لە ئێوە زۆربەی نەوەکانی پێش خۆتان هەم شۆڕش و هەم ڕاپەڕینی کردوە، بەڵام دەرەنجامی هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە ئەوە بووە کە ئەمڕۆ دەیبینن، دونیایەک کە پڕە لە ناهەقی و کۆمەڵگایەک کە مایەی توڕەیی ئێوەیە. دەبێت هەر یەکێ لە ئێوە لە خۆتان بپرسێت: بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی تر بە نوشوست و ناشیرینی تەواو بوون. بەبڕوای ئێمە یەکێک لە هۆ هەرە گەورەکانی نەبوونی لێبوردن و قەبووڵ نەکردنی ئەوی ترە. ئەوەی لە ڕۆژی 17 ی شوباتدا تەقەی لە ئێوەکرد، کەسێکە فێرنەبووە ئەوی تر قەبووڵبکات، سەرکردەکانی فێری لێبوردەیی و خۆشەویستی و بەزەییان نەکردوە. ئەوانە لە ماناکانی ئازادیی تێناگەن، جا گەر ئێوەش وەک ئەوان خاوەنی لێبوردەیی و خۆشەویستی نەبن، ڕێز لە جیاوازیی و ئازادیی نەگرن، جیاوازییەک لە نێوان بکوژ و کوژراو و زوڵمکەر و زوڵم لێکراودا نامێنێتەوە. ئەوانەی ئەمڕۆ لێرەدا بە ناوی میللەتەوە پێڵاو دەگرنە خەڵک، دەشێت ئەو جۆرە لە شۆڕشگێڕ دروستبکەن کە لە پاشەڕۆژیشدا لە شوێنی دەسەڵاتەوە پێڵاودەگرنە میللەت. ئەو مرۆڤەی خەونی جوانیی هەیە، بە تەنیا خەون بۆ خۆی نابینێت، بەڵکو خەون بۆ نەیارەکانیشی دەبینێت… ئەوەی کە دەیەوێت دنیا باشبکات، دەبێت دونیا بۆ هەمووان باشبکات، ئەوانەی لە خۆی دەچن و ئەوانەی لە خۆی ناچن. ئەمڕۆ ئێوە پێویستیتان بە هاوپشتیی هەیە، پێویستە پەیامی خۆشەویستیتان بۆ هەموو ئینسانێک پێبێت، هەتا بۆ ئەوانەی لەگەڵتاندا نین، ئەوانەی پێڵاو دەگرنە خەڵک و جیاوازیی دەکوژن و ئازادی ڕادەربڕین پێشێلدەکەن، دۆستەکانتان لێدەکەن و دوژمنتان بۆ زۆردەکەن. ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی دوژمن نییە، بەڵکو پێویستمان بە زیادکردنی دۆستە. ئێوە بۆیە لەم مەیدانەن بۆئەوەی کۆمەڵگایەک دروستبکەن هیچ ئینسانێک پێڵاو و گوللە نەگرێتە خوشک و برای خۆی، بۆئەوەی نەفرەت لە توندوتیژیی بکەن، بۆئەوەی کۆمەڵگایەک بونیادبنێن جیاوازیی و ئازادیی قەبووڵبکات. بۆئەوەی جیاوازیی نەبێت بە دوژمنایەتیی، بەڵکو ببێت بە هەمەڕەنگیی . ئەوکاتە ئێوە گەورەن و هەموومان شانازیتان پێوەدەکەین کە باوەش بۆ ئازادیی و لێبوردن و خۆشەویستی بکەنەوە. سلێمانی ئەوکاتە جوانە کە جێگای هەموو ڕەنگ و هەموو دەنگێکی تێدا ببێتەوە. کوشتنی ڕای تر و ڕق و کینە و بوغز و توندڕەوی کۆمەڵێک نەخۆشین وەکو گەندەڵیی پیس و ناشیرینن. ڕق باوکی گەندەڵی و تۆڵە دایکێتی. سلێمانی دەبێت بە شارێکی ناشیرین گەر جێگای هەموو هەمەڕەنگییەکی سیاسی تێدا نەبێتەوە… دەبێت بە شارێکی ناشیرین هەتا گەر یەک ئینسانیش هەبێت هەستبکات کە لێرەدا جێگای نابێتەوە و هەستبکات دەرکراوە. سلێمانی دەبێت بەشارێکی تەنھا گەر ئێمە ھەر خۆمان قبوڵبێت. ئێوە بۆیە لێرەن، چونکە هەستدەکەن لەم کۆمەڵگایە دەرکراون، نەوەک بتانەوێت کەس لەم کۆمەڵگایە دەربکەن. ئێوە لێرەن چونکە دەستێکی بێڕەحم تۆڵەی لێکردونەتەوە و مافی بردون، نەوەک لە بەرئەوەی دەتانەوێت تۆڵەبکەنەوە و مافی کەسانی تر زەوتبکەن… ئەوکاتەش هەموو کوردێک و هەموو کۆمەڵگا دەبێت بە پشت و پەناتان کە نوێنەری هەموو ڕەنگێک بن و بتانەوێت ماف بۆ ئەوانە بگێڕنەوە کە تا ئێستا جێگایان نەبۆتەوە… داوای چاکسازی، داوای داماڵینی چەک، داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، داوای دیموکراسییەتێکی ڕاستەوخۆ، داوای مۆنۆپۆڵ نەکردنی دەسەڵات، داوای ئابوورییەکی شەفاف، داوای هەڕەشەنەکردن بە جەنگی ناوخۆیی، داوای دوورخستەنەوەی چەک و پارە لە سیاسەت، ئەوانەن ئامانجی ئێوەن. کە ئامانجی گەورەن و پێویستی بە کۆمەکی هەموو ئینسانێکی دڵسۆزی ئەم کۆمەڵگایە هەیە . ئێوە دەبێت بە جۆرێکی ئاشتتیخوازانە هێز بۆ ئەم خەونە گەورەیە کۆبکەنەوە، نەوەک ڕق بڕوێنن. ئەم خەونە ئەوەندە گەورەیە کە پێویستی بە ووزەی هەموومان هەیە، لە قوتابییەکەوە تا مامۆستایەکی زانکۆ، لە کەیبانوویەکی بێئیشەوە تا پێشمەرگەیەک. ئێوە دەبێت هەوڵبدەن هەموو ئینسانێک، جا بیرکردنەوەی سیاسی هەرچۆنێک بێت، لە پاڵتاندا بوەستێت، کەس هەست نەکات ئەم سەرایەی ئێوە، سەرای ئازادی ئەو نییە. ئێوە لێرەوە دەبێت بەوانە بڵێن کە تەقەیان لێکردن، وەرن و لێرەوە لێمانەوە فێربن و لەگەڵماندا لە گوناهتان پاکببنەوە. برایان لەدڵیشەوە داوادەکەین خوشک و خێزانەکانتان بابێنە ئەم مەیدانەو لەگەڵتاندا خەون ببین، ناکرێت مرۆڤ بیەوێت دونیا بگۆڕێت و خوشکەکەی خۆی لە ماڵەوە شاردبێتەوە، ئەم ڕاپەڕینە دەبێتە ڕاپەڕینێکی تەنھا و ناشیرین گەر نەتوانێت ژیان و شوێن و مانای ئافرەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا بگۆرێت. دەبێت بە نمایشێکی پیاوانەی ڕووت گەر نەتوانێت هەڵگری ئومێدی دایک و خوشک و کەیبانوو و خانمەکان بێت. شتێک نییە ناوی ئازادی بێت، بێئامادەبوونی ئافرەتانیش …
با ئەم بزوتنەوەیەی ئێوە ناوبنێن، شۆڕشی ڕێز و خەون. ڕێزی هەموو جیاوازییەک و خەونی پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ گەنجان و منداڵەکانمان. ئێوە دەبێت ئەو هێزەبن کە جوانیی و خۆشەویستیی نیشتیمان بۆ ژیانی سیاسیی دەگێڕنەوە، نەوەک زمانی گوللە و مەنتیقی پێڵاو و وشەگەلێک کە کەرامەتی ئینسانەکان برینداردەکات، کۆمەڵگای ئێمە پرە لە مەنتیقی پێڵاو و گوللە، لەوە زیاتر پێڵاو و گوللەمان ناوێت، پێڵاوەکان لەدەست پێڵاوھاوێژەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە گوڵیان بدەنێ… تفەنگەکان لەدەست چەکدارەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە شیعر و گۆڕانییان بدەنێ، کۆمەڵگای ئێمە پڕە لە توندوتیژیی، پڕە لە ڕق، لەوە زیاتر کینەمان ناوێت، دوژمنی گەورەی ئێوە ئەوانەن کە فێری توندڕەوی و ڕقتان دەکەن.
بزانن هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی، ھەر ڕاپەڕینێک، ھەر شۆڕشێک بە لێبوردن و قبوڵنەکردنی جیاوازیی دەست پێ نەکات، بە کوشتنی ئازادیی و دیکتاتۆرییەت کۆتایی دێت. جارێکی تر خۆشەویستی و پشتیوانیی ئێمە بۆ ئێوە.
لەگەڵ ڕێز و سڵاوی ئاراس فەتاح، مەریوان وریا قانع, بەختیار عەلی بۆ ھەموو ئامادەبووانی سەرای ئازادیی.